پیتی  ڕ
ڕەبو( Asthma)
ڕەبو( Asthma)
ئامادەکردنی/ زانا احمد قادر

‌یەکێکە لەنەخۆشییە درێژخایەنەکانی ( Chronic) 
ھەوکردنی کۆئەندامی ھەناسە، توشبووان دوچاری ھەناسەتوندی و ھەناسەکورتی دەکات.
‌بەگشتی باس لەدوو جۆری سەرەکی ڕەبو دەکرێت:
‌ڕەبو لەگەڵ ھەستیاری ( حساسیە- Allergic Asthma) و ڕەبو بەبێ ھەستیاری ‌(Not allergic Asthma) 
‌جۆری یەکەم لەھەستیاربونی جەستە بەرامبەر بەھەندێک کاریگەری ناوەکی و دەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت.
‌بونی ھەندێک مادە لەژینگەدا ( Allergens) وەک خۆڵ ، ھەندێک بۆن، موی ئاژەڵی وەک پشیلەو .. ھتد لەو کاریگەرە دەرەکییانەن کەدەبنەھۆی ھەستیاربون و کاردانەوەی خانەکانی بەرگری سروشتی جەستە بەرامبەریان، دواجار ڕژاندنی ھۆرمۆن و ڕژێنەرەکانی وەک Histamin, Leukotrin
‌یان لێدەکەوێتەوە، کەدەبنەھۆی تەسکبونەوەی بۆری و دەرچەکانی ھەناسەدان.

‌جۆری دووەم ( ڕەبو بەبێ ھەستیاری) لەژێر کاریگەری وەک ھەوکردنی قوڕگو گوێ و لوت، کاردانەوە بەرامبەر بە جۆرێک لەدەرمان، ژەھراویبون، زۆر خۆماندوکردن، کەشوھەوای زۆر سارد، گەڕانەوەی تڕشەڵۆکی ناو گەدە بەرەو گەروو...ھتد دروستدەبێت.
‌بەپێی توێژینەوەیەک ھەندێک لەمادە پاکەرەوەکان و سپرای بۆنخۆشکردنی ناوماڵ ھۆکارن بۆ بەرزکردنەوەی مەترسی توشبون بەڕەبو و ھەناسەتوندی بەگشتی.
‌بەپێی توێژینەوەیەکی دیکە ئەوکەسانەی جگەرە زۆردەکێشن گۆڕانکاییەکی ناتەندروست لە جینەکانیاندا (DNA) ڕوودەدات کەبۆی ھەیە کاریگەری لەسەر چەندین نەوەی داھاتویان ھەبێت و دوچاری ھەناسەتوندی و ڕەبویان بکات.

‌بەھۆی ڕەبوەوە لەژێر کاریگەری Histamin دا پیسی و بەڵغەمی زۆر لە کۆئەندامی ھەناسەدا کۆدەبنەوەو دەبنەھۆی گیرانی بۆری و ڕێچکەکانی ھەناسە. لەھەمان کاتدا گرژییەکی زۆر لەماسولکەکانی ھەناسەداندا دروستدەبێت و ھەناسەتوندی لێدەکەوێتەوە.

‌نیشانەکانی ڕەبو و چۆنێتی دەستنیشانکردنی:
کۆکەی بەردەوام، خیزەی سنگ ، بونی پەستان لەسەر سنگ، دروستبونی بەڵغەمی زۆر، ھەناسەتوندی.
‌بونی ئەو نیشانانەو سنورداربونی توانای ھەڵمژین و دانەوەی ھەناسە لەکاتێکی دیاریکراودا لەپشکنینەکاندا، ئاماژەن بۆ توشبونی کەسێک بە ڕەبو.
‌توشبوان بە ڕەبو زیاتر کێشەیان لەگەڵ ھەناسەدانەوەدا ھەیە.

خۆپاراستن:
‌١. خۆبەدورگرتن لە جگەرەکێشان و تەنانەت دورکەوتنەوەش لەو شوێنانەی جگەرەیان تێدادەکێشرێت و ژینگەی ناخاوێن بەگشتی.
‌٢. کێش زۆری بارگرانییە بۆ کۆئەندامی ھەناسە و تێکڕای ئەندامەکانی دیکەی جەستە.
‌٣. خۆبەدورگرتن لەو مادانەی ھەستیاری (حساسیە) لەجەستەدا دروستدەکەن، بەوپێیەی زۆرجار ڕەبو لەبونی ھەستیارییەوە دروستدەبێت.
‌٤. پێویستە توشبووان بەڕەبو خۆیان لەھەندێک فاکتەری خراپ بەدوربگرن، گرنترینیان نزیکبونەوە لەئاژەڵی وەک سەگ و پشیلە، خۆڵ و تەپوتۆز، سەرمابون و ھەوکردنی کۆئەندامی ھەناسەو قوڕگ و لوت و گوێ، ھەندێک بۆنی تایبەتی، دوکەڵی ئۆتۆمبێل و..ھتد، جگەرە، زۆربەکارھێنانی دەرمانی ئازارشکێن، بەکارھێنانی مادەی پاککەرەوەو سپرای بۆنخۆشکردنی ناوماڵ.
‌٥. دڵەڕاوکێ ( قلق-Stress) و پەستانی دەرونی کاریگەری زۆر خراپی ھەیە لەسەر تەندروستی توشبووان بەڕەبو.
‌٦. بەوپێیەی سییەکانی منداڵ لەدوای تەمەنی ١٢ ساڵییەوە تەواو گەشە دەکەن، پێویستە لەژیان بەسەربردن و مانەوە لەژینگەکی ناخاوێندا بەدوریان بگرین.

‌چارەسەر: 
‌١. چارەسەری پزیشکی وەک سپراو دەرمانی تایبەتی، بۆ نمونە سپرای Viani Discus، پێویستن.
‌٢. ھێورکردنەوەی ماسولکەکانی ھەناسەدانەوە لەڕێی چارەسەری فیزیاییەوە زۆر بەسودە.
‌٣. وەرگرتنی مادەکانی Omega ٣ و ڤیتامین C بۆ توشبووان زۆر بەسودە.
‌٤. خواردنەوەی ئاو بەڕێژەی پێویست زۆر بەسودە بۆ ڕونکردنەوەی بەڵغەمو پیسی ناو کۆئەندامی ھەناسە.
‌٥. باشکردنی چالاکی ماسولکەو بەگەڕخستنەوەی جەستە 
لەڕێی وەرزشی گونجاوەوە زۆر بەسودە، ھەروەھا کاریگەرییەکی دەرونی ئارامبەخشی ھەیە.
‌٦. مادەی مەگنیسێۆم ڕادەی ھەستیاربون و گرژی ماسولکەکانی ھەناسەدان کەمدەکاتەوە.
‌٧. تەندروستڕاگرتنی ڕیخۆڵە زۆر پێویستە بۆ توشبووان بەڕەبو، بەوپێیەی ڕیخۆڵە پەیوەندی بەبەرگری سروشتی و دروستبونی ھەستیارییەوە ھەیە.
‌٨. پسپۆڕانی ئەو بوارە ڕێنمایی بەتوشبووان دەدەن، بەردەوام یۆگاو جۆرە میتۆدی دیکەی وەک Autogen Trining..ھتد بەمەبەستی ھێمنکردنەوەی ھەناسەو جەستە پیادە بکەن.
2344 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/06/2015
زیاتر...
1