پیتی  خ
که‌م خوێنی
ئامادەکردنی/ سۆران محمد غریب
-
کەم خوێنی
بریتییە لە بارێک، کە جەستە بڕی پێویست لە خڕۆکەی سووری تەندروستی نییە بۆ گەیاندنی ئۆکسجین بۆ شانەکانی لەش. کەسێک کەم خوێن بێت، زۆربەی کات بێ ھێز و ماندووە.
کەم خوێنی گەلێک جۆری ھەیە بە گوێرەی ھۆکاری دروستبوون. دەکرێت کەم خوێنی بارێکی کاتی یا درێژخایەن بێت. دەکرێت کەم خوێنی نیشانەی نەخۆشییەکی ترسناک بێت، بۆیە ھەرکاتێک ھەست بە نیشانەکانی کەم خوێنی کرا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.

-

نیشانەکانی کەم خوێنی
نیشانەکان بەندن لەسەر ھۆکاری دروست بوونی کەم خوێنی، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی نیشانەکان بریتیین لە؛
- ماندوویی و شەکەتی.
- بێ رەنگ بوونی پێست "کاڵ بوون – سپی بوون".
- لێدانی دڵی خێرا.
- تەنگەنەفەسی.
- ئازاری سینگ.
- گێژی.
- کێشەی بیر و تێگەیشتن.
- ساردی دەست و پەلەکان.
- ژانە سەر.
- لە سەرەتادا نیشانەکانی کەم و لەسەرخۆن، بەڵام لەگەڵ بەسەرچوونی کات نیشانەکان بەرەو زیادبوون و خراپبوون دەڕۆن.

-
کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟
ھەرکاتێک ھەست بە ماندوویی و شەکەتییەکی بە بێ ھۆ کرا، بە تایبەتی ئەگەر کەسە لە مەترسی تووشبووون بە کەم خوێنی بوو "سەیری ھۆکارە مەترسیدارەکان بکە لە خوارەوە"، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.

 -

ھۆکارەکانی تووشبوون بە کەم خوێنی
بەر لەوەی بزانین ھۆکارەکان چین، پێویستە بزانین کە خوێن لە چی پێکھاتووە؛ خوێن لە شلەی پلازما و خانەی خوێن پێکھاتووە، خانەکانی خوێنیش سێ جۆرن؛ خڕۆکەی سپی و سوور و پەڕەکانی خوێن. خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەرپرسن لە گەیاندنی ئۆکسجین بۆ خانەکانی لەش. خڕۆکەی سوورەکانی خوێن، ماددەیەکی پڕۆتینی دەوڵەمەند لە ئاسنیان تێدایە پێی دەوترێت ھیمۆگڵۆبین. ھیمۆگڵۆبین ئەو توانایە دەدات بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن بۆ گەیاندنی ئۆکسجین بۆ خانەکانی لەش. زۆربەی زۆری خانەکانی خوێن "خڕۆکەی سپی و سوور و پەڕەکانی خوێن" لە مۆخی ئێسک دروست دەکرێن. بەڵام بۆ دروست کردنی ھیمۆگڵۆبین و خڕۆکە سوورەکانی خوێن، جەستە پێویستی بە ئاسن و پڕۆتین و ڤیتامین و کانزاکانە کە لە خۆراکی رۆژانە ھەیە. بە گشتی ھۆکارەکانی دروست

-

بوونی کەم خوێنی بەندن لەسەر جۆری کەم خوێنی؛
- کەم خوێنی کەم ئاسن؛ ھەروەک لە ناوەکەی دیارە، ھۆکارەکەی بریتییە لە کەمی ئاسن لە لەش.
- کەم خوێنی کەم ڤیتامین؛ جگە لە ئاسن، لەش پێویستی بە ڤیتامینیش ھەیە بۆ دروست کردنی خڕۆکەی سووری خوێن.
- کەم خوێنی نەخۆشی درێژخایەن؛ ھەندێک نەخۆشی درێژخایەن، وەک شێر‌پەنجە، رۆماتیزم، ھەوکردنی ریخۆڵە، کاریگەرییان ھەیە لەسەر دروست کردنی خڕۆکەی سووری خوێن، کە ئەنجامەکەی بریتییە لە کەم خوێنی درێژخایەن.
- کەم خوێنی بەھۆی ناتەواو و نەخۆشی مۆخی ئێسک؛ وەک شێرپەنجەی خوێن.
- کەم خوێنی تواندنەوەی خوێن؛ لە ئەنجامی تێکشکاندنێکی خێرای خڕۆکەی سوورەکانی خوێن، کە مۆخی ئێسک ناتوانێت بە ھەمان خێرایی خڕۆکەی سووری نوێ دروست بکات و جێگایی تێکشکێندراوەکان بگرێتەوە.
- کەم خوێنی خانە داسی؛ ھەندێک نەخۆشی زگماکی خوێن ھەیە، کە ناتەواوی ھەیە لە ھیمۆگڵۆبینی خڕۆکە سوورەکانی خوێن کە وادەکات خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەشێوەی داس دەربکەوەن، ئەم ناتەواوییە لە شێوەی خڕۆکەی سوورەکان دەبێتە ھۆی ئەوەی کە زوو بمرن "بە گەنجی بمرن"، کە ئەنجامەکەی کەم خوێنی دەبێت.
- جۆری تری کەم خوێنی؛ وەک تالاسیمیا..ھتد.

-
ھۆکارە مەترسیدارەکان بۆ تووشبوون بە کەم خوێنی
- بەد خۆراکی.
- ناتەواوی لە ریخۆڵە.
- سووڕی بێ نوێژی مانگانە لە ئافرەتان.
- دووگیانی؛ کەسانی دووگیان زیاتر لە مەترسی تووشبوون بە کەم خوێنین.
- نەخۆشی درێژخایەن وەک شێرپەنجە، شکستە گورچیلە و جگەر..ھتد.
- مێژووی خێزانی بۆ ھەندێک جۆری نەخۆشی زگماکی کەم خوێنی وەک کەم خوێنی خانە داسی.
- ھۆکاری تر.
ئاڵۆزییەکانی کەم خوێنی
- ماندوویی و شەکەتییەکی زۆر سەخت.
- کێشەی دڵ.
- کێشەی دەماری.
- تێکچوونی فرمانی مێشکی.
- مردن!

-

رێگاگرتن و خۆپاراستن لە دروست بوونی کەم خوێنی
ناتواندرێت خۆ بپارێزرێت لە زۆربەی زۆری جۆری کەم خوێنییەکان، بەڵام دەتواندرێت خۆ بپارێزرێت لە کەم خوێنی کەم ئاسنی بە خواردنی خۆراکی تەندروست و ھەمەجۆر کە ئەمانەی خوارەوە لە خۆبگرێت؛
- ئاسن؛ باشترین سەرچاوەی ئاسن بریتیین لە گۆشتی سوور، بقولیات-فاسۆلیا، نیسک، گەنمی دەوڵەمەندکراو بە ئاسن، سەوزە، میوەی وشکراوە، گوێز و باوی.
- ڤیتامینەکان؛ میوە مزرەکان، سەوزە، گەنم و بەرھەمەکانی، بقولیات، گوشت و بەرھەمە شیرییەکان.
ھەروەھا دەتواندرێت پێکھاتەی ئاسن بە شێوەی حەب وەربگیردرێت بەڵام لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆری پیشەگیر، وەرگرتنی بێ چاودێری مەترسی ترسناکی لێدەکەوێتەوە.
5120 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
1