پیتی  ئـ
ئۆتیزم (Autism)
ئۆتیزم (Autism)
‌ئامادەکردنی/ زانا احمد قادر
‌بەگشتی ئۆتیزم پۆلێنکراوە بەسەر ٣ جۆری سەرەکیدا:
١. ئۆتیزم لەتەمەنی ساواییەوە ( Kanner-Syndrom): توشبووان توانای ھزرو تێگەیشتنیان سنوردارەو زۆرینەیان بەدرێژایی تەمەن پێویستیان بەیارمەتی دەرەکی دەبێت. دواکەوتنی توانای قسەکردن و پێگرتن لەنیشانە سەرەتاییەکانی ئەم جۆرەن لەئۆتیزم. 
٢. Atypical Syndrom: جۆرێکی نزیکە لەجۆری یەکەم، مەرج نییە ھەموو نیشانەکان لەمنداڵێکدا بەرجەستەببن، زۆرجار لەدوای تەمەنی ٣ ساڵییەوە ھەست بەبونی ئەو نەخۆشییە دەکرێت.
‌٣. Asperger Syndrom: نیشانەکانی ئەم جۆرە زۆر جار لەدوای تەمەنی ٣-٤ دەردەکەون و لەتەمەنی چونە قوتابخانەوە نەخۆشییەکە تەواو دەستنیشاندەکرێت. ڕەگەزی نێرینە چوارھێندەی مێینە زیاتر دوچاری ئەم جۆرە دەبن. منداڵانی توشبو بەگۆشەگیری و دورکەوتنەوە لەمنداڵانی دیکەی قوتابخانە دەناسرێنەوە.

‌نیشانەکانی ئۆتیزم:
‌١. خۆدابڕاندن لەکۆمەڵگاو لاوازی لەدروستکردن و ڕاگرتنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسانی دیکە.
‌٢. دواکەوتنی فێربونی قسەکردن و پاشان لاوازی بەگشتی لەقسەکردن و توانای دەربڕیندا.
‌٣. توشبووان بە ئۆتیزم زۆرجار ھەمان کردار یان ھەمان وشەو ڕستە چەندین جار دوبارە دەکەنەوە.
‌٤. لاوازی و سنورداربون لەتوانای تێگەیشتن لەمەبەستو مەرامی کەسانی دەوروبەر، بەوھۆیەشەوە زۆرجار فەرامۆشکردنو گوێنەدان بەو کەسانە لەدەستدانی ھاوڕێیەتییانی لێدەکەوێتەوە.
‌٥. توشبووان توانای دەربڕینیان لەڕێی سیمای دەموچاوو جوڵەی جەستەوە زۆر لاوازە.
‌٦. منداڵانی توشبو زۆرجار توڕەبونو دەمارگیرییو خواستی لەخۆدانو خۆبریندارکردنیان تێدا بەدیدەکرێت.
‌٧. ھەر لەتەمەنی منداڵییەوە خواستی نزیکبونەوەو چونە ئامێزی دایکیان تێدابەدیناکرێت، تەنانەت خۆیان لە تێڕوانین لەسیمای دایکو باوکو کەسانی دیکە بەدوردەگرن.

‌دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ توشبووان بەئۆتیزم زۆر ئاڵۆزو پڕ ئاستەنگە، بەوپێیەی توشبووان زیاتر چێژ لەتەنیاییو خۆدابڕان لەکۆمەڵگا دەبیننو ھەست بەپەرۆشی و گرنگیپێدانی دەوروبەر ناکەن، بەدەرلەوەش توشبووان زیاتر ئالودەو پەیوەستدەبن بەھەندێک کەلوپەلو شوێنی ژیانو کەسانێکی کەمەوەو لەھەموو جۆرە گۆڕانکاریو نوێکارییەک لەباری کۆمەڵایەتیو ژیانی ڕۆژانە بەگشتی ترسو گومانیان لادروست دەبێت.

