پیتی  ز
به‌رزه‌ په‌ستانی‌ خوێن-زەخت
Hypertension
بەرزە پەستانی خوێن ( زەخت)

پێناسە ی بەرزە پەستانی خوێن:
بەرزە پەستانی خوێن : بریتیە لە بەرزبوونەوەی پەستان لە خوێنبەرەکاندا .( خوێنبەرەکان : ئەو بۆریچکانەن کە خوێن لە دڵەوە دەگوێزنەوە بۆ خانە و شانەکانی لەش).
بەرزە پەستانی خوێن شتێکی زۆر بڵاوەو نەخۆشیەکی درێژ خایەنە لە سەرانسەری جیھاندا . لەوانەیە کەسێک بەرزە پەستانی خوێن ی ھەبێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەبێ ئەوەی ھیچ نیشانەیەکی ھەبێت . بەڵام ئەو کەسانەی بەرزە پەستانی خوێن یان ھەیە و چارەسەر وەرناگرن یان بە شێوەیەکی نا ڕێک و پێک چارەسەر وەردەگرن ئەوا دوای چەندین ساڵ ئەگەری تووشبونیان بە نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتەی دەماغ ھەیە .
بەرزە پەستانی خوێن دوای چەندین ساڵ دروست دەبێت لە زۆربەی خەڵکیدا دروست دەبێت , بەڵام خۆشبەختانە بەئاسانی دەست نیشان دەکرێت , ھەر کە زانیت بەرزە پەستانی خوێنت ھەیە پێویستە پابەند بیت بە ڕێنماییەکانی پزیشکەکەت .
بەرزە پەستانی خوێن ٣/١ ی خەڵکی تووش دەکات بە نمونە لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٧٣ ملێون کەس بەرزە پەستانی خوێنیان ھەیە.

-
پەستانی خوێن :

بەشێوەیەکی ئاسایی بریتیە لە و جیاوازی پەستانەی نێوان ئەو خوێنەی دڵ پاڵی پێوە دەنێت( سیستۆلیک) و ئەو ھێزەی لەدیواری خوێنبەرەکاندا ڕووبەڕووی ئەو پەستانی خوێنە دەبێتەوە( دایستۆلیک)
پەستانی خوێن: بە ئامێرێک دە پێورێت پێی دەوترێت ( سفیگمۆ مانۆمیتر) وە بە یەکەی ( ملم جیوە ) دەپێورێت.
بەشیوەیەکی ئاسایی بەم شێوەیە:
سیستۆلیک= ١٢٠
دایستۆلیک=٨٠
واتە : ٨٠/١٢٠

بەرزە پەستانی خوێن : ئەگەر سیستۆلیک لە ١٤٠ زیاتر بێت و دایستۆلیک لە ٩٠ زیاتر بێت .

-

نیشانەکانی بەرزە پەستانی خوێن :

زۆربەی ئەو کەسانەی بەرزە پەستانی خوێنیان ھەیە ھیچ نیشانەیەکیان نیە لەکاتێکدا کە پەستانی خوێنیان زۆر بەرزە .
ھەرچەندە ھەندێک کەس کە پەستانی خوێنیان زۆر بەرزەتووشی ئەم حاڵەتانە دەبن :
١- سەریەشە .
٢- خوێن بەربوونی لووت .
٣-ھەست بە گێژبوون و بێھێزی .
٤- تەڵخ بوونی بینین .
٥- تەنگە نەفەسی .
٦-دڵ تێکەڵاتن .

