پیتی  پ
رەقبونی پشت (تشمع، AS)
رەقبونی پشت (تشمع، AS)
زانا ئەحمد قادر

AS کورتکراوەی Spondylitis Ankylosans، یەکێکە لەنەخۆشیە درێژخایەنەکانی ھەوکردنی جۆری رۆماتیزم، دەبێتەھۆی دروستبونی ئازارو کەمبونەوەی جوڵە بەتایبەتی لەبڕبڕەو جومگەکانی پشت‌و حەوزدا.
Morbus Bechterew ناوێکی زانستی دیکەی ئەم نەخۆشیەیە، لەناوی ئەو دکتۆرە روسیەوە وەرگیراوە کە لەنێوان ساڵانی ١٨٥٧-١٩٢٧دا ژیاوەو بۆ یەکەمجار ئەو نەخۆشیەی دەستنیشانکردوە.
‌لەکاتێکدا لەوڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا ئامار لەبەردەستدایە کە رێژەی نزیکی لەسەدا ٠,٥ ی دانیشتوان دوچاری ئەو نەخۆشیە دەبن‌و پڕۆسەی دەستنیشانکردن‌و پێدانی چارەسەر بەتوشبوان خێرا بەڕێوەدەچێت، ئامارێک لەکوردستان لەبەردەستدانیە کەپشتی پێببەسترێت، بەداخەوە دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشیە زۆرجار دوادەکەوێت.
‌ھەرچەندە لەئێستادا سەرەکیترین ھۆکاری توشبون بەو نەخۆشیە نەزانراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پسپۆڕانی ئەو بوارە ھەندێک فاکتەری وەک جینی‌و بۆماوەیی‌و زۆرجار ھاوکات لەگەڵ ھەوکردنی ریخۆڵەو دەرچەکانی میز، فاکتەری پەیوەست بەکاردانەوەی ناتەندروستی بەرگری سروشتی لەش، ھۆکاری ژینگەیی بەھۆکارە کاریگەرەکان مەزەندەدەکەن .
‌ئەگەرچی لەسەدا ٩٥ توشبوان بریتین لەکەسانی ھەڵگری جینی (HLA-B٢٧)، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە ھەمو ھەڵگرانی ئەو جۆرە جینە دوچاری ئەو جۆرە نەخۆشیە ببن. بەپێی توێژینەوەکان رەگەزی نێرینە زیاتر لەمێینە دوچاری ئەو نەخۆشیە دەبێت.
‌بەگشتی توشبوان لەتەمەنی ٤٠-٢٠ ساڵیدا ھێدی ھێدی نیشانەکانی ئەو نەخۆشیەیان تێدا بەدیدەکرێت کە ئەمانەی خوارەوەن:
‌نیشانەکانی AS:
‌سەرەتا دروستبونی ئازاری بەھێز لەسمت‌و بەشی خوارەوەی بڕبڕەی پشتدا، کە زۆرجار بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ دەخایەنێت، بەیانیان رەقبون‌و کەمبونەوەی توانای جوڵەی پشت بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٠ خولەک، پشودانی شەوان ئازار بەھێزتر دەکات لەکاتێکدا جوڵە ئارامبەخش دەبێت،‌ زۆرجار توشبوان بەیانیان بەھۆی ئازاری پشتەوە خەبەریان دەبێتەوە، ھەرجارەی لایەکی سمت زیاتر بەئازار دەبێت‌و ئازارەکان بەرەو ران دەڕۆن، زۆرجار پژمین‌و کۆکین ئازارەکان بەھێزتر دەکەن، ھەستکردن بەھیلاکی زۆر لەکاتی بەیانیاندا، دابەزینی کێش، ھەندێکجار نائارامی‌و لەدەستدانی ھاوسەنگی دەرونی، ھەندێکجار دروستبونی کێشە لەچاو و دڵدا.
AS بەشێوەیەکی گشتی بەدروستبونی ئازارو رەقبون‌و لەدەستدانی توانای جوڵە لەبەشی خوارەوەی پشتدا دەستپێدەکات‌و بەرەو سەرەوە بۆ بڕبڕەکانی سەرو مل ھەڵدەکشێت.

دەستنیشانکردن :
بەھۆی بەھەندوەرنەگرتنی بونی جۆری لەسەرەوە ئاماژەپێکراو لەئازار لەبەشی خوارەوەی پشتداو کەمبونەوەی توانای جوڵەو نیشانە سەرەتایەکانی دیکەی ئەو نەخۆشیەوە، بەداخەوە زۆرجار ساڵانی زۆر تێدەپەڕێت‌و دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشیە دژ بەبەرژەوەندی توشبوان دوادەکەوێت.
‌لەڕاستیدا بونی ئەو جۆرە نیشانانە پێویستە پزیشکی چارەسەرکار راپێچی زۆرترین بەدواداچون بکات‌و ھەوڵبدات لەڕێی پشکنینی خوێن‌و تیشکەوە ھەروەھا پشتبەست‌و بەشێوازو جۆری ئازارەکان لەزاری خودی نەخۆشەوە لەقۆناغی سەرەتاییدا ئەو نەخۆشیە دەستنیشان بکات.
‌پلانی چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیە پێویستە درێژخایەن‌و گشتگیربێت، ھەروەھا رەچاوی تەمەن‌و قۆناغی توشبون‌و تایبەتمەندیەکانی دیکەی جەستەی توشبوان بکات.
‌لەپاڵ پشکنینی بڕبڕەکانی پشت‌و حەوزدا پشکنین بۆ ئەندام‌و ئۆرگانەکانی دیکەی جەستە زۆر گرنگە، بەو پێیەی ھەندێکجار بەدەر لەبڕبڕەی پشت‌و مل‌و حەوز جومگەکانی ئەژنۆ‌و شان‌و پاژنەی پێ‌و چاوو دڵ‌و ھەندێک لەئۆرگانەکانی دیکەی جەستە لەو نەخۆشیە زەرەرمەند دەبن.

چارەسەر:
١. لەھەموو قۆناغەکانی ئەو نەخۆشیەدا جوڵەو وەرزشی رۆژانەی بەردەوام زۆر بەسودە.
٢. بەکارھێنانی دەرمانی وەک: (Indometacin ،Ibuprofin ،Pamidronat ،Diclofenac) لەکاتی ھەبونی ئازاری بەھێزدا، بەسودە.
‌ھەندێکجار بەھۆی ئازاری زۆر بەھێزو تەواو کەمبونەوەی جوڵەوە تەنانەت مادەی Cortison بۆ ماوەیەکی کورتخایەن رێگەچارەیەکی گونجاوە.
٣. وەرگرتنی چارەسەری فیزیایی بەمەبەستی باشکردنی جوڵەی بڕبڕەکانی پشت‌و جومگەکان بەگشتی‌و بەگەڕخستنەوەی ماسولکە بۆ ماوەی درێژخایەن زۆر پێویستە.
‌ئەگەرچی لەئێستادا چارەسەرێکی بنەڕەتی‌و بنەبڕکەر دژی ئەم نەخۆشیە لەئارادا نیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە لەڕێی وەرزش‌و خۆبەگەڕخستنەوەو جوڵەی بەردەوامەوە ھەوڵبدرێت بۆ رێگرتن، یان لایەنی کەم سنوردارکردنی ئەو چەمانەوەو قەمبوربونەی لەگەڵ کاتدا بەتایبەتی لەناوەڕاستی پشتدا رودەدات.
1833 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
02/07/2015
زیاتر...
1