
نەخۆشی دابڕان
(Dissociative disorders)
ئا دەرونناس/ تەها ئەحمد
پێشتر باسی ئەوەمان کرد ئەوکەسانەی توشی نەخۆشی شێوە جەستەیی دەبن ئەو کەسانەن دڵەڕاوکێکەیان دەرنابڕنو فشاری زۆر لەخۆیان دەکەن تا کەس بەدڵەڕاوکێکەیان نەزانێ ھەربۆیە ئەو فشارە دەرونیە دەگۆڕێت بەئازاری جەستەیی کە سەرچاوەکەی نەخۆشی ئۆرگانی نیە. کەسی توشبوو بە نەخۆشی دابڕانیش بەھەمان شێوە دەناڵێنێت بەدەست دڵەڕاوکێەکی زۆرەوە بەڵام لەو دڵەڕاوکێە رادەکاتو دەیشارێتەوە ھەربۆیە لەپڕێکدا توشی دابڕانی ھۆشی دەبێتو ئاگای لەڕابردوی خۆی نامێنێتو بەتەواوی دەبێت بەکەسێکی ترو ھیچی لەبیر نامێنێت. ئەو نەخۆشیەش ھەروەکو نەخۆشی پێچەوانە کە لەگۆشەی پێشودا باسمانکرد فرۆید ناوی ناونو بەگوێرەی بیردۆزەکەی کەبیردۆزی دەرونشیکاریە ئەو نەخۆشیەش لەوەوە سەرھەڵدەدات کە کەسەکە سەرکەوتوو نابێت لەوەدا حەزو ئارەزوە سێکسیەکانی سەرکوت بکاتو وەدەریان بنێت لەھۆشو بیریدا ھەر بۆیە لەئەنجامدا بەھۆی ئەو شکستەوەو بەھۆی فشاری دەرونیەوە بەشێک لەھۆشی یان ئاگایی بەتەواوی لەکاردەکەوێتو دەوەستێت.
نەخۆشی لەبیرچونەوەی دەرونی لەدیارترین جۆری نەخۆشی دابڕانە کەسەکە بەتەواوی ھەموو رابردوی خۆی لەبیر دەچێتەوە بەھەموو خۆشی و ناخۆشیەکانیەوەو دەستدەکات بەژیانێکی تازە. بۆیە پێشی دەوترێت لەبیرچونەوەی دەرونی چونکە ھۆکارەکەی فشاری دەرونیەو پەیوەندی بەتێکچونی ئۆرگانەکانی لەشییەوە نیە. نەخۆشی بیرچونەوەی تریشمان ھەیە کە ھۆکاری ناتەواوی جەستەیە وەک بەھۆی نەخۆشی گەشکە یان بەھۆی ژەھراویبونی مێشک بە دەرمان یان بە مادەی ئەلکحول یان بەھۆی بیرینداربونی مێشکەوە ھەربۆیە دەبێت پزیشکەکان بەوریاییەوە ھۆکاری نەخۆشی لەبیرچونەوەکە دەستنیشان بکەن.
نەخۆشی بزربونی دەرونی جۆرێکی تری نەخۆشی لەبیرچونەوەیە کەسەکە بەئەنقەست ماڵەوە بەجێدەھێڵتو لەشوێنێکی تر دەست بەژیانێکی تازە دەکات.
نەخۆشی دابڕانی کەسێتی جۆرێکی تری نەخۆشی دابڕانە زۆر دەگمەنو شازە بەوەی کە بەوە دەناسرێتەوە کەسەکە دوو کەسایەتی یان زیاتری زۆر جیاوازی لەیەک کاتدا ھەیە بۆی ھەیە لەھەر ئانوساتێکدا ئەو کەسایەتیانە بەزاڵی دەربکەون. ھەتاکو ئێستا تەنھا ١٠٠ کەس تۆمارکراوە توشی ئەم نەخۆشیە بون. ھەندێک لەتوێژەرە دەرونیەکان بڕوایان وایە زۆربەی ئەمانە نەخۆشی دەرونیان نیە بەڵکو خۆیان وا خۆیان نیشان دەدەن.
نەخۆشی دابڕان زۆرجار واپێناسە دەکرێت پەرچەکردارێکە بۆ کێشەی زۆر سەختو گەورەی کەسەکە توانای ھەرسکردنی نیەو لەژێر فشاری پەشیمانیو ھەست بە تاوانکردندا دەژی لەبەرئەوەی ئەم نەخۆشیە زۆر دەگمەنەو زۆر سەمەرەیە ھەر بۆیە لەزانستی دەرونیدا بایەخێکی کەمی پێدراوە. ئەم نەخۆشیەش بەپۆزەتیڤ ئەکەوێتەوە بۆ کەسەکە چونکە نەخۆشی بیرچونەوە وا لەکەسەکە ئەکات ژیانە پڕ ئازارو مەینەتیەکەی لەبیربچێتەوە. نەخۆشی بزربونی دەرونی نەک ھەر ناخۆشیەکانی لەبیرئەباتەوە بەڵکو شوێنەکەش بەجێدەھێڵێتو بونێکی تازە دەستپێدەکات. نەخۆشی دابڕانی کەسێتی وا لەکەسەکە ئەکات ئەو شتانە بکات خۆی لەئەسڵدا زۆر حەزی ئەکرد بیان کات بەڵام لەبەر شەرمو ھەستکردن بە تاوان لەباری ئاسایدا بۆی نەدەکرا.
چارەسەری ئەم نەخۆشیانەش ھەروەکو نەخۆشیە شێوە جەستەییەکان وایە کە پەیوەندی بە ئەو دڵەڕاوکێو تەنگەشە دەرونیانەوە ھەیە نەخۆشەکە لەئێستاو لەڕابردوشدا بەدەستیەوە دەناڵێنێت چونکە نەیتوانیوە قبوڵیان بکاتو بەرگەیان بگرێت. بۆچارەسەر دەبێت نەخۆشەکە بواری ئەوەی پێبدرێت ئازادانە ئازارەکانی دەرببڕێتو ھەرسیان بکات لەگەڵ ئەوەشدا دەرمانی دژە دڵەڕاوکێی پێدەدرێت.