-

ھۆکارەکانی بەرزە پەستانی خوێن:

دوو جۆر بەرزە پەستانی خوێن ھەیە:
primary Hypertension ١- بەرزە پەستانی خوێنی سەرەتایی
ئەم جۆرەیان ٩٥% حاڵەتەکانی بەرزە پەستانی خوێنە
ئەم جۆرەیان لە بەرزە پەستانی خوێن تائێستا ھۆکارێکی دیاریکراوی نییە کە دروستی بکات , بەڵکوو ووردە ووردە بە تێپەربوونی ساڵ درووست دەبێت .
Secondart Hypertension٢- بەرزە پەستانی خوێنی دووەمی :
ئەم جۆرەیان ٩٥% حاڵەتەکانی بەرزە پەستانی خوێنە
ئەم جۆرە لە بەرزە پەستانی خوێن یەھۆی ھەندێک نەخۆشی دیکەوە درووست دەبێت , وە ئەم جۆرە لە بەرزە یەستانی خوێن لەپڕ درووست دەبێت .
ئەمانەی خوارەوەش ھەندێکن لەو نەخۆشیانەی کە دەبنە ھۆی درووست بوونی ئەم جۆرە لە بەرزە پەستانی خوێن :
١-گرفتی گورچیلەکان .
٢-گرێی سەر ڕژێنەکانی سەر گورچیلە .
٣-ئەو کەسانەی نەخۆشی سکماکی بۆریەکانی خوێنیان ھەیە.
٤-ھەندێک دەرمانی وەک:
حەپی مەنع,کۆکاین , ئەمفیتامین .

ھۆکارە مەترسیدارەکان بۆ تووش بوون بە بەرزە پەستانی خوێن :
١- تەمەن :
بەرزە پەستانی خوێن لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا زیاد دەکات .
لە ئافرەتدا زیاتر دوای نەمانی سووڕی مانگانە ( واتە دوای ئەوەی ئافرەت دەگاتە ئەوتەمەنەی کە سووڕی مانگانەی نامێنێت)
بەڵام لە پیاودا لەتەمەنی دوای ٤٠ ساڵیەوە ڕوودەدات
٢- ڕەچەڵک :
بەرزە پەستانی خوێن زیاتر لە ڕەش پێستەکاندا ھەیە بە بەراورد بە سپی پێست .
وە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی بەرزە پەستانی خوێنیش وەک( جەڵتەی دڵ, جەڵتەی مێشک ) زیاتر لە ڕەش پێستەکاندا ڕوو دەدات.
٣- بوونی بەرزە پەستانی خوێن لە خێزانەکەیاندا:
ئەو کەسانەی بەرزە پەستانی خوێن لە باوک و باپیران و دایک و داپیرانیان ھەیە زیاتر تووش دەبن وەک لەو کەسانەی کە بەرزە پەستانی خوێن لە خێزانەکانیان نییە .
٤- قەڵەوی و کێش زۆری :
ئەو کەسانەی زیاتر قەڵەون زیاتر تووشی بەرزە پەستانی خوێن دەبن , چونکە ئەو کەسانەی کە قەڵەون پێویستیان بە خوێنی زیاترە بچێت بۆ شانەو خانەکانی لەشیان بۆ پێدانی ووزە بۆ ئەو خانانە .لەبەر ئەوە ھەتا بڕی خوێنیش زیاتر بە بۆری خوێندا بڕوات پەستانیش زیاتر دەبێت لەسەر ئەو بۆریە خوێنە .
٥- ئەو کەسانەی کە ناچالاکن و وەرزش ناکە ن وناجوڵێن :
ئەو کەسانەی کە ناچالاکن و وەرزش ناکە ن وناجوڵێن زیاتر ئەگەری تووش بوونیان ھەیە بە بەرزە پەستانی خوێن .

