پیتی  ش
شێرپەنجە
شێرپەنجە چییە؟

دەستپێک:
شێرپەنجە، لەنێو زمانی کوردیدا زیاتر بەزاراوە عەرەبییەکەی (سەرەتان) ناسراوە، ئەو زاراوەیەی کە دڵی ھەمووان رادەچڵەکێنێت، شێرپەنجە لەبری وشەی لاتینی (tumor) بەکاردێت، بریتییە لەو گۆڕانکارییانەی بەسەر خانەکان یان شانەکانی ئەندامێکی لەشدا دێت. بەبێ جیاوازی لەوانەیە ھەموو کەسێک توشی جۆرێک شێرپەنجە ببێت.

ھەرچەندە زۆربەی زۆری ئەوانەی توشی شێرپەنجە دەبن وادەزانن کە بەھۆی نەخۆشییەکەوە دەمرن، بەڵام ئەمڕۆ بەھۆی پێشکەوتنی زانستی، مێتۆدی نوێی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنەوە شێرپەنجە مانای مردن نییە، بەڵام لەوانەیە ببێتە ھۆی مردن.

ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی پزیشک پێیان رادەگەیەنێت کە توشی شێرپەنجە بوون راستەوخۆ بەو ھەواڵە ناخۆشە نامرن، بەڵام ھەندێکیان چەند ساڵێک بەئاسایی دەژین و لەو ساڵانەدا کە نەخۆشن زانیارییەکی باش لەبارەی نەخۆشییەکەیان فێردەبن.

زۆربەیان ئەو راستییە دەزانن و تێدەگەن کە نەخۆشن و رۆژێک دێت ئەوانیش وەک کەسانی تر ژیانیان کۆتایی پێبێت، ئەو نەخۆشانەی کە ئاگاداردەکرێنەوە بەھۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەوە لەماوەیەکی کورتی نادیاردا گیانلەدەستدەدەن، بۆ ئەوانە ھەواڵێکی زۆرناخۆشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەخۆشی واھەبووە زۆر ئازایانە چاوەڕوانی مردنی کردووەو نەترساوە.

ئەنجامی توێژینەوەکان و ئامارەکان ئەو راستییە دەردەخەن کە پاشئەوەی پزیشک تاکەکان ئاگاداردەکاتەوە کە ئەو کەسە شێرپەنجەیەتی، زۆربەی زۆری نەخۆشەکان تێڕوانینیان بۆ ژیان دەگۆڕدرێت، ھەوڵدەدەن ستایلی ژیانیان بگۆڕن و بایەخ بە گەلێگ شت بدەن، بەڵام لەزۆربەی زۆری بارەکاندا لای ئەوان پارەوسامان بایەخی نامێنێت!!.

لەم ساڵانەی دواییدا ئامارەکان ئەو راستییانە دەخەنەڕوو کە ژمارەی منداڵانی شێرپەنجەدار لەزیادبووندایە، بەڵام خۆشبەختانە توانراوە زۆربەی زۆریان چاکبکرێنەوە. بۆ نموونە لە سوید لە ٤ منداڵی شێرپەنجەدار بەڕێی جیاوازی چارەسەرکردن ٣ یان چاکدەکرێنەوە.

ھەرچەندە لە کوردستاندا ھۆکاری زۆر ھەیە بۆ دەرکەوتنی جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە، بەڵام تا ئەمڕۆ زانستییانە نەتوانراوە ئاماژە بە ھۆو ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی شێرپەنجە لە کوردستاندا بکرێت.

خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دواییدا برای بەڕێزم پرۆفیسۆر ئەنوەر شێخە لەھەوڵی بێوچاندایە بۆ پێگەیاندنی کۆمەڵێک پسپۆر لەم بوارە گرنگەداو ھیوادارم ھەمووان ھاریکاری بکەن بۆ ئەوەی لەدواڕۆژێکی نزیکدا بەشێک لەو کەلێنە گەورەیەی تەندروستی دانیشتوانی کوردستان پڕبکاتەوە.

میکانیزمی دروستبوونی شێرپەنجە (١)
لەشی مرۆڤ لەچەند کۆئەندامێک پێکھاتووەو ھەریەکێکیان لە چەندین ئەندام (ئۆرگان)ێک دروستبوون و ئەمانیش لەچەندین ملیار خانە پێکھاتوون. بەپێی شوێنەکانیان خانەکان لە لەشدا ئەرکی جیاواز ئەنجامدەدەن. کاتێک خانەیەک پیردەبێت و دەمرێت خێرا خانەیەکی تر وەک خانە مردووەکە شوێنی دەگرێتەوەو ھەمان کاری خانە مردووەکە ئەنجامدەدات. لە ئەنجامی دابەشبوونی خانەکان لەنێو لەشدا خانەی نوێی سەربەخۆ دروستدەبن، بەڵام ئەوەندە خانەی نوێ دروستدەبێت کە لەش پێویستییەتی.. خانەیەکی ساخ دەزانێت کەی پێویستە دابەشببێت، کەی پێویستە دابەشبوونەکە رابگرێت و کەی دەمرێت، بەوشێوەیە برینێک ساڕێژ دەبێت یان چاکدەبێتەوە. کاتێک برینێک ساڕێژ دەبێت ئەو ساخانە لە دابەشبوون دەکەوێت یان دەوەستێت. تێکچوونی شێوەی دابەشبوونی ئەو خانانەی پێشوتر باسمان لێوە کرد، دەبێتە ھۆی شێرپەنجە. لەمبارەدا خانەیەکی پێشووی ساخ بەھەڵە دەست بە دابەشبوون دەکات و نازانێت کەی پێویستە ئەو دابەشبوونە بوەستێت یان کەی دەمرێت. بێ کۆنتڕۆڵکردن و بێ راوەستان بەردەوام خانەکە خۆی دابەشدەکات. ژمارەیەکی لەڕادەبەدەر خانە دروستدەبێت و پاشتر دەبێتە پێکھاتوویەکی بچووک کە ناونراوە شێرپەنجە (Tumor) ئەم شێرپەنجەیەش نەوەی نوێی مێتاستاس (Metastas) دروستدەکات و لەڕێی خوێنەوە دەگوێزرێتەوە.

