پیتی  س
سێکس لەسایەی نەخۆشییەکاندا
سێکس لەسایەی نەخۆشییەکاندا 
دەروونناس: سامان سیوەیلی

دەرووندروستی و تەندروستی دوو مەرجی سەرەکین بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت بەشێوەیەکی دروست پرۆسەی سێکسیی ئەنجام بدات، ئەو ھۆکارانەی وا لە ھاوسەران دەکات گرفتیان بۆ دروست ببێت لەپەیوەندیە سێکسییەکاندا زۆرن، لەوانە (باری دەروونی نائاسایی و نەخۆشی دەروونی، تێکچوونی ھۆرمۆنەکان، بەکارھێنانی دەرمان بەمەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەک بەڵام نیشانەی لاوەکی لێدەکەوێتەوە وەک لاوازی سێکسیی، خەتەنەکردنی کچان، ھەست بەئازارکردن لەکاتی ئەنجامدانی پرۆسەی سێکسیدا، ئازارگەیشتن بەبڕبڕەی پشت، شەکرە، فشاری خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ، بوونی کێشە و ئاژاوەی خێزانی بەبەردەوام، ناپاکی ھاوسەریی، ئەزموونە سێکسییە شۆکھێنەرەکان وەکو تووشبوون بەدەستدرێژی سێکسی لەقۆناغێکی ژیاندا، ئالوودەبوون لەسەر ئەلکھول و مادە ھۆشبەرەکان و ….. تد)، لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر کاریگەریەکانی ھەندێ لە نەخۆشییە باوەکان لەسەر پرۆسەی سێکسی:

١-سێکس لەپاش تووبوون بە (سنگەکوژە – الژبحە الێدریە):
پاش ئەوەی کەسێک دووچاری (سنگەکوژە) دەبێت و چاک دەبێتەوە پێویستە پرۆسەی سێکسی بەپێی باری تەندروستی خۆی ئەنجام بدات، ھەربۆیە پێویستە لەبەرواری تووشبوون بە سنگەکوژەکەوە کەسەکە، ماوەی دوو ھەتا چوار مانگ تێپەڕێت ئینجا دەستبکاتەوە بەئەنجامدانی پرۆسەی سێکسی، چونکە وەک زانراوە وزەی پێویست بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سێکسی بۆ یەک جار، ھاوتای ڕێکردنە (پیادەڕەوی) بۆ ماوەی (شەش کیلۆمەتر) بەپێ و بەخێرایی. ھەروەھا پێویستە ئەو کەسانەی دووچاری سنگەکوژە بوون و چاک بوونەتەوە بەرلەوەی دەستبکەنەوە بەئەنجامدانی پرۆسەی سێکسی پشکنینی پێویست بکەن بەمەبەستی دڵنیابوون لە ساغڵەمی دڵیان، چونکە ئەنجامدانی پرۆسەی سێکسی خۆی لەخۆیدا دەبێتە ھۆی زیادبوونی لێدانەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و خێراکردنی ھەناسەدان، ھەموو ئەمانەش ڕێژەی ئەو ئۆکسجینە کەم دەکەنەوە کە دڵ پێویستی پێیەتی.
بۆچوونی پیاوان لەمنێوەندەدا جیاوازە، ھەندێکیان پێیان وایە کە دەستبەرداربوون لەئەنجامدانی پرۆسەی سێکسی بۆ ماوەیەکی کاتی قوربانیدانێکی سادە و ئاساییە، بەڵام ھەندێکی تریان ئەم کارە بە شکستخواردن لەژیان دەبینن کە ڕەنگە بۆیان ببێتە ھۆی بێزاری و پەژارەی قوڵ، ھەروەکو چۆن پەیوەندیە سێکسییەکان لای ھەندێ پیاو پرۆسەیەکی ماندووکارە و جۆرێک لەپەشێوی بەرۆکی ئەو جۆرە پیاوانە دەگرێت بەڵام لای ھەندێکی تر پرۆسەیەکی چێژبەخش و نوێبوونەوەیە.
ھەروەک زانراوە کە ئەگەر کەسێک تووشی سنگەکوژە ھاتبێت و دواتر چاک بووبێتەوە ئەگەر توانی سێ شەقامی درێژ بەخێرایی بە پیادەڕەوی ببڕێت بێئەوەی ئازاری ھەبێت یان بێئەوەی ھەناسەی تەنگ ببێت ئەوا دەتوانێت دەست بە پەیوەندیە سێکسیەکانی بکاتەوە.

