پیتی  ق
قەڵەوی/کێش زۆری (Adipositas)
کێش زۆری(Adipositas) و ھۆکارو دەرئەنجامەکانی

زانا قادر

‌یەکێکە لە و دیاردەو نەخۆشییانەی کە لە چەندەھا دیدو ڕوانگەوە جەستەو دەروونی توشبووانی دەشێوێنی و بارگرانی بۆ خۆیان و کەسانی دەروبەریان وکۆمەڵگا بەگشتی دروست دەکات.
‌شایەنی باسە کێش زۆری لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا لە قەوارەی کێشەیەکی خۆیی توشبوواندا سەیرناکرێت، بەڵکو وەک مەترسییەک بۆ سەرکەرتی تەندروستی و فاکتەرێک بۆ کەمکردنەوەی توانای کارکردن و وەبەرھێنانی توشبووان و دواجار نزمبونەوەی ئاستی توانای وەبەرھێنانی نێونەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ھەر بۆیە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان لەلایەن دەزگا حکومی وناحکومییەکانەوە ڕێنمایی و کارئاسانی پێویست بەمەبەستی خۆپاراستن و کۆتایی ھێنان بەکێش زۆری وسنوردارکردنی دەرئەنجامە نێگەتیڤەکانی کێش زۆریی پێشکەش دەکرێت.
‌شایەنی باسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆر جار زاراوەی (BMI= Body Mass Index) بەر گوێمان دەکەوێت کەوەک پێوەرو کۆدێک بۆ ھەڵسەنگاندنی ڕێژەیی بەرزی وکێش بەکاردەھێنرێت. 

‌ڕێژەی BMI بەم ھاوکێشە یە دیاری دەکرێت: 
‌کێش/بەرزی/بەرزی. واتە کێش دوو جار دابەشی بەرزی دەکرێت.

بۆ نمونە کەسێک کێشی ٨٠ کیلۆ و بەرزی ١.٧٠:
‌٨٠/١.٧/١.٧ = ٢٧,٦٨ BMI

‌پێوەری BMI بۆ کەسانی سەرو نۆزدە ساڵ بەکاردێ و لە نێوان خانمان و پیاواندا وەک لەم خشتەیەی خوارەوەدا دەردەکەوێت کەمێک جیاوازە:
‌خانمان(خوار ١٩ کێشی کەمتر لە ئاسایی ، ١٩-٢٤ کێشی ئاسایی ، ٢٥-٣٠ کێشی زیاترلە ئاسایی، ٣١-٤٠ قەڵەوی ، سەرو ٤٠ زۆر قەڵەوی)
‌پیاوان (خوار ٢٠ کێشی کەمتر لە ئاسایی، ٢٠-٢٥ ئاسایی ، ٢٦-٣٠ کێشی زیاتر لە ئاسایی ، ٣١-٤٠ قەڵەوی ، سەرو ٤٠ زۆر قەڵەویی)

