
بەردی گورچیلە (KIDNEY STONES)
دروستبونی بەردی گورچیلەو دواتر داخزانی بۆ نێو بۆریەکانی گواستنەوەی میز بە یەکێک لەنەخۆشیە سەرەکیە ئازاربەخشەکانی گورچیلە ھەژمارد دەکرێت.
بەردی گورچیلە بەگشتی لەڕوی قەبارەو پێکھاتەوە ھەمەجۆرەوبەڕێژەی ٧٠-٨٠% لەمادەی کالیسیۆم پێکدێت.
جۆرێکی دیکە بریتییە لە ( URAT) ڕێژەی ١٥% توشبوان دوچاری دەبن کە لەمادەی (URIC ACID ) دروستدەبێت.
بەردی MAGNESIUM-AMMONIUM-PHOSPHAT
جۆرێکی دیکەیە بەڕێژەی ١٠% دروستدەبێت، بە تایبەتی خانمانی دوچار بوو بە ھەوکردنی میزەڵدانو بۆریەکانی میز زیاتر دوچاری دروستبونی لەم جۆرە بەردە دەبن.
شایەنی باسە ڕەگەزی نێرینە سێ ئەوەندەی ڕەگەزی مێینە دوچاری دروستبونی بەردی گورچیلە دەبێتو بە پێی توێژینەوەکان ئەو کەسانەی پێشتر دوچاریبوون بە ڕێژەی ٦٠ % ئەگەری دوبارە دروستبونەوەی بەرد لەگورچیلەیاندا زیاترە لەکەسێکی دی .
نیشانەکانی بونی بەردی گورچیلە:
بەپێی قەبارەو شێوازو شوێنی ھەنوکەیی ئەو بەردە جۆرو ڕادەی توندی ئازارەکان دەگۆڕێن. بەگشتی بونی بەرد لەخودی گورچیلەدا زۆرجار بێ ئازارەو بەڕێکەوت لەپشکنینی سۆنەرو تیشکدا دەردەکەوێت.
ئازاری توند لەو ساتەوە دەستپێدەکات کە ئەو بەردە دەخزێتە نێو بۆری میزەوە. بونی خوێن لەگەڵ میزدا، کەمبونەوەی ڕێژەی میزکردنو بە ئازاربونی، ھەڵئاوسانی سک، بونی ئازار لەدەوروبەری گورچیلەو پشتو کەلەکەدا، تا، دڵ تێکەڵھاتنو ڕشانەوە لەنیشانەکانی بونی بەردی گورچیلەن.
بێگومان تا قەبارەی ئەو بەردە گەورەتربێت زیاتر بە ئازار دەبێو ئەگەری زیاتری برینداربونی گورچیلەو بۆری میزی لێدەکەوێتەوە.
بەپێی توێژینەوەکان ئەو بەردانەی لە ٦ میلیمەتر بچوکترن زۆرجار بە بێ دروستبونی ئازار لەگەڵ میزدا فڕێ دەدرێن.
ھۆکارەکانی دروستبونی بەردی گورچیلە:
ھۆکارەکان زۆرھەمەلایەننو بەگشتی لەجۆری خواردنو شێوازی ژیانی ڕۆژانەوە سەرچاوە دەگرن. ئەم خاڵانەی خوارەوە لەفاکتەرە سەرەکییەکانن.:
١. بەکارھێنانی زۆری خوێ لەخۆراکدا دەبێتەھۆی لەدەستدانی کالیسیۆم لەگەڵ میزداو گورچیلەی لێ زەرەرمەند دەبێت.
٢. زۆر خواردنی گۆشتو جگەرو پڕۆتینەکان ئەبێتەھۆی دروستبونی ئەو جۆرە بەردەی لەیوریک ئەسید دروستدەبێت.
٣. بونی کێشە لەتەنیشتە غوددەدا( PARATHYROID GLAND)دەبێتەھۆی زیاتر فڕێدانی کالیسیۆم لەگەڵ میزداو زیادبونی ئەگەری دروستبونی بەردی لەکالیسیۆم پێکھاتوو.
٤. زۆر بەکارھێنانی ئەو خۆراکانەی وەک (سپێناغ، کاکاو، چەوەندەر، کۆلا، چای ڕەش و سەوز، شوکولادە، ڕێواس) کە ڕێژەیەکی زۆر ( OXAL ACID) یان تێدایە ، بەیەکگرتنی OXAL لەگەڵ کالیسیۆمدا بەردی CALCIUMOXALAT دروستدەبێت.
٥. کەمی ئاو خواردنەوە زیانی زۆر بە گورچیلە دەگەیەنێتو لەڕێی خەستبونەوەی میزەوە ئەگەری دروستبونی بەردی گورچیلە زیاددەکات.
٦. لەجێگاکەوتنی زۆر بەھۆی ھەر جۆرە نەخۆشیەکەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەبێتەھۆی پوکانەوەو لەدەستدانی کالیسیۆمی ناو ئێسکو تێپەڕبونی بەناو گورچیلەداو زیادبونی مەترسی دروستبونی بەردی گورچیلە.
٧. دووبارەو چەند بارەبونەوەی ھەوکردنی میزەڵدان ئەگەری دروستبونی بەردی گورچیلە زیاددەکات.
چارەسەرو خۆپاراستن :
١. خواردنەوەی لانی کەم ٣ لیتر ئاو لەڕۆژێکدا، لیترێکی لەشەوداو ھەروەھا پێش نوستنیش.
٢. ڕێگرتن لەبەرزبونەوەی ڕێژەی یوریک ئەسید لەڕێی کەم خواردنی گۆشت، جگەر، چەوری و ئەو خۆراکانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکراوە.
٣. ڕۆژانە خوادنەوەی تێکەڵەیەک لە ١-٢ لیمۆ لەگەڵ لیترێک ئاو بەھۆی بونی مادەی CITRAT لەلیمۆدا زۆر بەسودەو تا ڕادەیەکی زۆر ڕێ لەدروستبونی بەردی گورچیلە دەگرێت.
٤. کەمکردنەوەی خوێو شەکر لەخۆراکدا، زیادکرنی ژەمەکانی خواردنو کەمکردنەوەی بڕی خۆراک لەھەر ژەمێکدا.
٥. چای ڕەشو سەوز بڕێکی زۆر (OXAL ACID) یان تێدایە کە بەرد دروستدەکات.
٦. بیرە یەکێکە لەو خواردنەوانەی کە مادەی(PURIN)تێدایە کە دەبێتەھۆی دروستبونی بەردی گورچیلە.
٧. وەرزش بەگشتی، ڕۆیشتنی زۆر ڕاگرتنی کێشی گونجاو لەپاڵ سودمەندبونی ھەمو بەشەکانی دیکەی جەستەدا کارئاسانیە بۆ گورچیلەو چالاکبونی.