پیتی  م
ھە وکردنی ریرەوی میز
ھە وکردنی ریرەوی میز
ئامادەکردنی/ د. سۆران محمد غریب

بریتییە لە ھەوکردنێکی کۆئەندامی میزی. کۆئەندامی میزی پێکھاتووە لە دوو گورچیلە و دوو میزەڕۆ "کە گورچیلەکان دەگەیێنن بە میزڵدان" و میزڵدان و لوولەی میز "کونی میز". ھەموو بەشەکانی کۆئەندامی میزی دەکرێت تووشی ھەوکردن ببن، بەڵام بەزۆری میزڵدان و لوولەی میز تووشی ھەوکردن دەبن.
ژنان زیاتر لە مەترسیدان بۆ تووشبوون بە ھەوکردنی رێڕەوی میزی بە بەراورد لەگەڵ پیاوان. بە گشتی ھۆکاری ھەوکردنی کۆئەندمی میزی بریتییە لە تووشبوون بە بەکتریا، ھەروەھا چارەسەرەکەشی بریتییە لە وەرگرتنی دژەبەکتریا، بەڵام دەکرێت ھۆکارەکەی ڤایرۆسی و مشەخۆریش بێت بە تایبەتی ھەوکردنی لوولەی میز "کونی میز".

.نیشانەکانی ھەوکردنی رێڕەوی میزی

مەرج نییە ھەموو ھەوکردنێکی رێڕەوی میزی ببێتە ھۆی دروستبوونی نیشانە. بەڵام کاتێک نیشانەکان دیاردەکەون، دەکرێت ئەمانەی خوارەوەبن؛
١- ھەستکردنێکی زۆر توند بۆ پێویستی میزکردن "خێرا خێرا و لەناکاو چوون بۆ میزکردن".
٢- سووتانەوە لەکاتی میزکردن.
٣- زۆر چوون بۆ میزکردن، ھەرجارێک بڕێکی کەم لە میز دەکرێت.
٤- رەنگی میز ناڕوونە "غێم دەبێت".
٥- لەوانەیە رەنگی میز ببێتە بە پەمەییەکی کاڵ یا رەنگێکی سووری تاریک ٦– کە نیشانەی ھەبوونی خوێنە لە ناو میز.
٧- گۆڕانی بۆنی میز بۆ بۆنێکی تیژ.
٨- ئازار لە ناوچەی حەوز "لە ئافرەتان".
٩- ئازار لە ناوچەی دھو‌روبەری کۆم "لە پیاوان". 
بەڵام نیشانەکان بەگوێرەی شوێنی ھەوکردنی کۆئەندامی میزی دەگۆڕێت، بۆ نموونە؛
١٠- ھەوکردنی گورچیلە؛ ئازار لە بەشی سەروەی پشت "کەلەکە"، تایەکی بەرز، لەرزین، ھێڵنج و رشانەوەی لەگەڵە.
١١- ھەوکردنی میزڵدان؛ ھەستکردن بە پەستانێک لە سەر حەوز، نارەحەتی لە بنی زگ، زۆر میزکردنی بە ئازار، خوێن لە ناو میز.
١٢- ھەوکردنی لوولەی میز "کونی میز"؛ سووتانەوە لەگەڵ میزکردن. 


.کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟

ھەرکاتێک نیشانەکانی ھەوکردنی کۆئەندامی میزی ھەبوو، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.

. ھۆکارە مەترسیدارەکان بۆ تووشبوون بە ھەوکردنی رێڕەوی میزی

- رەگەزی مێ؛ ھەوکردنی رێڕەوی میزی زۆر باوە لە نێو ئافرەتان. 
- جووتبوونی سێکسی. 
- دوای تەمەنی نائومێدی؛ ھەوکردنی زیاتر دەبێت بە ھۆی گۆڕانکاری ھۆڕمۆنی. 
- ناتەواوی لە رێڕەوی میزی؛ ئەو منداڵانەی کە ناتەواوی زگماکییان ھەیە لە رێڕەوی میز، زیاتر لەبارن بۆ تووشبوون بە ھەوکردنی رێڕەوی میزی. 
- بەردی گورچیلە؛ ھۆکارێکی مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە ھەوکردنی رێڕەوی میزی. 
- گەورەبوونی پڕۆستات؛ دەبێتە ھۆی کۆبوونەوەی میز لە ناو میزڵدان، ئەمیش ھۆکاری یاریدەدەرە بۆ ھەوکردن. 
- لاوازبوونی سیستەمی بەرگری لەش؛ بۆ نموونە کەسانی نەخۆشی شەکرە زیاتر لەبارن بۆ تووشبوون بە ھەوکردنی رێڕەوەی میزی. 
- دانانی بۆڕی میزکردن؛ ئەو کەسانی کە ناتوانن میز بکەن بە شێوەیەکی ئاسایی، لەوانەیە پێویست بکات بۆڕی میزکردنیان بۆ دابندرێت، ئەم کەسانە زیاتر لە مەترسیدان بۆ تووشبوون بە ھەوکردنی رێڕەوی میزی. 

.ئاڵۆزییەکانی ھەوکردنی رێڕەوی میزی

ئەگەر ھەوکردنی رێڕەوی میزی پشتگوێ بخرێت، دەکرێت ئەنجامی خراپی لێبکەوێتەوە وەک تێکدانی گورچیلە. بەڵام ئەگەر بە زوویی چارەسەری وەربگیردرێت، ئەوا زۆر بە دەگمەنی ئاڵۆزیی لێدەکەوێتەوە.

.ئامۆژگاری بۆ کەسانی نەخۆش

- بڕێکی زۆر لە ئاو بخورێتەوە بۆ روونکردنی میز و فڕێدانی بەکتریا بۆ دەرەوە. 
- لە کاتی ھەوکردنی میزڵدان؛ پەڕۆکێک یان خاولییەکی گەرم "زۆر گەرم نەبێت" بخرێتە سەر زگ بۆ کەمکردنەوەی ناڕەحەتی و پەستانی میزڵدان. 

.خۆپاراستن
- رۆژانە بڕێکی زۆر لە شلە و ئاو بخۆرەوە.
- لە کاتی چوون بۆ ئاودەست و دوای پیسایی کردن، پێویستە خاوێنکردنەوەی ناوچەی کۆم لە بەشی پێشەوە بۆ دواوە بێت، واتە ئاراستەی خاوێنکردنەوەی دەست لە پێشەوە بۆ دواوە بڕوات نەک بە پێچەوانەوە "بۆ رێگاگرتن لە بڵاوبوونەوەی بەکتریایی ناو کۆم بۆ کونی میز و گوڵنک".
میزکردن دوای جووتبوونی سێکیسی "پەرداخێک ئاو بخورێتەوە بۆ ئەوەی میزەکە بەھێزتر بپەڕێت".
3254 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
08/06/2015
زیاتر...
1