پیتی  هـ
هۆشبەرەکان
مادە ھۆشبەرەکان 
دەروونناس/ سامان سیوەیلی

دەستپێک:
لەدوای ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری عێراقەوە ناوبەناو لە میدیاکانی کوردستانەوە ھەواڵی ھاتنەناوەوە و دەستبەسەراگرتنی مادە ھۆشبەرەکان بڵاو دەکرێتەوە کە بەبڕ و جۆری جیاواز ڕەوانەی کوردستان دەکرێت، وێڕای ئەمەش ناوبەناو ھەواڵی دەستگیرکردنی بەکارھێنەرانی ئەم مادانەش لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا بەرچاو و گوێمان دەکەوێت. گومان لەوەشدا نیە بەکاربەرانی ئەم مادانەش نە پیروپەککەوتەکانن و نە منداڵانن، بەڵکو ئەوانەی پەنا بۆ ئەم مادانە دەبەن لاوانن کە ھەوێن و داینەمۆی ھەموو گۆڕانکاری و بنیاتنان و پێشەوەچوونێکن.
ئەم ھەواڵانە خۆی لە خۆیدا زەنگێکی مەترسیدارە و ناکرێت بەلاوەکییانە لێیانبڕوانین، چونکە بڵاوبوونەوەی ئەم مادانە لە کوردستان ھەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئێستا و ئاییندەی گەلەکەمان (بەتایبەت لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا)، بڵاوبوونەوەی مادەھۆشبەرەکان لەھەرکۆمەڵگەیەکدا بێت دەکاتە بڵاوبوونەوەی دەیان نەخۆشی دەروونی و جەستەیی و ژیری کە خراپترینیان نەخۆشی ئایدزە، ھەروەھا بڵاوبوونەوەی جۆرەھا تاوانی وەک دزی و کوشتن و دەستدرێژی سێکسییە، ھەروەھا بە فیڕۆچوونی تواناو بەھرەی ئەوانەیە کە دەکەونە داوی ئەم مادانەوە و ئەو بارگرانییەی کە لەسەر خێزان و دەوروبەر و کۆمەڵگا دروستی دەکەن، وێڕای ھەموو ئەمانەش بەفیڕۆچوون و دۆشینی ئابووری وڵاتە چونکە لەلایەک ئەم مادانە خۆشبەختانە لە کوردستان بەرھەم نایەن بۆیە ھێنانە ‌ناوەوەی بۆ ناو کوردستان تێچوونێکی زۆری لە ڕووی ئابووریەوە دەوێت بەتایبەتی کە ئەم مادانە لەڕووی نرخەوە گرانبەھان، لەلایەکی تریشەوە پرۆسەی نەھێشتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مادانە و چارەسەرکردنی گیرۆدەبووان بەم مادانە بارگرانییەکی گەورە دروست دەکات لەسەر حکومەتی کوردستان، بۆیە ھەروەک وتراوە خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن، بەرلەوەی ئەم پەتا ترسناکە تەشەنە بکات لەناوماندا با زەمینەکانی بڵاوبوونەوەی لێتێکبدەین، بە پلانی گونجاو و زانستیانە بەڕوویدا بوەستینەوە، چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە مەترسیەکانی ئەم ئافاتە ھۆشیار بکەینەوە، پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئامادەیی خۆیان ھەبێت لەمبوارەدا، ڕۆشنبیران و پسپۆران قسەی جدی بکەن لەسەر ئەم جۆرە مەترسیانە، حکومەت پلانی تۆکمەتر و گونجاوتری ھەبێت لەمبوارەدا. دەبێت لەوە دڵنیابین کە ئەگەر لە وڵاتانی ئەوروپادا بوونی مادە ھۆشبەرەکان وەک دیاردەیەکی کەلتوری لێیدەڕوانرێت (ھەرچەندە لە ئەوروپا بەتوندی بە گژ ئەم مادانەدا دەچنەوە بەڵام لەھەندێ وڵاتی ئەوروپیدا تا بڕێکی کەم دەفرۆشرێت بە ئازادی و بەکاردەھێنرێت)، وە ئەگەر لەھەندێ وڵاتی ئاسیادا وەک دیاردەیەکی بازرگانی تەماشای ئەم مادانە دەکرێت، بەڵام لای ئێمەی کورد دەبێت وەک دیاردەیەکی سیاسی لێیبڕوانین کە ئامانجی دوژمنکارانەی لە پشتەوەیە، بۆیە لە جێی خۆیدایە کە لەبواری ڕۆژنامەوانی کوردیدا بە ئەنفالی سپی ناوزەد کراوە. ئەگەرچی لەم سەروبەندەدا کەسانی چاوچنۆک و ھەلپەرستیش بەمەبەستی پڕکردنی گیرفانیان لەسەر حسابی چارەنووسی گەلەکەیان ڕەنگە تێکەڵ بەم پرۆسە نا مرۆڤانەیە ببن و بکەونە بازرگانی کردن بەم مادانەوە. .
