پیتی  ج
جگەر (HEPAR) و ئەرکەکانی
جگەر (HEPAR) و ئەرکەکانی
ئا/ زانا ئەحمد قادر

جگەر دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ڕاستی سکەوە لە ژێر ناوپەنچک و سی ڕاست دا.
‌بەپێی قەبارەی گەورەو کێشی زۆری کە نزیکەی کیلۆونیوێک تادوو کیلۆ دەبێت، پانتاییەکی فراوانی لە بەشی ڕاستەوە بەرەو چەپی سک تا نزیک گەدە داگیرکردووە.
‌لەپاڵ چەندەھا ئەرکی گرنگدا پاکردنەوەی خوێن و جەستە بەگشتی لە ژەھراوی بون بە دەرمان، ئەلکحول، مادە کیمییاییەکان...ھتد بە ئەرکی سەرەکی ئەو ئەندامەی جەستە ھەژمارد دەکرێت.
‌ئەگەرچی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکانی کۆمەڵگەکەماندا ھاتونەتە کایەوە بارگرانییەکی زیاتریان بۆ جگەر دروست کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا جگەر ئەو ئەندامەیە کە سەرەڕای ئەو توانایەی بۆ پاککردنەوەی جەستە لەژەھراوی بون ھەیەتی توانایەکی زۆری سەرلەنوێ ‌خۆدروستکردنەوەو خۆ نوێکردنەوەی خودی خۆیشی ھەیە.
‌ ھەربۆیە دەوترێ کە جگەر تەنانەت بە لەناوچونی ڕێژەی٥٠% لەخانەکانی توانای بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانی و دووبارە خۆدروستکردنەوەی ھەیە، بەمەرجێک ئەو فاکتەرانەی کێشەکان سەرچاوەیان لێوەگرتووە چیتر لە ئارادا نەمێنن.
‌دیارە ئەو فاکتەرانەش ھەمەلایەنن وە زۆر جۆر توانای پێشتر ئاماژەپێکراو لە جگەردا سنوردار دەکەن. 
‌ئەلکحول، ڤایرۆسی جگەر ( hepatitis a,b,c,d) ، ژەھراوی بون بەھۆی ژینگەوە، حەب و دەرمان، خۆراک و شێوازی ژیانی ڕۆژانە، کێش زۆری...ھتد ھەندێک لەو فاکتەرانەن.
‌دروست بونی گرژی لەلەشدا، ھەست کردن بەھەمیشە ماندویی و لاوازی، ھەمیشە ھەست کردن بە پڕبون و تێری، لەدەستدانی خواستی خواردن، تێکچونی ھەرس، دروست بونی چەوری جگەر...ھتد لەنیشانەکانی نەخۆشی و لاوازبون و سنورداربونی تواناکانی جگەرن. 
‌دروست بونی چەوری لەسەر یان لەناو جگەردا ئەو دیاردەیەیە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر بەربڵاوەو ئەم جۆرە نیشانانەی لێدەکەوێتەوە: لەڕاستیدا زۆر جار چەوری لەسەر جگەر دروست دەبێت و مرۆڤ ھەستی پێ ناکات، بەڵام کاتێک ئەو ئەندامە بەھۆی چەورییەوە ھەڵدەئاوسێت وکێشی زیاد دەکات لەو جۆرە نیشانانەی وەک ماندویی، دروست بونی غازو با لە سکدا، دڵ تێکەڵھاتن، دروست بونی ئازارو پەستان لە دەوری جگەردا، کەمبونەوەی خواستی خواردن..ھتد بەدی دەکرێن.
زۆر خواردنی ئەلکحول، کێش زۆری، نەخۆشی شەکرە، پەستانی بەرز، زۆر خواردنی شیرینی، ھەندێک جۆر دەرمانی وەک paracetamol, ibuprofen, diclofenac, antirheumatika, دەرمانی دژە منداڵ بون...لەگەڵ ھەموو ئەو جۆرە دەرمانانەی دژی ئازارو ھەوکردن بەکاردێن لەو ھۆکارانەن کە کێشەو نەخۆشی لە جگەردا دروست دەکەن.
‌شایەنی باسە پزیشکی پسپۆڕ دەتوانێت لەڕێی سۆنەرو MRI 
‌بونی چەوری جگەر دەستنیشان بکات.
بەگشتی پابەند بون بەم ڕێنماییانەی خوارەوە لە دروست بونی چەوری و زۆر کێشەو نەخۆشی دیکەی جگەر دەمانپارێزێت: 
‌١. پابەند بون بە کوتانی دژە hepatitis A بەتایبەتی بۆ منداڵان و ئەو کەسانەی زۆر سەفەری وڵاتان دەکەن و زۆر خواردنی دەرەوە دەخۆن.
‌٢. کوتان دژی hepatitis B زۆر بەسودە بۆ ھەمووان بەتایبەتی ئەو کەسانەی لە کەرتی تەندروستیدا کاردەکەن.
‌٣.خۆپاراستن لە نەخۆشی شەکرەو پەستانی خوێنی بەرزو کێش زۆری.
‌٤. دوورکەوتنەوە لە ئەلکحول و زۆر بەکارھێنانی دەرمان بەگشتی.
‌٥.جوڵە و وەرزشی ڕۆژانە بۆ ھەموو جەستەو جگەریش بەسودە
‌٦.دورکەوتنەوە لە زۆر خواردنی شەکر، نانی سپی،خواردنەوەی شیرین، چەوری...ھتد، لەبری ئەوە وەرگرتنی ڤیتامینەکان لەڕێی خواردنی سەوزەو میوەوە.
‌٧. بەپێی دەستەبەر بوون بەکارھێنانی ھەندێک جۆر دەرمانی تایبەتی بۆ پاککرنەوەو لابردنی ژەھراوی بونی جگەر.
‌٨. ژیان لە ژینگەیەکی پاک و خاوێن و دوور لە مادە ژەھراوییەکاندا، جۆرێکە لە خۆپاراستن کە پێویستە لەلایەن حکومەتەوە بواری بەرجەستەبونی بۆ بڕەخسێنرێت.
2835 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/07/2015
زیاتر...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1