پیتی  ک
کۆلیسترۆڵ ( Cholestrol)
کۆلیسترۆڵ ( Cholestrol)
ئامادەکردنی: زانا ئەحمەد قادر

ئەو مادە گرنگەیە کەبەڕێژەی نزیکی ٩٠٪  لەجەستەدا لەجگەرو ڕیخۆڵەدا دروستدەکرێت، ڕێژەی نزیکی١٠٪  لەگەڵ خۆراکدا بەجەستە دەگات.
‌کۆلیسترۆڵ جۆرە مادەیەکی نزیکە لەچەوری و لەپێکھاتە سەرەکییەکانی خانەکانی لەشە، ھەروەھا پێویستە بۆ دروستکردنی ڕژێنەرەکانی وەک ترشەڵۆکی زراو، ڤیتامین D و ھەندێک جۆر لەھۆرمۆنەکانی وەک Cortisol, Testosteron, Oestrogen

بەگشتی باس لە دوو جۆری سەرەکی
(LDL (Low Density Lipoprotein
(H‌DL (High Density Lipoprotein 
‌دەکرێت.
‌لەکاتێکدا جۆری LDL  کۆلیسترۆڵی لەناو جگەردا دروستبو بەخانەکانی جەستە دەگەیەنێت، جۆری HDL کۆڵیسترۆڵی زیاد لەپێویستی ناو خوێن و خانەکانی جەستە دەگێڕێتەوە بۆ ناو جگەرو لەجگەردا لەڕێی ترشەڵۆکی زراوەوە دەگەیەنرێتە ناو ڕیخۆڵەو پاشان لەگەڵ پاشەڕۆدا فڕێدەدرێت.
‌ھەربۆیە بەرزی ڕێژەی جۆری LDL  زیان بەجەستە دەگەیەنێت و لەجۆری HDL  جەستە سودمەند دەبێت، ھەروەھا بەرزی ئاستی ئەم جۆرەیان ھۆکارێکە بۆ دابەزاندنی ئاستی جۆری ناتەندروستی LDL  لەجەستەدا.

لەئێستادا چەندین توێژینەوە لەسەر پەیوەندی بەرزی ئاستی  جۆری LDL  وتەندروستی مرۆڤ و ھەروەھا پەیوەندی نێوان بەرزی ئاستی LDL  و جۆری خۆراک لەبەردەستدایە، کەبەتێکڕا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنن کەلەئێستادا
‌پسپۆڕانی ئەو بوارە تەواو کۆک نین لەسەر کاریگەری کۆلیسترۆڵ لەسەر جەستە. 
‌لەھەندێک لەتوێژینەوەکاندا جەخت لەسەر بەرزی ئاستی  LDL-Cholistrol دەکرێت وەک ھۆکارێک بۆ توشبون بەجەڵتەی مێشک، لەکاتێکدا لەتوێژینەوەی دیکەدا پسپۆڕان نەیانتوانیوە بەرزی ئاستی LDL وەک ھۆکارێک بۆ توشبون بەجەڵتەی مێشک بسەلمێنن.
‌لەگەڵ ئەوەشدا بەگشتی لەزۆرینەی توێژینەوەکاندا جەخت لەو ڕاستییە دەکرێت، کە بەرزی ئاستی کۆلیسترۆڵی جۆری (LDL) یەکێکە لەھۆکارەکانی توشبون بە نەخۆشییەکانی وەک گیرانی بۆری خوێن (Arteriosklerose) و جەڵتەی دڵ و مێشک، بەتایبەتی بەرزی ئاستی LDL ھاوکات لەگەڵ کێشانی جگەرەو بەرزی پەستانی خوێن  زۆرترین زیان بەبۆرییەکانی خوێن دەگەیەنێت.
‌چەوری ئاژەڵی بەگشتیو خۆراکی وەک زەردێنەی ھێلکە، جگەر، کەرە لەو جۆرە خۆراکانەن کەڕێژەیەکی زۆر لە کۆلیسترۆڵیان تێدایەو زیادەڕۆیی لەخواردنیاندا زیان بەتەندروستی دەگەیەنێت.
پێویستە ڕەچاوی ئەوەش بکرێت کە وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، خۆراک تەنھا سەرچاوە نییە بۆ بەرزبونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵ لەجەستەدا، بەڵکو کۆلیسترۆڵ لەخودی جەستە خۆیدا دروستدەکرێت، بەواتایەکی دیکە، پێویستە کەمکردنەوەی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لەخۆراکدا تاکە ڕێگەچارەنەبێت، بەڵکو لەھەمان کاتدا ھەوڵبدرێت بۆ کەمکردنەوەی دروستکردنی LDL  لەجەستەدا، کەبەپێی زانایان بونی کێشە لەجگەرو ڕیخۆڵەداو پەستانی دەرونی و دڵەڕاوکێی، لاوازی غوددە، ھۆکاری ھەڵەی جینی و بۆماوەیی، نەخۆشی گورچیلە زۆر ھۆکاری دیکەن بۆ ئەو ئاستبەرزییەی کۆلیسترۆڵ لەجەستەدا.
‌بەگشتی دەوترێت باشتر وایە ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لەخوێنی کەسێکی تەمەن پێگەیشتودا بەھەردوو جۆری HDL  و LDL   لەبڕی ٢٠٠ Mg/dl لانەدات، لەو بڕەش تاڕێژەی LDL  کەمتربێتو HDL  زیاتربێت باشترە، بەوپێیەی جۆری HDL  لەتوانایدا ھەیە جەستە بەگشتی، تەنانەت بۆرییەکانی خوێنیش لەجۆری  ناتەندروستی LDL  ڕزگاربکاتو بەمەبەستی لەگەڵ پاشەڕۆدا فڕێدان بەرەو جگەر بیگوازێتەوە.
‌ھەربۆیە پێویستە ھەوڵبدەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی HDL و
‌لەھەمان کاتدا نزمکردنەوەی ئاستی LDL بۆ خوار١٣٠ Mg/dl.


‌ھۆکارەکانی نزمبونەوەی ئاستی HDL:
جگەرەکێشان، کێش زۆری، نەخۆشی شەکرە، کەمی جوڵە، بەرزی ئاستی چەوری جۆری Triglyceride..ھتد.

‌چەند ڕێگەچارەیەک بۆ دابەزاندنی LDL:
١. کەمکردنەوەی بڕی خۆراکی وەک زەردێنەی ھێلکە، چەوری ئاژەڵ، کەرەو پەنیری چەور، جگەر.
‌٢. دورکەوتنەوە لە ئەلکحول و جگەرەکێشان.
٣‌. جوڵەو وەرزشی ڕۆژانە.
٤. ڕۆژانە خواردنی میوەو سەوزەی فرێش.
‌٥. بەکارنەھێنانی ڕۆنی ئاژەڵی.
2972 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/06/2015
زیاتر...
1