شایانی ئاماژە بۆکردنە کە دەزگا تایبەتمەندەکانی حکومەتی کوردستان بەنەھێشتنی مادە ھۆشبەرەکان جێ دەستیان دیارەو چالاکن لەمبوارەدا، بەڵام دەبێت لەوە دڵنیابین کە ئەو بڕانەی دەھێنرێت یان ڕەوانەی کوردستان دەکرێت زۆر زیاترە لەوەی دەستی بەسەردا دەگیرێت. ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو بڕە مادانەی لە جیھاندا دەستیان بەسەردا دەگیرێت دەکاتە (٢٠% – ٣٠%) ی کۆی ئەو بڕەی ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرێت. لە وڵاتانی ئەوروپاش وێڕای ئەو ھەموو توانا و شارەزایی و ئیمکاناتانەی بۆ دەزگاکانی پۆلیس فەراھەم کراوە و وێڕای ئەو ھەموو ڕێوشوێنەی گیراوەتە بەر بۆ بەرگرتن لە ھاتنەناوەوەو بڵاوبوونەوەی ئەم مادانە لەگەڵ ئەوەشدا بازرگانانی ئەم مادانە ھەر دزە دەکەنە ناو بازاڕەکانی ئەوروپاوە.‌ .
لەبەرئەوەی مادە ھۆشبەرەکان نامۆیە بە کۆمەڵگەی کوردەواری و لە دیرۆکی دوورو نزیکماندا پێشینەی نەبووە، بۆ ئاشنابوونی خوێنەرانی بەڕێز بە مێژوو و سروشت و جۆر و زیانەکانی ئەم مادانە و باری ئالوودەبوون (الادمان) و چۆنێتی ڕووبەڕوو وەستانەوەی ئەم مادانە، وەک ئەرکێکی زانستی و نەتەوەیی سەرشانم لە زنجیرە وتارێکدا تیشکێک دەخەمە سەر ئەم مادانە کە پوختەی ئەو کۆڕەیە کە کۆمەڵەی کولتوری کوردی لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا بۆیان ساز کردم لە یادی نۆزدەھەمین ساڵڕۆژی کارەساتی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجەدا.

مێژووی مادە ھۆشبەرەکان :
مرۆڤ ھەر لە چاخە ھەرە کۆنەکانەوە ھەمیشە وێڵ بووە بەدوای کەمکردنەوە و نەھێشتنی ئازارە جەستەییەکانی و ڕەواندنەوەی دڵەڕاوکێ و خەم و پەژارەکانی، یاخود لە ڕێوڕەسم و سروتە ئایینیەکاندا ھەوڵیداوە گۆڕانکاری لە ھۆشیدا بکات. بۆ ئەم مەبەستانە کەوتۆتە پشکنینی ژینگەکەی و تاقیکردنەوەی ئەو بەروبوومانەی لە دەوروبەریدا ھەبووە، لەئەنجامدا بەمەبەست بووبێت یان بەڕێکەوت بۆی دەرکەوتووە کە لەسروشتدا چەندین جۆر لە ڕووەک و گژوگیا ھەن کە گۆڕان لە جەستە یان لە مەزاژ و باری دەروونی یان ژیرییدا دەکەن.
ھەربۆیە لە کەلەپوری شارستانیەتە کۆنەکاندا زۆر بەڵگە ھەیە کە ئاماژە بۆ بوونی مادە ھۆشبەرەکان دەکەن لەو سەردەمە کۆنانەدا، جا چ لەشێوەی ئەو نەخش و نیگارانەدا بن کە لەسەر دیواری پەرستگا و گۆڕستانەکاندا نەخشاندوویانە (وەک ئەوەی لە گریکەکانەوە جێماوە)، یان لەسەر تابلۆ و کارە دەستیەکانیان (وەک ئەوەی لە سۆمەریەکانەوە جێماوە)، یاخود لە ڕێگەی نووسین و دەستنووس و کتێبەوە (بۆ نموونە میسریە کۆنەکان لەسەر گەڵای ھەندێک ڕووەکی وەک زەل نوسراویان ھەبووە کە ئاماژە بۆ بوون و بەکارھێنانی مادە ھۆشبەرەکان کراوە تیایاندا)، یاخود لە شێوەی ئەفسانەدا کە دەماودەم گواستراوەتەوە لەنێوان نەوەکاندا، بۆ نموونە ھیندۆسەکان باوەڕیان وابووە کە خواوەند ” شیفا ” ڕووەکی کەنابیسی بۆ ھێناون. خێڵەکانی ئیندیزیش ئەفسانەیەکیان لەناودا بڵاوبووە کە دەڵێت ئافرەتێک لە ئاسمانەوە دابەزیوە بۆ ئەوەی ئازاری مرۆڤەکان کەم بکاتەوە وخەوی شیرینیان پێببەخشێت، بە سایەی ھێزی خواوەندەوە ئەم ئافرەتە بووە بە درەختی کۆکا، مەبەست لەو ڕووەکە بووە کە مادەی کۆکایینی لێوەرگیراوە.
