پیتی  د
نەخۆشیە دەروونیەکان (Mental Disorders)
نەخۆشیە دەروونیەکان (Mental Disorders) 
دەرونناس/ تەها ئەحمد

نەخۆشیە دەروونی یەکان جۆریان زۆرە بەڵام بە گشتی کراون بە پێنج کۆمەڵەوە بریتین لەمانەی خوارەوە:
١. نەخۆشیە دەمارگیریەکان(Neuroses) 
٢. تێکچونی کەسایەتی(Personality Disorders) 
٣. ئالودە بون بە مادە ھۆش بەرەکان (Psychoactive Substance Abuse Disorders) 
٤. نەخۆشی شیزۆفرینیا (Schizophrenic Disorders) 
٥. نەخۆشییە سۆزیەکان (Mood Disorders)
ھەر یەکە لەم کۆمەڵانەی لەسەرەوە باسمان کرد ژمارەیەکی زۆر لەنەخۆشی لەخۆ دەگرن ھەوڵ دەدەین لەم گۆشەیەو لەگۆشەکانی داھاتودا یەک بەیەکی نەخۆشیەکان باس بکەین. 
١. نەخۆشیە دەمار گیریەکان (Neuroses) 
ئەم کۆمەڵەیە لەسێ گروپ نەخۆشی دەروونی پێکدێت بریتین لەنەخۆشی دڵەڕاوکێ (Anxiety), نەخۆشی ھستریا (Somatoform Disorders), نەخۆشی پەرتبوونی دەروونی (Dissociative Disorders). 
نەخۆشی دڵەڕاوکێ (Anxiety Disorder) 
زۆرێک لەنەخۆشیە دەروونیەکان سەر بەم گروپەن. ترس‌و دڵەڕاوکێ ھەرە سەرەکی ترین نیشانەکانیانە. دڵەڕاوکێ ئەو ھەستەیەکە کەسەکە تووشی ترسێکی لەڕادەبەدەر ئەکات کە وا ئەزانێت کۆتای دنیایە کە ئەمەش لەڕواڵەت‌و جەستەیدا بە ڕونی دەردەکەوێت وەک دڵە کوتێ, ئارەقکردنەوەی ناو لەپی دەستی, ھەستکردن بە قورسی لەسەر گەدە. دڵەڕاوکێ یەکێکە لەباو ترین نەخۆشیە دەرونیەکان بەتایبەتی لەلای ڕەگەزی مێینە چونکە ئامارەکانی ئەوروپا وادەردەخەن توشبونی ئافرەتان بەم نەخۆشیە دوو ھێندەی پیاوانە. باوترین نەخۆشیە دەرونیەکانی کە سەر بەم گروپەیە بریتیە لەدڵەڕاوکێی گشت(Generalized Anxiety) , ترسی لەناکاو(Panic Disorder), ترسی ناماقوڵ (Phobic Disorder), ھەڵسوکەوتی دوبارەکراوەی نەخوازراو (Obsessive Compulsive Disorder), تەنگەشەی پاش زەبری دەرونی(Post-traumatic Stress Disorder).
دڵەڕاوکێی گشت ((Generalized Anxiety Disorder :-
ئەم نەخۆشیە بەوە ئەناسرێتەوە کە کەسەکە خەمێکی لەڕادەبەدەرئەخوات بۆ وردو درشتی ئەو شتانەی کە پەیوەندیان بە ژیانیەوە ھەیە وەکو تەندروستی, پارە, ئیشوکارەکانی, پەیوەندیەکانی .......ھتد. کاتێک بە کەسەکە ئەوترێت توشی نەخۆشی دڵەڕاوکێی گشت بووە کە ئەگەر ھاتو خەمەکانی بۆ ئەو بابەتانەی کە باسمان کرد لە زوربەی ڕۆژەکاندا ھەیبێت‌و بە لایەنی کەمەوە شەش مانگ پێوەی بناڵێنێت. ئەو کەسەی توشی دڵەڕاوکێی گشت دەبێت ناتوانێت زاڵبێت بەسەر پەژارەکەیداو بەڕون‌و ئاشکرا نائارامی پێوە دیارەو زۆر زوو ماندو دەبێت‌و تەرکیزی نامێنێت‌و زوو زوو ھەڵەچێت‌و ماسولکەکانی لەشی ڕەق ئەبن‌و خەو زڕانیشیان ھەیە. ئەم نەخۆشیە لەسەدا دوانزەی ھەموو نەخۆشیە دڵەڕاوکێکان پێکدەھێنن‌و زۆربەی ئەوانەی توشی دڵەڕاوکێی گشت دەبن لەھەمانکاتدا خەمۆک دەردەکەون ھەربۆیە جیاکردنەوەی ئەو نەخۆشیە لەنەخۆشی خەمۆکی ئاسان نیە. کەسی توش بوو بە نەخۆشی دڵەڕاوکێ توانای بڕیاردانیان زۆر لاواز دەبێت ھەر لەبەر ئەوە ئەم کەسانە ھەوڵ ئەدەن بە ئەرکێک ھەستن کە بڕیاردان تیایدا سوکو ئاسان بێت. 
چارەسەری باو بۆ دڵەڕاوکێی گشت بەکارھێنانی دەرمانە وە ئەو دەرمانانەش کە بەکاردێت پێیان دەورێت دەرمانی دژە دڵەڕاوکێ.
لەگۆشەی داھاتودا باسی جۆرێکی تری نەخۆشیەکانی دڵەڕاوکێ دەکەین کە ئەویش نەخۆشی ترسی لە ناکاوە(Panic Disorder).
3193 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
28/07/2015
زیاتر...
1