پیتی  ق
قەڵەوی
قەڵەوی و ھۆکارەکانی کامانەن؟
ئامادەکردنی د. سۆران محمد غریب

قەڵەوی واتە کۆبوونەوەو خڕبوونەوەی چەوری لەناو گەنجینەی شیتاڵە چەوریەکان لەناو ھەموو لاشەدا، ئەم چەوریە کۆکراوەیەش بەردەوام لەزیاد بووندایە بە زیادبوونی تەمەن لەناو گەورەکاندا، وە پاش شەست ساڵی بەرەو نزمی دەڕوات.
قەڵەویش کێشەیەکی تەندروستی گەورەیە لەسەرووی ھەموو کێشە تەندروستیەکانی ترەوە، چونکە بەھۆیەوە ڕێژەی مردن زیاد دەکات ھەروەھا پەیوەستە بە کێشەی دەروونی و عاتفیەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە قەڵەوی کاریگەر دەکاتە سەر تەندروستی تاک وکۆمەڵگە.

ھۆیەکانی قەڵەوی:
١- نەبوونی رۆشنبیریەکی خۆراکی لەلای تاک و ھەروەھا بەھۆی خواردن و خواردنەوەی ھەڕەمەکی وناڕێکخراو و نەکردنی ھیچ وەرزشێک.
زۆر کەس وا دەزانن کە مەوادی شیرین و نەشەویات تەنھا ھۆکاری زیاد بوونی کێشن لە مرۆڤ, بەڵام لەڕاستیدا کاریگەرێکی سەرەکی ھەیە بەرپرسیارە بەپلەی یەکەم لەسەر قەڵەوی و زۆر نەخۆشی تر، ئەویش ھەبوونی چەوری لەناو خواردنەکاندا بەڕێژەیەکی زۆر و ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادبوونی ڕێژەی چەوری لەناو لاشە و خوێندا و کاریگەر دەکاتە سەر تەندروستی گشتیی تاک.
ئەمڕۆش خواردن و خواردنەوە بۆتە بەشێک لە وەدەست ھێنانی خۆشی و ڕابوردن نەک بۆ کپ کردنەوەی برسێتی وەکو لە پێشیندا ھەبووە، پێغەمبەری ئازیزمان دەفەرموێت: (ما مڵ ابن ێ‌دم وعا‌و شر من بگنە حسب ابن ێ‌دم بعچ لقیمات یقمن ێلبە فإن کان لا محالە فپلپ لگعامە وپلپ لشرابە وپلپ لنفسە) (رواە مسلم). واتە: مرۆڤ ھیچ جامێکی زیان بەخشی پڕ نەکردووە وەک سکی خۆی نەبێت پڕی بکات لەخواردن، مرۆڤ ئەوەندەی خواردن بەسە کە چەند پاروویەک بخوات پێی بەھێز و بەتوانا بێت، خۆگەر ویستی زیاتر بخوات با سکی بکاتە سێ بەشەوە: بەشێکی بۆ خواردن و بەشێکی بۆ خواردنەوەو بەشێکی بۆ ھەناسەدان.

٢- عادات و داب و نەریتی نێو کۆمەڵگەکانمان کاریگەری گەورەی ھەیە بۆ دروست بوونی قەڵەوی، بۆ نمونە کارمەندەکان زۆربەی کاتەکانیان بەسەر دەبەن و دانیشتوون لە ژوورەکانیان و کاتێکیش دەگەڕێنەوە ماڵ خواردن دەخۆن و کوتوپڕ زۆربەیان دەنوون و کاتێکیش ھەڵدەستن ماوەیەکی زۆر بە سەیرکردنی تەلەفزیۆنەوە دەبەنە سەر لەگەڵ ئەوەشدا چەندەھا خواردنی سوکە دەخۆن وەکو شیرەمەنی و حەلەویات و چەرەزات و شتی تر... وە گواستنەوەشیان زۆربەی کات بە ئۆتۆمبیلە بەھۆی دووری شوێنی کار و گەرمی لە ھاویندا و سەرما و باران لە زستاندا.. بەم شێوەیە لاشە خواردن زۆر وەردەگرێت و وەرزش و جموجۆڵی کەم دەبێت و دەبێتە ھۆی کۆبوونەوەو خڕبوونی چەوری لەلاشەدا و قەڵەو دروست دەبێت.
خاڵێکی تریش ئەوەیە کە لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا زۆر ماڵان پێیان خۆشە تاکەکانیان تا ڕاددەیەک قەڵەو بن نەک مامناوەند و لاواز، بەتایبەت بۆ ئافرەتانیان و ھانیان دەدەن قەڵەوبن.