گریکەکانیش نیگاری ڕووەکی خەشخاشیان (ئەفیون) لەسەر دیواری پەرستگاو گۆڕستانەکاندا نەخشاندووە و ھێمای ئەم نیگارانە بە پێی ئەو خواوەندەی لە نیگارەکەدا ئەم ڕووەکەی لەدەست بووە جیاوازی ھەبووە، بۆ نموونە ئەگەر ئەم ڕووەکە بەدەستی خواوەند (ھیرا)وە بووبێت لە نیگارەکەدا ئەوا ھێما بووە بۆ دایکێتی، لای خواوەند (دیمیتەر) ھێما بووە بۆ بەپیتی زەوی، لای خواوەند (بلۆتۆ)ش ھێما بووە بۆ مردن یان خەوی ئەبەدی.
لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدەوە و لەگەڵ بەرەوپێش چوونی تەکنۆلۆژیا و زانستەکان بەتایبەتی زانستی پزیشکی و دەرمانسازی و لەئەنجامی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشیە جەستەیی و دەروونیەکان، بەئاوێتە کردنی ئامادەکراوە کیمیاییەکان لەگەڵ چەندین جۆر لە ڕووەکە سروشتیەکان توانرا جۆرەھا مادە و دەرمان بەرھەم بھێنرێت کە کۆمپانیاکان و پزیشکەکان لە چارەسەری نەخۆشەکاندا بەکاریان دەبرد، بەڵام لەپاشاندا بۆیان دەرکەوت کە ھەندێک جۆری ئەم دەرمانانە جگە لە بەجێھێشتنی کاریگەری و ئاسەواری خراپ لەسەر جەستە و دەروون و باری ژیری، نەخۆشەکانیش دووچاری ڕاھاتن و بەردەوام بەکارھێنان دەکات و دەیانگەیەنێتە قۆناغی ئالوودەبوونەوە.‌ بەدەرکەوتنی ئەم مەترسییانە دامودەزگا پەیوەنددارەکان و ڕێکخراو و حکومەتەکان ناچاربوون بکەونەخۆ و بەر بەدروستکردن و بەکارھێنانی ئەم جۆرە مادە و دەرمانانە بگرن قەدەغەی بکەن و سزای توندیش بسەپێنن بەسەر بەرھەمھێنەران و بازرگانانی ئەم مادانەدا. لەمبوارەشدا ھەماھەنگی نێو دەوڵەتی چەند جارێک ھاتۆتە ئاراوە و لەچەند کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیدا ئەم مادانە بە فەرمی قەدەغە کراون و خراونەتە ژێر چاودێریەوە. نموونەی ئەم مادانەش مۆرفین، ھیرۆیین، کۆکایین، کۆدایین و… ھتد. لەگەڵ ئەمەشدا لەھەندێک وڵاتدا کارخانە و جێگای مۆڵەت پێنەدراو دروستبوون کە بە نایاسایی ئەم مادانە بەرھەم دەھێنن و دەیانخەنە بازاڕەکانەوە، بۆ نموونە شاری پیشاوەری پاکستانی و ناوچە سنووریەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان بوونەتە گرنگترین ناوچەی گۆڕینی ئەفیون بۆ ھیرۆیین.
لەپاش ئەم قۆناغە و لەدوا چارەکی سەدەی نۆزدەھەمدا و لەئەنجامی زیاتر پێشکەوتنی زانست و پیشەسازیەوە، دروستکردنی ھەندێک مادە و داوودەرمان پێینایە قۆناغێکی نوێوە ئەویش بەدروستکردنی ھەندێک جۆری دەرمان کە پێکھاتەکانیان تەنھا مادەی کیمیایی بووە و بەھیچ جۆرێک ڕووەکە سروشتییەکان بەشدار نەبوون لە پێکھاتەیاندا، ئەگەرچی ئەم مادانەش بۆ بواری پزیشکی و لە چارەسەری نەخۆشیە جەستەیی و دەروونی و ژیریەکاندا بەکارھاتووە و بەکاردەبرێت بەڵام لە تووشکردنی بەکاربەر‌انیدا بە ئالوودەبوو‌ن ھەمان ڕۆڵی مادە ھۆشبەرەکانی پێشوویان ھەیە،‌ نموونەی ئەم مادانەش : خەو بەخشەکان (المنومات) ، ھێور بەخشەکان ( المھدئات ) ، وزەبەخشەکان (المنشگات) و … ھتد.
