پیتی  م
مایەسیری
مایەسیری PILE

ئامادەکردنی:
دکتۆر سۆران محمد غریب 
زۆر مرۆڤ بەھەردوو ڕەگەزەوە مێینەو نێرینە، تووشی گرفتی مایەسیری دەبن، ھەرچەندە ڕەگەزی مێینە بەشێوەیەکی زیاتر تووشی گرفتی مایەسیری دەبێت، بەڵام ھەردوو ڕەگەزەکە ئەو گرفتە لای پزیشکی تایبەت ئاشکرا ناکەن و زۆرجارو پاش تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر بەسەر ئەم گرفتەدا، ئەنجا سەردانی پزیشکی تایبەت دەکەن، پاش ئەوەی گرفتی مایەسیری گەیشتۆتە قۆناغێکی زۆر ئەشکەنجەدار.

ھۆکاری ئاشکرانەکردنیشی بۆ بوونی شەرم و ھەستکردن بە دڵنیانەبوونی ئاشکراکردنی ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە، چونکە بەبۆچوونی زۆر کەس تووشبوونی مایەسیری زۆرجار بەشێوەیەکی نادروست لە نێو خەڵکیدا وەردەگیرێت، چونکە مایەسیری تووشی “کۆم” دەبێت.

بوونی شەرم لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی سەرزەمیندا ھەیە، بەواتایەکی دیکە لەچوارچێوەیەکی داخراوی تایبەت بەکۆمەڵگەیەکدا نییە.

مایەسیری گرفتێکی ترسناک و کوشندە نییە، بەڵام دەبێتە ھۆی بێزارکردن و دروسکتردنی ئازارو لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە دەکرێت ئەم گرفتە نالەبارتر بێت و کێشەی نوێ بۆ تووشبووان دروستبکات، ھەربۆیە پێویستە لە کاتی ھەستکردن و ھاتنەدەرەوەی خوێنێکی سووری کاڵ لە کۆمەوە، یان بوونی خوێن بە دەرپێ کورتەوە، سەردانی پزیشکی تایبەتی بکرێت.
-
مایەسیری چییە؟

مایەسیری وشەیەکی یۆنانییە بەواتای (دەریای خوێن) دێت، مایەسیری بریتییە لە ھەڵئاوسانێکی خوێنبەرەکانی (خوێنھێنەرەکان) لە سەرەتای بۆ کۆتایی ڕیخۆڵە، ئەم بەشە بەشێکی دەوڵەمەند بە بۆری دەناسرێت، ئەو بۆرییانەش پاڵپشتی ماسولکەکان دەکەن، ئەوەش بە مەبەستی داخستن و کردنەوەی کۆم.

دەستنیشانکردنی مایەسیری لەلایەن پزیشکەوە لەو ساتەوە دەستپێدەکات، ئەوەی بۆرییە پۆلیستەرییەکان خوێنیان تێدا ئاپۆڕ دەبێت و نەتوانن بەشێوەیەکی ئاسایی تەوژمی خوێن بەناویاندا تێپەرببێت، ئەنجامی ئەمەش دەبێتە ھەڵئاوسانی خوێنھێنەرەکان (خوێنبەرەکان) کە ئۆکسجینی پێویست و خوێنی کاڵ دەگوێزنەوە، ئەگەر ھاتوو زیاتر پەرەبسێنن دەبنە دروستکردنی چەماوەیەک.
-
قۆناغەکانی مایەسیری

قۆناغەکانی مایەسیری ھیچ نیشانەو ئازارێکی ئەوتۆیان نییە، بەڵام بوونی خوێنی ڕەنگ کاڵ و سووتاندنەوەی کۆم و تەڕبوون و خورینی چواردەوری کۆم و ھەستکردن بەوەی بەتەواوەتی پیسایی لە کۆمەوە نەھاتۆتە دەرێ، واتا ھەستکردن بە (قەبز) بوون، ئەوانە ھەمووی نیشانەی تووشبوونن بە مایەسیری.

پزیشکان مایەسیری بە سەر چوار قۆناغدا دابەش دەکەن:

قۆناغی یەکەم

لەم قۆناغەدا مایەسیری لە بەشی دەرەوە ناتوانرێت ھەستی پێبکرێت، دەتوانرێت لە ڕێگای بەکارھێنانی “Protoskop”ەوە – ئامێرێکی پشکنینەوە و دەخرێتە ناو ڕیخۆڵەوە، لەم قۆناغەدا چەمانەوەیەکی بچووک لە کەناڵی ئەناڵدا دەبنێرێت، بوونی خوێنی کاڵ لەم قۆناغە نابێتە ھۆی ئازاردان.

