پیتی  ز
زەردوویی
زەردوویی Jaundice 

زەردوویی واتە زەردبوونی سپێنەی چاو، ناوپۆشی دەم و زمان و پێست. لە باری ئاساییدا، بیلیرۆبین ڕێژەکەی لە ١.٢ ملگم/ ١٠ مللیلتر تێپەڕناکات. ھەرکاتێک ڕێژەکەی لە خوێندا لە ٣ ملگم/ ١٠ مللیلتر تێپەڕی کرد ئەوا زەردووییەکە بە ئاشکرا لە چاودا دەبینرێت.

ھۆیەکانی زەردوویی:
١- زەردوویی پێش جگەر Pre-hepatic jaundice: واتە بە ھۆی تەقین یان تێکشکانی خرۆکەسوورەکانی خوێن. بۆ نمونە: مەلاریا، تالاسیمیا، G٦PD. ئەم نەخۆشانە کەمخوێنیشیان ھەیە جگە لە زەردوویی.
٢- نەخۆشی ناو جگەر Hepatic (خانەکانی جگەر): ھەوکردنی ڤایرۆسی جگەر جۆرەکانی (A، B، C)، لەم ھەرێمەدا جۆری A لە ھەموویان بڵاوترە.
٣- زەردوویی دوای جگەر Post-hepatic and cholestatic jaundice (پەنگ خواردوو): لە ئەنجامی گیرانی ڕێڕەوە بچووک یان گەورەکانی جگەر (کە زەرداویان پێدا دەروات). ھەروەھا گیرانی بۆری سەرەکی زراو کە دەگات بە دوازدەگرێ.زۆربەی ئەو نەخۆشانە زەردووییەکەیان زۆرە و ڕەنگی پێستیان زەردێکی سەوزباو دەردەکەوێت و پیساییەکەیان کاڵ دەبێتەوە و میزەکەیان وەک ڕەنگی چای تۆخ وایە.


نەخۆشی زەردووی

نەخۆشی زوردویی کە منداڵ یان گەورە تووشی دەبێت ئەوەیە مادەی (البیلیرۆبین) زیاد دەکات، لەخوێنی مرۆڤ کە مادەیەکی ڕەنگ زەردە.
ماددەی (البیلیرۆبین) چییە؟
(البیلیرۆبین) مادەیەکە لەشی مرۆڤ بەشێوەیەکی ئاسایی دروستی دەکات لەشکاندنی خڕۆکە سورەکانی ناو خوێن‌و جگەر (الکبد) وەریدەگرێت‌و لەڕێگەی پیسی لەلەش دەری دەکاتە دەرەوەو لەمکارە ئاساییە ڕێژەی (البیلیرۆبین) دەمێنێت لەسنوری ئاسایی بەتایبەت لەحاڵەتی منداڵی تازە لەدایکبوو ڕەنگی زەرد دەردەکەوێت لەمنداڵەکەدا.

لەکاتی لەدایکبوونی منداڵدا زۆربەی ئەو منداڵانە تووشی ڕەنگ زەردی دەبن لەپێستیان‌و ناوچاویان‌و ئەوەش لەوڵاتی خۆمان پێی دەوترێت نەخۆشی (زەردویی)و لەچەند وڵاتێکی دیکە پێی دەگوترێت (الیرقان).

زۆر جار ئەم نەخۆشیە دوای یەک ڕۆژ لەمنداڵی تازە لەدایکبوو دەردەکەوێت یان دوای دوو یان سێ یان چوارەم ڕۆژ دوای لەدایکبوونی منداڵکە دەردەکەوێت.

ئەگەر نەخۆشی زەردویی لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵکەدا دەرکەوت ئەوا دەبێت ئەو منداڵە لەنەخۆشخانەدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت‌و بزانرێت بۆچی ئەو نەخۆشیە دەرکەوت لەو منداڵەو چارەسەری بکرێت‌و چارەسەری ھۆکارەکەشی بکرێت.