لێرەدا بەکورتی مێژووی ھەندێک مادەی ھۆشبەر دەخەینە ڕوو کە زۆر ناسراو و بەربڵاون لە جیھاندا:

١- ئەلکھولەکان:
مەی کۆنترین مادەی ھۆشبەرە کە مرۆڤ بەکاری ھێناوە و پەنای بۆ بردووە، گوشراوەی ھەندێک بەرووبومی کشتوکاڵی وەک دانەوێڵە و جۆرەھا میوە بە ڕێوشوێنی تایبەتی خۆی کارێکی ئاسان بووە بۆ مرۆڤەکان ھەر بۆیە لەپێش ھەموو مادە ھۆشبەرەکانی تردا زۆر لە کۆمەڵگە کۆنەکان پەنایان بۆ بردووە. چینینەکان کۆنترین کۆمەڵگەن لە دروستکردنی مەیدا، سەرەتا لە گەنم و جۆ و پەتاتە و گەنمەشامی جۆرەھا خواردنەوەیان دروست کردووە کە بە (جیو) ناویان بردووە واتە مێوژ، لەدوای دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان ھەردوو ئیمپراتۆریەتی چینی و ڕۆمانیدا لەدەوربەری (٢٠٠) ساڵ (پ.ز) مێوژیان لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆیشتووە و پاشان ئەمیشیان بەکارھێناوە لەم بوارەدا. لەسەردەمە زۆر کۆنەکاندا چینیەکان ئەم خواردنەوە ئەلکھولیانەیان لەچەند بۆنەیەکی کۆمەڵایەتیدا بەکارھێناوە و پێشکەشیان کردووە وەک لەکاتی قوربانی کردندا بۆ خواوەندەکانیان یان لەکاتی ئاھەنگ گێڕان بە بۆنەی سەرکەوتنە سەربازیەکانیانەوە. لە شارستانێتیە کۆنەکانی تریشدا لای یۆنانیەکان و ھیندیەکان و ڕۆمانیەکان و میسریەکانیش، بەھەمان شێوە دروستکردن و بەکارھێنانی خواردنەوە ئەلکھولیەکان بوونی ھەبووە. ھەروەھا مەی لای چەندین کۆمەڵگە و خێڵی سەرەتایی لە ئەفەریقیا و ئاسیا ناسراو بووە.
لەبەرئەوەی ئەلکھولەکان لەو مێژووە کۆنەوە کە ھەیەتی ھەتاکو ئێستا قەدەغە نەکراوە لەلایەن وڵاتانەوە (ئەگەرچی لە ئاییندا حەرام کراوە)، ھەربۆیە زۆرترین بەکاربەری ھەیە لە جیھاندا لەچاو ھەموو مادە ھۆشبەرەکانی تردا، لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆشدا پیشەسازی دروستکردنی خواردنەوە ئەلکھولیەکان پێگەی تایبەتی خۆی ھەیە لەناو کەرتی پیشەسازی زۆربەی وڵاتاندا.

٢- حەشیش (القنب):
کەنابیس (قەنەب) وشەیەکی لاتینیە مانای ژاوەژاو دەگەیەنێت، ھۆکاری ناونانی بەم ناوە لەوەوە ھاتووە کاتێک ئەم مادەیە دەگاتە ترۆپکی کارتێکردنی، کەسی بەکارھێنەر ژاوەژاو دروستدەکات. حەشیش لە مادە کاریگەرەکەی ڕووەکی کەنابیسەوە دروست دەکرێت. حەشیش لە زمانی عەرەبیدا واتای (گیا) یان (ڕووەکی وشکاوەکی) دەگەیەنێت، ھەندێک لە توێژەرەوان پێیان وایە ئەم وشەیە لە وشەی (شیش) ی عیبریەوە وەرگیراوە کە واتای (خۆشی) دەبەخشێت.
ئەم ڕووەکە مێژوویەکی کۆنی ھەیە و لای زۆر لە گەلان بەکارھاتووە. سەرەتا پەت و قوماشیان لە داو و ڕیشاڵەکانی ئەم ڕووەکە دروست کردووە، پاشان وەک مادەیەکی ھۆشبەر و لەبواری پزیشکیدا بەکارھێنراوە. .
