پیتی  خ
شێرپه‌نجه‌ی‌ خوێن
(leukemia) شێرپەنجەی خوێن

شێرپەنجەی خوێن چی یە ؟
شێرپەنجەی خوێن بریتی یە لە درووست بونی شێرپەنجە لەوخانانەی کە خوێن درووست دەکەن .
تێبینی/
بەشێوەیەکی ئاسایی ھەموو خانەکانی خوێن ( خرۆکە سوورەکان , خرۆکە سپیەکان ,پەڕەکەکانی خوێن ) لە مۆخی ئێسکەوە درووست دەبن ,ھەموو خانەیەکی خوێن دوای تەواوبوونی تەمەنی خۆی تێک دەشکێت و دەفەوتێت . .
بەڵام لەو کەسانەی کە دووچاری شێرپەنجەی خوێن دەبن پرۆسەکە بەم شێوەیەی لێ دێت
مۆخی ئیٍَسک خانە و خرۆکەی نائاسایی درووست دەکات , ئەم خانانەش بریتین لە خانەی شێرپەنجەیی.
ئەم خانە شێرپەنجەییانە سیفەتێکی نەخوازراویان ھەیە ئەویش ئەوەیە کە تێک ناشکێن و نافەوتێن و بڵاو دەبنەوە بەناو خانە ئاسییەکانی تری خوێن و دەبنە کۆسپ لەبەردەم ئیشی خرۆکە ئاساییەکانی خوێن .

-

زانیاری ژمارەیی/
لەساڵی ٢٠٠٠ دا ٢٥٦٠٠٠ کەس تووشی شێرپەنجەی خوێن بوون کە ٢٠٩٠٠٠ کەسیان مردن بەھۆی ئەو نەخۆشیەوە .
تەنھا لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ئەمریکا ٤٤,٢٧٠ حاڵەت دەستنیشان کرا.

کوڕ زیاتر تووشی ئەم نەخۆشیە دەبێت بەراورد بە کچ.

-

مێژوو/
Rudolf Virchow and John Hughes Bennett
ئەو دوو زانایە لەساڵی ١٨٤٥ نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنیان دۆزیەوە .

Emil J. Freireich Jr. and Emil Frei III
ئەو دوو زانایە لەساڵی ١٩٦٢ چارەسەری کیمیاویان بەکارھێنا بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن وە سەرکەوتوبون لە کارەکەیان.

-

جۆرەکانی شێرپەنجەی خوێن:

شێرپەنجەی خوێن بەگوێرەی ئەوەی کامیان زووتر و خێراتر گەشەدەکات و خراپتر دەبێت دابەش دەکرێت .
ئەویش یا درێژ خایەنە ( کەلەسەرخۆ گەشەدەکات و خراپ دەبێت ), یا کورت خایەن ( کەبەخێرایی گەشەدەکات و خراپ دەبێت )

ھەروەھا شێرپەنجەی خوێن دابەش دەکرێت بە گوێرەی جۆری ئەو خانە خرۆکە سپیەی کە شێرپەنجەکەی لێدرووست دەبێت , لە (خانە ی لیمفی خوێن یان لە مایلۆید سێڵ)ەوە درووست دەبێت .

١- Chronic lymphocytic leukemia (CLL):
کاردەکاتە سەر لیمفە خانەکان و بەھێواشی گەشەدەکات, ھەموو ساڵێک ١٥٠٠٠ کەس تووشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن.ئەوکسانەی تووشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن تەمەنیان لەسەرووی ٥٥ ساڵەوەیە . ھەرگیز لە منداڵدا ڕوونادات.

٢- Chronic myeloid leukemia (CML):
کاردەکاتە سەرمایلۆید سێڵەکان و بەھێواشی گەشەدەکات, ھەموو ساڵێک ٥٠٠٠ کەس تووشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن. ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن لەکەسانی پێگەیشتوو لەتەمەن دا ڕوودەدات .

