پیتی  گ
گێژبون ( Vertigo )
گێژبون ( Vertigo )

ھۆکارەکانی
‌گێژبون لەھەر ھۆکارێکەوە سەرچاوەی گرتبێت، نەخۆشی نیە،‌ بەڵکو ئاماژەیە بۆ بونی کێشەیەک لەبەشێک یان چەند بەشێکی جەستەدا، کە بەھۆیەوە کاردانەوەیەک لەسەنتەری راگرتنی ھاوسەنگی لەشدا (Vestibularorgan) رودەدات.
‌ھاوسەنگی لەش لەبەشێکی گوێی ناوەوەو گوێی ناوەڕاستدا لەژێر کاریگەری دەماری ھەشتەمی مێشک (Nervus Vestibulocochlearis) بەڕێوەدەچێت.
بەپێی وەسفکردنی پسپۆڕانی ئەو بوارە، گێژبون بریتیە لەھەستکردن بەبونی جوڵەیەک لەنێوان جەستەو ژینگەدا. بەگشتی باس لەچەند جۆرێک لەگێژبون دەکرێت‌و ھەریەکێک لەو جۆرانە تایبەتمەندی‌و ھۆکاری تایبەتی خۆیانیان ھەیە.
‌جۆرەکانی گێژبون:
١. (Proxysmal Benign Positional Vertigo) یەکێکە لەجۆرەکانی گێژبون، کەبەھۆی بونی وردە مادەی کریستاڵیەوە ( کاربۆناتی کالسیۆم) لەسەنتەری ھاوسەنگی لەناو گوێدا دروستدەبێت. ئەم جۆرە لەگێژبون زیاتر لەتەمەن زۆری‌و پێکدان‌و برینداربونەوە سەرچاوە دەگرێت. توشبوان بەم جۆرە لەکاتی پاڵکەوتن‌و جوڵاندنی سەردا بۆ ماوەی خوار ٣٠ چرکە گێژدەبن، ھەندێک لەتوشبوان دوچاری دڵ تێکەڵھاتن‌و رشانەوەش دەبن. کەسی پسپۆڕ دەتوانێت لەڕێی چارەسەری تایبەتیەوە ئەو مادە کریستاڵیانە لەکەوانەکانی گوێی ناوەوە بگێڕێتەوە بۆ شوێنی ئاسایی خۆیان لەگوێداو بەوجۆرە کۆتایی بەو جۆرە لەگێژبون بھێنرێت.
٢. (Phobic Postural Vertigo) جۆرێکە لەگێژبون بەھۆی کێشەو پەستانی دەرونیەوە.‌ توشبوان زیاتر لەکاتی بونی دڵەڕاوکێ‌و ترس‌و نائارامی دەرونیدا ھەست بەگێژبون‌و ترسی بەلاداکەوتن دەکەن.
٣. (Central Verstibular Vertigo) تایبەتمەندی ئەم جۆرە لەدرێژخایەنیەکەیدایە، بەھۆی تێکچونی سوڕی خوێن لەمێشکدا توشبوان توانای ڕاگرتنی ھاوسەنگی لەش‌و قسەکردن‌و بینینیان تێکدەچێت.
٤. (Migraine Vertigo) جۆرێکی تایبەتیە لەسەرئێشەی جۆری Migraine (شقیقە)، لەپاڵ دڵ تێکەڵھاتن، تێکچونی بینین‌و ھاوسەنگی لەکاتی رۆیشتن‌و وەستاندا، توشبوان توشی گێژبون دەبن‌و چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت. زۆرجار پەیوەندی بەتێکچونی سوڕی خوێن لەبەشی خوارەوەی مێشکدا ھەیە بۆ ماوەیەکی کاتی.
٥. (Morbus Meniere) کۆبونەوەی ئاوو شلەمەنی لەگوێی ناوەوە ھۆکاری دروستبونی ئەم جۆرە زۆر بەھێزەیە لەگێژبون. لەپاڵ گێژبوندا توشبوان ھەست بەلاداکەوتن، دڵ تێکەڵھاتنی زۆر، رشانەوە، ژاوەژاوو پەستانی ناو گوێ دەکەن. ھۆکاری سەرەکی ئەم جۆرە ھێشتا تەواو نەزانراوە.
٦. (Neuritis Vestibularis) توشبوان بۆ ماوەی چەندڕۆژێک تاچەند ھەفتەیەک ھەست بەگێژبونی بەھێزی شێوە خولانەوە دەکەن، بەتایبەتی لەکاتی وەستان‌و رۆیشتندا ھاوسەنگی لەدەستدەدەن. ھۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ھەوکردنی دەماری گوێبیستن.
‌دیارە دەستنیشانکردنی جۆرو ھۆکاری سەرەکی گێژبون ھێندە ئاسان نیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەم جۆرە کێشەو نەخۆشیانەش وەک ھۆکاری دیکە بەھەندوەربگیرێن:
(پەستانی نزم یان بەرزی خوێن، بەرزبونەوەی پەستانی ناو مێشک بەھۆی بونی ھەوکردن یان شێرپەنجەی مێشکەوە، ژەھراویبون بەئەلکحول‌و دەرمان‌و ..ھتد، کێشەو لاوازی چاو، گرژی ماسولکەکانی چاو، دڵەڕاوکێ‌و کێشەو پەستانی دەرونی، نەخۆشی‌و لاوازی دڵ، بەھۆی بەکارھێنانی ھەندێک جۆر دەرمان، نیمچەگیران‌و دروستبونی کلس لەبۆری خوێنی مێشکدا، بونی گرژی ماسولکەو بەگیروەستانی جومگەو بڕبڕەکانی مل‌و سنگ‌و شەویلگە، لاوازی ماسو‌لکەو لەدەستدانی پتەوی لەبڕبڕەکانی ملدا، داخزانی دیسکی نێوان بڕبڕەکانی مل (انزلاق)، کشان‌و پچڕانی بەستەرەکانی بەشی سەرەوەی مل ‌بۆ نمونە بەھۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە، ھەوکردنی قوڕگ‌و لوت‌و گوێ‌و گوێی ناوەڕاست،...ھتد).
‌بەشێوەیەکی گشتی پێویستە پاش سێ رۆژ بەردەوامبونی گێژبون سەردانی پسپۆڕو پزیشکی تایبەت بەو بوارە بکرێت. 
‌دیارە پێویستە سەرەتا ھەوڵ بۆ دەستنیشانکردنی ھۆکاری سەرەکی گێژبون بدرێت، پاشان شێوازی چارەسەرکردن دیاریبکرێت، کەدەشێت چارەسەر لەپێدانی دەرمان، چارەسەری فیزیایی، پشودان، چارەسەری دەرونی، وەرزش‌و خۆبەگەڕخستنەوە، ...ھتد لەخۆی بگرێت.
2789 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/06/2015
زیاتر...
1