ئەوەی راستی بێت لە لێوکیمیادا شێرپەنجە دروستنابێت، لەبەرئەوەشە مێتاستاس دروستنابێت، بەڵام لێوکیمیا دەتوانێت بەنێو لەشدا بڵاوببێتەوەو بگاتە کۆئەندامی ناوەندیی دەمار (مێشک) و ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادبوونی پەستانی نێو کەللـەی سەرو ھۆیەکە بۆ دەرکەوتنی ژانەسەرو ھێڵنجدان.

ھۆکارەکانی نەخۆشییەکە:
چەندین ھۆکارو ھۆ ھەن کە بەشی خۆیان مەترسی توشبوون یان دەرکەوتنی شێرپەنجە زیاد دەکەن. بۆ نموونە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦  توێژیارانی سوید ئەنجامی توێژینەوەیەکیان بڵاوکردەوە کە ٨٠ ھەزار کەس بەشدارییان تێدا کردبوو، لەو توێژینەوەیەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە خواردنەوەی ھەموو جۆرەکانی ساردیی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی پەنکریاس زیاد دەکات، ئەوە جگە لەچەندین گازی چەکی کیمیایی و ژاراویدی، ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل، جگەرەکێشان، ڤایرۆس، ئەنتیبایۆتیک، پاشماوەی کیمیایی کارگەی پێترۆکیمیایی و ئەتۆمییەکان، پیسبوونی ژینگە، بۆماوەیی و ھتد...، کەم یان زۆر رۆڵیان لە دەرکەوتن یان زیادبوونی شێرپەنجەدا ھەیە.

لەلایەکی ترەوە چەندین ھۆکاری نەزانراو دەبنە ھۆی دەرکەوتنی نەخۆشییەکە یان ھۆکاری یارمەتیدەرن و مەترسی دەرکەوتنی شێرپەنجە زیاد دەکەن.

ئەنجامی زۆربەی زۆری توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆر خواردنی میوە، سەوزە، ماسی، پەتاتەو مۆز زۆر بەسوودە بۆ مرۆڤ لەبەرئەوەی دەبێتە ھۆی زیادکردنی بەرگری لەشی مرۆڤ. ھاوکات کەم خواردنی گۆشتی گا، مانگاو بەراز مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە کەمدەکەنەوە.

خڕۆکەی سپی (لێوکۆسایت)
پێکھاتەیەکی گرنگی خوێنن، ئەم خڕۆکانە رۆڵی بەرگریکردنی لەشیان لەئەستۆدایە، وەک سەرباز بەرگری لە لەش دەکەن دژی بەکتریا، ڤایرۆس و میکرۆئۆرگانیسمەکانی تر، ژمارەیان لە گەورەو لە منداڵدا جیاوازە، ئەگەر بێتو نائاسایی ژمارەیان زیاد ببێت ئەوا زۆری ژمارەیان رێخۆشکەر دەبێت بۆ ھەوکردن و شێرپەنجە.

خڕۆکەی سوور
ئەم خڕۆکانە رۆڵی گواستنەوەی ئۆکسجینی لەنێو لەشدا لەئەستۆدایە، ژمارەیان لە گەورەو لە منداڵدا جیاوازە. کەمبوونەوەی ژمارەیان لەنێو لەشدا دەبێتە ھۆی کەمخوێنی و ئەوکات مرۆڤ ھەست بە ماندووبوون و شەکەتی لەش دەکات و ھاوکات نەخۆش رووخساری زەرد یان سپی ھەڵدەگەڕێت.

خەپلەکانی خوێن (ترۆمبۆسایت)
رۆڵی سەرەکی ئەم خەپلانەی خوێن لە رۆڵی خڕۆکە سپیەکان کەمتر نییە، ئەمان دەبنە ھۆی چاکبوونەوە یان دروستکردنەوەی خانە تێکدراوەکان (بریندارەکان). ژمارەیان لە گەورەو لە منداڵدا جیاوازە. ئەگەر ژمارەیان کەمببێتەوە ئەوا دەڵێن مرۆڤ خوێنەکەی کاڵبۆتەوە ئەوکات بەئاسانی خوێنی بەردەبێت و ئەگەر شوێنێکی بریندا ببێت ئەوا بەناڕەحەتی خوێنەکەی دەگیرسێتەوە.. ئەگەر مرۆڤ ئەم نیشانانەی ھەبوو ئەوا پێویستە پەیوەندی بە پزیشکەوە بکرێت:

