پیتی  ب
بەڵەکی پێست چی یە؟
بەڵەکی پێست چی یە؟

بەڵەکی پێست ( البھاق ) یاخود Vitiligo نەخۆشییەکی باوە، ١ – ٢ % خەڵکی لە ھەردوو ڕەگەزەکە تووشی دەبن.

زۆر بە دەگمەن ئەم حاڵەتە زگماکییە، بەڵام لە کاتی لەدایک بوونەوە تا تەمەنی ٨١ ساڵی تۆمارکراوە، ھەرچەندە زۆربەیان لە تەمەنی نێوان ١٠ – ٣٠ ساڵی لێیان دەردەکەوێت.

لەم جۆرە نەخۆشییەدا خانەی ڕەنگیی میلانۆسایت Melanocyte لەناو ئەو بەشەی پێست دا نامێنێت و ئەمەش وا دەکات کە ئەو شوێنانە سپی یان شیری دەربکەون.

ھۆکارەکان:
بۆماوەیی ( فرە جینی یە ) : Polygenic.
بەرگری دژەخۆیی : Autoimmunity.
ئەم بۆچوونەی دوھەمیان لە ھەموویان باوترەو زۆر نەخۆشی بەھۆی بەرگری دژەخۆیی لەگەڵ بەڵەکی دا ڕێژەیان لە ئاسایی پترە وەک کەمخوێنی توند، نەخۆشی ئەدیسۆن، نەخۆشی شەکرە، نەخۆشی غودەی دەرەقی Thyroid disease، دەردەڕێوی.
خۆ لەناوبردنی خانەی ڕەنگیی میلانۆسایت Self- destruction.
بیردۆزی دەماری : Neurogenic theory.

نیشانەکان: 
پەڵەی نمونەیی بەڵەکی ڕەنگی سپی شیرییە، خڕ یان بازنەییە، قەبارەیان لە چەند (ملم) بۆ چەند (سم) دەبێت و جگە لە ڕەنگ سپیبوون گۆڕانکاری تری وەکو کاژکردن یان کڕێشی سپی تێدا نییە.
ھەندێ جار لە سەرەتا دا ڕەنگی پەڵەی ئەم نەخۆشییە پەمەیی یان سوور باو یان مامناوەندییە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئەم ڕەنگە مامناوەندییە بۆ ڕەنگی سپی دەگۆڕێت. 
ھەروەھا لە دوای بەرکەوتنی تیشکی خۆر پەڵە سپییەکان سوردەبنەوەو ژمارەی پەڵەی بەڵەکی لە یەک پەڵە تا چەند پەڵەیەک تا سەدەھا پەڵە دەبن بەشێوەی بچوک یان گەورەن، ھەندێ جاریش لەگەڵ کاتدا پەڵەکان گەورەتر دەبن و یەک دەگرن وە یان بە جێگیری دەمێننەوە.

جۆرەکانی بەڵەکی: 
جۆری مۆڵگەیی Focal Vitiligo.
جۆری گشتی Generalized Vitiligo.
جۆری سەرجەمی ( سەراپایی) Universal Vitiligo.
جۆری پەل و دەم و چاو Acrofacial Vitiligo.

چارەسەر:
چارەسەرەکان بە پێی تەمەن و جۆر و ڕێژەی تووشبوون بەم نەخۆشییە دەگۆڕێت و جیاوازن، لەوانەش:-
خۆپاراستن لە خۆر. 
چارەسەری دەروونی. 
ماکیاج. 
بەڵەککردنی پەڵەی ئاسایی پێست (ئەمە لە کاتێکدا دەبێت کە ڕێژەی تووشبوون زۆر بێت و چەند پەڵەیەکی بچووکی پێست بە ئاسایی ما بێتەوە) .
تۆخکردنەوە Repigmentation، ئەمەش بە چەند ڕێگەیەک دەبێت لەوانە:-
١- کرێمی دژەخۆر Sunscreen.
٢- چەندین کرێم و گیراوەی تایبەت.
٣- تیشکی سەرو وەنەوشەیی تەسک Narrow-band UBV.
٤- لەیزەر( جۆری ئیگزایمەر) Excimer laser.
٥- نەشتەرگەری Surgery.
.
ئا : دکتۆر دلێر رچا عبدالکریم
پسپۆری نەخۆشییەکانی پێست و زوھری
1762 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
28/03/2017
زیاتر...
1