٣- بۆ ئافرەتانیش دەبینی ئافرەتان زیاتر تووشی قەڵەوی دەبن وەک لە پیاوان ئەویش بەھۆی سکپڕی و منداڵ بوونەوە.
چونکە کاتێک حامیلە دەبن ئیتر لە جموجۆڵ دەکەون و ھەر دادەنیشن و کەسانی تر لە ماڵەوە ئەرکی ناوماڵ دەگرنە ئەستۆ و بەم شێوەیە خۆیان دەدەنە دەستەوەی قەڵەوی و کاری خۆلاوازکردن و ڕەشیقێتی دوادەخەن بۆ پاش منداڵ بوون و پاش منداڵ بوونیش ناوێرێت ڕێجیم بکات چونکە منداڵەکە پێویستی بە شیر ھەیە و دەبێت دانەبڕێت لە خواردنی باش.. لەپاش ئەوەشدا ھەر بە قەڵەوی دەمێنێتەوەو توشی تەمبەڵی دێت و کێشی لاشەی خۆی پێ نزم ناکرێتەوە. یان گەر ڕێجیمیش بکات و کێشەکەی نزم بکاتەوە تەنھا بۆ ماوەیەکی کەمەو چیتر دوای ئەوە گرنگی ناداتەوە بە ڕاگرتنی کێشی لاشەی و جارێکی تر کێشی بەرز دەبێتەوەو توشی قەڵەوی دەبێت.

٤- بۆماوەیی (ویراسی) بۆماوەیی ڕۆڵی گرنگی ھەیە بۆ دروست بوونی قەڵەوی، لەوانەیە منداڵ لەدایک بێت و توانای دروست بوونی قەڵەوی ھەبێت بەتایبەت گەر دایک و باوکی قەڵەو بن. بەپێی توێژینەوە دەرکەوتووە کە بۆماوەیی بەڕێژەی (٧٠%) ڕۆڵی ھەیە و ژینگەش (٣٠%) وەکو کاریگەرێک بۆ دروست بوونی قەڵەوی.

٥- ڕژێنەکانی ناو لاشە: ڕژێنەکانیش ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن لە چالاکی ناو لاشەدا و لەوانەیە ببنە ھۆی قەڵەوی بەھۆی زیادەڕەوی لە ڕژینەکانیان.

٦- زیادبوونی ھۆرمۆنەکان دەبێتە ھۆی زیاد بوونی چەوری لەلاشەدا بەتایبەت لە: سەر، مل، سنگ و سک، ھەروەھا لەماوەی سکپڕیدا.
ھەروەھا کەم بوونی ھۆرمۆنی سیرۆکسین و ھۆرمۆنی ئەنسولێن کێشی مرۆڤ بەرز دەکاتەوە.

٧- کاریگەری دەروونی: ئەمانەیش ڕۆڵی گرنگیان ھەیە بۆ دروست بوونی قەڵەوی, بۆ نمونە ئەو نەخۆشانەی تووشی قەلەقی و ڕاڕایی و کەئابە و شکانەوە دەبن ڕوو دەکەنە زیاد خواردن و بەم شێوەیەش تووشی قەڵەوی دەبن.

٨- ئارەزووی خواردن وشەھیە: لەناو مێشکدا شوێنێکی تایبەت ھەیە بە ئارەزووی خواردن وشەھیە، تێکچوونی کاری ئەم بەشەش ئاکامی زیاد بوونی کێشی بەدواوەیە.

قەڵەوی و خۆپاراستن لێی
ھەروەکو دەزانین ئێستا قەڵەوی یەکێکە لەو کێشانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەدەستییەوە دەناڵێنن، بە پێی چەند سەرژمێرییەکیش لە ئەمریکادا ٤٠٠ ملیۆن کەس بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن و نزیکەی ٢٢ ملیۆن منداڵی خوار ٥ ساڵانیش کێشەی زیادیی کێشیان ھەیە. ئێمە لێرەدا ھۆکارەکانی قەڵەوی و زیانەکانی و چارەسەرەکانیتان بۆ دەخەینە بەردەست.

ھۆکارەکانی قەڵەوبوون:

١- ھۆکارە بۆ ماوەییەکان، ئەگەر لە ھەر خێزانێکدا دایک یان باوک کێشی زیادیان ھەبێت، ئەوا ئەگەری تووشبونی منداڵەکان بە قەڵەوی سێ ئەوەندەی منداڵی خێزانەکانی تر زیاد دەکات.