٢-باری دەروونی و سێکس:
بێگومان ئەنجامدانی پرۆسەی سێکسی پێویستی بەبارێکی دەروونی ئارام و دەروون و مێشکێکی حەساوە ھەیە، فشاری دەروونی زۆر و بەردەوام، ترس، ھەستنەکردن بەدڵنیایی، دڵەڕاوکێی بەھێز، خەمۆکی و … تد، دەبنە ڕێگر لە ئەنجامدانی پرۆسەی سێکسی بەشێوەیەکی دروست، کە بەپێی جۆر و توندی حاڵەتە دەروونییەکە کاریگەرییەکەش گۆڕانی بەسەردا دێت، بەجۆرێک لەنێوان (نەمانی ئارەزووی سێکسی بەتەواوی، کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی، نەگەیشتن بەئۆرگازم، ڕەپنەبوونی چوکی پیاو و چەندین جێکەوتەی تر) حاڵەتەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.

٣-فشاری خوێن: 
فشاری خوێنی مرۆڤ بەئەنجامدانی پرۆسەی سێکسی بەرز دەبێتەوە، ھەر بۆیە ئەگەر کەسێک خۆی نەخۆشی بەرزە فشاری خوێنی ھەبێت ئەوا لەکاتی ئەنجامدانی پرۆسەی سێکسییدا فشاری خوێنەکەی زیاتر بەرز دەبێتەوە و کێشە و گرفت بۆ تەندروستی مرۆڤ دروست دەبێت، کەواتە پێویستە ئەو کەسانەی بەرزە فشاری خوێنیان ھەیە لەکاتی فشار بەرزی خوێنیاندا سێکس یان ھیچ کردەیەکی ماندووکارانە ئەنجام نەدەن ھەتا حاڵەتەکەیان ئاسایی دەبێتەوە، ھەروەھا لەسەر ئەو کەسانەی بەرزە فشاری خوێنیان ھەیە ھەر کاتێک پرۆسەی سێکسیی ئەنجام دەدەن ڕەچاوی باری تەندروستی خۆیان بکەن بەجۆرێک نابێت زۆر بەتوندی و بەھێزەوە ئاوێزانی پرۆسەی سێکسیی ببن تاکو فشاری بەھێز لەسەر (دڵ)یان دروست نەبێت، ھەروەھا ئەو کەسانەی نەخۆشی بەرزە فشاری خوێنیان ھەیە پێویستە لەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی سێکسی پشووی تەواو بدەن، ھەر کاتێکیش لەدوای ئەنجامدانی پرۆسەکە فشاری خوێنیان بەرز بووەوە پێویستە دەرمانی پێویست بەکاربھێنن بۆ دابەزاندنی فشاری خوێنیان بەپێی ڕێنمایی پزیشکەکانیان.

٤-ڕێژەی کۆلیسترۆل لەخوێندا و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان و پەیوەندی بە فەرمانە سێکسییەکانی مرۆڤەوە:
ڕێژەی کۆلیسترۆل لەخوێندا خۆی لەخۆیدا کاریگەری ناکاتە سەر فەرمانە سێکسییەکان، بەڵام بەرزبووونەوەی ڕێژەی کۆلیسترۆل چەند ئاماژەیەک لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە، کاتێک ڕژێنەکانی (پایرۆیدە ڕژێن – الغدە الدرقیە) کەم بکات ئەوا ڕێژەی کۆلیسترۆل لەخوێندا زیاد دەکات، ھەروەھا نەخۆشییەکانی جگەر ڕێژەی کۆلیسترۆل لەخوێندا بەرز دەکاتەوە، ھەروەھا لەکاتی بوونی نەخۆشی شەکرەدا کۆلیسترۆل لەناو خوێنبەرەکاندا دەنیشێت لەناویشیاندا خوێنبەرەکانی کۆئەندامی زاووزێ، بەمەش خوێن وەک پێویست ناچێت بۆ کۆئەندامی زاووزێ و لاوازی سێکسی دروست دەبێت.
ڕەقبوونی خوێنبەرەکان بریتییە لە کەڵەکەبوونی چەوری لەسەر دیوای بۆریەکانی خوێن، گردبوونەوەی ئەم مادە چەوریانە بۆریەکانی خوێن تەسک دەکاتەوە، واتە قەبارەیان بچوکتر دەکاتەوە، ئەمەش وادەکات خوێنی تەواو نەچێت بۆ ئەندامەکان لەناویشیاندا (چوک)ی پیاو، بەمەش سوڕی خوێن لاواز دەبێت لەکاتی وروژاندندا وەک پێویست خوێن نەچێت بۆ ئەندامە سێکسییەکان، دەرئەنجامی ئەم حاڵەتەش پرۆسەی (ڕەپبوون) وەک پێویست ڕوونادات.