دیرۆکی بەکارھێنانی ئەم مادەیە ‌لانیکەم دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە چوار ھەزار ساڵ. سەرەتا ھیندیەکان بەکاریان دەھێنا لە ڕێوڕەسم و سروتە ئایینیەکانیاندا، پاشان لە بواری پزیشکیدا بەکاریان ھێناوە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی جەستە و بێھۆشکردن، ھەروەھا بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و پەژارە.‌ ھیندیەکان حەشیشیان بە (کەمکەرەوەی پەژارە) ناوزەد کردووە. پیاوانی ئایینی لای ھیندیەکان پێیان وابووە کە حەشیش لەبەرئەوەی کاریگەری زۆری ھەیە کەواتە لای خواوەندەکانیانەوە ھاتووە، ھەربۆیە لە ڕێوڕەسم و سروتە ئایینیەکانیاندا بەکاریان ھێناوە، لە ئەفسانە کۆنەکانیشیاندا ھاتووە کە حەشیش خۆشەویسترین مادەیە لای خواوەند (ئەندرا). ھەتا ئێستاش ئەم ڕووەکە لە پەرستگاکانی ھیندۆس و سیخ لە ھیند و نیپال و پەرستگاکانی پەیڕەوی شیتا لە جەژنە پیرۆزەکانیاندا بەکاردەھێنرێت. ‌پاشان لە ھیندەوە گواستراوەتەوە بۆ چین، ئیمپراتۆری چینی (شینگ نانگ) لە ساڵی (٢٧٣٧) – پ. ز- لە پەڕتوکێکیدا بەناوی (دەرمانگا) باسی لە حەشیش کردووە و بە (شادی بەخش) ناوی بردووە. لە وڵاتی چینیشەوە گوستراوەتەوە بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین، لەسەدەی حەوتەمی (پ. ز) دا ئاشوریەکان لە ئاھەنگە ئایینەکانیاندا بەکاریان ھێناوە و بە ڕووەکی (کۆنۆبۆ) ناویان بردووە، ھەر لەم ناوبردنەی ئاشوریەکانەوە بووە کە زانای ڕووەکناس (لیناوس) لە ساڵی (١٧٥٣) زایینیدا ووشەی کەنابیس(Cannabis ) ی بۆ ئەم ڕووەکە بەکارھێنا. لە وڵاتە ئیسلامیەکانیشدا دەرکەوتن و بەکارھێنانی حەشیش دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یانزەھەمی زایینی، لەم ڕووەوە (ابن کپیر) دەڵێت: (الحسن بن الێباح) جۆرە خواردەمەنیەکی دەدایە دەستوپێوەند و کەسە نزیکەکانی کە مەزاژ و مێشکی دەشێواندن. ھەروەھا دەگوترێت کە کەسی ناوبراو حەشیشی وەک پاداشتێک بەکارھێناوە بۆ کەسە دەرکەوتووەکانی خێڵەکەی. بەکارھێنانی وشەی حەشیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم سەردەمە، ھەربۆیە ئەم خێڵە ناودەبران بە خێڵی حەشاشەکان. (مەقریزی) دەڵێت دەرکەوتنی حەشیش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی حەوتەمی کۆچی لەسەر دەستی (شێخ حەیدەر) دا کە بە حەشیشی ھەژاران ناویان بردووە. لە (بدائع الزھور فی وقائع الدھور) ی (ابن ایاس) دا ھاتووە کە لەساڵی (١٩٢٢) کۆچیدا بەھۆی دابەزینی ئاستی ئاو لە ڕووباری نیل، کشتوکاڵی ئەو ناوچەیە کەوتبووە مەترسییەوە، بەمھۆیەوە فەرمانڕەوای ئەو سەردەمە داوا لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەکات کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ واز لە حەشیش و مەی بھێنن بۆ ئەوەی خودا بەزەیی پێیاندا بێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ زۆر بڵاوبوونەوە و بەکارھێنانی حەشیش لەو سەردەمەدا لای میسریەکان. لەپاش ھێرشی ناپلیۆن بۆ سەر میسر، حەشیش لە میسرەوە گەیشتە ئەوروپا لەسەدەی نۆزدەھەمدا، لە ئەوروپاشەوە پەڕییەوە بۆ کیشوەری ئەمەریکا بە تایبەتی ئەمەریکای ناوەڕاست و جامایکا و مەکسیک. لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمیشدا بەھۆی ئەو کرێکارە مەکسیکیانەی کە بۆ کار کردن ڕوویان دەکردە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، حەشیش لەم وڵاتەدا ناسرا. شایانی ئاماژە بۆکردنە کە مادەی کاریگەر لەم ڕووەکەدا ئاوێتەیەکی کیمیاییە بەناوی (تتراھایدرۆکانبۆل) کە لەساڵی (١٩٧٠) دا لە تاقیگەدا ئامادەکرا.