‌ھۆکارەکانی توشبون بە ئۆتیزم:
ئەگەرچی توێژینەوەکان بەردەوامن و تائێستاش نەتوانراوە ھۆکارە سەرەکییەکان بەدڵنیاییەکی زۆرەوە دەستنیشان بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا پسپۆڕانی ئەو بوارە پێیانوایە ئەم چەند خاڵەی خوارەوە ئەگەری لەدایکبونی منداڵێکی توشبو بەئۆتیزم زیاد دەکەن:
١. ھۆکاری بۆ ماوەیی و پەیوەست بە جینەکانەوە لە کرۆمۆسۆمی٥ دا.
‌٢. لەنوێترین توێژینەوەدا جەخت لەسەر زۆری تەمەنی باوک وەک یەکێک لەھۆکارە لاوەکییەکان کراوەتەوە، بەپێی ئەو توێژینەوەیە تەمەنی باوک لەسەرو ٤٠ ساڵەوە ئەگەری توشبونی منداڵ بە ئۆتیزم حەوت ھێندە زیاد دەکات بەبەراورد بە باوکانی خوار ٣٠ ساڵ.
‌٣. لەیەکێک لەتوێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کەھەندێک لە توشبووان ڕێژەیەکی زۆر لەڕژێنەرو ھۆرمۆنەکانی 
‌Dopamin,Adrenalin,Noradrenalin, Serotonin
لەجەستەیاندا ھەبووە.
‌٤. لەتوێژینەوەیەکی دیکەدا جەخت لە مادەکانی وەک 
‌gluten و Kasein وەک ھۆکارێکی لاوەکی کراوەتەوە، لەھەمان توێژینەوەدا خۆبەدورگرتن لەبەکارھێنانی ئەو دوو مادەیە باشتربونی توشبووانی لێکەوتۆتەوە.
‌٥. لەیەکێک لەزانکۆکانی کەنەدا لەڕێی توێژینەوەیەکەوە پەیوەندییەکی گەورە لەنێوان بەکتریا بەسودەکانی ناو ڕیخۆڵە (Flora) و ئۆتیزم بەدیکراوە، وەک ئاشکرایە زۆرینەی توشبووان کێشەی ڕیخۆڵەیان ھەیە، ھەربۆیە دروستکردنەوەی ھاوسەنگی فلۆرا لەڕیخۆڵەدا زۆر بەسودەو ڕێنمایی ئەنجامدانی دەکرێت، بەو پێیەی بەپێی توێژینەوەیەک فلۆرای ڕیخۆڵە کاریگەری لەسەر مێشک و چالاکییەکانی ھەیە.
‌٦. لەتوێژینەوەیەکی دیکەدا بەبەشداربونی ٥٨ خانمی دووگیان لەچوارچێوەی پشکنینەکاندا سەلمێندراوە، کەئەو خانمانەی ڕێژەیەکی بەرزی ھۆرمۆنی Testosteron لە مناڵدانیاندا ھەبووە، دواترمنداڵەکانیان زیاتر لەنیشانەکانی وەک گۆشەگیری و دابڕان لەکۆمەڵگا لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە تێدا بەدیکراوە، کەلەنیشانەکانی نەخۆشی ئۆتیزمن.
‌٧. لەتوێژینەوەیەک بەناوی ( Underconnectivity) بەپشتبەستن بەتیشکی MRI سەلمێندراوە کە لەمێشکی کەسێکی توشبو بەئۆتیزم ھەماھەنگی نێوان خانەکانی مێشک لاوازە، ھەربۆیە ڕێنمایی دەدرێت بەسەرقاڵکردنی منداڵی توشبو بەوەرزش و جوڵەو ژەنینی ئامێرێکی موزیک، کەدەبنە ھۆی باشکردنی ھەماھەنگی نێوان خانەکانی مێشک.
‌٨. پێشبینی دەکرێت پڕکردنەوەی کلۆربون لەددانی خانماندا بەمادەی Amalgam و پاشتر دووگیانبونی ئەو خانمانە، یەکێک بێت لەھۆکارەکانی دروستبونی کۆرپەلەیەکی توشبو بە ئۆتیزم.
2603 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/06/2015
زیاتر...
1