پیتی  ق
قۆڵۆن - کۆڵنجی قۆڵۆن - IBS
قۆڵۆن ،وەک ھەر ئەندامێکی لەشی مرۆڤ،دوچاری نەخۆشی زگماکی و ھەوکردن و شێڕپەنجە دەبێت.

قۆڵۆن کە بە کوردی ریخخۆلە ئەستورەشی پێدەوترێت،وەک ھەر ئەندامێکی لەشی مرۆڤ،دوچاری نەخۆشی زگماکی و ھەوکردن و شێڕپەنجە دەبێت،بەڵام یەک لە نەخۆشیە ھەرە باوەکانی ئەم ئۆرگانە،حاڵەتێکە کە لە نێوان لەشساخی و نەخۆشیدایە،کەسە تووشبوەکە ساخ نیە،نەخۆشیش نیە.ئەم حالەتە لە کوردەواریدا پێیدەوترێت کۆلۆن،بە زمانی عەرەبی پێیدەوترێت تشنج الامعا‌و الغلیگە،بە ئینگلیزی پێیدەوترێت irritable bowel syndrome.واتە ئەو ناوەی کورد لێیناوە دروست نیە،ئەگەر سفەتێک نەخرێتە سەر قۆلۆن لە روی زانستیەوە واتای نیە و راست نیە ،کەوابو دەتوانین بڵێین گرژی قۆلۆن یان سەرلیشیواوی قۆلۆن یان کۆلنجی قۆلۆن.

کۆڵنجی قۆلۆن بریتیە لە تێکچونی ھاوسەنگی نێوان کرژبون و خاوبونەوەی ماسولکەکانی دیواری ریخۆلەی ئەستورە(قۆلۆن)،ئەگەر نەخۆشەکە زیاد لە سنوری ئاسایی خۆی، ماسولکەکانی دیواری ریخۆلە ئەستورەی بۆ ماوەیەکی زیاتر لە کاتی خۆی کرژ ببن،نەخۆش ھەست بە ژانەسک دەکات،سکی ھەلدەئاوسێت و قێز لە خواردن دەکات و دوچاری سکچون دەبێت.بە پیچەوانەشەوە ئەگەر ماسولکەکانی دیواری ریخۆلە ئەستورە زیاد لە سنوری ئاسایی خۆی و بۆ ماوەیەکی درێژ خاوبونەوە،نەخۆشەکە دوچاری قەبزی دەبێت و پیساییەکەی رەق دەبیت و بە زەحمەت سەر ئاو دەکات.
ئەم حالەتە ناتەندروستە لە ناو خەلکدا زۆر باوە،بۆ نمونە لە ناو خەلکی ئەمریکادا لە ھەر ٥ پێنج کەس یەک کەس توشی دەبێت،لە ناو تویژی گەنجدا زۆرە،کەم جار دەبینیت کەسانی سەروی تەمەنی ٤٠ چل ساڵی توشی ئەم حالەتە ببن،ژنان دوجار زیاتر لە پیاوان دوچاری ئەم حالەتە دەبن.ئەو کەسانەی گیرو گرفتی دەرونیان ھەیە زیاتر لە کەسانی ئاسایی دوچاری ئەم حالەتە دەبن،ئەو کەسانەی کە لە خزم و بنەمالەکەیاندا ئەو حالەتە ھەیە زیاتر لە خەلکانی تر دوچاری ئەم حالەتە دەبن. 

گرنگترین نیشانەکانی ئەم حالەتە ناساخیە :
١.ژانە سک،ژانە سکەکە سوکە،لە بەشی خوارەوەی لای راست و چەپی سکدایە،بەردەوامە،نەخۆشەکە بۆ ماوەیەکی درێژ بەو ژانەسکەوە دەناڵێنێت،جار جار سەردانی پزیشک دەکات.

٢.نەخۆشەکە ھەست بە ھەلئاوسانی سکی دەکات و دەچیتە لای پزیشک و دەلێت سکم ھەلئاوساوە،لە ھەمان کاتدا بە پزیشک دەڵیت ئارەزوی خواردن ناکەم.

٣.نەخۆش دوچاری غازاتێکی زۆر دەبێت و تڕ و تسی زۆر بەردەداتەوە،ھەندێک جار ھێندە غازاتی زۆر دەبێت کار لەسەر پیوەندیە کۆمەلایاتیەکانی دەکات و ناچاردەبێت شوینە گشتیەکان چٶڵ بکات و زوزو بچیتە تەوالێت. 

٤.بە گوێرەی کرژبون و خاوبونی ماسولکەکانی دیواری ریخۆڵەی ئەستورە،نەخۆش دوچاری سکچون یان قەبزی دەبێت،ھەندێک جار لەگەل سکچوندا مادەیەکی لینج دێتە درەوە .

٥.لە ھەندێک کەسدا بە تایبەتی ئەوانەی بۆ ماوەیەکی درێژ دوچاری ئەم حالەتە دەبن،نەخۆش ھەست بە لاوازی و بێوزەیی دەکات و رەشبین و دورەپەریز دەبیت و دوچاری سەرئێشە دێت.

