پیتی  ق
قورگ یه‌شه‌
ئامادەکردنی:
دکتۆر سۆران محمد غریب

قورگ یەشە : گەروو یەشە 
ئازار و وشکی گەروو لە کاتی قووتدان نیشانەی سەرەکی نەخۆشی ھەوکردنی گەرووە. ھۆکاری سەرەکی ھەوکردنی گەروو بریتییە لە تووشبوون بە ڤایرۆس وەک "ڤایرۆسی ھەڵامەت یا ئەنفلەوەنزا". زۆر بە دەگمەن ھۆکاری ھەوکردنی گەروو، بریتییە لە تووشبوون بە بەکتریا، بۆیە زۆر بە دەگەمەن پێویست بە وەرگرتنی دژەبەکتریا دەکات، تەنھا ئەگەر تووشبوونی بەکتریایی بەسەرھات. جگە لە ڤایرۆس و بەکتریا، ھۆکاری ھەوکردنی گەروو دەکرێت "ھەستیار و وشکبوون و پیسی ھەوا و ھەڵچوونی ترشی گەدە، ئاوسان" بێت

-
نیشانەکانی ھەوکردنی گەروو
ئازار و وشکی گەروو لە کاتی قووتدان و ھەناسەدان و قسەکردن. ھەوکردنی گەروو بەزۆری روودەدات لەگەڵ تووشبوون بە ھەڵامەت یا ئەنفلەوەنزا، بۆیە نیشانەی نەخۆشیییەکانی ھەڵامەت و ئەنفلەوەنزای لەگەڵ دەبێت. ھەندێک لە نیشانەکانی ھەوکردنی گەروو، ئاماژە بە ھۆکارێکی مەترسیداری تووشبوون دەگەیێنن، وەک؛
- پارچەی سپی لەسەر ئاڵووەکان و گەروو.
- نەتوانینی قووتدان.
- ئازارێکی گەروو بەرەو باشبوون نەچێت.
- رشانەوە.
- ژانەسەر.
- ھەڵئاوسان و سوورھەڵگەڕانی ئاڵووەکان.
- سوور ھەڵگەڕانی پێست.
- تایەکی زۆر بەرز "زیاتر لە ٣٨.٣ پلەی سلیلۆزی".

-

کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟
زۆربەی زۆری ھەوکردنەکانی گەروو لە خۆیانەوە نامێنێن و دەڕۆن لە ماوەی ٥ بۆ ٧ رۆژ. بە گشتی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت ئەگەر؛
- ئازاری گەرووێکی زۆر سەخت یا لە ھەفتەیەک زیاتری خایاند.
- بە گران قووتدان یا ھەناسەدان ھەبوو.
- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش زیاتر لە ٣٨.٣ پلەی سلیلۆزی لە منداڵی خوار تەمەنی ٦ مانگی.
- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش زیاتر لە ٣٩.٣ لە منداڵی گەورەتر و کەسانی پێگەیشتوو.
- دەردراو و پارچەی سپی لەسەر ئاڵووەکان و گەروو بیندرا.
- سوورھەڵگەڕانی پێست.
- کۆخە و گڕبوونی دەنگ زیاتر لە دوو ھەفتە.
- ھەبوونی خوێن لە ناو لیکاو یا بەڵغەم.
- نیشانەکانی وشکبوونەی لەش "قووڵبوونی چاوەکان، کەمبوونی بڕی میز و بێ ھێزییەکی سەخت".
- ئازارێکی گەروو بەرەو باشبوون بچێت و دوایی خراپ ببێتەوە.
- زۆر لیکاو ھاتنەخواروە لە دەم لە منداڵان.

ھۆکارە مەتسیدارەکان بۆ تووشبوون بە ھەوکردنی گەروو
- تەمەن؛ منداڵ و ھەرزەکاران زیاتر لە مەترسی تووشبووندان.
- جگەرەکێشان یا ھەڵژمینی دووکەڵی جگەرە.
- ھەستیاری، کەسێک ھەستیاری ھەبێت زیاتر لە مەترسیدایە.
- کارکردن و ژیان بەسەربردن لە جێگای تەسک و داخراو؛ دەکرێت لە کەسێکەوە بگوازرێتەوە بۆ یەکێکی تر.
- پیسی.
- بێ ھێزی سیستەمی بەرگری؛ کەسانی نەخۆشی شەکرە و ئایدز و ئەوانەی چارسەری کیمیاوی وەردەگرن زیاتر لە مەترسیدان.
ئاڵۆزییەکانی ھەوکردنی گەروو
زۆربەی زۆری ھەوکردنەکانی گەروو بێ ئاڵۆزیین و لە ماوەیەکی دیارکراو نامێنێن. بەڵام ھەندێک جۆری بەکتریا و ڤایرۆس کێشەی ترسناکیان لێدەکەوێتەوە، وەک؛
- ھەوکردنی ئاڵووەکان.
- ھەوکردنی بۆشاییە ھەواییەکانی کەللەی سەر.
- ھەوکردنی گوێ.
- تای رەنگ ئاڵ "قرمزی".
- تای رۆماتیزمی.
- ھەوکردنی گورچیلەکان.
- ژانەسەر.
- سوورھەڵگەڕانی لەش.
- ھەوکردنی و ھەڵئاوسان و تەقینی سپڵ.
- ھەوکردنی جگەر.
- کەم خوێنی و کەمی پەڕەکانی خوێن.
- ھەوکردنی دڵ.
- کێشەی دەماری.
- ھەڵئاوسانی ئاڵووەکان ببێتە ھۆی گیرانی رێڕەوی ھەناسە.
- ماندوویی و شەکەتی.
چۆنیەتی گرنگیدانی خۆبەخۆیی لە ماڵەوە لە کاتی ھەوکردنی گەروو
- شلەمەنی زیاتر بخۆرەوە.
- غەرغەرەبکە بە خوێ و ئاو؛ نیو مڵاکی چای لە خوێ لەگەڵ پەرداخێک لە ئاوی گەرم.
- ھەڵمی ئاو ھەڵبمژە؛ مەنجەڵێک لە ئاو گەرم بکە، ھەوڵبدە ھەڵمی ئاوەکە ھەڵبمژیت رۆژانە چەند جارێک.
- دووربە لە جگەرەکێشان و دووکەڵی جگەرە.
- پشوو بە دەنگت بدە.
- ئازارشکێنێک وەک پاراسیتامۆل وەربگرە.
خۆت بە درووبخە لە کەسانی تر، بۆ رێگاگرتن لە بڵاوبوونەوە.
2528 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
1