ھۆی نەخۆشی (زەردویی) چییە؟
بێگومان ھۆکاریی ئەمجۆرە نەخۆشیە زۆرە، بەڵام گرنگترین ھۆیەکانی بریتین لە (زەردویی فسیۆلۆجی ئەم ھۆیەش دەتوانین پێی بڵێین کە زۆرترین حاڵەتەو دەگەڕێتەوە بۆ کێشە لەجگەری منداڵە تازە لەدایکبووەکە، یان بەباشی جگەری منداڵەکە کارناکات، یان بەشێوەیەکی ئاسایی دروست نەبووە بۆیە لەم حاڵەتە جگەر ناتوانێت مادەی البیلیرۆبینە زیادەکە وەربگرێت‌و فڕێی بداتە دەرەوەی لەش، ھەروەھا زیادبوون‌و دروستبوونی مادەی البیلیرۆبین لەو قۆناغەدا لەژیانی منداڵەکەدا بەھۆی زیادبوونی مادەی (ھیمۆگلۆبین) لەکاتی لەدایکبوون‌و زیادبوونی وەرگرتنی مادەی (البیلیرۆبین)ە لەڕیخۆڵکەکان لەکاتی زیادبوونی ئەو مادەیەش دەبێتە ھۆی زەردبوونی پێست‌و ناو چاوی منداڵەکە.

شیری دایکیش جاریوایە دەبێتە ھۆی دەرکەوتنی ئەو نەخۆشیە لەبەرئەوەی شیری دایک دەبێتە ھۆکاری سەرەکی بۆ وەرگرتنی مادەی (البیلیرۆبین) لەڕیخۆڵکەکان و دەیگەڕێنێتەوە بۆ خوێن.

کۆبوونەوەی خوێن بەشێوەیەکی زۆر لەسەرو پێستی منداڵەکە لەکاتی لەدایکبوونی منداڵەکە بەشێوەیەکی نائاسایی کەپێی دەوترێت (تعسر الولادە) چەند ھۆیەکیتریش کەپەیوەندی ھەیە بەنەخۆشەکانی وەک (الانیمیا الفولیە)، یان کێشەیەک ھەبێت لەیەکەکانی خڕۆکە سورەکان لەناو خوێن، ھەروەھا چەند ھۆکارێکیتریش ھەن پەیوەندیان ھەیە بەجگەرەوە.

چۆن دەزانین منداڵی تازە لەدایکبوو تووشی زەردویی بووە؟
ڕەنگی منداڵکە لەڕەنگی ئاسایی خۆی کە مەیلەو سورە دەبێتە مەیلەو زەرد باشتر دەردەکەوێت ئەگەر بەھەندێک ھێز دەست بکەینە سەر لوتی منداڵکە یان سەر پێستی سنگی بۆ ئەوەی ڕەنگە زەردییەکە دەرکەوێت، یەکەم دەرکەوتنی ئەو نەخۆشیەو ڕەنگی زەرد دەردەکەوێت لەدەموچاو و ناو چاوی منداڵەکەو کەم کەم ڕەنگە زەردیەکە دادەبەزێتە خوارەوە بۆ سنگ و تاکو دەگاتە ھەردوو قاچی.
مەترسی نەخۆشی زەردویی لەسەر منداڵ؟

بەزۆری نەخۆشی زەردویی‌و لەمنداڵی تازە لەدایکبوودا حاڵەتێکی ئاساییەو ھەر لەخۆیەوە نامێنێت، بەڵام ئەگەر مادەی (البیلیرۆبین) زۆربوو لەخوێن ئەوا دەبێتە مایەی مەترسی‌و نەخۆشی (زەردویی) زۆر مەترسی دەبێت‌و دەبێتە ھۆی کۆبوونەوەی مادەی (البیلیرۆبین) لەمێشکی منداڵ‌و مێشکی منداڵەکە زەرەرمەند دەبێت‌و تووشی خەلەلی مێشکی دەبێت یان شەلەل.

چارەسەرکردنی
یەکەمجار دەبێت بزانین تا چ ڕادەیەک منداڵەکە زەردویی ھەیە ئەگەر لەسنوری ئاسایی بوو ئەوا ھیچ مەترسیەکی نییە، بەڵام دەبێت چاودێری بکرێت بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر، لەیەکەم پشکنین ئەگەر زانیمان ڕێژەی نەخۆشیەکە لەحاڵەتی ئاسایی زۆرتربوو ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێت شیری دایک نەدرێتە منداڵکەو دەستبکرێت بەچارەسەرکردنی تیشکی تایبەت بەنەخۆشی زەردویی کە تەنھا لەنەخۆشخانەکان ھەیە، ئەگەر ڕێژەی زەردوییەکە زۆربوو ئەوا دەبێت ھەموو خوێنی منداڵەکە بگۆڕدرێت.
5007 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/06/2015
زیاتر...
1