٣- Acute lymphocytic (lymphoblastic) leukemia (ALL):
کاردەکاتە سەر لیمفە خانەکان و بەخێرایی گەشەدەکات, ھەموو ساڵێک ٥٠٠٠ کەس تووشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن. ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن بەشێوەیەکی سەرەکی لەمنداڵدا ڕوودەدات .لە گەورەشدا ڕوودەدات.

٤- Acute myeloid leukemia (AML):
کاردەکاتە سەر مایلۆید سێڵەکان بەخێرایی گەشەدەکات, ھەموو ساڵێک ١٣٠٠٠ کەس تووشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن. ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن لە منداڵ و گەورەشدا ڕوودەدات

Hairy cell leukemia:
جۆرێکی دەگمەنە لە شێرپەنجەی خوێن کەبە ھێواشی گەشەدەکات .

-

ئەو ھۆکارانە چین کەدەبنە ھۆی درووست بوونی شێرپەنجەی خوێن ؟

لەڕاستیدا تائێستا بەتەواوی نەزانراوە ھۆکاری سەرەکی تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن چی یە؟ وەنەشزانراوە بۆچی ھەندێک کەس تووشی شێرپەنجەی خوێن دەبن و ھەندێکی تر تووش نابن .بەڵام ھەندێک ھۆکاری مەترسیدار ھەیە کەئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەکات . ئەم ھۆکارانەش لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی تری شێرپەنجەی خوێن دەگۆڕێت .

-

Risk Factors ھۆکارە مەترسیدارەکان/
١- تیشکدان " ئەوکەسانەی بەر تیشک دەکەون ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاترە.
-وەکو ئەوانەی کە بەر بۆمبی ئەتۆمی دەکەون کە بڕێکی زۆر تیشکی لێ دەردەچێت بۆ نمونە ئەوەی لەیابان ڕوویدا لە جەنگی دووەمی جیھانیدا .ئەوکەسانەی بەرتیشکی بۆمبی ئەتۆمی دەکەون ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاترە بەتایبەتی ئەگەر لەمنداڵیدا بەریان بکەوێت.
- ھەروەھا ئەوتیشکەی کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە بەکاردێت ئەگەری تووش بون بە شێرپەنجەی خوێن زیاددەکات .
-تیشکی ئێکس ڕەی/ x ray

لێکۆڵینەوە تازەکان دەریانخستووە گرتنی ئەشیعەی بەشەکانی لەش وەکو ئەشیعەی سنگ و شوێنەکانی تر ئەگەری تووش بوون بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەکات .بەتایبەتی ئەگەر زۆر بەکاربێت.

٢- جگەرەکێشان/
ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەبێت .
٣- بەنزین /

ئەو کەسانەی ئیشی بەنزین دەکەن ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەبێت .
٤- چارەسەری کیمیاوی /

ئەو کەسانەی کە چارەسەری کیمیاوی وەردەگرن بۆ نەخۆشی شێرپەنجە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەبێت .
٥-مەغۆلی / down syndrome

ئەو کەسانەی کە مەغۆلیان ھەیە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەبێت .
٦- ئەوکەسانە کە لەخێزانەکەیاندا کەسێک ھەیە دووچاری شێرپەنجەی خوێن بووە ,ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.

تێبینی/

بوونی یەکێک یان زیاتر لەو ھۆکارانە مانای ئەوەنییە کەئەوکەسە تووشی شێرپەنجەی خوێن دەبێت بەڵام ئەوانە ھۆکاری مەترسیدار و یاریدەدەرن.
کەسی واھەیە ئەو ھۆکارانەشی تیایە و تووشی شێرپەنجەکەش نابێت.

