پیتی  پ
ھۆکارەکانی پرخاندن لەکاتی خەودا (Snore)
ھۆکارەکانی پرخاندن لەکاتی خەودا (Snore)

‌لەڕوی زانستیەوە بەپێی رێکخراوی نێودەوڵەتی (International Classification of Sleep Disorder) ‌ھەرکەسێک بەردەوام شەوانە لەکاتی خەودا بپرخێنێت دەوترێت کێشەی تەندروستی (Rhonchopathy) ھەیە لەبەشی سەرەوەی کۆئەندامی ھەناسەدا، کەدەبێتەھۆی گیرانی کاتی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی ھەناسەو پرخاندن.
بەپێی توێژینەوەیەک ئەو کەسانەی بەردەوام لەخەودا دەپرخێنن زیاتر ئەگەری توشبونیان ھەیە بەجەڵتەی دڵ‌و مێشک‌و پەستانی بەرزی خوێن. لەکاتی پرخاندندا راتەکان‌و لەرینەوەی زۆر رودەدات لەناو قوڕگ‌و گەرودا، ھەندێک پسپۆڕی ئەو بوارە پێیان وایە ئەو لەرینەوەیە بەدەر لەوەی ھۆکارێکە بۆ پرخاندن ھۆکارێکیشە بۆ توشبون بەنەخۆشی دەماری جۆری(Neuropathy) .‌
ھۆکارەکانی پرخاندن:
‌١. بەھۆی ھەستیاری (حساسیە) گیران‌و ھەوکردنی لوت‌و بونی خواری لەپەردەی لوتدا.
‌٢. بەھۆی ھەڵئاوسان‌و گەورەبونی لەوزەتێن‌و ھەندێک بەشی دیکەی گەروەوە.
‌٣. بەھۆی بونی جۆرێک لەگرێ یان لو (Polyp) لەنێو روپۆشی ناوەوەی پەردەی لوتدا.
‌٤. بونی ناڕێکی‌و بەگیروەستان لەجومگەکانی شەویلگەدا دەبێتەھۆی تەسکبونەوەو گۆڕانکاری لەناو گەرودا، بەو ھۆیەوە زمان ھەڵدەکشێت بەرەو دواوەو لەکاتی خەودا رێگری لەڕێچکەی ھەناسەدان دەکات.
‌٥. بەگشتی لەسەر پشتخەوتنیش یەکێکە لەھۆکارەکان، بەو پێیەی بەگشتی لەکاتی پاڵکەوتن لەسەر پشتدا شەویلگەی خوارەوەو زمان بەرەو خوارەوەو دواوە دەڕۆن‌و دەرچەی گەروو ھەناسەدان تەسک دەکەنەوە.
‌٦. کێش زۆری یەکێکە لەھۆکارە سەرەکیەکان. مرۆڤی قەڵەو زۆرجار چەوری‌و ھەڵئاوساوی ھەیە لەملیدا کەدەبنەھۆی دروستبونی پەستان لەسەر قوڕقوراگەو گەروو بۆری ھەناسەو دواجار پرخاندن لەکاتی خەودا.
‌٧. ھەڵکشانی تەمەن بەرەو سەرەوەو پڕۆسەی پیربون ھۆکارێکە بۆ پوکانەوەو خاوبونەوەی ماسولکەو زۆر بەشی دیکەی جەستە بەگەروو زمان‌و ملیشەوە، لەو روانگەیەوە رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ پرخاندن.
بەپێی ئامارێک لەوڵاتی ئەڵمانیا بەھۆی پرۆسەی پیربونەوە ٦٠٪ی پیاوان و ٤٠٪ی خانمان لەکاتی خەودا دەپرخێنن.
‌٨. خواردنەوەی ئەلکحول، حەبی خەوو ھێوربونەوەو دژەخەمۆکی دەبنەھۆی خاوبونەوەی ماسولکەکانی قوڕگ‌و گەرو لەوڕێیەوە پرخاندن لەکاتی خەودا.
‌٩. لەتوێژینەوەیەکدا سەلمێنراوە کە جگەرەکێشان یەکێکە لەو ھۆکارە سەرەکیەکانەی دەبێتەھۆی ھەوکردن‌و ھەڵئاوسانی روپۆشی ناو قوڕگ‌و گەرو، دواجار پرخاندن بەھۆی رێگرییەک لەدەرچەی ھەناسەدا.
‌١٠. خانمان لەسەروو تەمەنی ٤٥- ٥٠ بەھۆی گۆڕانکاری لەسیستەمی ھۆرمۆندا، بەتایبەتی نزمبونەوەی ئاستی ھۆرمۆنی (Oestrogen) زیاتر دوچاری پرخە دەبن.
‌١١. منداڵیش ھەندێکجار دوچاری پرخاندن دەبێت بەھۆی ھەڵئاوسان‌و ھەوکردنی لەوزەتێن‌و لوت‌و گەرو، بونی لو (Polyp) لەقوڕگ‌و لوتدا دەبێتەھۆی گیرانی لوت‌و بەھۆیەوە ھەناسە ھەڵمژین لەڕێی دەمەوە لەبری لوت ھۆکارێک دەبێت بۆ پرخاندن.
‌١٢. سەرین‌و دۆشەک لەو پێداویستیانەن کە لەزۆر روەوە کاریگەری گەورە لەسەر جەستەی مرۆڤ دروستدەکەن. ھەندێکجار خراپی جۆری سەرین لەڕوی چۆنایەتیەوە دەبێتەھۆی ھەستیاری‌و دروستبونی پرخاندن. سەرینی زۆر بەرز یان زۆر نزم بەگشتی بۆ سەرومل ناتەندروستەو ھۆکارێکیشە بۆ پرخاندن.
‌چارەسەرو خۆپاراستن:
• خۆپاراستن لەو ھۆکارانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە رێگەچارەیەکی باشە دژی پرخاندن.
• ‌بێگومان پشکنینی پزیشکی بەرفراوان پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی ھۆکاری سەرەکی پرخاندن.
• ‌وەرزش بۆ ھەموو جەستە بەگشتی‌و بۆ قوڕگ‌و مل بەتایبەتی پرخاندن لەکاتی خەودا کەمدەکاتەوە.
‌بەوپێیەی پرخاندن نەک تەنھا بارگرانیەکی گەورەیە بۆ خودی توشبوان‌و کەسانی دەوروبەرو ژیانی ھاوسەرێتی، بەڵکو ھۆکارێکیشە بۆ کەمخەوی‌و رێگری لەگەیشتنی ئۆکسجین بەپێی پێویست بەخانەکانی جەستە لەکاتی خەودا، پێویستە توشبوان ھەموو رێگاچارەیەکی وەک دابەزاندنی کێشی زیادەو وازھێنان لەجگەرەکێشان‌و ئەلکحول‌و وەرزشکردن بگرنەبەر.
‌توشبوان دەتوانن لەڕێی بەکارھێنانی سەرینی گونجاوو پلاستەرێکی تایبەتیەوە بۆ سەر لوت پرخاندنی شەوان کەمبکەنەوە.
2109 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/07/2015
زیاتر...
1