پیتی  هـ
وەرزی سەرما-هەڵامەت-کۆکە
لە نوسینی/ د. سۆران محمد غریب

چۆن خۆت لە نەخۆشییەکانی وەرزی سەرما دەپارێزیت

کۆکە و ھەڵامەت لە نەخۆشییە زۆر باوەکانی وەرزی پایز و زستانن، توشبوون بەم نەخۆشیانەش لەرڕێێ چەندین جۆری ڤایرۆسەوە دەبن، گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسەش بۆ کەسێکی ساغ لەڕێی ھەڵمژینی ئەو دڵۆپە ھەوایانەوە دەبێت کە پیس بوون بە ڤایرۆسەکە بەھۆی پژمین یان کۆکینی کەسێکی توشبووەوە، وە یان لە ڕێگەی دەست لیدانی شوێنیکی پیسبوو بە ڤایرۆسەکە.
-
نیشانەکانی سەرما و ھەڵامەت:
نیشانە باوەکانی ئەم نەخۆشیانە، ڕانەگرتن یان داخرانی راڕەوی لووت، قوڕگ ئێشە، پژمین و کۆکین، ھەروەھا سەر ئێشەو بوونی تایەکی مامناوەندە، بەڵام لەباری گران بوونی نەخۆشییەکەدا بەگشتی تاکە زیاد دەبێت، ھەروەھا ھەستکردن بە سەرمایەکی زۆر و بەدوایدا ئارەق کردنەوە، ھەروەھا بوونی ئازار و ھەستکردن بە ماندووی.

-
بۆچی توشی سەرما و ھەڵامەت دەبین؟
سەرماو ھەڵامەت کاریگەری چەندین جۆری ڤایرۆسن لەسەر لەشمان، کە بە شێوەیەکی ئاسایی لەناو ھەوادا بڵاون و کاتێک لەشمان دەبێتە ژینگەیەکی لەبار بۆیان، چالاک دەبن، وەیان کاتێک کەسێکی توشبوو بە ڤایرۆسەکە لەڕیگەی پژمین یان کۆکینەوە ڤایرۆسەکە دەکاتە ھەواوە و ئێمەش لە ڕێی ھەناسەدان یان دەسلیدانی شوێنێکەوە کە ڤارۆسەکەی پێوەیە دەبینە ھەڵگری نەخۆشییەکە.
زۆرترین کاریگەری تووشبوون بە نەخۆشیەکەش لە کاتێکدایە کە کۆئەندامی بەرگری لەشمان لاواز دەبێت بەھۆی ماندووی، بوونی پەستان،کەمی خۆراک و ناچالاکی کاری ھەرسکردن ھەروەھا وەرزش نەکردن و جگەرە خواردن.
بەپێێ لێکۆڵینەوەی یەکێک لە زانکۆکانی وڵاتی چین، کاریگەری توشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکات لە باری قەبزبوون و باش کارنەکردنی کۆئەندامی ھەرس.
ئەگەر توشبوویت چۆن چارەسەری دەکەیت
ساڵانە بە بیلیۆنەھا دۆلار سەرف دەکرێت لە پێناو ڕێگرتن لە توشبوون بە نەخۆشی سەرما و ھەڵامەت.
گەر تۆ دەتەوێ ئەزمونی شتێکی جیاوز بکەیت، ئەمانەی خوارەوە چەن چارەسەرێکی ئاسایین، تاقیان بەکەرەوە، ئەنجامەکەی دەبینیت.
١- بڕێکی باش لە تەڕەپیاز یان سیر: ئەم ڕوەکانە تایبەت مەندێتیەکی بەھێزی شەڕکردنیان دژی نەخۆشی سەرما ھەیە، دەتوانی ئەو شوربا ڕوەکییە نوێیانە بخۆیت کە تەڕەپیاز یان سیریان تێدایە، ڕەنگە وات لێبکات ئارەق بکەیتەوە، بەڵام یەکسەر خۆت مەشۆ، بەڵکو لەم بارەدا لەشت بە خاولییەکی تەڕ پاک بکەرەوە و جلەکانت بگۆڕە و خەوێکی باش بکە، دەبێت کاریگەری نەخۆشییەکە لە ماوە ٢٤ یان ٤٨ کاتژمێردا نەمێنێت.
٢- لووتت بێزاری کردووی؟ ھەوڵبدە شۆربای گەرم و توون بخۆیت، تاوەکو ڕاڕەوە داخراوەکانی لووتت بکاتەوە و لە بێزاری ڕزگارت ببێ.
٣- برسیت نییە؟ ھەوڵبدە بۆ ماوەیەکی کەم چەند وەرزشێکی کاریگەر ئەنجام بدەی، بەرزبوونەوەی داواکاری لەش بۆ ئۆکسجین بە دڵنیایەوە یارمەتیت دەدات قوڵتر ھەناسە بدەیت و بەمەش ڕاڕەوە داخراوەکانی لوتت دەکرێنەوە.
٤- کۆکە و قوڕگ ئێشە لەماڵەوە چارەسەر بکە: لیمۆیەکی گەوەر بێنە و پاش کۆکردنەوەی ئاوەکەی لەگەڵ کەوچکێک لە ھەنگوین تێکەڵی بکە و بیخۆ، چەند جارێک دووبارەی بکەرەوە تا بەتەواوی قورگ ئێشەکەت نامێنێ.
٥- ڕێژەیەکی زۆر لە ئاو بخۆرەوە: ڕاگرتنی ڕێژەی ئاو لە لەشدا زۆر گرنگە، ھەروەھا خواردنی ئەو میوانەی کە ڤیتامن C یان تێدایە، خواردنی چای گەرم لەگەڵ زەنجەفیل، ڕێگایەکی باشە بۆ چالاک کردنی سوڕی خوێن و پاکردنی لووت و بۆری ھەناسە.
-٦ لە کاتی چونت بۆ کار یان قوتابخانە، لای خۆتەوە ھەوڵبدە ڕێگربیت لە وەی ھاوکارەکانت توش نەکەیت، لە کاتی پژمین و کۆکیندا دەستت بە ڕێژەیەکی زۆر لە ئاو بشۆ و ڕێگری بکە لە نزیک کەوتنەوەی زیاد لە پێویست و تەوقەکردن و ماچکردنی ھاوڕیکانت.
٧- لە کۆتاییدا: نەخۆشی سەرما و ھەڵامەت بەھۆی ڤایرۆسەوەن، بۆیە بەکارھێنانی دەرمانی دژە ھەوکردن سودیکی وای نابێت، لەکاتی بەکار ھێنانی دەرمانیشدا دەبێت بەپێی ڕینماییەکانی پزیشک و بە بێ دابڕان دەرمانکە بەکار بھێنرێت تاکاتی چاکبوونەوەی یەکجاری و نەمانی نیشانەکانی نەخۆشیەکە.
2295 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
23/05/2015
زیاتر...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1