٦- جگەرە کێشان :
ئەوکەسانەی جگەرە دەکێشن زیاتر ئەگەری تووشبوونیان ھەیە بە بەرزە پەستانی خوێن چونکە مادەی کیمیاوی و نیکۆتینی ناو جگەرە لە بۆری خوێنەکاندا دەنیشن و دیواری خوێنبەرەکان تەسک دەکەنەوە , ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادبوونی پەستانی خوێن .
تەنانەت جگەرە کێشی دەستی دووەمیش ئەگەری تووشبوونی ھەیە بە بەرزە پەستانی خوێن.
٧- خواردنی سوێر:
ئەوکەسانەی خواردنیان سوێرە و سۆدیومی زۆر تیایە ئەگەری توش بوونیان بە بەرزە پەستانی خوێن زیاتر دەبێت .
٨- ئەو کەسانەی‌لە خواردنیان بڕی پێویست پۆتاسیوم وەرناگرن :
چونکە پۆتاسیۆم بالانسی سۆدیوم ڕادەگرێت لەلەشدا ئەگەر بێتو بڕی پێویست پۆتاسیوم وەرنەگریت لە خواردنەکانت ئەوا سۆدیۆم لە خانەکانت بەرز دەبێتەوە و لە ئەنجامدا پەستانی خوێنت زیاد دەکات .
٩- ئەو کەسانەی‌لە خواردنیان بڕی پێویست ڤیتامین دی وەرناگرن :
چونکە ڤیتامین دی کاردەکاتە سەر ئەو ئەنزیمانەی کە گورچیلە درووستی دەکات و کاریگەری لەسەر پەستانی خوێن ھەیە , ئەگەر بێتو بڕی پێویست ڤیتامین دی وەرنەگریت لە خواردنەکانت ئەوا و لە ئەنجامدا پەستانی خوێنت زیاد دەکات .
١٠- خوارنەوەی ئەلکھول :
بە تێپەڕبوونی کات خوارنەوەی ئەلکھول کاردەکاتە سەر دڵ و تێکی دەشکێنێت .
وە ھەندێک جار کە لە یەک دانیشتندا ئەو کەسە بڕێکی زۆر لە مەشروب بخواتەوە پەستانی خوێنی بەرزدەبێتەوە , چونکە خوارنەوەی ئەلکھول وا لەلەش دەکات جۆرێک ھۆرمۆن بڕێژێت کە پەستانی خوێن بەرزبکاتەوە.

١١-بوونی سترێس و قەلەقی:
بوونی سترێس و قەلەقی دەبێتە ھۆی زیادبوونی پەستانی خوێن .
١٢- ھەندێک حاڵەتی درێژ خایەنی تر وەک:
زیادبوونی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لەلەشدا , نەخۆشی شەکرە ,نەخۆشی گورچیلە.

-

تێبینی:
ھەندێک جار لەکاتی سک پریش بەرزە پەستانی خوێن درووست دەکات .
بەرزە پەستانی خوێن زیاتر لە گەورەدا تووش دەبێت , بەڵام لەوانەشە لە منداڵدا ڕووبدات بەھۆی نەخۆشی گورچیلە یان دڵەوە.

-

دەستنیشان کردن و دیاریکردنی بەرزە پەستانی خوێن:
پەستانی خوێن : بەشێوەیەکی ئاسایی بریتیە لە و جیاوازی پەستانەی نێوان ئەو خوێنەی دڵ پاڵی پێوە دەنێت( سیستۆلیک) و ئەو ھێزەی لەدیواری خوێنبەرەکاندا ڕووبەڕووی ئەو پەستانی خوێنە دەبێتەوە( دایستۆلیک)
. پەستانی خوێن: بە ئامێرێک دە پێورێت پێی دەوترێت ( سفیگمۆ مانۆمیتر) وە بە یەکەی ( ملم جیوە ) دەپێورێت.
بەشیوەیەکی ئاسایی بەم شێوەیە:
سیستۆلیک= ١٢٠
دایستۆلیک=٨٠
واتە : ٨٠/١٢٠

بەرزە پەستانی خوێن : ئەگەر سیستۆلیک لە ١٤٠ زیاتر بێت و دایستۆلیک لە ٩٠ زیاتر بێت .
تێبینی : لەکاتی پێوانی پەستانی خوێندا پزیشکەکەت دەتوانێت پشکنینی کۆلیسترۆڵ و ھێڵکاری دڵیشت بۆ بکات .

