پیتی  پ
چی دەربارەی پەستانی خوێن دەزانیت؟
چی دەربارەی پەستانی خوێن دەزانیت؟

‌ئاماژە بەو پەستانە دەکات کە بە ئامێری تایبەت 
لە ڕێی خوێنبەرە گەورەکانەوە لە بەشی سەرەوەی قۆڵ یان مەچەکی دەستدا دەپێورێت. 
‌دواجار دوو جۆر پەستانی سەرەوە(systolic) و خوارەوە (diastolic) کە پەیوەستن بە سکۆڵە ی چەپی دڵەوە دەپێورێن.
‌شایەنی باسە پەستانی سەرەوە ئەو پەستانەیە کە لە ئەنجامی گرژبونەوەی سکۆڵەی چەپ بۆ دەرپەڕاندنی خوێنی ناوی بۆ نێو شادەماری خوێنبەری(Aorta) و دواتر بۆ ھەموو جەستە دروست دەبێت. 
‌دیارە بەتاڵ بونەوەی سکۆڵەی چەپ لە خوێن ھێوربونەوە و نیمچە کشانێکی بەمەبەستی سەرلە نوێ پێشوازی کردنی خوێنی پڕ ئۆکسجینی لە سییەکانەوە ھاتوو بە دوادا دێت ، بەم جۆرە پەستانی نێو سکۆڵەکەو خوێنبەرە گەورەکان(Artery) بۆ ساتێکی کەم دادەبەزێ و پەستانی خوارەوە دروست دەبێت.
‌ھەرچەندە پەستانی خوێن لەژێرکاریگەری چالاکییەکانی ڕۆژانەو باری 
‌دەروونی و فاکتەرە ژینگەیی و جەستەییەکان دا ھەمیشە لە گۆڕان و خۆگونجاندن دایە، لەگەڵ ئەوەشدا ھاوڕاییەک لە نێو پسپۆڕاندا ھەیە 
‌لە سەر دیاری کردنی ڕێژەیەکی مامناوەندی نمونەیی پەستانی خوێن لە کەسێکی ‌تەمەن مامناوەندی تەندروست دا کە بریتییە لە ١٢٠/٨٠ mmHg.
‌بەپێی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی WHO مانەوەی پەستانی خوێن لەسەرو ١٤٠/٩٠ بە پەستانی بەرزوو لەژێر ١٠٥/٦٠ بە پەستانی نزم دادە نرێت.
‌شایەنی باسە پەستانی نزم سەرەڕای ھەندێک دیاردەی وەک گێژبوون بە تایبەتی لەکاتی لە دانیشتن یان پاڵکەوتنەوە بۆ ھەستان زۆر جار
‌لە کاتی بەیانیاندا، ھەمیشە ھەست کردن بە ھیلاکی و زوو ماندوبون، خێرالێدانی دڵ، زیادبونی پێویستی بە خەو، خەمۆکی وھەندێک جار لەھۆش خۆچون ،، بە گشتی وەک نەخۆشی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێ و وەک پەستانی بەرز مەترسیدار نییە، ھەرچەندە ھەندێک جار دەشێت پەیوەندی بە لاوازی تەنیشتە گورچیلەکان، لاوازی ماسولکەی دڵ یان نزم کارکردنی غوددەوە ھەبێت.
‌چالاککردنی سوڕی خوێن لە ڕێی وەرزش ودوشکردن بە ئاوی گەرم و سارد(کۆتاییەکەی بەئاوی سارد) ، خواردنەوەی ئاو بە ڕێژەی پێویست
‌٤-‌٣ لیتر بەپێی کەش و شێوازی ژیانی ڕۆژانە و
‌خۆ بەدوورگرتن لە خواردنەوەی مادە کحولییەکان کە دەبێتە ھۆی زیاتر لەدەست دانی ئاو لەڕێی میزەوەو دواجار زیاتر دابەزینی پەستانی خوێن ،،ھەندێک لەو ڕێنماییانەن کە توشبووان بە پەستانی نزمی خوێن پێویستە پەیڕەوی بکەن.
‌پێچەوانەی پەستانی نزم پەستانی بەرز نەخۆشییەکی مەترسیدارە و توشبووان دووچاری چەندەھا نەخۆشی وەک جەڵدەی دڵ و مێشک، برینداربونی دیواری بۆرییە خوێنەکان، زەرەرمەندبونی چاو و گورچیلە، ....ھتد دەکات.
