پیتی  د
نەخۆشی دەردە شا/میرانە
نەخۆشی دەردە شا
د.زاھیر سۆران 

دەردە شا، یەکێکە لە نەخۆشییە رۆماتیسمە جومگەییەکان کە لەنێو خەڵکی بە (دائولملوک) ناسراوە. لە زۆربەی بارەکاندا پیاوی تەمەن ٤٠ ساڵ یان سەرووتر تووشی دەبێت. نیشانەی سەرەکی نەخۆشییەکە ئازارە، زێدەتر پەنجە گەورەی پێدەگرێتەوە یان جومگەی دیکە. 

ھۆکارەکان: 
ھۆکارەکان زۆرن بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە، لەوانەش: ھۆکاری بۆماوەیی، خواردنەوەی رۆژانەی رێژەیەکی بەرزی ئەلکھول، قەڵەوی، نەخۆشیی خوێن، دەرمانی میزاوەر (DIURETIC)، شێرپەنجە، خواردنی رۆژانەی گۆشت، کەم خواردنەوەی ئاو. 

جۆرەکانی: 
ئەو نەخۆشییە سێ جۆری ھەیە، لەوانەش: کتوپڕ، درێژ خایەن و بێ نیشانە (کە تەنیا ئوریک ئەسید)ی بەرزە. نیشانەکانی: نیشانە ھەرە دیارەکانی ئەو نەخۆشییە بریتییە لە ئازاری شەو (ھەندێجار لە شیرین خەودا مرۆڤ جومگەیەکی دەداتە ئازار و ژانکردن) یان بەرەبەیان، ھەندێکجاریش پەنجەی گەورەی سوور دەبێتەوە و دەئاوسێت. 
کێ تووش دەبێت؟
ئەو کەسانەی بەرزە پەستانی خوێنیان ھەیە و بە دەرمان چارەسەر وەردەگرن. - مەیخۆرەکان، ئەو کەسانەی نەخۆشی گورچیلە یان شەکرە یان خوێنیان ھەیە. - ئەو کەسانەی ئاو کەم دەخۆنەوە و گۆشتی سوور و جگەر زۆر دەخۆن. 

ھۆکاری یارمەتیدەری تووشبوون: - 
نا ئارامی، رووداوی نالەباری رۆژانە، خواردنی خۆراکی زیانبەخش، گەرماوی زۆر گەرم. 

دەستنیشانکردن: - 
ئازاری جومگەیەک، ھەندێجار ئەوەندە بەھێزە بێ تێستی تاقیگە پزیشک دەستنیشانی دەکات. - تێستی یۆریک ئەسید زۆر بەسوودە و لەم بارەدا بەرزە. 

ئامۆژگاری 
نابێت نەخۆش ئەم خواردنانە بخوات: جگەر، مێشک، مۆخی ئێسقان، گۆشتی سوور، شلەی بە گۆشت، ھەموو جۆرە فاسۆلیایەک، پاقلە، نیسک، نۆک و قارچک. ئەو خۆراکانەی دەتوانرێت بە دەگمەن بخورێن: شیر، ھێلکە، چا، قاوە و شوکولاتە. ئەو خۆراکانەی دەتوانرێت کەم بخورێن: گۆشتی مەڕ، مریشک، مراوی، قاز، قەل، کەروێشک، گۆشتی رەشەوڵاغ و باڵندەری کێوی. نابێت بە ھیچ جۆرێک نەخۆش ئەلکھول بخواتەوە، ھاوکات دەبێت ئاگاداری کێشی خۆی بێت و زیاد نەکات. پێویستە رۆژانە نەخۆش ١٢ پەرداخ ئاو بخواتەوە بە مەبەستی پاککردنەوەی گورچیلە و بۆرییەکانی میز بۆ ئەوەی بەردی تێدا دروست نەبێت.   
پسپۆری نەخۆشییە درمەکان و گشتییەکان، سلێمانی 
2779 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
20/06/2015
زیاتر...
1