پیتی  ق
نه‌خۆشی قه‌بزی
ئامادەکردنی:
دکتۆر سۆران محمد غریب

نەخۆشی قەبزی
نەخۆشی قەبزی، ناوە پزیشکییەکەی Constipation
ئەو نەخۆشییە، کە پەیوەندی بە ناڕێکی جوڵەی ریخۆڵەکانەوە ھەیە، ھەندێجار حاڵەتەو ھەندێک جاریش نەخۆشییە. ئێستا یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان لەجیھاندا کە دەبێتە ھۆی گیرانی رێگەی تێپەڕبوونی پاشماوە خۆراکییەکان بۆ دەرەوەی لەش، ئەوەش ئازارێکی زۆر دروستدەکات و کاریگەری خراپ لەسەر باری دەروونی کەسەکە دروستدەکات لەکاتی ژەمەکاندا.

ئەگەر کەسێک بۆ ماوەی ٦ مانگ زیاتر ئەم نەخۆشییەی ھەبوو، بەبێ ئەوەی ھۆکارەکەی یەکێک بێت لەو ھۆکارانەی نەخۆشییەکە دروستدەکەن، ئەوا کەسەکە نەخۆشی قۆڵۆنی ھەیە، کە یەکێکە لەھۆکارە زۆر باوەکانی قەبز بوون.
-
بەشێوەیەکی گشتی ھۆکارەکانی
قەبزی بریتین لە:

- کەمی ئەو خواردنانەی ریشاڵی زۆریان تێدایە، ھەروەھا کەمی خواردنەوەی شلەمەنییەکان و سەوزە و میوە.

- کاریگەرییە خراپەکانی ھەندێک دەرمان قەبزی دروستدەکەن وەک دەرمانی دژە خەمۆکی و ئەو دەرمانانەی دەرھاویشتنی شلە لە لەشدا زیاد دەکەن، ھەروەھا دژە ھەستیارییەکان و دەرمانی دژ بە کەشەنگ بوونی ماسوولکەکان.

- ھەندێک جۆری نەخۆشی ھەرس و رژێنەکان دەبنە ھۆی دروستکردنی ئەو نەخۆشییە، وەک زیادبوونی رێژەی کالسیۆم لەخوێنداو ھەروەھا زیادبوونی دەردانی رژێنی نەخامە رژێن و ھتد..

- مایەسیری و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک قۆڵۆن.

- ھێشتنەوەی پاشەڕۆ جا لەبەر ترس، یان ئازار یان بەھۆی تەمبەڵی، یاخود بەھۆی سەرقاڵبووەنەوە بێ.

- خراپی باری دەروونی لە کاتی بوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبێتە ھۆی دروستکردنی قەبزی.

دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دوور نین لەو نەخۆشییە، ھەرچەندە ئامارێکی دروست لەبارەی نەخۆشییەکە لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی وتەی پزیشکان و خاوەن دەرمانخانەکان خەڵکێکی زۆر رۆژانە داوای چارەسەری ئەم نەخۆشییە دەکەن.

ھۆکاری زۆری ئەم نەخۆشییە دەکەریتەە بۆ تەمبەڵبوونی خەڵک و زۆری ھاتووچۆکردن بە ئۆتۆمبێل و دوورکەوتنەوە لە بە پێ رۆیشتن، کە ئەوەش جوڵەی ریخۆڵەکان کەمدەکاتەوە، ھەروەھا زیاد خواردنی گۆشت و کەمخواردنی سەوزەو میوەو شلەمەنییەکان.

رۆژانە خەڵکێکی زۆر داوای دەرمانی چارەسەرکردنی قەبزی دەکەن و زۆربەیان بە تەمەنن و ژمارەیەکی کەم لە گەنجان داوای دەکەن.
"دوای حەبی سەرئێشە و ھەوکردن زۆرترین خەڵک داوای دەرمانی چارەسەری قەبزی دەکەن"

یەکێک لەو نەخۆشییانەی، کە دەکرێ قەبزی دروستی بکات مایەسیریە، دەربارەی ئەوەی ئایا نەخۆشی قەبزی
مایەسیری دروستدەکات یان بە پێچەوانەوە.

دەتوانین بڵێین مایەسیری، قەبزی دروستدەکات و ھەندێجاریش بەپێچەوانەوە بەھۆی زۆر مانەوەی نەخۆشییەکە لە شوێنی پاشەڕۆکردن مایەسیری دروستدەبێ، بەڵام ھەندێکجار بوونی ناتەواوییەک لە کۆمدا وادەکات کەسەکە ترسێکی ھەبێ لە پاشەڕۆ دەرھاویشتن و ئەوەش قەبزی دروستدەکات. ھەندێکجار تەمەن و ھەندێکجاریش جۆری خواردن ئەو حاڵەتانە دروستدەکەن.
-
خۆپاراستن
قەبزی یەکێکە لەو نەخۆشییانەی خۆپاراستن لێی ئاسانترە لە چارەسەرکردنی، خۆپاراستنەکەشی بریتییە لە جوڵان و بەپێ رۆیشتن، وەرزشی رۆژانە، خواردنەوەی ئاو و خواردنی سەوزەو میوە، دەرھاویشتنی پاشەڕۆ لەکاتی خۆیدا و دوانەخستنی.
-
چارەسەر
چارەسەری سەرەکی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە زیادکردنی رێژەی خواردنەوەی شلەمەنی و خواردەمەنییە ریشاڵییەکانی وەک سەوزەو میوە. ھەندێک دەرمانی پزیشکیش چارەسەرن، بەڵام زۆر بەکارھێنانیان جوڵەی ئاسایی ریخۆڵەکان سست دەکەن، بەکارھێنانی دەرمانیش لەشێوەی شافدا تەنیا کاریگەری بۆ سەر پاشەڕۆی ناو کۆم ھەیە، بێ ئەوەی کار بکاتە پاشەڕۆی ناو ریخۆڵەکان.
4056 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
1