پیتی  م
من کێم؟
من کێم؟

ھاوبیر کامەران

-
ئێمە بە نەزانیەکی زۆرەوە ، بە لەبیرچونەوەیەکی زۆرەوە ، بە ئازارێکی زۆرەوە لەدایک دەبین و ھەندێکمان ئازاری بێ باوکی یان بێ دایکیش دەچێژین . دێینە ژیانەوەو ئازار لەدوای ئازار سەر ھەڵدەدات. ئازاری منداڵی و نەبونی ھەمو شتێک لەبەردەستدا ، ئازاری کاتی ھەرزەکاری و چەپاندنی جنسی ، ئازاری پێکەوەنانی خێزان و دروستکردنی منداڵ و بەخێو کردنی ، ئازاری پیری و دامەزراندنی کچ و کوڕ لە ژیانێکی بەناو خۆشدا ، ئەمە سەرەڕای ھەزاران جۆری نەخۆشی و ناخۆشی . لەدوا ھەمو ئەمانەش مردن کە ھەرچیت خواردوە لە پێکەنین و خۆشی و پێکەوەبون و دۆستیی لە پشتە ملتەوە دەری دەکێشێتەوە. خۆ ئەگەر وەکو ھیندۆسی و بودی و یەھودی و یەزیدی و جینی و شینتۆیی و کاکەیی و یۆگیەکان بروات بە لەدایک بونەوەی بەردەوام ھەبێت ئەوە ئازارەکان ھەزارقات دەبنەوە .
ئەمە ئەگەر بەسەرزارەکی بژیت . خۆ ئەگەر کەمێک بیر لە ژیان بکەیتەوە کە زیاتر ترادیژیایەکی عیرفانیە تا یاریەکی منداڵانە ، ئەوا بۆت دەردەکەوێت کە جیابونەوەی مرۆڤ لە ھەقیقەت و ھاتنە خوارەوەی ئاگایی ئەو بۆ روکارە زۆر کەمو کورتەکانی ئاگایی و نەبونی ھیچ جۆرە زانینێکی برواپێکراو کەلە ھەستەکانەوە پێی دەگات . ئەگەر بە دیقەتەوە بکۆلێنەوە لەو ئازارە قوڵەی کە مرۆڤی تێکەوتوە بەشێوەیەک کە ھیچ مرۆڤێک نادۆزیتەوە کە نەگریابێت ، ئاھی بۆ شتێک یان ھەزاران شت ھەڵنەکێشابێت ، پێش مردنی کارێکی بە ناتەواوی بەجێ نەھێڵابێت ، ئەوا بۆت دەردەکەوێت کە ژیان پڕە پڕە لە ئازارو نەھامەتی و پیری و نەخۆشی و ناخۆشی . بەھەزاران بەکتریاو ڤایرۆس و تەقینەوەی کەونی و نەیزەک و گڕکان و لافاو و زەمین لەرزە و خەڵکی خراپ دەوری ئێمەیان داوە بێجگە لە تەکنەلۆژیا و پیس بونی ژینگەو نەبونی ھەوای پاک و ئارامی زاتی و کەونی کە ھەمویان خەتەرێکی گەورەن لەسەر ژیانی ئێمە و لەوانەیە ھەریەک لەوان بەلەحزەیەک کۆتایی بەژیانی ھەزاران بێنێت . بەڵام ….
