پیتی  ب
داخزانی دیسکی نێوان بڕبڕەکان (انزلاق- Disc Prolapse)
داخزانی دیسکی نێوان بڕبڕەکان (انزلاق- Disc Prolapse)
ئامادەکردنی/ زانا احمد قادر

‌بڕبڕەی پشتی مرۆڤ لە ٢٤ بڕبڕە پێکھاتووە ، ‌جگە لە بڕبڕەکانی یەکەم و دووەمی مل کە دیسک لە نێوانیاندا نییە، لە نێوان ھەموو بڕبڕەکانی دیکەدا ٢٣ دیسک ھەیەو ھەر یەک لەوانە نێوانگیری دوو بڕبڕەی ھاوسێ دەکات.
‌دیسکێک لە ناوکێک پێکھاتووە ( nucleus pulposus)
کە بەڕێژەی٨٠% لە ئاو و ھەروەھا مادەیەکی شێوە جەلاتینی پێکھاتووەو بە (Anulus fibrosus) کەلە چەند بەرگێکی ڕیشاڵی نیمچە کڕکڕاگەیی پێک ھاتووە دەورە دراوە.
‌بونی دیسکێک لە نێوان دوو بڕبڕەدا ھۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی پەستان لە نێوان ئەو دوو بڕبڕەیەداو کارئاسانییە بۆ جوڵەی نێوانیان، ھەروەھا فاکتەرێکە بۆ ڕاگرتنی توندوتۆڵی.
‌شایەنی باسە دیسکێک تا نزیک تەمەنی ٢٠ ساڵی لەڕێی بۆری خوێنەوە خۆراک وەردەگرێت، لەدوای٢٠ ساڵییەوە لەڕێی میکانیزمی (Diffusion) بەواتای بڵاوبونەوەو پێدانی خۆراک لەڕێی ئەو ئاوە تایبەتەی خۆراکی پێویست بە دیسکەکان دەگەیەنێت. 
‌دیارە مرۆڤ دەتوانێت لەڕێی جوڵەی بەردەوام و خۆبەدورگرتن لە دانیشتن و بە پێوە وەستانی زۆرەوە میکانیزمی سەرلەنوێ بڵاوبونەوەی خۆراک (Diffusion) بەگەڕبخات و پاشان لەڕێی حەوانەوەو پاڵکەوتنەوە زەمینەی کۆکردنەوەی ئاوو خۆراک لەناو دیسکەکاندا بڕەخسێنێت.  
‌بەم جۆرە دەتوانین لەڕێی جوڵەو پێدانی خۆراک بە دیسک و کۆکردنەوی ئاوی تایبەت تێیدا لەکاتی پاڵکەوتن دا، تاڕادەیەکی باش خۆمان لە وشک بونەوەو تەنک بونەوەی دیسکەکان و لەدەستدانی توندوتۆڵی بەو ھۆیەوە بپارێزین، کە دواجار بەیەکێک لە شێوازەکانی خۆپاراستن لە داخزانی دیسک و دروستبونی ئازار لەپشتدا ھەژمارد دەکرێت.
‌توشبووان بەئازاری پشت یان داخزانی دیسک زۆر پێویسە زانیاری دروستیان لەسەر بڕبڕەی پشت ھەبێ و لەپڕۆسەی خۆپاراستن وچاکبونەوەو دووبارە بەگەڕخستنەوەدا چالاکانە بەشدار بن.
‌داخزانی دیسک مانای چییە؟
‌کاتێک لەژێر ھەندێک گاریگەردا ناوکی ناو دیسکێک ئەو بەرگ و ڕیشاڵانەی دەورەیان داوە ( anulus fibrosus) بپچڕێنێت و لەنێوان دوو بڕبڕەدا دەرچێ و پەستان بخاتە سەر ڕەگی نزیکترین دەمار لێوەی یان پەستان بۆ سەر دڕکەپەتک دروست بکات، پسپۆڕان باس لەداخزانی دیسک دەکەن و نیشانەکانی وەک ئازار، لە دەستدانی توانای جوڵە، سڕبونی ئەو شوێنانەی جەستە کەلە لایەن دەماری فشار لەسەر دروست بوەوە بەڕێوە دەبرێن...ھتد لەنەخۆشدا بەدی دەکرێن.
‌ھۆکارەکانی داخزانی دیسک:
‌کێش زۆری، لاوازی بەستەرو ماسولکەکان، بونی خواری و ناڕێکی و بەگیروەستانی جومگەکان لە حەوزو بڕبڕەکاندا، لە دەست دانی توندوتۆڵی، پێکان و کەوتن، بەپێوەوەستان و دانیشتنی درێژخایەن و ناڕێک، گرژی وتێکچونی ھاوسەنگی لەنێوان ماسولکەکانی دەروبەری بڕبڕەی پشت دا،  کەمی جوڵەو خراپبونی سوڕی پێدانی خۆراک بە دیسک و ماسولکەکان، فاکتەرە دەرونییەکان، فاکتەری تەمەن
‌( بەگشتی لەدوای ٤٥ ساڵییەوە)، بونی پەستان و قورسایی لە توانای جەستە زیاتر بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، زۆر ماندوکردنی جەستەو خراپ بەکارھێنانی...ھتد.
ئەم چەند ھۆکارەو چەندەھا ھۆکاری دیکەی کۆمەڵایەتی و کلتوری و ژینگەیی و پەیوەست بەکارو شێوازی ژیانی ڕۆژانەی تاکەکانی کۆمەڵگاوەوە ئەگەری دووچاربون بەئازاری پشت و پاشان زۆر جار داخزانی دیسکەکان زیاد دەکەن.
‌چارەسەرو خۆپاراستن:
١. بەکارھێنانی دەرمانی ئازارشکێن بۆ چەند ڕۆژی سەرەتا کارئاسانییەکی باشە بەڵام چارەسەر نییە. 
‌٢. وەرگرتنی چارەسەری فیزیایی، گەرمی، ھێورکردنەوەی ماسولکە گرژەکان و حەوانەوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک.
‌٣. نەھێشتن یان کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی وەک کێش زۆری، کەمی جوڵە، نائارامی دەرونی، لاوازی، کەم خەوی،..ھتد.
‌٤. پێویستە لە تەواوی پرۆسەی چاکبونەوەدا پشکی شێر بدرێت بە وەرزشی گونجاوو بەھێزکردنەوەی ئەو ماسولکانەی توندوتۆڵی پشت ڕادەگرن. 
‌٥. ھەندێک جار نەشتەرگەری بەسودە بەتایبەتی ئەگەر نەخۆش ھەست کردن و توانای ڕاگرتنی میزو پیسایی و توانای جوت بون لەدەست بداو (شلل) لە قۆڵ یان قاچی دا دروست بێت.
2522 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
16/06/2015
زیاتر...
1