٣- ئەفیون – opium – الخشخاش – تریاک: 
خەشخاش ئەو ڕووەکەیە کە ئەفیونی لێوەردەگیرێت. حەوت ھەزار ساڵ (پ. ز) لەلایەن دانیشتوانی ناوەڕاستی ئاسیاوە بۆ یەکەم جار ناسراوە، لەوێشەوە بە ناوچە جیاجیاکانی جیھاندا بڵاوبۆتەوە. میسریە کۆنەکان چوار ھەزار ساڵ (پ. ز) ئەم ڕووەکەیان ناسیوە و بۆ چارەسەرکردنی ئازار بەکاریان ھێناوە. سۆمەریەکانیش ئەم ڕووەکەیان بە (ڕووەکی بەختەوەری) ناوزەد کردووە و لە چەند تابلۆیەکی سۆمەریدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (٣٣٠٠) ساڵ (پ. ز) ئاماژە بە وەرزی دروێنەی ئەم ڕووەکە دراوە. ئەفیون لای بابلی و فارسەکانیش ناسراو بووە، ھیندی و چینیەکانیش بەکاریان ھێناوە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ یۆنان و ڕۆمان. عەرەب لە سەدەی ھەشتەمی زایینیدا ئەم ڕووەکەیان ناسیوە.
ھیندیەکان کە لەسەدەی شەشەمەوە ئەفیونیان ناسیوە ھەمیشە لە ئاڵووێرە بازرگانیە سنووردارەکانیاندا لەگەڵ چیندا ئەفیونیان بەکارھێناوە، ھەتاکو کۆمپانیای ھیندیی ڕۆژھەڵات لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا و لەسەرەتای سەدەی نۆزدەدا ئینگلیزەکان توانیان بازرگانی لەگەڵ چیندا بخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە، دەرئەنجام ئینگلیزەکان توانیان بازاڕەکانی چین نوقمی ئەفیون بکەن، ھەربۆیە وڵاتی چین کەوتە بەرھەڵستی ئەم ڕەفتارانەی ئینگلیزەکان، لەئاکامدا جەنگێک بەرپابوو لەنێوان چین و ئینگلیزدا (١٨٤٢-١٨٣٩) کە بەجەنگی ئەفیون ناسراوە و بە شکستی چینیەکان کۆتایی پێھات و ئیمزا کردنی پەیماننامەی (نانکین) ی لێکەوتەوە لەساڵی (١٨٤٣) دا، ئینگلیزەکان بەھۆیەوە توانیان دەست بەسەر ھۆنگ کۆنگدا بگرن، ھەروەھا میناکانی چینیش کرانەوە بەڕووی کاڵا ڕۆژئاواییەکاندا بە باجێکی کەم کە (٥٪) بەرزترین ئاستی باج بوو بۆ چینیەکان. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش توانی خۆی بخزێنێتە بازاڕەکانی چینەوە و کێبەرکێ لەگەڵ کۆمپانیای ھیندیی ڕۆژھەڵاتیدا بکات لەو جەنگەدا ھەربۆیە چین ڕێکەوتننامەیەکی تریشی ئیمزا کرد لەگەڵ ئەمەریکیەکاندا ھاوشێوەی (نانکین) لەساڵی ١٨٤٤ دا. لە ئاکامەکانی ئەم ڕێکەوتننامانە بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەفیون بوو لە چیندا، بۆ نموونە لەساڵی (١٩٠٦) دا ژمارەی ئالوودەبووانی ئەفیون گەیشتە پانزە ملیۆن کەس، لەساڵی (١٩٢٠) دا ڕێژەی ئالوودەبووان بە (٢٥٪) ی ڕەگەزی نێر لە شارەکانی چیندا خەمڵێنراوە. بەم شێوەیە چین لەدەست ئەم مادە ھۆشبەرە دەیناڵاند ھەتاکو حکومەتی ماوتسی تۆنگ لەساڵی (١٩٥٠) دا بەرنامەیەکی تۆکمە و کاریگەری دانا بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم گرفتە گەورەیە و لەم بوارەشدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست ھێنا.
شایانی ئاماژە بۆکردنە کە ئەفیون یەکەم مادەی ھۆشبەرە کە خراوەتە ژێر چاودێری نێو دەوڵەتیەوە بەپێی پەیماننامەیەک کە بە پەیماننامەی ئەفیون ناسراوە، لە بەرواری١٩١٢ /١/١٣ لە شاری لاھای مۆرکراوە بەڵام لە بەرواری ١٩٢٠/١/١٠ کەوتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، پێدەچێت ھۆکاری دواخستنی کارکردن بەم پەیماننامەیە جەنگی جیھانی یەکەم بوو بێت، چونکە لەم جەنگەدا ئەفیون بۆ کەمکردنەوەی ئازار بەکار ھێنراوە.

٤- مۆرفین :
ئەم مادەیە لە ئەفیونەوە وەرگیراوە و لەتاقیگەدا بە ئاوێتەکردن لەگەڵ مادەی کیمیایی تردا بەرھەم ھاتووە، زانای ئەڵمانی (سیر تبرز) لەساڵی (١٨٠٦) دا توانی ئەم مادەیە لە ئەفیون جیا بکاتەوە و ناوی لێنا مۆرفین بە گەڕانەوە بۆ ناوی مۆرفیوس کە خواوەندی خەون بووە لای گریکەکان. لەسەرەتای بەرھەمھێنانیەوە مۆرفین لە بواری پزیشکیدا بەکارھاتووە لە نەشتەرگەریەکاندا، بەتایبەتی لە شەڕی ناوخۆی ئەمەریکادا لەساڵی (١٨٦١) دا ‌ لە بواری نەشتەرگەریدا زۆر بەکارھێنراوە. لەگەڵ داھاتنی دەرزی پزیشکیشدا مۆرفین لە ڕێگای دەرزی لەخۆدانەوە بەکارھێنراوە.