 گرێی بنباخەڵ، ناوگەڵ، گونەکان، مەمک، یان لامل کە بێ ئازارن و پەیوەندیی بە ھەوکردنەوە نییە.
 خوێنبەربوون، تف و بەڵغەمی خوێناوی، میز یان پیسایی خوێناوی، خوێنبەربوونی نێوان مەھەکی مانگانەی ئافرەتان، خوێنبەربوونی کۆئەندامی زاووزێی ئافرەتی بەساڵاچوو.
 گۆڕانکاریی سەر پێست و خاڵ، کاتێک گۆڕانکارییەکە یان خاڵەکە ناڕێکوپێکە، رەنگی دەگۆڕێت، گەورە دەبێت، خوێنی لێدێت یان دەخورێت، دەرکەوتنی برینێکی ھۆنەزانراو کە چاکنابێتەوە.
 کۆکەو دەنگ نوساندن لە ٢ ھەفتەدا تەواونابێت، لە مرۆڤی بەساڵاچوودا، ماوەیەکی درێژ گیراوە (قەبزە) یان سکی دەچێت بێ ئەوەی ھۆکەی بزانرێت.
 گیروگرفتی قووتدان کە پەیوەندی بە ھەوکردنی مەرازەکانیان گەرووەوە نییە.
 گیروگرفتی میزکردن کە پەیوەندی بە میزەڕۆسۆەوە نییە، یان ئەوەتا میزەکە پچڕپچڕ یان کەم دەکات.
 تالێھاتنی تولانی بێئەوەی ھۆکەی بزانرێت. (تالێھاتن بەشێکی ئاسایی کۆئەندامی بەرگریی لەشە).
 تێکچوونی ئیشتیھای خۆراک خواردن.
 نیشانەی ناڕوونی کۆئەندامی دەمار وەک ئازاری درێژخایەن، گۆڕانکاریی لە کەسایەتی نەخۆشدا، تێکچوونی ھەستی مرۆڤ بێ ئەوەی ھۆکەی بزانرێت.

جێی باسە، دەرکەوتنی نیشانەکانی شێرپەنجە ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت، بەڵام خۆشبەختانە ئەمڕۆ چەندان مێتۆدی جیاجیا ھەن بۆ چارەسەرکردنیان. بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیھان (WHO) ساڵانە نزیکەی ١١ ملیۆن مرۆڤ دەستنیشانی شێرپەنجەیان بۆ دەکرێت - ساڵانە نزیکەی ٧ ملیۆن کەس بە شێرپەنجە گیان لەدەستدەدەن، نزیکەی لە ١٢.٥% ی رێژەی مردنی دانیشتوانی جیھان دەگەڕێتەوە بۆ شێرپەنجە. ھەمان رێکخراو وا مەزەندە دەکات کە ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ١٦ ملیۆن کەس توشی شێرپەنجە دەبێت.

بەرتەکی دەروونی شێرپەنجە
کاتێک مرۆڤ لەلایەن پزیشکەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە توشی نەخۆشییەکە بووە، تەنانەت ئەگەر مرۆڤ خۆشی بۆ ئامادە کردبێت، ئەوا سەرەتا بەرتەکێکی دەروونی وەک سەرلێشێواوی و نائارایی دەروونی لا دروستدەبێت، کە ھەندێکجار مەحاڵە نەخۆش کۆنترۆڵی خۆی بکات. لە زۆربەی بارەکاندا نەخۆش نێگەتیفە بەرانبەر شێرپەنجەو وای نیشاندەدات کە ئەو توشی ئەوجۆرە نەخۆشییە نابێت. بەڵام کاتێک کە لای رووندەبێتەوە توشی شێرپەنجە بووە، ئەوکات خەمبار، بێزەوق، نائارام و توڕەیشی تیادا دەردەکەوێت.

بەپێی پسپۆڕانی ئەم بوارە، باشتروایە کە نەخۆش گوێڕایەڵی ئامۆژگارییەکان و ئەو دەنگە باشانە بێت کە سووکنایی دەروونی پێدەدەن. تەنانەت کاتێک چارەسەرکردن دەستپێدەکات ئەوکات شێرپەنجەدار دووچاری نائارامییەکی تر دەبێت، باشتروایە نەخۆش پەیوەندی بە پزیشک یان کارمەندانی نەخۆشخانەوە توندتربکات بە مەبەستی راوێژو دڵنەوایی. زۆربەی شێرپەنجەداران ھەوڵدەدەن بەپێی تواناو کات سوود لە خۆراک، خۆشی، گەڕان، وەرزش و گوێ لە موزیک وەربگرن بۆ ئەوەی تەندروستییان باشتر بێت.

ئازار لە شێرپەنجەدا
یەکێک لەو گیروگرفتە چارەسەرنەکراوانەی کە دێتە رێی پسپۆڕو کارمەندانی پسپۆڕی شێرپەنجە، بریتییە لە ئازاری شێرپەنجەدار. جاری واھەیە نەخۆش ئەوەندە ئازارشکێن وەردەگرێت پێویستدەکات لە جێگەدا بمێنێتەوەو وەک مردووی لێدێت یان خوو بە ئازارشکێنەکانەوە دەگرێت.

بەڵام لەوانەیە ژمارەیەک نەخۆش زۆر بەھێزبن و بەرگەی ئازارەکەیان بگرن و جارجارێک بکەونە سەرو بگەڕێن یان چەند کاژێرێک کاربکەن. ئەوەی راستی بێت زۆربەی زۆری شێرپەنجەکان کەم یان زۆر دەبنە ھۆی ئازار. زۆرجار شێرپەنجەیەک گەورە دەبێت پەستان دەخاتەسەر دەمارێک و ئەوکات بە ئازاری دەماری نێودەبرێت.