٥-نەخۆشی شەکرە:
نەخۆشیی شەکرە کاریکەری لەسەر باری سێکسی (٣٠%) نەخۆشەکان دروست دەکات، نەخۆشی شەکرە دەبێتە ھۆی لاوازی (ڕەپبوون) چونکە شەکرە دەمارە خۆنەویستەکان کە خوێن دەبەخشێتە کۆئەندامی زاووزێ دووچاری ھەوکردن دەکات، ھەروەھا یەکێک لەنیشانەکانی تری نەخۆشی شەکرە لای ھەندێ لەنەخۆشەکان بریتییە لەنەڕژانی تۆواو (سپێرم) پاش گەیشتن بە ترۆپکی چێژ (ئۆرگازم)، لەجیاتی ئەمە سپێرمەکان دەگەڕێنەوە ناو میزەڵدان و دواتر لەگەڵ میزدا دەرژێنە دەرەوە، ئەمەش دەبێتە بەربەست لەبەردەم مەسەلەی منداڵبوون لەڕەگەزی مێینەدا، نەخۆشی شەکرە لەھەندێ باردا دەبێتە ھۆی نەگەیشتن بە ئۆرگازم، ھەروەھا دەبێتە ھۆی زیادکردنی چەند میکرۆبێکی دیاریکراو لەناو (زێ) و کۆئەندامی زاووزێدا کە ئەمانەش بەربەست دروست دەکەن لەبەردەم پرۆسەی سێکسی یان کارێکی وەھا دەکەن پرۆسەیەکی نەخواستراو بێت.
ھەروەھا نەخۆشی شەکرە کاردەکاتە سەر پرۆسەی (ڕەپبوون) بەڵام کار ناکاتە سەر ئارەزووی سێکسی، ڕەنگە (لاوازی ڕەپبوون)ەکە بەر لەتووشبوونی کەسێک بەنەخۆشی شەکرە بوونی ھەبووبێت بۆیە پێویستە کاتێک تووشی نەخۆشی شەکرە دەبێت ئایا ئەم (لاوازی ڕەپبوون)ە لەئەنجامی ھەوکردنی دەمارەکانەوەیە یان لەئەنجامی حاڵەتێکی دەروونی پێش تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەکەیە، چونکە ئەگەر لەئەنجامی تووشبوون بەبارێکی دەروونی دیاریکراوەوە ڕوویدا بێت ئەوا مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم حاڵەتە ئاسانترە.

٦-سەرئێشە:
ئەو کەسانەی کەخۆیان لەبنەڕەتدا ژانەسەری نیوەیی (شەقەسەر – الێداع النێفی)یان ھەیە، ئەوا ئەنجامدانی پرۆسەی سێکسی دەبێتە فاکتەرێک بۆ ژانەسەر، بۆیە بەکارھێنانی دەرمانی پێویست لەژێر چاودێری پزیشکدا دەبێتە پێوستییەک بۆ ئەو کەسانە بەمەبەستی نەھێشتنی سەرئێشەکە، بەڵام ئەگەر بەوجۆرەش سەرئێشەکە ھەر زیادی کرد ئەوا پێویستە ئەو کەسە سەردانی پزیشکی پسپۆر بکات.
ھەندێ کەس لەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی سێکسی دووچاری سەرئێشەی ئاسایی دەبن، ھۆکاری ئەم ژانەسەرە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەیەکی کاتی فشاری خوێن یان دڵەڕاوکێ و گرژبوونی دەمارەکان کە بەر لەدەستپێکردنی پرۆسە سێکسییەکە ڕوودەدەن، یان ڕەنگە کەسەکە لەوجۆرە بێت کە لەپەیوەندی سێکسیی سڵ دەکاتەوە و ھەزار و یەک لێکدانەوە بۆ ئەنجامدانی دەکات.
لای ئافرەتان ڕوودانی سەرئێشە لەمبوارەدا دەگەڕێتەوە بۆ شکستھێنان بەگەیشتن بەئۆرگازم لەکاتێکدا ئافرەتەکە ئارەزووی زۆر ھەبێت بەڵام نەتوانێت بگاتە ترۆپکی چێژ بەھەر ھۆکارێک بێت کە لەدەسەڵاتی خۆیدا نەبێت.
سەرچاوە/ ماڵپەڕی دەرونناسی
3138 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
01/08/2015
زیاتر...
1