ھۆکارەکانی کۆلنجی قۆڵۆن: 
١.خواردن : ھەندێک خواردن دەبنە ھۆی دروستکردنی گازاتی زیادە لە ریخۆڵەی ئەستورەدا بە تایبەت ئەو خواردنانەی کە بە زەحمەت ھەرس دەکرێن، وەک بەرھەمەکانی پاقلە و گەنم و نۆک،یان ئەو کەسانەی شیر دەخۆنەوە و ئەنزیمی laktase ناو ریخۆلەیان لاوازە،ئتر مادەی شەکری لاکتۆزی ناو شیر ھەرس نابێت و دەگاتە ریخۆڵە ئەستورە.ئەو کەسانەی زۆر خۆرن زۆرتر دوچاری ئەم حالەتە دەبن،ئەو کەسانەی بە پەلەپەل نان دەخۆن زۆرتر دوچاری ئەم نەخۆشیە دەبن. لە ئەنجامدا خواردنێکی ھەرسنەکراو لە ریخۆلەی ئەستورەدا دەمێنێتەوە،ریخٶلە ئەستورە دەوروژێنی و زۆر کرژدەبیت،ئەو میکرۆبانەی لە ناو ریخۆلەی ئەستورەشدان، خواردنە ھەرسنەکراوەکە دەترشینن و گازاتی زۆری لێدروستدەکەن.

٢.باری دەرونی ناجێگیر ھۆکاریکی تری دروستبونی حالەتی کۆلنجی قۆلۆنە،ئەگەر کەسەکە دوچاری دڵەراوکێ و زۆر بیرکردنەوە ببێت،ھەمو ئۆرگانەکانی لەشی بە ریخۆلەی ئەستورەشەوە زیاد لە سنوری خۆی چالاک دەبێت و ماسولکەکانی کرژ دەبنەوە،بە پێجەوانەشەوە،ئەگەر نەخۆشەکە دوچاری ماتەمینی و دورەپەریزی ببێت،ماسولکەکانی دیواری ریخۆلە ئەستورەی دوچاری سستی دەبن. 

٣.ھۆکاری سێھەم بۆ دروستبونی کۆلنجی قۆلۆن ناھاوسەنگی ھۆرمۆنەکانی لەشی مرۆڤە،ئەم حالەتە بە رونی لە کاتی سوڕی مانگانەی ژناندا دەردەکەویت،لە سەروبەندی سوڕی مانگانەدا ژنان زیاتر لە کاتەکانی تر دوچاری کۆلنجی قۆلۆن دبن.

٤.نەخۆشیەکانی تر،ئەو کەسانەی کە حالەتی کۆلنجی قۆلۆنیان ھەیە،لە کاتی توشبونیان بە نەخۆشی ترەوە،ئەگەری توشبون و سەرھەلدانەوەی کۆلنجی قۆلۆنیان ھەیە و لەوانەیە کۆلنجەکە بە قورسی بگرن. 

وریابونی نەخۆش و پزیشک : 
حالەتی کۆلنجی قۆلۆن لە نێوان لەشساخی و نەخۆشیدایە،نەخۆشی ئۆرگانی نیە و ساخیش نیە،بەلام زۆر گرنگە کە پێش ئەوەی پزیشک بریار بدات کە نەخۆشەکە دوچاری کۆلنجی قۆلۆن بوە،بە پشکنینی کلینیکی و بە پشکنینی تاقیگە و تیشک و نازور، بگاتە ئەو ئەنجامەی کە نەخۆشەکە دوچاری ھیچ یەک لە نەخۆشیە ئۆرگانیاکانی قۆلۆن نەبوە.
کاتێک نەخۆشەکە لە کۆمیەوە دوچاری خوێنرێژی دەبێت،یان بە شەو ھەست بە ئازار بکات،یان کێشی لەشی دابەزێ، دەبێت گۆمان لە لای پزیشک دروست ببێت کە ئەو حالەتە کۆلنجی قۆلۆن نیە و ئەگەری نەخۆشی تری وەک ھەوکردن و شێرپەنجەی قۆلۆن ھەیە.

چارەسەری کۆلنجی قۆلۆن: 
١.دەبێت نەخۆشەکە واز لە زۆر خۆری بێنێت،کەم خۆری دایم خۆربێت،بە پەلە نان نەخوات،خواردن بۆ ماوەیەک لە ناو دەمیدا بھێڵیتەوە،بۆ ئەوەی خواردنەکە بە جوین ورد بکات و لەگەل لیکی ناو دەم تێکەڵاو ببێت،دەبێت ھەمو تێبگەین پرۆسەی ھەرسکردنی خواردن لە ناو دەمدا دەستپیدەکات،ئەگەر ئەو پرۆسەیە لە ناو دەمدا بە باشی بەرێوە نەچێت و کاتی خۆی پێنەدرێت،پرۆسەی ھەرسکردنی خواردن تێکدەچێت و کۆئەندامی ھەرس سەری لیتیکدەچێت.ئەو خواردنانەی کە بە نەخۆشەکە ناکەوێت و گازاتی پێدروست دەکات،دەبێت نەخۆشەکە بە کەمی بەکاریان بھێنێت یان ھەر بەکاریان نەھێنێت.

٢.ئەو کەسانەی دوچاری نیگەرانی و دلەراوکێ و باری دەرونی ناجێگیر دەبن دەبێت پزیشک بیانبینیت رێنمایی و چارەسەری گونجاویان بۆ دەستنیشان بکات.

٣.دەبێت پزیشک ئاگای لە کاریگەریە خراپەکانی کۆلنجی قۆلۆن بێت و لە نەخۆشی ئۆرگانی جیای بکاتەوە .

٤. بەدەرمان بۆ نمونە Butylbromide


د. فایەق گوڵپی
3617 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/05/2016
زیاتر...
1