٥- ھیرۆیین:
ئەم مادە ھۆشبەرە لە مۆرفینەوە وەرگیراوە و بە ئاوێتە کردنی لەگەڵ مادەی کیمیایی تردا بەرھەم ھێنراوە، بۆ یەکەم جار لە ئەڵمانیا لەلایەن کۆمپانیاکانی بایەر بۆبەرھەمھێنانی دەرمان لەساڵی ١٨٧٤دا بەرھەمھاتووە، سەرەتا لەبواری پزیشکیدا بەکارھێنراوە بەڵام لەپاش بڵاوبوونەوەی دەرکەوتووە کە مادەیەکی مەترسیدارە لەسەر تەندروستی مرۆڤ و بەکارھێنەرانی بەزوویی توشی ئالوودەبوون دەبن، ھەربۆیە لەساڵی (١٩٢٢) دا قەدەغەکرا و خرایە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیەوە. لەگەڵ ئەمەشدا لە ھەندێک شوێنی جیھان لەشوێنی مۆڵەت پێنەدراو و نەگونجاو بەرھەم دەھێنرێت و ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت. یەکەم وڵات گرفتی ھیرۆیین بەکارھێنانی تیا دەرکەوت ئەمەریکا بوو، پاشان میسر لەماوەی نێوان ھەردوو جەنگی جیھانی یەکەم و دووەمدا، پاشان چین بووە مەڵبەندێک بۆ بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی.

٦- کۆکایین :
ڕووەکی کۆکا ئەو ڕووەکەیە کە مادەی کۆکایینی لێوەردەگیرێت، ئەم ڕووەکە لە ئەمەریکای خواروو پێش زیاتر لە (٢٠٠٠) ساڵ ناسراوە، ‌ ھیندیە سورەکان گەڵای کۆکایینیان لە سرووتە ئایینیەکانیاندا دەجوو. لەساڵی (١٨٦٠) دا زانا (ئەلفرید نیمان) توانی ئەو مادە کاریگەرەی لەم ڕووەکەدا ھەیە جیا بکاتەوەو بەئاوێتە کردن لەگەڵ مادەی کیمیایی تردا ئەو مادەیە بەرھەم بھێنێت کە پێی دەگوترێت کۆکایین. ھەر لەو دەمەوە لەسەر ئاستی جیھانی ئەم مادەیە بڵاوبوەوە و لە پیشەسازی دەرمان دروست کردندا بەکار دەھێنرا. لەکۆتایی سەدەی نۆزدەھەمدا کۆکایین بۆ مەبەستی بێھۆشکردن لە نەشتەرگەریەکاندا بەکارھاتووە، ھەروەھا لە چارەسەری نەخۆشیەکانی چاو و گەدەدا بەکارھاتووە، وێڕای ئەمانەش وەک مادەیەکی وزەبەخش بەکارھاتووە ھەر بۆیە لە دروستکردنی چەند خواردنەوەیەکدا بەکارھاتووە وەک (کۆکا کۆلا)، بەڵام پاشتر و لەساڵی (١٩٠٣) دا بەکارھێنانی کۆکایین لە بەرھەمھێنانی خواردنەوەی (کۆکا کۆلا) دا دوور خرایەوە. سەردەمانێک کۆمپانیاکانی پیشەسازی دەرمان بەتوندی پڕوپاگەندەیان دەکرد بۆ کۆکایین و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کاریگەری کۆکایین لە کاریگەری قاوە و چا زیاتر نیە، لە بەناوبانگترین ئەو پزیشکانەی بانگەشەیان بۆ ئەم مادەیە دەکرد پزیشکی دەرمانسازی فەڕەنسی (ئەنگیلۆ ماریان) بوو، ھەربۆیە لەو دەمانەدا کۆپانیاکان لە زیاتر لە پانزە بەرھەمدا ئەم مادەیەیان بەکارھێناوە. بەڵام لە پاشاندا بۆیان دەرکەوت کە کۆکایین مادەکی مەترسیدارە و بەکارھێنەرانیشی تووشی ئالوودەبوون دەکات، بەمھۆیەوە لەساڵی (١٩١٢) دا قەدەغەکراو خرایە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیەوە. شایانی ئاماژە بۆکردنە بازاڕەکانی ئەمەریکا گەرمترین بازاڕی ئەم مادەیەیە لە جیھاندا ھەتا ئێستاش.