‌بەگشتی ھۆکاری زۆر ھەن کە کێش زۆرییان لێدەکەوێتەوە کە 
‌گرنگترینیان ئەمانەن :
١.بەڕێژەیەکی کەم فاکتەری جینی بۆ ماوەیی
‌٢.کەمی جوڵە و کەم ڕۆیشتن و نەکردنی وەرزش 
‌٣. زۆر خۆری و بەدخۆراکی بە خۆراکی ناتەندروست و تێکچوونی ھەست کردن بە تێربون بەھۆی ھۆرمۆنی LEPTIN ەوە کە لە خانە چەورەییەکاندا دروست دەکرێ ولەڕێی خوێنەوە دەگاتە ناو مێشک بەمەبەستی دروستکردنی ھەست کردن بە تێربون و دەست ھەڵگرتن لە خواردن، کێشەکە لەوەدایە کە لە مێشکدا ئەو ھۆرمۆنە وەرناگیرێ و ھەستی تێر بون دروست نابێت
‌٤.کێشەی دەرونی و کۆمەڵایەتی کە ھەندێک جار خۆ دابڕان لەکۆمەڵگاو مانەوەی زۆر لە گۆشەی تەنیایی ماڵەوەو دواجارکەمی جوڵە و زۆر خۆری بەدوادا‌دێت ٥. بەھۆی بەکارھێنانی ھەندێک جۆر دەرمانی وەک دژە منداڵ، دەرمانی ھۆرمۆن، بە نمونە Cortison کەدەبێتە ھۆی کێش زۆری و کۆبونووەی ئاوی لمفەکان بەتایبەتی لە قاچدا ٦. ھەندێک لە نەخۆشییەکانی تەنیشتە گورچیلەو لاوازی ونزم کارکردنی غوددە..ھتد
بەگشتی پێویستە ھەمیشە پشکنینی تەواو بۆ غوددەی ئەو کەسانە بکرێت کە ھەندێک جار تەنانەت سەرەڕای کەم خۆری کێشیان زیاد دەکات.
بەوپێیەی نزم کارکردنی غوددە( HYPOTHYREOSE) سوڕی گۆڕینی خۆراک بۆ وزە خاودەکاتەوەو لە ئاکامدا خۆراکی زیاد لە پێویست و نەگۆڕدراو بۆ وزە وەک چەوری لەلەشدا ھەڵدەگیرێت.
‌ئاشکرایە کە غوددە چەند ھۆرمۆنێک دروست دەکات و لەڕێی ھۆرمۆنەکانی T٣ ،T٤ پڕۆسەی ڕاگرتنی گەرمی جەستەو گۆڕینی خۆراک بۆ وزە بەڕێوەدەبات.
‌کەمی مادەی Jod لە جەستەداو فاکتەری پیری و ھەندێک نەخۆشی وەک (HASHIMOTO THYREOIDITIS) ھۆکارن بۆ نزم کارکردنی غوددەو دروست بونی کێش زۆری.
‌لەڕاستیدا نزم کارکردنی غوددە نەک ھەر ھۆکارێکە بۆ زیادبونی ئەگەری توشبون بە کێش زۆری بەڵکوچەندەھا دەرئەنجام و نیشانەی دی لەسەر جەستە بە جێدەھێڵێ کە گرنتریینیان ئەمانەن :
‌ھەست کردن بە بێ توانایی و لاوازی، ئەگەری زیاتر سەرما بون و 
‌ھەوکردن بە ڤایرۆس (VIRUS) ، کە مکردنەوەی ئارامی و ھاوسەنگی دەرونی ، دروست بونی پەڵەی شین لە سەر پێست ، وشک بونەوەو ڕوتانەوەی قژو لاوازی نینۆکەکان ، کەمبونەوەی توانای جوڵەی جومگەکان...ھتد.
‌نزم کارکردنی غوددە پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە لەڕێی پێدانی ھۆرمۆنەوە چارەسەر بکرێت.
‌کێش زۆری پێویستە نەک تەنھا وەک ناڕێکی و نەنگییەک لە ڕووکاری دەرەکی دا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ، بەڵکو وەک ھۆکاری سەرەکی بۆ چەندەھا نەخۆشی مەترسیداری وەک پشت ئێشەو داخزانی دیسک و بڕبڕەکان، پەستانی خوێنی بەرز، شکرە( DIABETES)، نەخۆشی دڵ و سوڕی خوێن، تێکچونی ھەناسە دان بەتایبەتی لەکاتی خەودا، سووان و داخورانی پێش کاتی جومگەکان....ھتد

لەکۆتاییدابە تێبینی کردنی ئەم ڕێنماییانەی خوارە خۆت لە قەڵەوی بپارێزە:
‌١.وەرزشی گونجاو لەسەرەتادا زیاتر لەسەرخۆو ٣٠-٦٠ لە ڕۆژێکدا لە ٣-٤ ڕۆژ لە ھەفتەیەکدا، بەگشتی مەلەکردن و ڕۆیشتن و پاسکیل سواری بۆ زیاتر لە ٤٥ خولەک یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدەن.
‌٢.کەم خواردن یان جاروبار خۆ بەدورگرتن لە خواردنی نان، برنج، چەوری، ئیشی ھەویرو شیرینی و خواردنەوە شیرین و کحولییەکان ، لەبری ئەوانە زیاترخواردنی سەوزە بە گشتی و زەڵاتەو ھەندێک جۆر میوە
‌٣.ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ ئارامی دەرونی و پابەند بون بە ڕیتمی خەوو خۆراکی تەندروستەوە.
‌٤ .خواردنی پەرداخێکی گەورە ئاو پێش خواردن تاڕادەیەک ڕێگری لە زۆرخۆری دەگرێت.


3068 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
23/06/2015
زیاتر...
1