کاتێکیش شێرپەنجەکە پەستان دەخاتەسەر ئۆرگانێک ئەوا ئازاری ئۆرگانیی دەردەکەوێت. بەڵام کاتێک نەخۆش ئەوەندە دەناڵێنێت بەھۆی نیشانەکانی شێرپەنجەکەیەو ئەوکات ئەو ئێش و ئازارە جۆرێک ئازار پەیدا دەکات کە ناسراوە بە ئازاری دەروونیی. ئەوە جگەلەوەی ھەندێک نەخۆش شەرمنن و ناوێرن یان لەڕوویان نایەت باسی نەخۆشییەکەیان بکەن و دەروونیان ئازاریان دەدات و لەبەرئەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان سنووردار دەکەن، ئەمەش دەبێتە ھۆی دەرکەوتنی جۆرێک ئازاری کۆمەڵایەتی. لە ھەندێک باردا ئازاری نەخۆش بەھیچ ئازارشکێنێک تەنانەت بە مۆرفین دانامرکێتەوە، ئەوکات نێوی ئازاری نادامرکاوەی لێدەنرێت.

جۆرەکانی شێرپەنجە
١- شێرپەنجەی باش، واتە (BenignTumor).
٢- شێرپەنجەی خراپ، واتە (MalignantTumor). 

جیاکردنەوەی شێرپەنجەکان
ئەوەی راستی بێت نزیکەی ٢٠٠ جۆر شێرپەنجە ھەیە، لە مرۆڤی بە ساڵاچوودا شێرپەنجە ئاسایییە بەڵام لەوانەیە لە ھەموو تەمەنێکدا دەربکەوێت، گرنگترینیان ئەمانەن بەڵام ژمارەیەکیان تایبەتن بە باسەکەمان:
١- شێرپەنجەی ژنان: شێرپەنجەی مەمک، ماسولکە گرێی منداڵدان، ھێلکەدانەکان، منداڵدان (دەم، مل یان پاشکۆ)، گوڵینک، میزەڵدان و گرێی مەمک.
٢- شێرپەنجەی پیاوان: پرۆستات و گونەکان.
٣- شێرپەنجەی گەدەو ریخۆڵەکان: شێرپەنجەی پەنکریاس، جگەر، نێوپۆشی گەدە، ریخۆڵە ئەستورەو کۆم.
٤- شێرپەنجەی پێست: مالیگن میەلانۆم و شێرپەنجەی پێست.
٥- شێرپەنجەی تر: لێوکیمیا، لیمفۆم، گورچیلەکان، مێشک، سییەکان، سورێنچک، نێوپۆشی بۆری ھەناسەو مەرازەکان.

مێژوو
* نزیکەی ١٥٠٠ ساڵ پ.ز بۆ یەکەمجار لەبارەی شێرپەنجە نووسراوە.
* پاش پشکنینی پەیکەری ئێسکی مۆمیاکراوەکان جێی شێرپەنجە دیاریکراوە.
* نزیکەی ١٠٠ ساڵ پاشتر باوکی پزیشکیی ھیپۆکرات دەڵێت: شێرپەنجە بریتییە لە تێکچوونی ھەر ٤ شلەکانی نێو لەش (رەش، زەرداوی زراو، خوێن ول یک).
* ساڵی ١٦٥٨ بۆ یەکەمجار توانرا خوێن گواستنەوە لەنێوان گیانلەبەراندا ئەنجامبدرێت.
* ساڵی ١٦٦٧ بۆ یەکەمجار خوێن لە مەڕێکەوە گواسترایەوە بۆ مرۆڤ .
* ساڵی ١٦٢٠، Jean Louis Petit ئاماژەی بەوە کرد چۆن شێرپەنجەی مەمک بۆ گرێ لیمفەکانی بنباڵ بڵاودەبێتەوە.
* ساڵی ١٨٠٩ پزیشکی ناسراوEfraim McDowille سەرکەوتووانە بە نەشتەرگەریی توانی یەکەم شێرپەنجەی ھێلکەدانەکانی ئافرەتێک لاببات کە نزیکەی ١٠ کیلۆگرام بوو.
* ساڵی ١٨٩٩ھەردوو Tage Sjögren وThor Stenbeck یەکەم شێرپەنجەی پێستیان لەجیھاندا خستەڕوو.
* ساڵی ١٩٥٦ یەکەم نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک ئەنجامدرا.

ئەو ڤایرۆسانەی دەبنە ھۆی شێرپەنجە
ھەمووان ئەو راستییە باش دەزانن کە ڤایرۆسەکان بەشێکی گرنگ لە میکرۆئۆرگانیسمەکان پێکدەھێنن و کەم یان زۆر دەبنەھۆی ھەوکردنی (کتوپڕ یان تولانی)، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئەو راستییەش سەلمێنرا کە ژمارەیەک لە ڤایرۆسەکان دەتوانن ببنەھۆی چەندان جۆری شێرپەنجە.