قۆناغی دووەم
گرێیەکانی مایەسیری لەم قۆ‌ناغەدا ڕوو لە گەورەبوون دەکەن و لەکاتی پیساییکردن و پەستانکردن دەکرێت لە کۆمەوە بێتە دەرێ و بەدەست ھەستی پێبکرێت، ھەر لەم قۆناغەوە مانەوەی زۆر لە توالێت و ھەستکردن بە بەبەتاڵنەبوونەوەی ڕیخۆڵە لەپیسایی زیاتر پەستانکردن لە خۆ، دەبێتە ھۆکاری سووتاندنەوە و خواردندن و خوێن ھاتنە دەرەوە.

قۆناغی سێیەم
لەم قۆناغەدا مایەسیری تەنھا لە کاتی چوونە سەر توالێت نابێتە ھۆی دروستکردنی کێشە، بەڵکو لەکاتی کارکردنیش دەبێتە ھۆکاری کێشە، لێرەوە دەبنێرێت و ھەستیشی پێدەکرێت، بەشێوەیەک کە دەتوانرێت ببرێتە ناوەوە. لەم قۆناغە دەکرێت ببێتە ھۆکاری ئازار دروستکردن.

قۆناغی چوارەم
سوور دەبێتە و دەچەمێتەوە بەزۆری بەشی دەرەوەی کۆم، لەگەڵ بوونی خوێن و خوراندن و ئازار و تەڕی ناتوانرێت بەشێوەیەک پیسایی بوەستێنرێت.
-
پزیشک چۆن دەپشکنێت؟

لە پاشان پزیشک بە پەنجە بەشێوەیەکی ھێواش دەست بە چواردەوری دەرەوەی کۆمدا دەھێنێت، پاشان پەنجەی دەباتە ناو کۆمی نەخۆشەکەوە، لەم ساتەدا پێویستە نەخۆش زۆر ھێمن و ئارام بێت، چونکە تا چەند نەخۆش شل بێت، ئەوەندە ئازاری پشکنین کەمتر دەبێتەوە.

لە لای ھەندێک کەس ئەم پشکنینە بەشێوەیەکی نادروست وەردەگیرێت، ھەربۆیە زۆر کەس سەردانی پزیشک ناکات، چونکە بەشتێکی نادروستی دادەنێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم کردارەی پزیشک کارێکی ڕۆتینیە ‌و ھیچ جۆرە نادروستێکی پێوە نییە، مرۆڤ نابێت ئەوە لەبیر بکات کە تەندروستی خۆی لە پێش ھەموو شتێکەوەیە.
-
خۆپاراستن و چارەسەرکردنی مایەسیری:

گرنگترین و باشترین چارەسەری مایەسیری پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکیی تەندروستە، ئەویش خواردنی خۆراکێک، ئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست لەشی مرۆڤ بتوانێت ھەرسی بکات، پاش ئەوەش خواردنەوەی ١.٥ بۆ ٢.٥ لیتر ڕۆژانە لە ئاو، تا بەشێوەیەکی ڕ‌ەوان پیسایی بکرێت.

مرۆڤ پێویستە کاتی تەواوی خۆی وەربگرێت کاتێک دەچێتە تەوالێت، چونکە پیساییکردن بەشێوەیەکی سروشتی و پەستاننەکردن لەخۆ دەبێتە ھۆی ئازارنەدانی دەمارەکانی ناو ڕێخۆڵە، ئەوەی گرنگیش بێت پاکوخاوێنی دوای توالێت، چونکە دەبێتە ڕێگرتن لە کۆبوونەوەی چەندەین میکرۆبی زیانبەخش، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی کاریگەری تایبەتی خۆی بۆ خۆپاراستن و تووشنەبوونی مایەسیری ھەیە.

بێجگە لەو چارەسەرییە سروشتیانەش چەندین دەرمانی دیکە ھەن، ئەوانەی پزیشکی تایبەت بۆ نەخۆشانی مایەسیری دەنوسێت.

ھەندێ پزیشک ڕێگای نەشتەرگەری وەک چارەسەرێک بۆ ھەموو قۆناغەکانی مایەسیری ڕەچاو دەکەن، بەڵام ئەم دیاردەیە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیھاندا باوی نەماوە

 
3032 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
1