٧- ئەمفیتامینەکان – Amphetamine – (وزەبەخشەکان):
ئەم مادانە لەخانەی مادە وزەبەخشەکانن و گەلێک جۆریان ھەیە کە بەناوبانگرینیان (بەنزدرین، دیکسدرین، میپدرین)‌، ھەروەھا (ریتالین) کە لەلیستی ئەمیتامینەکاندا نییە، بەڵام ھەمان خەسڵەت و کاریگەری ئەوانی ھەیە. ئەمفیتامین بۆ یەکەم جار لەساڵی (١٨٨٧) دا بەرھەم ھێنرا بەڵام لەساڵی (١٩٣٠) ەوە لەبواری پزیشکیدا بەکارھێنراوە. ئەم مادانە وەک دەرمانێک بەکارھێنانێکی سنوورداری بەخۆیەوە بینیوە لەوانە: بەرھەڵستیکردنی خەواڵوویی یان لەچارەسەرکردنی خەولێکەوتنی کتوپڕدا، بۆ زاڵبوون بەسەر دیاردەی بزێوی و فرەجوڵەیی لای منداڵان و نەوجەوانان. بەو پێودانگەی ئەم مادانە چوستوچالاکی دەبەخشنە فەرمانەکانی ناوەندە کۆئەندامی دەمار (مێشک) ھەربۆیە بەزوویی تەشەنەی کردووە و بەکارھێنانی فراوانی بەخۆوە بینیوە بەتایبەتی بۆ مەبەستی شەونخوونی کردن و بەرھەڵستیکردنی خەو و بەرھەڵستی کردنی ماندوێتی و کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن و دابەزاندنی کێش. بۆ نموونە لە بواری وەرزشدا ھەندێک لە وەرزشەوانەکان بەکاریان ھێناوە و یاخود ئەو شۆفێرانەی لە نێوان وڵاتاندا کار دەکەن و ماوەی درێژ دەبڕن. بەڵام دەرکەوتووە کە بەکار‌ھێنانی خراپی ئەم مادانە گرفتی تەندروستی گەورە بۆ بەکارھێنەرانی دروستدەکات، لەسەروو ھەموویانەوە گرفتی ئالوودەبوون. لە جەنگی جیھانی دووەمدا زۆر لە سەربازان و فڕۆکەوانەکان ئەم مادانەیان بەکارھێاوە بەڵام دوای تەواوبوونی جەنگیش نەیانتوانیوە دەست بەرداری بن و بەردەوام بوون لەبەکارھێنانیاندا. لە ناوەڕاستی سەدەی پێشوودا ئەمفیتامینەکان لە وڵاتی یابان بڵاوبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی لەنێو لاواندا، بۆ نموونە ژمارەی بەکارھێنەرانی لەساڵی (١٩٥٤) دا بە ملیۆن و نیوێک لاو خەمڵێنراوە، بەم ھۆیەوە حکومەتی یابان ھەموو تواناکانی بەگەڕخست بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم گرفتەدا ھەتا توانی لەساڵی (١٩٦٠) دا تا ئاستێکی بەرز زاڵ ببێت بەسەر ئەم کێشە گەورەیەدا.

٨- قات:
قات ڕووەکێکە کە تایبەتە بە کیشوەری ئەفەریقیا، سەرەتا لەلایەن حەبەشیەکانەوە بەکارھاتووە، لە حەبەشەوە بڵاوبۆتەوە بە وڵاتانی ناوچەکەدا، لە سۆماڵ و یەمەن و ئەپیوبیا و کینیا و سودان و چەند وڵاتێکی تری ئەو کیشوەرە بەکارھێنانی بەربڵاوی بەخۆوە بینیوە، لەساڵی (٥٢٥) ی زایینیدا ئەم ڕووەکە گەیشتۆتە یەمەن. جووینی گەڵای قات بەدەم کێشانی جگەرە و نێرگەلەوە بۆتە بەشێک لە دابونەریتەکانی ئەو ناوچانە بەتایبەتی لە سۆماڵ و ‌یەمەن، کە لەکاتی شادی و پرسە و بەسەربردنی کاتی بەتاڵی بەشێوەی کۆمەڵ دادەنیشن و ئەم ڕووەکە بەکاردەھێنن. یەکەم لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر ئەم ڕووەکە لەسەر دەستی زانای سویدی (فورسکال) دا بوو. ئەگەرچی ڕووەکی قات نەخراوەتە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیەوە، بەڵام دوو ڕەگەزی کاریگەری ئەم ڕووەکە (قاتین و قانتینون) بەپێی پەیماننامەی کارتێکەرە عەقڵیەکان لەساڵی (١٩٧١) دا خرایە ژێر چاودێری نێو دەوڵەتیەوە.

وەرگیراوە لە ماڵپەرەی دەرونناسی.کۆم
2179 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
1