پیتی  د
پەیوەندی نێوان جەستەو دەرون
زانا احمد قادر
‌( پەیوەندی نێوان جەستەو دەرون )

‌پسپۆڕو زانایانی بواری دەرونی و جەستەیی لەمێژە لەڕێی چەندین توێژینەوەی زانستییەوە کاریگەری دەرون و جەستەیان لەسەر یەکتری سەلماندووە. 
‌سورھەڵگەڕانی دەموچاو لەکاتی شەرمەندەبون و توڕەبوندا، بەئازاربونی گەدەو ڕیخۆڵە لەکاتی بونی پەستانی دەرونی و دلەڕاوکێ (Stress ) و بیستنی ھەواڵی نەخوازراودا، گرژبونی ماسولکەو خێرالێدانی دڵ و بەرزبونەوەی پەستانی خوێن لەکاتی توڕەبون و بونی ترس دا..ھتد لەو کاریگەرییە دەرونییانەن کە زۆرجار دوچارییان دەبین و لەجەستەی خودی خۆماندا بەدییان دەکەین.
تێکچونی ڕیتمی لێدانی دڵ و سوڕی خوێن، ئازارەکانی پشت و سەرو مل و شەویلگەو ماسولکە بەگشتی، ئازارو تێکچونی ڕەوشی گەدەو ڕیخۆڵە...ھتد، لەو جۆرە کێشە تەندروستییانەن کە ھەندێک جار لەکەڵەکەبونی کێشەو پەستانی دەرونی و دڵەڕاوکێوە سەرچاوە دەگرن.
‌تێکڕای ئەو جۆرە ئازارو نەخۆشییانە کە سەرەتا مەرج نییە بنەمایەکی ئۆرگانییان ھەبێت، تەنھا لەکێشە دەرونییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، لەژێر ناوی ‌Psychosomatic کۆکراونەتەوەو لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا لەنەخۆشخانەی تایبەتیدا لەدیدێکی گشتگیرانەوە توشبووان چارەسەر دەکرێن.
‌لەئێستادا دەزانرێت کە ھەندێک کاردانەوەی بایۆکیمیکی نێو ئۆرگانەکان سەرچاوەن بۆ چەندین جۆر لەنەخۆشییە دەرونییەکان، لەسەرو ھەمویانەوە ڕیخۆڵە زۆرترین کاریگەری لەسەر جەستەو دەرون دروست دەکات. بەو پێیەی ڕیخۆڵە ئەو ئەندامەی جەستەیە کە ٨٠% خانەکانی بەرگری سروشتی لەخۆی دەگرێت و لەوێدا ئاوو ڤیتامین و مادە مینیراڵی و سودبەخشەکان بۆ جەستە لەخۆراکی ھەرسکراو گل دەدرێتەوە، کاریگەری زۆر گەورەی لەسەر تێکڕای جەستە ھەیە.
‌ 
‌توشبووان بە ئازاری درێژخایەنی پشت و نەخۆشییەکانی جەڵتەی مێشک و دڵ و شێرپەنجە دیارترین نمونەی کاریگەرییەکانی جەستەن لەسەر دەرون کە مرۆڤ دوچاری خەمۆکی (Depression) دەکەن.
‌ھەربۆیە لە جیھانی مۆدێرنی زانستی تەندروستی ئەم سەردەمەدا، بەتایبەتی لەوڵاتە پێشکەوتووەکانداچیتر جەستەو دەرون وەک دوو پێکھاتەی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت و ھەمیشە پێکەوە چارەسەر دەکرێن.
لەو جۆرە وڵاتانەدا نەخۆشخانە دەرونییەکان باشترین نمونەن بۆ ئەو جۆرە تێڕوانینە، کەلە ژینگەیەکی خاوێن و دوور لەژاوەژاوی شەقامەکان و لەقوڵایی سروشتدا ڕووبەرێکی کراوەی سەوزو شوێنی تایبەت بەپێ ڕۆیشتن و وەرزشیان لەخۆگرتوەو، لەوێدا لەپاڵ چارەسەری دەرونیدا بەگەڕخستنەوەی جەستە لەڕێی جوڵەو وەرزشەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت.
‌لەنەخۆشخانەیەکی ستاندارتی مۆدێرندا پزیشک و چارەسەرکاری فیزیایی و دەرونی و توێژەری کۆمەڵایەتی بەشێکی گرنگن لەتیمی پزیشک و کارمەندەکانی نەخۆشخانەو ھەماھەنگییەکی زۆر باش لە نێوانیاندا ھەیە.
‌دەبێت ئەو ڕاستییەش بزانین کەلەنەخۆشخانەیەکی مۆدێرن دا نەک تەنھا ڕەچاوی باری دەرونی نەخۆشەکان 
‌دەکرێت، بەڵکو ڕەچاوی باری دەرونی خێزان و کەسانی نزیک 
‌بەنەخۆشەکانیش دەکرێت و بەوپەڕی ڕێزو میھرەبانییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، دیارە ڕەچاوی ئەوەش دەکرێت کە بونی کەسێکی نەخۆش لەخێزانێکدا زۆر جار ھۆکارێکە بۆ بارگارنی دەرونی و جەستەیی و سەرچاوەیەک بۆ خراپبونی ڕەوشی تەندروستی بۆ خێزان و کەسە نزیکەکانیان، ھەربۆیە ناکرێت لەنەخۆشخانەکاندا ئەو جۆرە کەسانە بێڕێزییان بەرامبەر بکرێت،، دیارە ئەو کەسانەی یەکێک لە ھاوڕێ و ئەندامانی خێزانەکەیان کەلەیەکێک لەنەخۆشخانەکانی ئەم دەڤەرەدا بەھۆی نەخۆشیییەکەوە بەشێک لەجەستەیان، زۆرجار قاچ یان قۆڵ، لێدەکرێتەوەو دواتر لە کیسێکی ڕەشی خۆڵدا ئەو بەشە لێکراوەیەی جەستەی ئازیزانیان پێدەدرێت باش لەو ڕاستییە تێدەگەن لەچی ڕوانگەیەکی دەرونییەوە بێڕێزیان بەرامبەر دەکرێت، بۆیە پێویستە نەخۆشخانە بەخاکناشتی ئەو بەشە لێکراوانەی جەستەی نەخۆشەکان بەئەرکی خۆی بزانێت.

‌لەیەکێک لەتوێژینەوەکاندا تێبینی کراوە کەبواری دەرونی خانمی دووگیان کاریگەری گەورە لەسەر تەندرستی کۆرپەلەکەی دروستدەکات. ھەر خانمێک لەکاتی دووگیانبوندا بکەوێتە ژێر پەستانی دەرونی و دوچاری خەمۆکی ببێت، گورچیلەکانی ڕێژەیەکی بەرز لەھۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ دەڕێژنە نێو جەستەوە، دواجار ئەو ھۆرمۆنە لەڕێی خوێنەوە دەگات بەجەستەی کۆرپەلەی ناو ڕەحم و بەرگری سروشتی دادەبەزێنێت، ئەو جۆرە منداڵانە تەندروست دەرناچن و ھەمیشە دوچاری ھەوکردن دەبن، بەداخەوە زۆرجار لەداھاتودا دوچاری نەخۆشی ھەناسەتوندی (ڕەبو) و ھەستیاربونیش (حساسیە) دەبن.
2753 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
21/06/2015
زیاتر...
1