لەگەڵ بونی ھەمو ئەم ئازارو نەھامەتی و خەتەرانە لەسەر ژیانمان ھێشتا بەھەزاران و بە ملیۆنان ساڵ مرۆڤ ھەوڵی داوە بژی و ھێشتاش دەژی .بۆچی ؟ئایا ھەریەک لە ئێمە گەشتوینەتە بروایەک کە ژیان قابیلی ژیان و بەسەر بردنە ؟ ئایاگەشتوینەتە بروایەک کە بەنەوەیەکی دوای خۆمان بڵێین فەرمو لە رێگەی حەزە سێکسیەکانی ئێمەوە بێنە دونیاوە ؟ بۆچی دەژین ؟ ژیان بێجگە لە کۆمەڵێک ئەزمون کە مریشک و ورچ و مامزەکانیش ئەزمونی دەکەن چی تری پێبەخشیوین ؟ بەدرێژایی ئەم سێ ھەزارساڵی رابردوە بێجگە لە ٥٠٠٠ شەری کاولکەر چیمان زیاد کرد ؟ باڵەخان ؟ نەمانی ئارامی ؟ ونبونی بێدەنگی لادێکان ؟ پیس بونی ھەوا ؟ نەمانی پێکەنینێکی ڕاستگۆیانە کە ھەزارانمانی دوچاری نەخۆشی دەرونی کردوە ؟ شێتی ناوبازارەکان ؟ قوربانیەکانی شەڕی بازرگانی و نەوت ؟ یەکتر سەربرین و کەلەلا کردن بەناوی رۆحانیەت و دینەوە ؟ حەلاڵکردنی کوشتن بەناوی تۆڵە و شەرەف و سنورو نیشتمانەوە ؟ لەدەستدانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو درەخت و سروشتەی کە تیای دەژین ؟ ئەمانەبون دەستکەوتەکانی ئێمە لەم چەند ھەزار ساڵەی رابردودا . سوپاس بۆ مرۆڤ کە ئەمانە لە ھونەرە بەرزەکانی ئەون : ھونەری شەڕ ، چۆنیەتی تیرەباران کردن ، شێوازەکانی خۆدەوڵەمەند کردن ، گریاندنی ھەزاران ھەژار بۆ پێکەنینی منداڵە روتەڵەیەکی دەوڵەمەند کە لە نازو مەکر زیاتر ھیچی بە ژیانی ئەو ھەسارەیە نەبەخشیوە کە ھێندەی نەماوە بەھۆی درۆی سیاسیەکان و شەڕی نەوت و ئاوەوە لەناوبچێت .
کەچی ھێشتا مرۆڤ دەیەوێت بژی و ھەمو توانای خۆی دەخاتە گەر بۆ ژیان .

-
ئایا ھەرگیز لەخۆتت پرسیوە بۆچی ؟
سەدان و ھەزاران رێگە ھەن بۆ چارەسەری نەخۆشیە دەرونی و ئەقڵیەکان ، ئایا پرسیوتە چین ئەو رێگایانەی کە مرۆڤێکی لاوازی گرگنی وەک ئەم مرۆڤە دروست دەکەن کە ھەمو شتێک پێی دەوێرێت ؟
لەراستیدا گرنگ نیە بژیت ، بەڵکو گرنگە بزانیت چۆن و بۆچی دەژیت . وەک چۆن گرنگ نیە بچیت بۆ لای پزیشک ھێندەی ئەوەی بزانیت بۆچی و چۆن دەچیتە لای پزیشک . ژیان جادوە ، جادوێکی سەیر ، پەیامی جادوو ھەمیشە شاراوەیە و تەنھا ئەو کەسانە کەشفی دەکەن کە دەبنە جادووگەر ، ئەوەی نەبێتە جادوگەر لە پەیامی ژیان ناگات و ئەوەشی لەپەیامی ژیان نەگات نازانێت چۆن و بۆ دەژی ، ئەوەشی نەزانێت بۆ دەژی و چۆن دەژی وەک وایە نەژیابێت ، ھەربۆیە ھیندیەکان دەلێن ئەوەی نەزانێت چۆن و بۆچی دەژی دیسان دوا مردن دێتەوە ژیان و ئەو ئازارە دەچێژێت تا بە تەواوی تێدەگات .
کاتی ئەوەیە بیر لەوە بکەینەوە کە ئایا بەو جۆرەی کە پێویستە ئێمە ژیاوین یان بەو جۆرەی کە راھاتوین دەژین . دەبێت لەو خاڵە تێبگەین کە ئەگەر لەناوەوە لەو ھاوکێشە ئالۆزە تێنەگەین ئەوا ھیچ کام لە دەرمانە کیمیاییەکان و رێگە چارەسەرە دەرونیەکان ناتوانن دەردەکانی ئێمە چارەسەر بکەن . بپرسە لەوەی بۆچی بەدرێژایی سەدان و زیاتر لەوەش ھەزاران ساڵە پزیشک و دەرونناس و فەیلەسوفەکان دەیانەوێت نەخۆشیە جەستەیی و دەرونیەکانی مرۆڤ چارەسەربکەن ، بەڵام نەیانتوانیوە و بارە نائاساییە دەرونیەکانی وەکو رق و حەسودی و ترس و شەرم و خۆبەکم زانین و خەمۆکی تا ئێستاش لەگەڵ مرۆڤدا ماونەتەوە . بۆچی ؟ لەبەرئەوەی دەمانەوێت مرۆڤ پینە بکەین وەک چۆن کراسێکی دڕاو پینە دەکەن و دەمانەوێت بە چارەسەری بەشێک لە مرۆڤ مرۆڤێکی تازە دروست بکەین . ھەرگیز کراسێکی دڕاو بە پینەکردن تازە نابێتەوە بەڵکو تەنھا دڕاویەکەی دەشاردرێتەوە . گەر کراسێک پینە بکەیت دواتر چی ، ئایا بەشاردنەوەی دڕاوی ئەو کراسە لە خەڵکی دەتوانی بەخۆتی بسەلمێنیت کە کراسێکی تازەت لەبەردایە ، بێگومان نەخێر ، ھەمیشە کراسەکەت بە دڕاو دەزانیت . کەواتە ئێمە دەبێت سەر لەنوێ مرۆڤ بگۆرین و مرۆڤە کۆنەکە فرێ بدەین و کراسێکی تازە لەبەربکەین . ئەوەش بەوە دەبێت سەرچاوەی ئازارو نەھامەتیەکان دیاری بکەین . یۆگی پاتانجالی گەروە فەیلەسوف و عارفی ھیندی و ئەنیشتاینی گەورە فیزیکزانی جیھان لەو بروایەدان کە سەرچاوەی نەھامەتیەکان لە نەزانی زیاتر ھیچی تر نیە . نەزانی کاتێ کار دەکات دەبێت ھۆی پێکھێنانی گەورەترین کێشە کە سەرچاوەی کێشەکانە ئەویش ترسە لە مردن (کە بە سانسکرێتی پێی دەوترێت ئەبھیی نڤیشە) .
ترس لە مردن سەرچاوەی ھەمو ترسەکانی ترە لە ژیاندا ، ھێندە ترس لە دوا خۆی دروست دەکات کە ئێستا ژمارەیان لە زانستی دەروناسیدا بە زیاد لە ٦٠٠ جۆر ترس مەزەندە دەکرێت . ترس لە مردن ، ترس لە ژیان ، ترس لە خەڵک و کۆمەڵگە ، ترس لە نەخۆشی ، ترس لە ھەژاری ، ترس لە نەزانی ، ترس لە زانین ، ترس لە تەنھایی ، ترس لە پێشەوە چونی رۆحی ، ترس لە خودا ، ترس لە خێوو دێو ، ترس لە مێرولەو مێش و مار ، ترس لە رەشەبا و ترس لە روناکی ھتد ….
ھەموو ئەم ترسانە ژیانی ئێمە دەکەنە دۆزەخ ، بۆ نمونە ترس لە ھەژاری وا دەکات شەری نێوان سەرمایەدار و پرۆلیتار دروست ببێت و مرۆڤ ھەمیشە بیری لای ئەوە بێت کە لەوانەیە ئەگەر پارەی زۆری نەبێت لە یەکێک لە رۆژەکاندا بمرێت لە برسا . ترس لە نەزانی وادەکات ئێمە خۆمان بە کەسێکی دانا و زانا دەربخەین لەکاتێکدا ھیچ نازانین بۆ ئەوەی خەڵکی وا ھەست نەکەن ک ھیچ نازانین . ترس لە خودا وا دەکات لە بری ئەوی خوداکەمان خۆشبوێت و لەناسین و خۆشەویستیەوە بیپەرستین، بەپێەوانەوە لە ترسا سوجدەی بۆ دەبەین و عیبادەتی دەکەین . ترس لە تەنھایی وا دەکات ھەمو ژیانمان دابنێین بۆ پێکەوەبون لە کاتێکدا کەخۆمان بیر چۆتەوەو زیاتریش بیرمان دەچێتەوە . خەڵکیمان خۆش ناوێت بەڵکوبۆشایی کاتەکانی خۆمانیان پێ پڕدەکەینەوە تا تەنھا نەبین .
دەبێت چارەسەری ترس بکەین تا بتوانین چارەسەری نەزانی بکەین . ئەویش بەوەی بزانین ئێمە گەورەترین لە لەش و دەرون و ئەقڵ ، دەبێت بگەینە ئەو راستیەی ئێمە رۆحین و لەش تەنھا ھۆکارێکە بۆ کارکردنی ئێمە و دەرونیش کاردانەوەی ھەڵەو راستیەکانی نێوان لەش و رۆحەو ئەقڵیش میکانیزمی چارەسەری ھەڵەکانە و ھۆکارێکە بۆ رێکخستن نەک زیاتر .