ھەرچەندە ڤایرۆسەکان دەتوانن بەڕێی جیاواز مرۆڤێکی لەشساغ توشی ڤایرۆسەکە بکەن، بەڵام کاتێک ڤایرۆس دەبێتە ھۆی شێرپەنجە، ئەوا ئەو شێرپەنجەیە لەیەکێکەوە ناگوێزرێتەوە بۆیەکێکی ترو کەسی تر توشناکات، ئەوەی دەگوێزرێتەوە تەنھاخودی ڤایرۆسەکەیە.

ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان زانستی پزیشکی ٢٥ ساڵ پێش ئێستاو ئەمڕۆ، دەبینین کە پێشکەوتنێکی بەرچاو ئەنجامدراوەو زۆر سوودی بەنەخۆش و پزیشکیش گەیاندووە. ئەنجامی توێژینەوەکانی ساڵانی رابردوو توانیان زیاتر زانیاری لەبارەی ڤایرۆسەکان بڵاوبکرێتەوە، ئەم پێشکەوتنانەش بووەتەھۆی دروستکردنی چەند کوتانێکی بەسوودو بەکار کە ئەمڕۆ دانیشتووان بەمەبەستی خۆپاراستن بەکاریدەھێنن.

ھەرچەندە دەیان ڤایرۆس ھەن و دەبنەھۆی چەندان نەخۆشی، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ باسەکەمان ئەو ڤایرۆسانەن کە دەبنەھۆی شێرپەنجەو خۆشبەختانە توانراوە کوتان دژی دووانیان دروستبکرێت. بەمشێوەیە دەتوانرێت رێگە لەبڵاوبوونەوەی ھۆی شێرپەنجەکان بگیرێت، ئەوکات رێژەی توشبوون بەشێرپەنجە کەمدەبێتەوە. ئەوەی راستی بێت گەلێک ئاستەم لە رێگادا ھەیە بەڵام توێژیاران لەمبارەدا دەستەو ئەژنۆ رانەوەستاون و ھێدی ھێدی ئەنجامی ساڵانی رابردوویان ئەمڕۆ بڵاودەکەنەوەو زۆربەی زۆری پسپۆڕانی ڤایرۆس و شێرپەنجە زۆر لەجاران گەشبینترن.

گرنگترین ڤایرۆسەکان
١- ڤایرۆسی Epstein-Barr virus (EBV، ڤایرۆسێکە لە جۆری ٤ـەمی کۆمەڵە ڤایرۆسی تامسکییەکان. دەبێتەھۆی نەخۆشی مۆنۆنوکلیۆس، تایبەتە بە لاوی ١٥-٢٥ ساڵان. زۆرجار ناوی (نەخۆشی ماچ)یشی لێنراوە.

رێگەکانی گواستنەوە 
ڤایرۆسەکە راستەوخۆ لەکاتی ماچکردندا بەئاسانی لەلیکی ناودەمەوە دەگوێزرێتەوە. ھەروەھا بەڕێگەی خوێن و چاندنی مۆخی ئێسکدا ڤایرۆسەکە دەگوێزرێتەوە.

ڤایرۆسەکە دەبێتە ھۆی:
١- لیمفۆمی خانەکانی B-Cells lymphoma بەڕێژەی ١٠٠% ڤایرۆسەکە لەناو لیمفۆمەکەدا دۆزراوەتەوە.
٢- لیمفۆمیھۆدکین Hodgkins Lymphoma بەڕێژەی ٤٠-٥٠% ڤایرۆسەکە لەناو لیمفۆمەکەدا دۆزراوەتەوە.
٣- لیمفۆمی خانەکانی T) T -Cells lymphoma بەڕێژەی ٣٠-٤٠% ڤایرۆسەکە لەناو لیمفۆمەکەدا دۆزراوەتەوە.
٤- شێرپەنجەی ناو لوت و گەروو (Nasopharynx Cancer) بەڕێژەی ١٠٠% ڤایرۆسەکە لەناو ھەردوو شێرپەنجەکەدا دۆزراوەتەوە.
٥- شێرپەنجەی گەدە (Stomach Cancer) بەڕێژەی ١٠% ڤایرۆسەکە لەناو شێرپەنجەکەدا دۆزراوەتەوە.
پێویستە مرۆڤ ئاگاداری خۆی بێت، نەخۆش ماچ نەکات و نەھێڵێت نەخۆشیش ماچی بکات.

کوتان:
تا ئەمڕۆ کوتان دژی ڤایرۆسەکە نییە.
سەرنج/ لیمفۆم جۆرێکە لە شێرپەنجەو لیمفی ناو خوێن دەگرێتەوە.

٢- ڤایرۆسی پاپیلۆممرۆییجۆری ١٦ و١٨، ڤایرۆسێکە بەناوی (HPV,Humanpapillomavirus)، تا ئەمڕۆ ١٠٠ جۆری ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراوە.

رێگەکانی گواستنەوە
ڤایرۆسی پاپیلۆمیش رۆژانە لەزیادبووندایەو بە (نەخۆشی دواڕۆژ) ناسراوە. ھۆی زۆربەی شێرپەنجەی ملی منداڵدانی ئافرەتان دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ١٦ و ١٨ ڤایرۆسی HPV کە لە رێگای پەیوەندی زایەندییەوە توشی مرۆڤ دەبێت.

رێژەی ڤایرۆسەکە لەناو شێرپەنجەکەدا لەسەرو ٧٠% یە. بەڵام جۆری ٦ و ١١ دەبێتە ھۆی بالوکەی سەر کۆئەندامی زاوزێ کە بە GenitalWarts ناسراوە.

