پیتی  م
جەڵتەی مێشک ( Apoplex)
جەڵتەی مێشک ( Apoplex)
‌ئامادەکردنی زانا احمد قادر

‌مەبەست لە جەڵتەی مێشک لەناکاو ڕێگری لە گەیشتنی خۆراک و ئۆکسجینی ناو خوێنە بە خانەکانی مێشک، کە دەبێتە ھۆی مردن و لەناوچونی ئەو خانانەی کە لە ئۆکسجین و خۆراک دادەبڕێن .

‌بەگشتی بە ڕێژەی لە ٨٠-٨٥ %  ھۆکاری نەگەیشتنی خوێنی پێویست بە ھەندێک لە خانەکانی مێشک دەگەڕێتەوە بۆ گیرانی ئەو بۆری خوێنانەی (CEREBRL ARTERIES) کە خوێنی پاکی پڕ خۆراک و ئۆکسجین بەو خانانە دەگەیەنن .
‌ڕێژەی ١٠-١٥% بۆ برینداربون و بەو ھۆیەوە خوێن بەربون و تێزانی خوێن لە ناو ھەندێک لە خانەکانی مێشکدا ئەگەڕێتەوە، کە زۆر جار بەھۆی بەرزبونەوەی پەستانی خوێن یان لەگەڵ کاتدا دروست بونی 
‌کلس و تەسکبونەوەو پاشان پچڕان و برینداری بونی ئەو بۆری خوێنانە ڕودەدات.
‌دیارە دواتر لەڕێی MRI یان تیشکی کۆمپیوتەری (CT) ‌دەتوانرێت بزانرێت ئایا خوێن بەربون یان گیرانی بۆری خوێن ڕوویداوە. 
‌ھەندێک جار لە چەند سەعاتی سەرەتاییدا تەنانەت بەو دوو جۆرە ئامێری پشکنینەش ناتوانرێت ڕوودانی ئەو جەڵتەیە دەستنیشان بکرێت.

‌نیشانەکانی:
‌تێکچونی بینین( ڵێڵ بونی چاو، بینینی دوو وێنەیی، بینینی نیواونیو...)، تێکچونی ھاوسەنگی، گێژبون، تێکچونی ڕۆیشتن، سەرئێشەی کتوپڕی زۆر بەھێز، کتوپڕ لەھۆشخۆچون،  وڕێنە، ڵاڵ بون و تێکچونی قسەکردن،  دڵ تێکەڵھاتن، ڕشانەوە، سڕبون، لەکارکەوتنی دەست و قاچ ( شلل)..ھتد
‌بێگومان مەرج نییە ھەموو ئەو جۆرە نیشانانە لە ھەموو کەسانێکدا بەدی بکرێن، بەڵکو لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە. 
‌شایەنی باسە ھەر کاتێک ئەو جۆرە نیشانانە لەپاش ٢٤ کاژمێری سەرەتادا بەردەوامبونیان ھەبێت دەتوانین بەدڵنیاییەوە باس لە توشبون بە جەڵتەی مێشک بکەین. 
‌دیارە پێویستە جەڵتەی مێشک لە TIA جیابکرێتەوە کە تێیدا دەرکەوتنی ئەو نیشانانە چەند خولەکێک تا درەنگترین کات ٢٤ کاژمێر دەخایەنێ و پاشان زۆر جار تەواوی نیشانەکان ون دەبن. 
‌پسپۆڕان جۆری TIA وەک ئاگەدارکردنەوەو جۆرێکی سەرەتایی لە جەڵتە دادەنێن کە شایەنی بەدواداچون و دروستبونی ھۆشیاریی خۆپاراستنە لای توشبوان.

‌خێراترین تاقیکردنەوە بۆ دەستنیشانکردنی جەڵتەی مێشک:
CINCINNATI-PREHOSPITAL-STROKE-SCALE/CPSS
‌جۆرە پشکنینێکی نوێیە لە لایەن چەند پسپۆڕێکی ئەمەریکییەوە داھێنراوەو بە ئاسانترین و خێراترین میتۆد ھەژمارد دەکرێت بۆ ناسینەوەی جەڵتەی مێشک لەلایەن کەسانی نەشارەزاوە. 
بەپێی ئەو تاقیکردنەوەیە گەر نەخۆشی گومانلێکراو نەیتوانی بەتەواوی بەم سێ ئەرکەی خوارەوە ھەڵسێت، ئەوا گومانی توشبونی بە جەڵتەی مێشک لێدەکرێت:  ١. زەردەخەنە (تێبینی ئەوە دەکرێت ئایا ھەردوو گۆشەی دەمی بە ھەمان شێوە دەجوڵێنێت) ٢. بەرزکردنەوەی ھەردوو قۆڵ لەھەمان کاتدا بۆ سەرەوەو پێشەوە،ھەردوو لەپی دەست ڕووەو ئاسمان و ڕاگرتنی بۆ ماوەی چەند چرکەیەک.
‌٣. وتنەوەی ڕستەیەکی تەواوی ئاسان بێ ھەڵەکردن. 
‌تێبینی : -ئەگەر لەکاتی زەردەخەنەدا جوڵاندنی ھەردوو گۆشەی دەم لەیەک کات و لەھەمان ئاستدا نەبون، ئەوا بە دڵنیایی لە ٧٥% ئەو کەسە توشی جەڵتە بووە.
‌-ئەگەر ھەردوو قۆڵی بەو جۆرە بۆ بەرز نەکرایەوەو نەیتوانی کەمێک ڕایبگرێت، ھەروەھا نەیتوانی بەتەواوی و ڕاستی ڕستەیەک دووبارەبکاتەوە، ئەوا بە ڕێژەی لە ٩٥% گومانی توشبون بە جەڵتەی مێشکی لێدەکرێت.

‌ھۆکاری توشبون:
‌پەستانی خوێنی بەرز، جگەرەکێشان، بەرزی ڕێژەی چەوری لەخوێندا، کێش زۆری، کەمی جوڵە، نەخۆشی شەکرە، تێکچونی ڕیتمی لێدانی دڵ، 
‌خەستبونەوەی خوێن، فاکتەری تەمەن، فاکتەری جینی بۆ ماوەیی، جۆری گروپی خوێن( گروپی o کەمترین ئەگەری توشبونی ھەیە، گروپی AB بەڕێژەی ٣٠% ئەگەری توشبونی زیاترە).

‌خۆپاراستن:
‌١. کەمخۆری لە چەوری و شەکرەمەنی و خۆراکی سوێر، لەبری ئەوە خواردنی سەوزەو میوە بەسودە ٢. خواردنەوەی ڕێژەی پێویست ئاو بەتایبەتی لەوەرزی گەرمادا، کەمترینی ٣ لیتر لەڕۆژێکدا. 
‌٣. جوڵەو وەرزشی گونجاوی ڕۆژانەو بەردەوام . ٤. خۆ بەدوورگرتن
‌لە دڵەڕاوکێ(STRESS)و مامەڵەیەکی ئارام و ژیرانە لەگەڵ دڵەڕاوکێدا
‌٥. خۆپاراستن لە کێش زۆری و جگەرەکێشان و مادە کحولییەکان.
‌٦. توشبووان بە نەخۆشی شەکرەو پەستانی خوێنی بەرز پێویستە زیاتر پەیوەست بن بەو جۆرە ڕێنماییانەوەو بەمەبەستی ڕاگرتنی ڕێژەیەکی مامناوەند و گونجاوی ئەو دوو پێوەرە بەردەوام لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدابن.

3474 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
18/06/2015
زیاتر...
1