پیتی  گ
گەدە Ventriculus
گەدە Ventriculus
ئا/ زانا ئەحمد قادر

دەکەوێتە لای چەپی بەشی سەرەوەی سکەوە، قەبارەکەی لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەو بەپێی بڕی خۆراک لەگەدەدا دەگۆڕێت، نزیکەی ٢٠-٣٠ سم درێژەو توانای لەخۆگرتنی بڕی نزیکەی ١،٦ لیتر خۆراکی ھەیە٠
دەروازەی سەرەکی گەدە (کاردیا) لەئاستی بڕبڕەی ١٠ی سنگدایەو بەخاڵی بەیەکگەیشتنی لەگەڵ ریخۆڵە دوانزەگرێدا (پیلۆروس) لەئاستی بڕبڕەی ٢-١ بڕبڕەکانی خوارەوەدا کۆتایی دێت، کاری سەرەکی گەدە بریتیە لەشیکردنەوەو پەرتکردنی خۆراک، پاشان پێدانی بەڕیخۆڵە کاتی مانەوەی خۆراک لەگەدەدا پەیوەستە بەچەند فاکتەرێکەی وەک پێکھاتەی خۆراکی ناو گەدە لەڕوی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە، ھەرسکردن‌و پەرتکردنی خۆراکی زۆرو پڕچەوری لەگەدەدا کاتی زیاتری پێویستە٠
لەپاش گەیشتنی خۆراک بۆ ناو گەدە لەژێر کاریگەری ھۆرمۆن‌و ترشەڵۆکی ناو گەدەدا پڕۆسەی ھەرسکردن دەستپێدەکات٠ دروستکردن‌و رژاندنی ئەو ترشەڵۆکە بۆ ناو گەدە ھاوکات لەگەڵ گەیشتنی ژەمێک خۆراک بەگەدە بەڕێژەیەکی بەرچاو لە ١٠ میلی لیترەوە بۆ نزیکەی ١٠٠٠ میلی لیتر لەکاژمێرێکدا بەرزدەبێتەوە٠
بەگشتی گەدە لەڕۆژێکدا بەپێی پێویست نزیکەی ٢ لیتر لەو ترشەڵۆکە دروستدەکات کەھۆکارێکە بۆ پاککردنەوەی خۆراکی ناو گەدە لەمیکرۆب، ھەروەھا شیتەڵکردن‌و پەرتکردنی خۆراک بۆ سێ پێکھاتەی سەرەکی کابۆھێدرات‌و چەوری‌و پڕۆتین٠
بەوپێیەی پێداویستی گەدە بەدروستکردنی ئەو ترشەڵۆکە سنوردارەو بەجۆرو بڕی خۆراکی ناو گەدەوە پەیوەستە، ھەر زیادەڕۆیەکی درێژخایەن لەدروستکردنی ئەو ترشەڵۆکەدا چەند کێشەیەکی وەک برینداربونی چینی روپۆش‌و دیواری ناوەوەی گەدە، دروستبونی ئازارو سوتانەوەی گەدە، سەرکەوتنی بەشێک لەخۆراک‌و ترشەڵۆکی گەدە بۆ ناو سورێنچک دروستبونی برین‌و (قورحە)ی گەدە، ھەوکردنی گەدە، تەنانەت ھەوکردنی سورێنچک و ریخۆڵەباریکەشی لێدەکەوێتەوە٠
لەپاڵ نەخۆشی‌و گرفتەکانی دیکەی گەدەدا ھەوکردنی گەدە یەکێکە لەبەربڵاوترین کێشەکانی گەدە کە لەم چەند ھۆکارەی خوارەوە سەرچاوە دەگرێ: 

ھەوکردن بەبەکتریاو ڤایرۆس‌و...ھتد، خۆراکی ناخاوێن‌و ژەھراوی، زۆر بەکارھێنانی قاوەو نیکۆتین‌و ئەلکحول‌و خۆراکی توندوتیژ، خەمۆکی‌و دڵەڕاوکێی درێژخایەن، بەکارھێنانی زۆری دەرمانی ئازارشکێنی وەک پڕۆفین‌و دیکلۆفیناک‌و کۆرتیزۆن‌و..ھتد، ھەوکردن بەھۆی چارەسەری کیمیایی نەخۆشی شێرپەنجەوە ...ھتد
ئازاری سک‌و نزیک گەدە، بۆنی نائاسایی قوڕگ‌و دەم، دڵ تێکەڵھاتن‌و رشانەوە، سوتانەوەی سورێنچک‌و گەدە سەرکەوتنی ترشەڵۆکی ناو گەدە بۆ ناو سورێنچک‌و قوڕگ، ھەستکردنی بەردەوام بەماندویی، نزگرەی زۆر ھەندێک لەنیشانەکانی ھەوکردنی گەدەن٠
ھەندێکجار ھەوکردنی گەدە بەبەکتریای جۆری (Helikobakterpylori) دەبێتەھۆی برینداربونی دیوارو توێژاڵی ناو گەدە کەتەنھا بەچەند جۆرێک لەدەرمانی دژەھەوکردن ساڕێژ دەبێت.
ئەرکەکانی گەدە
١. لەناوبردنی بەشێکی زۆر لەمیکرۆب‌و بەکتریای نێو خۆراک لەلایەن ترشەڵۆکی ناو گەدەوە
٢. پەرتکردن و شیکردنەوەی خۆراک، پاشان پێدانی لەشێوەی گەردیلەی بچوکتردا بەڕیخۆڵەباریکە.
٣ رێگەخۆشکردن بۆ وەرگرتنەوەی ڤیتامین B١٢ لەناو ریخۆڵەدا لەڕێی میکانیزمی Intrinsic Faktor، تێکچون لەبەڕێوەچونی ئەو میکانیزمەدا دەبێتەھۆی کەمخوێنی٠
چەند رێنماییک بۆ تەندروست راگرتنی گەدە
١. خۆپاراستن لەزۆر بەکارھێنانی دەرمانی ئازارشکێن و جگەرەو ئەلکحول‌و مادەھۆشبەرەکان
٢. کەمکردنەوەی پەستانی دەرونی‌و رەخساندنی بواری پشودان‌و ئارامبونەوەی جەستەو دەرون.
٣. پابەندبون بەسێ ژەمی سەرەکی خۆراک‌و خۆپاراستن لەزۆر خۆری و بەدخۆری.
٤. ئەو کەسانەی گەدەیان نەخۆشە یان ھەستیارە پێویستە خۆیان بپارێزن لەخۆراک‌و خواردنەوەی تون‌و چەورو شیرینی و سوێری، زۆرگەرم یان زۆر سارد، لەگەڵ ھەموو ئەوجۆرە خۆراکانەی وەک پیازو فاسۆلیاو نۆک‌و..ھتد کە دەبنەھۆی باداری‌و نائارامی گەدە٠
٥. ھاوشێوەی ھەموو ئەندام‌و بەشەکانی دیکەی جەستە گەدەش زۆر سودمەند دەبێت لەوەرزش‌و جوڵەی بەردەوام.
٦. بەوپێیەی ھەرسکردنی خۆراک لەگەرودا لەڕێی رژاندنی لیک بەسەر خۆراکدا لەکاتی جویندا رودەدات، باشتروایە لەکەشێکی ئارام و دور لەپەلەکردن نانخواردن بکەین بەنەریتێک بۆ ھێوربونەوەو چەند ساتێک بۆ چێژبینین بەڕەچاوکردنی سەرەتا جوینی خۆراک لەگەرودا.

2721 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/07/2015
زیاتر...
1