توێژینەوەیەکی ئینیستیتوتی کارۆلینسکەی سویدی (١١) کە لەساڵی ٢٠٠٦ دا بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو کەسانەی توشی جۆری ١٦ ی ڤایرۆسی ناوبراو بوون و جگەرە دەکێشن، ئەوا مەترسی توشبوونیان بەشێرپەنجەی ملی منداڵدان ٢٧ جار زیاتر دەکات.

کوتان:
پاش چەندین توێژینەوەو شەونخونی، خۆشبەختانە لەمانگی سێپتەمبەری ٢٠٠٦ دا ئەوروپاییەکان باشترین کوتان بەناوی (Gardasil) واتە (Grad-ah-sil) یان پەسەندکرد، کە ناھێڵێت ئافرەتان توشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بکات.

بەپێی بەرپرسانی ئەوروپا کچان و ژنانی تەمەن ٩ تا ٢٦ ساڵان دەتوانن خۆیان بەم کوتانە (ڤاکسینە) نوێیە بکوتن کە لەماسولکە دەدرێت و ١٠٠% بەرگری دژی ڤایرۆسەکە پەیدا دەکات بۆ ئەوەی دواتر توشی نەبن.

ھەندێک پسپۆڕی ئەم بوارە لەسەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٠٦ دا دەنگیان بەرزکردەوەو داوا لە کاربەدەستانی تەندروستی ئەوروپایی و ئەمریکاییەکان دەکەن کە کوڕانیش وەک کچان بکوترێت و ھاوکات پێویستە ئەم کوتانە بخرێتە پرۆگرامی کوتانەکانی تەمەنی منداڵییەوە لەبەرئەوەی (٩و١٠):
١- کاتێک کوڕان توشی ڤایرۆسەکە دەبن پاشتر ئەوان کچان توش نەکەن.
٢- بۆ ئەوەی ژمارەی بالوکەی سەر کۆئەندامی زاوزێ کەمببێتەوە.
٣- کوتانەکە کچان و کوڕانی لاو لە شێرپەنجەی کۆم دەپارێزێت.

تەنھا لەم بارانەدا کوتانەکە بەکاردەھێنرێت:
* شێرپەنجەی ملی منداڵدان.
* نائاسایی یان گۆڕانکاری لە خانەکانی ملی منداڵداندا (Cervical Lesions)
* نائاسایی یان گۆڕانکاری لە خانەکانی گوڵینکدا (Vaginal Lesions) 
* نائاسایی یان گۆڕانکاری لە خانەکانی(Vulvar Lesions) 
* بالوکەی سەر کۆئەندامی زاوزێ (Genital Warts)

کوتانەکە ھیچ بەرگرییەک ناداتە ئەو کەسانەی کە توشی ڤایرۆسەکە بوون، پێویستە ھەرکەسێک سێ دەرزی لەخۆی بدات، بەمشێوەیەی خوارەوە:
* رۆژی یەکەم دەرزییەکی ٠.٥ میلیلیتر دەدرێت لە ماسولکەی باڵ یان سمتی کچەکە یان ژنەکە.
* دوو مانگ پاش دەرزی یەکەم، دووەم دەرزی ٠.٥ میلیلیتر دەدرێت لە ماسولکەی باڵ یان سمتی کچەکە یان ژنەکە.
* شەش مانگ پاش دەرزی یەکەم، دوادەرزی ٠.٥ میلیلیتر دەدرێت لە ماسولکەی باڵ یان سمتی کچەکە یان ژنەکە.

تێبینی:
نابێت بەھیچ جۆرێک ئەو کوتانە بدرێت لە خوێنھێنەر (iv)ی مرۆڤ.
پسپۆڕانی ڤایرۆسزانی دەڵێن کوتانەکە زۆر بەسوودە پێش ئەوەی کەنیشک، کوڕ یان ژنێک توشی جۆرە ناوبراوەکانی ڤایرۆسەکە بووبێت.

نیشانەی لاوەکی: ئازارو سوربوونەوەی شوێنەکە، تالێھاتن، بێتاقەتی، تەنگەنەفەسیش تۆمارکراوە.

توێژینەوە:
ئەنجامی نوێترین توێژینەوەی سویدییەکان کە لەمانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦ دا (٧) بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ڤایرۆسی HPV فاکتۆرێکی مەترسیدارە لە زیادبوونی ژمارەی شێرپەنجەی مەرازەکان (tonsillar cancer) . ئەنجامی وەرگرتن و پشکنینی خانەی مەرازەکانی چەندان نەخۆشی ستۆکھۆڵم لە ساڵانی ١٩٧٠-٢٠٠٢ دا دەیسەلمێنن کە ئەو کەسانەی شێرپەنجەی ناوبراویان ھەبووە لە تاقیگەدا ئاماژەی پێکراوە کە جۆری ١٦ ی ڤایرۆسی HPV فاکتۆرێکی گرنگ بووە لە دەرکەوتنی نەخۆشییەکەیاندا، لەبەرئەوەی ڤایرۆسەکەیان لە شێرپەنجەکەدا دۆزیوەتەوە.
توێژیارانی سویدی وای بۆدەچن کە ھیوا زۆرە لە دواڕۆژێکی نزیکدا ھەمان کوتان بۆ شێرپەنجەی مەرازەکانیش بەکاربھێنرێت.

