پیتی  ت
تای ماڵتا "حمی المالتا"

تای ماڵتا "حمی المالتا" Brucellosis

تای ماڵتا بریتییە لە نەخۆشییەکی ترسناکی بەکتریایی کە دەبێتە ھۆی تا، ئازاری جومگە، بێ ھێزی. نەخۆشییەکە لە ئاژەڵ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بەزۆری لە ئەنجامی خواردن و خواردنەوەی شیر و پەنیر و بەرھەمە شیرییەکانی تر کە بەشێوەیەکی باش نەکوڵاون. جگە لە رێگای خواردن و خواردنەوە، بەکتریایی تای ماڵتا، دەکرێت بگوازرێتەوە لە رێگای ھەوا یا بە بوونی پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵان. ھەرچەندە دەکرێت تای ماڵتا بەشێوەیەکی سەرکەوتوویی چارەسەربکرێت بە بەکارھێنانی دژەبەکتریایی تایبەت، بەڵام دووبارە سەرھەڵدانەوەی نەخۆشییەکە زۆر باوە. خۆدوورگرتن لە خواردن و خواردنەوەی بەرھەمە شیرییە باش نەکوڵاوەکان و ھەروەھا ھۆشیاربوون لە کاتی کارکردن لە کێلگە ئاژەڵییەکان یا تاقیگەکان، لە تووشبوون بە تای ماڵتا دەتپارێزێت.
نیشانەکانی تای ماڵتا
لەوانەیە نیشانەکانی تای ماڵتا لە چەند رۆژێک بۆ چەند مانگێک بە دیار بکەون دوای تووشبوون بە بکتریایی نەخۆشیی تای ماڵتا. بە گشتی نیشانەکان بریتین لە؛
- تا یا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ ٤٠ پلەی سلیلۆزی یا زیاتر لە کاتی دوای نیوەڕۆیان "بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بریتییە لە نیشانەیەکی جیاکەرەوەی نەخۆشی تای ماڵتا".
- لەرزین.
- ئارەقەکردن.
- بێ ھێزی.
- ئازار لە پشت و جومگەکان.
- ژانە سەر.
- لەوانەیە نیشانەکانی نەخۆشی تای ماڵتا بۆ چەند ھەفتەیەک یا چەند مانگێک نەمێنێن و دوایی دووبارە دەربکەونەوە. لە ھەندێک کەس نەخۆشییەکە دەچێتە بارێکی درێژخایەنەوە "نیشانەکان بۆ چەندین ساڵ دەمێنێتەوە".
کەی سەردانی پزیشک یان نەخۆشخانە بکرێت؟
دەستنیشان کردنی نەخۆشی تای ماڵتا ئاسان نییە، بە تایبەتی لە قوناغە زووەکانی نەخۆشییەکە. بەڵام پێویستە سەردانی پزیشک یا نەخۆشخانە بکرێت ئەگەر؛
- ھەرکاتێک ھەر کەسێک تووشی بەرزبوونەوەیەکی خێرای پلەی گەرمی لەش بوو "تایەکی خێرا".
- ئازار لە ماسولکە یا بێ ھێزییەکی نائاسایی.
- کەسەکە لە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی تای ماڵتا بوو "سەیری ھۆکارە مەترسیدارەکان بکە لە خوارەوە".
- تایەکی بەردەوام ھەبوو.
ھۆکارە مەترسیدارەکان بۆ تووشبوون بە تای ماڵتا
- خواردن و خواردنەوەی بەرھەمی شیری و گۆشتی باش نەکوڵاوی ئاژەڵی تووشبوو.
- کارکردن لە کێڵگە ئاژەڵییەکان "قەساب و ئاژەڵدار..ھتد".
- راوچی ئاژەڵان، دەکرێت لە رێگای خوێنی برینی ئاژەڵە تووشبووەکان بگوازرێتەوە یا لە ئەنجامی خواردن و خواردنەوەی بەرھەمەکانییان.
- ئەو کەسانی کە لە تاقیگەکان کاردەکەن، لە رێگای ھەوا یا بە رێکەوت لە رێگای خوێنەوە.
ئاڵۆزییەکانی تای ماڵتا
- ھەوکردنی بەشی ناوەوەی دڵ.
- ھەوکردنی جومگەکان.
- ھەوکردنی گونەکان.
- کەم خوێنی.
- لەبارچوونی منداڵ "لە ئافرەتی دووگیان".
- ھەوکردنی جگەر.
- ھەوکردنی پەردەی دەماغی.
خۆپاراستن لە تای ماڵتا
- خۆت بە دووربگرە لە خواردن و خواردنەوەی بەرھەمی شیری باش نەکوڵاو.
- گۆشت بە تەواوی و بە باشی بکوڵێندرێت "پلەی گەرمی ناوەخنی بگاتە ٦٣ بۆ ٧٤ پلەی سلیلۆزی".
- ئەو کەسانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەن "کەسانی کێڵگە ئاژەڵییەکان و پزیشکانی ئاژەڵداری و قەساب..ھتد" پێویستە لەسەریان دەستەوانەی لاستیکی-لاینۆنی لەدەست بکەن.
- ئەو کەسانەی لە تاقیگەکان کاردەکەن، پێویستە زۆر ئاگاداری خۆیانبن لە کاتی کارکردندا.
- کوتانی ئاژەڵی خۆماڵی.
و/ ئارام صمد،sharqawsat.net


2367 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/06/2015
زیاتر...
1