٢- ھەندێ ھۆکاری دەروونی دەبنە ھۆی زیادبوونی کێش لەوانە: بێھیوابوون، خەمواردنی زۆر، بێزاربوون، کە ئەم ھۆکارە دەروونییانەش دەبنە ھۆی ئەوەی کەسی تووشبوو بەدەست ئەم گرفتانەوە زیاتر بخوات لە کەسانی ئاسایی.

٣- ھۆکارەکانی دەوروبەر، کە ئەمەش ھۆکارێکی گرنگە، چونکە شێوازی ھەڵسوکەوتکردنی ڕۆژانەت و شێوازی نانخواردنت ھەروەھا چالاکی و ناچالاکیش کە دووبارە ئەمەش لە دەوروبەرەوە فێردەبین.

٤- ڕەگەز، بە پێی لێکۆڵینەوەکان پیاوان بە ھۆی ئەستووری ماسوولکەکانیانەوە ئەگەری تووشبوونیان بە قەڵەوی زیاترە.

٥- تەمەن، بەپێی سەنتەری ئەمریکی بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی چوونە تەمەنەوە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ماسوولکەکان وردە وردە لاواز ببن و بگۆڕێن بۆ چەوری.

زیانەکانی قەڵەوی:-
١- دەبیتە ھۆی قورسی لە ھەناسەدان.
٢- کەمبوونەوەی توانای ڕۆیشتن بە ڕێگە ‌و ڕاکردندا.
٣- زیادبوونی ئارەقکردنەوە.
٤- بوونی ئازار لە ئەژنۆو پشتدا.
٥- زیادبوونی پەستانی خوێن و کۆلیستڕۆل،کە ئەمانەش ئەگەرەکانی زیادبوونی توشبوون بە جەڵتەی مێشک و وەستانی دڵ زیاد دەکات.
٦- دەبێتە ھۆی تووشبون بە ھەندێک لە جۆرەکانی شێرپەنجە.

ڕێگەکان بۆ دابەزاندنی کێش و ڕزگاربوون لە قەڵەوی:-

١- باشترین ڕێگەکان بۆ ڕزگاربوون لە قەڵەوی ئەوەیە کە سەردانی پزیشکێک بکەیت و ڕێنماییەکی تەواوت بۆ دابنێت.

٢- ھەوڵبدە ئەو خۆراکانە کەم بکەیتەوە کە بڕێکی زۆرچەورییان تێدایە دەتوانیت لە جێگای ئەوە ئەو خواردنانە بخۆیت کە بڕێکی باش وزەیان تێدایە.

٣- دەتوانیت سوود لە پرۆگرامەکانی یاری جوانی لەش وەربگریت، چونکە ئەم پرۆگرامانە دەبێتە ھۆی سووتاندنی بڕێکی باش لە کالۆری، ئەگەر بۆت نەکرا دەتوانیت ھەموو رۆژێک ٣٠ خولەک ڕاکردن بکەیت، بە بەرنامە بۆ خۆت، چونکە ئێستا بەرنامەی ڕاکردن بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانەوە ھەوڵی تایبەتی بۆ دەدرێت. بۆ نمونە لە تورکیا وەزارەتی تەندروستی ھەموو ڕۆژێک بۆ ئاساییکردنەوەی کارەکە لەبەرچاوی خەڵکیدا ھەموو رۆژێک دەرچوونی بە کۆمەڵ پێکدەھێنن.

٤-ھەوڵبدە لەکاتی خواردندا بە لەسەرخۆیی نان بخۆیت‌و بە ھێواشی پارووەکان بجووە.

٥- خواردنەوەی ئاو بە دانیشتنەوە زۆر بکە، چونکە زۆر خواردنەوەی ئاو بەدانیشتنەوە سەرەڕای ئەوەی دەبێتە ھۆی پاک ڕاگرتنی گورچیلەکان، دەبێتە ھۆیەک بۆئەوەی زۆر خواردنت کەم ببێتەوە،ھەروەھا واز بھێنە لە خواردنەوەی ماددە کحولییەکان.

٦- ھەوڵبدە شیرەمەنییە چەورییە کەمەکان زیاتر بخۆیتەوە،‌ چونکە بە پێێ ڕاپۆرتێکی ئۆبێسیتی ڕیسێرچ خواردنەوەی ئەو شیرانەی کە چەورییان کەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە پرۆسەی سووتانی چەوری بە ڕێژەی لە %٧٠ زیاد بکات
2485 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/06/2015
زیاتر...
1