-

چارەسەرکرنی بەرزە پەستانی خوێن :

گۆرانکاری لە ستایلی ژیان بەرگری دەکات لە بەرزبونەوەی پەستانی خوێن و ڕێکی دەخات, بە ڕەچاوکرنی ئەم خاڵانە :
١-خواردنێکی تەندرووست :
بە خواردنی میوە , سەوزە, کەمکردنەوەی خواردنی سوێر , کەمکردنەوەی خواردنی چەوری
٢-کەمکرنەوەی کێشی لەش :
بەکەمکردنەوەی بۆ نمونە ٣ کیلۆ پەستانی خوێن دا دەبەزێت
٣- وەرزش و جووڵان :
ڕۆژانە نیو کاتژمێر وەرزش و چالاکی پەستانی خوێن کەم دەکات
٤-دوورکەوتنەوە لە ئەلکھول : چونکە پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە , چونکە تەنانەت ئەگەر زەختیشت نەبیت ئەلکھول بەرزی دەکاتەوە .
٥- وازھێنان لە جگەرە کێشان : چونکە مادە کیمیاویەکانی ناو جگەرە دیواری خوێنبەرەکان تێکدەشکێنێت و تەسکی دەکاتەوە و پەستانی خوێن زیاد دەکات .
٦- ھەوڵ بدە سترێس و قەلەقی کەم بکەیتەوە لە مێشکت. چونکە سترێس پەستانی خوێن زیاد دەکات
٧-باشتر وایە لە ماڵەوە جیھازی پێوانی پەستانی خوێنت ھەبێت و زوو زوو چاودێری پەستانی خوێنەکەت بکەیت .
٨- ئیسراحەت کردن .
٩-وەرگرتنی دەرمانەکان کە پزیشک بۆی داناویت بە ڕێک و پێکی و لە کاتی خۆیدا .
١٠-سەردان کردنی پزیشک بە شێوەیەکی ڕێک و پێک .

-

دەرەنجامە ترسناکەکانی بەرزە پەستانی خوێن :
١-جەڵتەی دڵ و جەڵتەی دەماغ :
بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و کۆنترۆڵ نەکردنی بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە ھۆی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی دەماغ, چونکە دەبێتە ھۆی گرتنی بۆری خوێنبەرەکان .

٢- شکست بوونی دڵ: بەھۆی ئەوەی دڵ لەو کەسانەی بەرزە پەستانی خوێنیان ھەیە زیاتر ھێز بەکاردێنێت بۆ پاڵ پێوەنانی خوێن ئەو کاتە بە تێپەڕبوونی کات ماسولکەکانی دڵ دەئاوسێن و ئەستوور دەبن و شکستی دڵ دروست دەبێت .

٣-تەسک بوونەوەی بۆریە خوێنەکان لە گورچیلەدا : ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە گورچیلە نەتوانێت کارەکانی خۆی بە تەواوی ئەنجام بدات.
٤- تەسک بوونەوەی بۆریە خوێنەکان لە چاودا : ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە بینین لاواز بکات وە شەبەکەی چاو تێک بدات .
٥-ئەو کەسانەی بەرزە پەستانی خوێنیان ھەیە بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن بیرکردنەوەیان لاوازدەبێت و تێگەشتن لاوازدەبێت لەو کەسانەدا.
٦- ئەو کەسانەی بەرزە پەستانی خوێنیان ھەیە زیاتر تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن وەک لە کەسانی ئاسایی, چونکە ئەو کەسانەی بەرزە پەستانی خوێنیان ھەیە ڕێژەی ئەنسولین کە م دەبێتەوە لەلەشیاندا.

ئامادەکردنی:دکتۆر سۆران محمد غریب
5143 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/05/2015
زیاتر...
1