‌بە گشتی لە چوارچێوەی پشکنینی پزیشکی دا بە مەبە ستی دڵنیابون وخۆپاراستن لە نەخۆشییەکان پێویستە تەنانەت بونی کەمترین لادان لە ڕێژەی ١٤٠/٩٠ 
‌بە ھەند وەربگیرێ و لەپاڵ بەدواداچون وتوێژینەوە ی پزیشکی دا ھەستی پێویستی بە خۆدا چونەوە لە شێوازی خواردن و ژیانی ڕۆژانە لای نەخۆش دروست بکات. لەوڕوانگەیەوە پسپۆڕانی ئەو بوارە پێیان وایە بە ڕێژەی لە ٧٨% دەتوانرێت لەڕێی شێوازی ژیانی ڕۆژانەی تەندروستەوە ڕێگری لە توشبون بە پەستانی خوێنی بەرز بگیرێت.
‌دیارە ھاوشێوەی نەخۆشییەکانی دی پەستانی خوێنی بەرزیش بەھەندێک ئاماژەو نیشانەی تایبەتی کاریگەری لەسەر جەستەمان دروست دەکات کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
‌سەرئێشە بە تایبەتی بەیانیان و شەوان، گێژبون، خوێن لە لوت بەربون،ھاژەی گوێ، ھەناسە کورتی و توندی،خێرا لێدانی دڵ، دروست بونی ئازارو پەستان لە دەوروبەری دڵدا، ئارەق کردنەوەی زۆر، تێکچونی توانای بینین، زیادە ڕۆیی لەھەڵەشەیی و ھەڵچوندا...ھتد
‌شایەنی باسە فاکتەری ژینگەو شێوازی گوزەرانی ڕۆژانەی زۆرینەی ھاوڵاتیانی وڵاتانی جیھان بە تایبەتی لە وڵاتە پیشەسازی و گەشەسەندووەکانداجۆرێ لە زەمینەی توشبون بە پەستانی خوێنی بەرزی ڕەخساندووە کە گرنگترینیان کەمی جوڵە، کێش زۆری و زۆرخۆری ، جگەرەکێشان ، دڵەڕاوکێی زۆر( stress-قلق)، خواردنەوەی زۆری مادە کحولییەکان و پیس بون و نائارامی ژینگە. 
‌لە پال ئەو ھۆکارانەدا بەد خۆراکی،کەمی مادەی
‌ (folic acid)لە جەستەدا، ھەندێک نەخۆشی گورچیلە، بەکارھێنانی زۆری دەرمانە دژە ھەوکردنەکان ودژە منداڵ بون..ھتد ھەندێک ھۆکاری دیکەن کە ئەگەری توشبون بە پەستانی خوێنی بەرز زیاد دەکەن.
‌بەوپێیەی پەستانی خوێنی بەرز لە ئەگەری توشبون بە نەخۆشییەکانی دڵ و سوڕی خوێن و جەڵدەی مێشک نزیکمان دەکاتەوە، لە جێی خۆیدایە
‌ھەموو ھەوڵ و توانامان بەمەبەستی دورکەوتنەوەو خۆپاراستن لەو نەخۆشییە یان ڕێگری لە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی لە کاتی توشبوندا لەڕێی پابەندبون بەم چەند ڕێنماییانەی خوارەوە بخەینە گەڕ:

‌١.ڕێگرتن لە کێش زۆری ٢. کەمی بەکارھێنانی خوێ، بەکارھێنانی سەرو چوار گرام لەڕۆژێکدا پەستانی خوێن بەرزدەکاتەوە
‌٣.خواردنی تەندروست و پڕ لە ڤیتامین و مادە مینێراڵییەکان.
‌٤. ھەندێک مادەی وەک Folic Acid, magnesium, Coenzym Q١٠, Omega ٣ 
‌دژی پەستانی خوێنی بەرز زۆر بەسودن .
‌٥. وەرزشی گونجاوو ھەمیشەیی
٦.خۆبەدورگرتن لە خواردنی چەوری بە گشتی و چەوری ئاژەڵی بەتایبەتی کەدەبێتە ھۆی ڕەقبون و دروست بونی کلس لە نێو بۆری خوێنەکاندا و دواجار پەستانی خوێنی پێ بەرزدەبێتەوە 
‌٧. مامەڵەی ھێمنانەو ژیرانە لەگەڵ سەرچاوەکانی دڵەڕاوکێ( stress)دا
‌٨. خۆبەدورگرتن لە جگەرەکێشان و مادە کحولییەکان
2882 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/07/2015
زیاتر...
1