-

نیشانەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن/
خانەی شێرپەنجەیی لە خوێندا ھەروەکو ھەرخانەیەکی تری ئاسایی خوێن دەتوانێت ھاتوچۆ بکات بە ھەموو شانە و خانەکانی لەشدا.نیشانەکانی نەخۆشیەکە پەیوەندی ھەیە بە ژمارەی ئەو خانە شێرپەنجەییانەوە .
ئەوکەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنیان ھەیە لەوانەیە ھیچ نیشانەیەکی نەخۆشیەکەیان تێدا دەرنەکەوێت بەڵام پزیشکەکە لەکاتی پشکنینی ڕۆتینی دەیدۆزێتەوە.
بەڵام ئەو کەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنی کورت خایەنیان ھەیە عادەتەن دەچن بۆلای پزیشک لەبەرئەوەی ھەست بەنەخۆشی دەکەن ,ئەگەر مێشک تووش بوبو ئەوا نەخۆشەکە ئەم نیشانانەی دەبێت / سەریەشە ,ڕشانەوە ,توانای ماسولکەکانی لەدەست دەدات ,پەرکەم.
ھەروەھا شێرپەنجەی خوێن کاردەکاتە سەر ئەندامەکانی تری وەک / کۆئەندامی ھەرس , گورچیلەکان , کۆئەندامی ھەناسە , دڵ.

-

لەبڵاوترین نیشانەکانی شێرپەنجەی خوێن بریتیە لە/
١-ئاوسان و گەورەبوونی لیمفە خانەکان بەتایبەتی لە مل و بنباڵ بێ بوونی ئازار .
٢-بوونی تا و ئارەقکردەنەوە لەشەودا .
٣-زوو زوو تووشی ئیلتیھابات ( سۆ) دەبن .
٤-ھەست کردن بە ھیلاکی و لاوازی .
٥-خوێن بەربوون بەئاسانی وەک خوێن بەربوون لە پووک ,دەرکوتنی پەڵەی سوور لەژێر پێست .
٦- ئازار و نارەحەتی و ئاوسان لە ناو سک ( ئاوسانی سپڵ و جگەر)
٧- دابەزینی لە پڕی کێشی لەش بێ بوونی ھۆکارێکی دیاریکراو .
٨-بوونی ئازار لە ئێسک وجومگەکانی لەشدا .

تێبینی / ئەم نیشانانەی باسمان کردن مەرج نییە تەنھا لەشێرپەنجەی خوێندا ھەبن بەڵکولەچەندین نەخۆشی تری لەشدا ڕوودەدەن , تەنھا پزیشک دەتوانێت دڵنیات بکات .

-

دەست نیشان کردنی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن/
ھەندێک جار پزیشک نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن لەکاتی پشکنینی ڕۆتین بۆ نەخۆشەکە دەیدۆزێتەوە.
ھەرکاتێک نەخۆش ھەستی کرد یەکێک لەو نیشانانەی سەرەوەی تێدایە ئەوا پێویست بە زووترین کات سەردانی پزیشکی تایبەت بکات بۆ دڵنیابوون .

ڕێگاکانی دەست نیشان کردنی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن/
١- پشکنینی سەرەتایی/
physical examination

لەم پشکنینەدا پزیشکەکە دەگەڕێت بەدوای گەورەبوونی لیمفەکان و سپڵ و جگەر .

٢- پشکنینی خوێن /
blood tests

complete blood count ( CBC ):
بۆ زانینی ژمارەی خرۆکە سپیەکان, خرۆکە سوورەکان , پەرەکانی خوێن .
لە شێرپەنجەی خوێندا ژمارەی خرۆکە سپیەکان زۆر زۆر زیاد دەکات بەڵام ژمارەی خرۆکە سوورەکان و پەرەکانی خوێن کەم دەکات .

٣- بایۆپسی /
Biopsy

بایۆپسی / بریتییە لەوەرگرتنی پارچەیەک لەلەشی زیندوو بۆ دیاریکردنی جۆری نەخۆشی.