٣- ڤایرۆسی زەردوویی جۆری B، ئەم ڤایرۆسە سەر بە خێزانی (Hepa DNA virus)ـە، کە ٣ جۆر ئەنتیجێنی تایبەتی ھەیە، ھاوکات لەشی مرۆڤ دژ بەم ئەنتیجینانە ٣ جۆر دژەتەن دروستدەکات، تیرەی ڤایرۆسەکە ٤٣ نانۆمیترەو بە پەردەیەکی ٧ نانۆمیتری دەورەدراوە. تەنھا لە ئەمریکادا ساڵانە نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەس توشی ئەمجۆرە زەردووییە دەبن و نەخۆشییەکە لە ھەموو جیھاندا ھەیە. نزیکەی ٢٠- ٣٠%ی دانیشتوانی ئەوروپا لە قۆناغێکی ژیانیاندا توشی ئەمجۆرە زەردووییە دەبن. زایەند یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە چونکە ڤایرۆسەکە لە سپێرم و شلەی ناو گوڵینکی توشبوودا ھەیە، ھەروەھا لەنێو نەخۆشییە زایەندییەکاندا پاش فەرەنگی و سوزەنک ئەمجۆرە زەردووییە بە پلەی سێھەم دێت. بەپێی نوێترین سەرژمێری (ر.ت.ج) نزیکەی ٣٥٠ ملیۆن نەخۆش لە جیھاندا ھەبووە.

لە کوردستاندا رێژەی توشبووان یان ھەڵگرانی ئەم ڤایرۆسە نەزانراوە، ھۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئاماری توشبووان، دواکەوتوویی باری تەندروستی دانیشتوان و کەمی یان نەبوونی کوتانی دژی ڤایرۆسەکە. 
دەتوانین بڵێین کە ھۆی فرە بڵاوبوونەوەی ئەمجۆرە زامەی جگەر، زایەندە، چونکە زایەند یەکێکە لەو رێگەیانەی کە ئەم ڤایرۆسەش دەگوێزێتەوە، واتە رێگاکانی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسەو ڤایرۆسی HIV لەیەک دەچن. زانستییانە سەلمێنراوە کە ئەم ڤایرۆسە بە رێژەی لەسەرو ٩٠% ـەوە لەنێو شێرپەنجەی جگەردا ھەیە.

کوتان
نزیکەی ١٣ کوتان دژ بە زەردوویی جۆری B ھەیە، ناسراوترینیان ئەمانەن: 
١- دەرزی Engerix-B لە شێوەی دەرزیەکی یەکجاریدایە. 
٢- دەرزی H-B-Vax ئەمیش لە شێوەی ١٠ مایکرۆگرامدایە.
٣- دەرزی HBIG لە ھەموو بارەکانی زەردوویی B دا دەدرێت لە مرۆڤ. 
٤- ڤایرۆسی زەردوویی جۆری C
ڤایرۆسەکە سەر بە خێزانی (Flavivirus)ـەو نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا ھەڵگری ڤایرۆسەکەن، نزیکەی ٤,٩ ملیۆنیان لە ئەمریکا دەژین و نزیکەی ١٠ ملیۆنیش لە ئەوروپای خۆرئاوا دەژین. بڵاوترین زەردووییە لەنێو ئەو کەسانەدا کە رۆژێک لەڕۆژان خوێن یان فاکتۆری خەستیان وەرگرتووە، ئەو راستییەش سەلمێنراوە ئەو کەسانەی کە چەند ساڵێک لەمەوبەر گاماگلۆبولینیان وەرگرتووە بەڵام ئەوجۆرە گاماگلۆبولینە لە جیھاندا تۆمارنەکراوە ئەوا توشی ئەم زەردووییە بوون. لە وڵاتانی خۆرئاوا نزیکەی ٢٠%ی ئەوانەی کە زەردوویی کتوپڕیان توشبووە، تووشی ڤایرۆسی C بوون. ٣٠% ھەموو چاندنەکانی جگەر دەگرێتەوە بۆ سۆ بەم ڤایرۆسە. ھەوکردنەکە زیاتر لە باشوری ئیتالیاو میسردا تۆمارکراوە. ھۆی توشبوون بەم ڤایرۆسە دەگەڕێتەوە بۆ بەکارھێنانی دەرزی پەنگکێشان. تا ئەمڕۆ ٦ جۆری genotype و ژمارەیەکیش subtype ی ڤایرۆسی C دۆزراوەتەوە. 

کوتان:
تا ئەمڕۆ کوتان دژی ڤایرۆسی جۆری C نییە.

٥- ڤایرۆسی تامیسکی جۆری ٨، ئەم ڤایرۆسە بە ژمارە ٨ ی ڤایرۆسی تامیسک ٨ (HHV-٨) human herpesvirus ناسراوە. ڤایرۆسێکی Gammaherpesvirusـە لە ساڵی ١٩٩٤ لە ئەیدزدارێکدا دۆزراوەتەوە ئەمیش زۆر زانیاریی تەواوی لەسەر بڵاونەبووەتەوە، چونکە تا ئەمڕۆ توێژینەوە لەسەری بەردەوامە.
ئەنجامی توێژینەوەکانی ساڵی ١٩٩٧ ئاماژەی پێدەکەن کە ڤایرۆسەکە لەنێو لیکی نێو دەمدا ھەیەو ئەمیش بە رێگەی زایەندی بڵاودەبێتەوە. لە ساڵی ١٩٩٦-١٩٩٧ دا دەرکەوتووە ڤایرۆسەکە توشی مرۆڤی لەشساغ و HIV پۆزەتیڤیش دەبێت.

