پیتی  خ
بۆچی خەون دەبینین؟
بۆچی خەون دەبینین؟
ئامادەکردنی دەرونناس تەھا ئەحمد

لەگۆشەی پێشودا باسی خەوتنمان کرد، یەکێک لەبۆچونە زانستیەکان ئەوەبوو ئێمە دەخەوین بۆ ئەوەی خەون ببینین. چونکە خەون بینین بەگرنگ دادەنرێت‌و دەوترێت ئەو کەسەی بەھۆی کەمخەویەوە خەونی پێویست نەبینێت ئەوا کاتێ بەخەبەرە خەون دەبینێت. 
لەکۆندا خەون بینین بەپەیوەندیکردن دەھات لەگەڵ دونیای رۆح‌و خودادا. زانای بەناوبانگی دەرونی فرۆید دەڵێت خەوبینین رێگایەکە بۆ چونە ناو نائاگایی کە لە ٨٥%ی ھۆش‌و بیرمان پێکدەھێنێت، واتە ئەوەی ئێمە رۆژانە کاری پێدەکەین‌و ژیانی رۆژانەمانی پێ دەگوزەرێنین تەنھا لە ١٥%ی ھۆشمانە. لێکۆڵینەوە زانستیەکان چوار ھۆکاری سەرەکیان دەستنیشانکردوە بۆ خەون بینین.
یەکەم/ خەون بینین بەپەرچەکرداری کیمیایی مێشک ناودەبات، دەڵێت ھیچ مانایەکی نیەو لەکاتی پشوی مێشکدا وێنەکان ھەندێکجار بەتێکەڵوپێکەڵی‌و ھەندێکجار بەڕێکی دێن‌و دەڕۆن‌و ھیچی تر.
دوەم/ ئێمە خەون دەبینین چونکە مێشک دەیەوێت خۆی رێکبخاتەوەو ھەرچی شتی خراپ‌و ناپێویستە فڕێی دەدات‌و شتە باشەکانیش تۆماردەکات‌و خەزنیان دەکات.
سێھەم/ خەون بینین بۆ ئەوەیە بەسەر کێشەکانماندا زاڵبین‌و رابێین لەگەڵ کارەساتە دڵتەزێنەکاندا وەک مردن‌و لەدەستدانی کەسانی ئازیز، یاخود لەدەستدانی سەروەت‌و سامان یان کارەساتی ناخۆشی وەک ئاگرکەوتنەوە ... ھتد.
چوارەم/ ئێمە خەون دەبینین تا کێشەکانمان چارەسەربکەین. چونکە زۆرجار کێشەیەک ئەوەندە ئاڵۆزە کە لەئاگاییدا دۆش دادەمێنین‌و چارەسەرمان پێنیە بۆی، بەڵام خەونێک دەبێتە کلیلی چارەسەرو کێشەکەمان بۆ حەل دەکات. 
ئەم چوار ھۆکارەی سەرەوە زادەی توێژینەوە زانستیەکانن بەڵام ھیچیان وەڵامێکی دروستی تەندروست نین بۆ ئەو پرسیارەی کەدەپرسێت ئێمەی مرۆڤ بۆچی خەون دەبینین. چونکە ئەگەر بڵێین خەون بینین پەرچەکرداری مێشکەو بێمانایە یان ئەگەر بڵێین مێشک خۆی رێکدەخاتەوە ئەی بەو خەونانەی کە لەڕاستیشدا کتومت وەک خۆی رودەدەن بڵێین چی؟ یان ئەگەر بۆ ئەوە بێت کەکێشەکانمان چارەسەربکەین ئەوا دەبوایە مرۆڤ یان کێشەی نەمایا یان کەمترین کێشەی ببوایە کەئەمەش وانیە. تاقە بۆچون کەتاڕادەیەک شیاوە ئەوەی سێھەمیانە کە دەڵێت خەون بینین بۆ ئەوەیە زاڵبین بەسەر کێشەکانمانداو توانای خۆگونجاندنمان لەگەڵ کارەساتەکاندا زیاددەکات. زانست تائێستا لەخەون بینین نەگەشتوەو وەڵامێکی دروستی پێ نیە، ھەروەک چۆن وەڵامی بۆ زۆر شتی تری ئەم ژیانە پێ نیە. شامانەکانی ھیندستان کەچارەسەرکەری سروشتی و رۆحین خەون بینین بەکاردەھێنن بۆ چاککردنەوەی نەخۆشەکانیان. میسریە کۆنەکان خەون بینینیان بەکاردەھێنا بۆ زانینی داھاتوو پێشبینی کردنی روداوەکان. ئەوروپیەکان بەکاریاندەھێنا بۆ دۆزینەوەی یاری تازەو داھێنان. بەڵام راستیەکی تریش ھەیە لەدەرەوەی زانست کە لەتێکستە دینیەکاندا باسکراوە دەربارەی خەوو خەون بینین ئەوەیە کەخەو بەمردنی بچکۆلە ناودەبات واتە گەشتی رۆح، بەڵام گەشتێکی بچوکی کورتخایەن کەدواتر دەبێت بگەڕێتەوە بۆ جەستەکە. خەون بینین بەو ئەرک‌و کردارانە دانراوە کە لەکاتی ئەو گەشتەدا ئەنجامدەدرێت یان ئەو دیمەن‌و روداوانەی کەدەیانبینێت جا رەنگە ھەندێکیان ھیچ پەیوەندی بەخۆیەوە نەبێت و ھەندێکیشیان رەنگە پەیوەندی راستەوخۆی بەم ژیانەی خۆیەوە ھەبێت. جا گەشت بۆ دونیای رۆح واتە چونە ناو دونیایەکی تری تەواو جیاواز لەم ژیانە ماددیەی ئێستامان، جا بینینەکانی ئەو جیھانە یان روداوەکانی ئەو جیھانەو تەرجومەکردنیان بۆ زمانی سەر زەوی ئاسان نیە،‌ ھەربۆیە زۆرجار خەونەکە سەیروسەمەرە دەردەچێت بەڵام ھەندێکجار نامەیەکی تیادایە بۆ کەسی خەونبین یان بۆ کەسی دەوروبەری ھەربۆیە وا پێویست دەکات کەنامەکە بەجۆرێک بنێردرێت کەکتومت بەزمانی سەرزەوی بێت تاخوێندنەوەو لێتێگەیشتنی ئاسان بێت تا مەبەستەکە بگات.
2930 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
29/07/2015
زیاتر...
1