لەم تێستەدا پزیشکەکە پارچەیەک شانە لە مۆخی ئێسک لە ئێسکی حەوز یان ھەر ئێسکێکی تر وەردەگرێت ( بەنجی مەوزوعی بۆ ئەو ناوچەیە دەکرێت کە پارچەکەی لێوەردەگرین بۆ ئەوەی ئازاری نەبێت ) پاشان پارچەکە دەنێرین بۆ پزیشکی شانەزان (پاسۆلۆجیست) بۆ دیاریکردنی جۆری شێرپەنجەکە . ( ئەم ڕێگەیە ڕێگەیەکە زۆر دەقیقە لە دیاریکردن شێرپەنجە)

٤- گرتنی تیشکی ئێکسی سنگ /
X ray

کەتێیدا ئاوسانی لیمفەکان دەردەخات .

٥- cytogenetics

لەم تێستەدا پزیشکی شانەزان (پاسۆلۆجیست) لەو پارچەیەی بۆی نێردراوە بۆ پشکنین کە لە مۆخی ئێسک وەرگیراوە , لەو پارچەیەدا دەگەڕێت بۆ بوونی کرۆمۆسۆمی نائاسایی کەلەھەندێک جۆری شێرپەنجەی خوێندا ھەیە . بۆ نمونە بوونی کرۆمۆسۆمی فیلادیلفیا لە شێرپەنجەی خوێنی جۆری CML

٦-Spinal tap
لەم ڕێگەیەوە پزیشک دوای پێدانی بەنجی مەوزوعی لە پشتی نەخۆشەکەو دەرزیەکی باریکی درێژ بەکاردێنێت بۆ وەرگرتنی شلەی CSF لە بڕبڕەی پشت دەینێرێت بۆ پزیشکی شانەزان (پاسۆلۆجیست)
بۆ دیاریکردنی خانەی شێرپەنجەیی لەو شلەیەدا .

-

چارەسەری شێرپەنجەی خوێن :

چارەسەری شێرپەنجەی خوێن بەگوێرەی قۆناغی شێرپەنجەکەو جۆرەکەی دەگۆڕێت ھەروەھا بە گوێرەی تەمەنی نەخۆشەکە و بوونی خانەی شێرپەنجە لە شلەی CSF
مەرج نییە کە جۆرێک چارەسەر بۆ کەسێک باشبێت ئیتر بۆ کەسێکی تریش باش بێت , واتە جۆری چارەسەرەکە بەگوێرەی جۆری شێرپەنجەکە دەگۆڕێت , ئەم جۆرە چارەسەرانەمان ھەیە :
١- چارەسەری بەتیشک .
٢- چارەسەر بایۆلۆجی .
٣- چارەسەری کیمیاوی .
٤- نەشتەرگەری یان لابردنی سپڵ لەکاتی ئاوسانی .
٥- زەرعی ( چاندنی ) مۆخ .
تێبینی :
لەوانەیە کەسی تووش بوو یەکێک یان زیاتر لەو چارەسەرانەی بۆ بکرێت.
چارەسەر بە نەشتەرگەری و تیشک شێرپەنجەکە لادەبات لەشوێنی خۆی .
بەڵام چارەسەر بە کیمیاوی و ھۆرمۆن بەھۆی دەرمانەوەیە کە دەکرێتە ناو سوڕی خوێنەوە و بەو شێوەیە چارەسەری شێرپەنجەکە دەکات.

تێبینی:
چارەسەرکردنی شێرپەنجەی خوێن کاری یەک پسپۆڕ نییە بەڵکو کاری کۆمەڵێک پسپۆڕە وەک(پسپۆڕی شێرپەنجە , پسپۆڕی چارەسەری تیشک, پسپۆڕی نەشتەرگەری , پسپۆڕی دەروونی )

تێبینی: لەکاتی چارەسەری کیمیاویدا نەخۆشەکە پێویستی بە چارەسەری یارمەتیدەر ( ئازار شکێن و ئەنتیبایۆتیک ) ھەیە و پێی دەدرێت.

ئامادەکردنی:دکتۆر سۆران محمد غریب
3059 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
1