زانستی تازەی فیزیای کوانتۆم و تیۆریەکانی ئەنیشتاین و ھایزن بێرگ و ستیڤن ھاوکینگ و ماکسویڵ و فیزیاییەکانی دواتر ئەوەیان سەلماند کە ئێمە لەش نین و لە بنەماوە لەش ھیچ راستیەکی زانستی نیە ، بەڵکو شتێکی تر کە زیاتر لە ئاگاییەوە نزیکە و خاوەن ھۆشیاری خۆیەتی سەرچاوەو بنەماو کۆنترۆڵکاری ئێمەیە .
ئەگەر رۆحانیەت مانایەکی ھەبێت بۆ ئێمە ئەوا مەولاناو ئیبن عەرەبی و حافز و نانک و لاوتزۆ و سوقرات و شری گۆسوامی و شری ئۆرۆبیندۆ و شانکاراچاریاو کانادا بودا و گاندی وعیسا لەو بروایەدابون کە مرۆڤ رۆحە نەک لەش . ئەگەریش زانست گرنگە لامان ئەوا وەک باسم کرد دوا دۆزینەوە زانستیە فیزیاییەکانی سەردەم ئەوە دەسەلمێنن کە لەش دەرکەوتەی بونێکە کە(١٠٠) ملیار ملیار جار بچوکترە لە پرۆتۆن ، ئەم یەکەیە خاوەنی ھۆشە . کەواتە ئێمەی مرۆڤ لە بنەماوە کائینێکی ھۆشدارین ، بەڵام ئایا ئێستا بە ئاگاین بەرامبەر ئەم ھۆشەی کە لێی بەرخوردارین ؟ بێ گومان لە زۆرینەی کاتەکاندا نەخێر . ھۆش یان ئاگایی خاوەنی شتەکانە ، نەک شتەکان خاوەنی ھۆش بن . ئێمە خاوەنی جیھانین نەک جیھان خاوەنی ئێمە بێت ، ئێمە خاوەنی ھەستە دەرونیەکانین نەک بارە دەرونیەکان خاوەنی ئێمەبن . ئاگایی پێویستی بە ھیچ نیە ، بەڵام ئێمە ھەمیشە بەو ھەستەوە دەژین کە پێویستمان بە شتگەلێکی زۆرو زەوەند ھەیە . ئاگایی خاوەنی خۆیەتی لەکاتێکدا ئێمە خاوەنی خۆمان نین و برسیەتی و تەماع ئەتوانن ھەمو شتێکمان پێ بکەن .کەواتە سەرەتای ئازارەکانی ئێمە لەوێوە دەست پێدەکات کە نازانین ئێمە کێن . ھەربۆیە سوقرات ھەمیشە دەیوت “خۆت بناسە” و ھیندیەکانیش بەردەوام دەیلێنەوە “کۆئەھام” واتە خۆت بناسە . خۆناسین کلیلی خۆشبەختیە . خۆناسین سەرەتای حیکمەتە و حیکمەتیش سەرەتای بونە و بونیش سەرەتای خۆشبەختی و ھەتاھەتایی .
یۆگا(Yoga) رێگەیەکە بۆ ھەستکردن بەم پرسیارە و رێگەیەکیشە بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە .
من کێم ؟ ئەو پرسیارەیە کە بەدەست کەوتنی وەڵامەکەی ھەمو کێشەکانی ئێمە چارەسەر دەکرێن و ژیان روناک دەبێتەوە ، ئەوکات تاریکی نامێنێت و ھەمو شتێک روناک دێتە بەرچاو . ئەو تاریکیەی ھەر خۆمان لە بێئاگاییدا بۆ خۆمانی دروست دەکەین . ئەو تاریکیەی سەرچاوەی رق و دوانەیی و ھەستی ترس و ھەزاران جۆر ئازاری دیکەیە . ئەرکی سەرشانمانە خۆمان بناسین و بزانین ئێمە کێین و ئەرکمان چیە لەم ژیانەدا . ئەوەی ئەرکی خۆی نەزانێت لەژیاندا دوچاری ئازارو دەردەسەری زۆر دەبێت و وەک وایە بە پێچەوانەی رەوتی دەریاوە مەلەبکات و ئەوەشی بزانێت چی دەکات و دەشبێت چی بکات ، ئەوا بە ئاسودەیی و ئارامی ھەمو ژیانی دەگوزەرێنێت ، و ئەمەش مەبەستی زانست و دینە . بە ئومێدی ئارامی بۆ ھەموان .

بە سووپاسەوە وەرگیراوە لە ماڵپەڕی دەروونناسی
2282 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
23/05/2015
زیاتر...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1