لە فێبرواری ١٩٩٧ دا لە باسێکدا نووسەر (٢) ئاماژەی پێدەکات کە لە بیست و چوار HIV پۆزەتیفی ھۆمۆڕەگەزبازدا ٦ یان HHV-٨ DNA یان لەنێو سپێرمدا دۆزراوەتەوە، ھەروەھا لە ١٥ نەخۆشی سارکۆمی کاپوسیدا ٣ یان HHV-٨ DNA یان تیادا دەستنیشانکراوە. لەھەمان باسدا شەش HHV-٨ DNA یان لە خوێندا دۆزیوەتەوە. لە ئەنجامی ئەم باسەدا گومان دەکرێت کە ڤایرۆسی ژمارە ٨ لە رێی زایەندەوە بگوێزرێتەوە.
ئەنجامی توێژینەوەکانی چەند توێژیارێک لە ئۆگەندا (٨) لە ساڵی ٢٠٠٦ دا بڵاوکراوەتەوە، دەیسەلمێنێت کە ڤایرۆسی ناوبراو لەڕێی خوێن گواستنەوەی مرۆڤێکی لەشساغ توشی نەخۆشییەکە دەکات.

ئەمجۆرە ڤایرۆسە لە تەمەنی منداڵیدا توشی مرۆڤ نابێت، بەڵکو زیاتر توشی گەورە ساڵان دەبێت. ھاوکات رونبووەتەوە کە زیاتر لەنێو ھۆمۆڕەگەزبازەکاندا بڵاوەو ئەوان توشی سارکۆمای کاپۆسی دەکات. ھەروەھا بۆیان دەرکەوتووە کە سارکۆمای کاپوسی توشی نائایدزدارانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.

٦- ڤایرۆسی (HTLV, Human T lymphotropic virus)، ئەم ڤایرۆسەش سەر بە خێزانی رێتڕۆڤایۆسەکانەو ٢ جۆرن (HTLV-I) و (HTLV-II)، جۆری یەکەمیان دەبێتە ھۆی شێرپەنجەی خوێنی خانەکانیT و لیمفۆم. بەڵام تا ئەمڕۆ نازانرێت ئایا جۆری دووەم دەبێتە ھۆی شێرپەنجە یان نا؟. ئەم ڤایرۆسە وەک ڤایرۆسیHIV نەخۆشی ئەیدز خانەکە ناکوژێت، بەڵام گەورەیان دەکات (دەئاوسێن).

زانستییانە سەلمێنراوە کە ڤایرۆسەکە بەڕێی زایەند، خوێن وەرگرتن و شیری دایکەوە دەگوێزرێتەوەو بە رێژەی ١٠٠% لەنێو شێرپەنجەکەدا ھەیە.

کوتان:
تا ئەمڕۆ کوتان دژی ڤایرۆسەکە نییە.

سەرچاوەکان
-١ د. زاھیر سوران، نەخۆشییە درمە زایەندییەکان، چاپی دووەم، ساڵی ٢٠٠٦ سلێمانی.
-٢ د. زاھیر سوران، نەخۆشییە درمەکان، چاپی دووەم، ساڵی ٢٠٠٦ سلێمانی.
١.LaszloSzekely, Mångafrågeteckenkringvirusorsakadcancer, Smittskydd, nr. ٤ ٢٠٠٦ , ١٢, ١٤.
٢. David j Blakborum, et al. Infections HHV-٨ in a healthy north American blood donor. Lancet ١٩٩٧; ٣٤٩: ٣٠٩-١١.
٣.LeslieCollierandJohnOxford: HumanVirology, Chapterfifteen, OxfordUniversityPress ١٩٩٣.
٤. MarkR. Etal: Detectionofhumanherpesvirus ٨ DNAinsemenfromHIV- infectedindividualsbutnothealthysemendoners, AIDS ١٩٩٧; ١١: f١٥-f١٩.
٥. Iwarson-Norrby, Infektionsmedicin, epidemiologi, klinik, terapi, Sverige, ٢٠٠٤.
٦.Gao S-J. et al: HHV-٨ antibodies among American, Italians and Ugandans with and thoutKaposisSarkoma, Nature Med. ١٩٨٥; ٢: ٩٢٥-٩٢٨.
٧. Läkertidningen, Nr ٤٠, ٤ oktober ٢٠٠٦, volym ١٠٣.
٨. NEnglJMed. ٢٠٠٦;٣٥٥:١٣٣١-٨. 
٩.Lancet ٢٠٠٦; ٣٦٨:١٢١٢.
١٠.Läkartidningennr.٤٤, ١-٤ nov. Sverige ٢٠٠٦, vol ١٠٣.
١١.www.dagensmedicin.se © ٠٦١١١٦.


ئامادەکردنی/ د.زاھیر سۆران
پسپۆری نەخۆشییە درمەکان، پسپۆری پزیشکی گشتیی/ ستۆکھۆڵم

لە ئەرشیفی (گۆڤاری خاک)ـەوە

سەرچاوەکان
١. Cancer, cancer fonden. Stockholm ١٩٩٨.
٢. Malignt Lymfom. cancerfonden, Stockholm. ١٩٩٩.
٣. Gun Leander, Leva med cancer. Stockholm.٢٠٠٣.
٤. www.dagensmedicine.se © ٠٦١١٢٧.



3630 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/06/2015
زیاتر...
1