پیتی  ئـ
نەخۆشی ئیبۆلا
نەخۆشی ڤایرۆسی ئیبۆلا (EVD) یان بە تایی ئیبۆلای خوێنبەربوون (EHF) ناسراوە، نەخۆشییەکی مەترسیدارە، زۆر جاریش کوشندەیە، پاش تووشبوون رێژەی مردن دەگاتە ٩٠%، ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵی کێوی تووشبوو بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، ھەروەھا لە مرۆڤیشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. واتا نەخۆشییەکی درمییە. بە شێوەیەکی سروشتی ئەم ڤایرۆسە لە ئەفریقادا لە لەشی ھەندێک جۆری شەمشەمەکوێرەی میوەدا Fruit bats دەژی، ھەروەھا لە لەشی چامپانزی و گۆرێلا و جۆری تری مەیمووندا.

نیشانەکان
نیشانەکانی ئیبۆڵا
نەخۆشی ڤایرۆسی ئیبۆلا ھەوکردنێکی تیژ و توندە، پاش گەیشتنی ڤایرۆسی ئیبۆلا بە لەش، لە ماوەی ٢-٢١ رۆژدا نیشانە سەرەتاییەکان دەردەکەون کە بریتین لە: بەرزبوونەوەیەکی خێرای پلەی گەرمی لەش، سەرئێشە، بێھێزی و ھیلاکی لەش، ئازاری ماسوولکە، دەرکەوتنی پنتی سوور لە پێستدا، سووربوونەوەی چاوەکان، کڕانەوە، یان ھەوکردنی قوڕگ، پاشان رشانەوە، سکچوون، تێکچوونی فرمانی گورچیلە و جگەر، ھەندێک جاریش خوێنبەربوون لە ناوەوەی لەشدا Internal bleeding، پاشان نیشانەی تر لە تووشبوودا دەر دەکەون بە شێوەی دابەزینی پەستانی خوێن، خێرابوونی ھەناسە، لەھۆشچوون. ئەم نەخۆشییە تەنیا بە چەند پشکنینێکی تاقیگەی پزیشکی دەستنیشان دەکرێت، لە پشکنینی خوێندا دابەزینی ژمارەی خڕۆکە سپییەکان و خەپڵەکانی خوێن لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەنزیمەکانی جەرگ بەدی دەکرێت. تووشبووان تا خوێن و دەردراوەکانی لەشیان ڤایرۆسەکەی تێدا بێت، نەخۆشییەکە دەگوازنەوە.

چارەسەر
تا ئێستا دەرمانێکی تایبەت نییە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی ئیبۆلا، بەڵام دەرمانی ریباڤیرین (Ribavirin) و ئینتەرفیرۆن بێتا (Interferon beta) سوودێکی سنوورداریان ھەیە، ھەروەھا تا ئێستا ھیچ ماکوتە، یان ڤاکسینێک دژی ڤایرۆسی ئیبۆلا لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوە/ویکیپێدیای کوردی ناوەند
1481 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
01/07/2016
زیاتر...
12