پیتی  گ
پشکنینی بەدەستی خۆیی گونەکان – چۆن و بۆچی؟
پشکنینی بەدەستی خۆیی گونەکان – چۆن و بۆچی؟
د. ڕامان سابیر نانەکەلی

پشکنینی خۆیی گونەکان یارمەتیت دەدات بۆ دەستنیشانکردنی شێرەپەنجەی گون بەزوویی، لەو کاتەی کە چارەسەری زۆر کاریگەرە.
شێرەپەنجەی گون لە نێو تەمەنەی ٢٠ بۆ ٣٥ ساڵی زۆر بڵاوە. بەڵام دەکرێت ڕووبدات لە ھەموو تەمەنێک. پشکنینێکی خۆیی سادە بۆ گونەکان چانسی دیاریکردنی دۆزینەوەی ئاوسانی گونی بە زوویی زیاد دەکات. دەستپێکردن لە ١٥ ساڵی بیرۆکەیەکی باشە مانگانە بکرێت. پشکنینی خۆیی ڕێک و بەردەوام ڕێگایەکی باشە بۆ دەستنیشانکردنی گۆڕانکاری کە دەکرێت نیشانەی یەکەمی بن بۆ شێرەپەنجە. زوو دەستنیشان کردن زۆر گرنگە چونکە شێرەپەنجەی گون چارەسەری زۆر ئاسانە ئەگەر بە زوویی دیاری بکرێت. گرێ و گۆڕانکاریەکانی تریش کە دەدۆزرێنە لە کاتی پشکنینی خۆیی بەزۆری نیشانەی شێرەپەنجە نین، بەڵام دەبێت بپشکندرێنەوە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ.
 
چۆن پشکنینی خۆیی گونەکان دەکەیت؟
بیرۆکەیەکی باشە بۆ کردنی پشکنینی خۆیی بۆ گونەکان مانگانە، دوای حەمامێکی گەرم. گەرمی ئاوەکە دەبێتە ھۆی خاوکردنەوەی تورەگەی گونەکانت، بەمەش ئاسانتر دەتواندرێت دەستنیشانی ھەر گۆڕانکاریەک بکرێت. بۆ کردنی پشکنینی خۆیی گونەکان ئەم قۆناغانەی خوارەوە بکە؛
لە بەرامبەر ئاوێنەیەک ڕابوەستە، سەیری بکە بۆ ھەر ئاوسانێکی کە دیارە لە ڕووی تورەگەی گونەکان.
ھەریەک لە گونەکان بە دوو دەست بپشکنە، پەنجەی شایەدمانی و پەنجەی ناوەند بخەرە ژێرەوەی گونەکان و پەنجەی گەورەش لەسەرەوە بێت.
بە نەرمی گونەکان بسوڕێنە لە نێوان پەنجەکانت، بە دوای گرێ بگەڕێ، ئەمەت لەبیربێت گونەکان بەزۆری لووسن و شێوەی ھێلکەیین و کەمێک ڕەقن.
ئەگەر ھەر گرێیەکت دۆزیەوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکە بە پزیشک.
 
چ شتێک ئاسایییە - چ شتێک نا ئاسایییە؟
یەکێک لە گونەکان گەورەترە لە ئەویتریان. ئەمە شتێکی ئاسایییە ئەگەر بە ئەستەم گەورەتر بوو، تەنھا ئەو کاتە جێگەی گرنگدانە ئەگەر گۆڕانکاری ڕوویدابوو لە قەبارەی یەکێک لە گونەکان.
ئەگەر گۆڕانکاری ڕوویدابوو لە سەر ڕووی پێستی تورەگەی گون وەک سوور ھەڵگەڕان و کێشەی پێستی، ئەوا نائاسایییە.
ھەستکردن بە پەتێکی نەرم، ئەمە بەشێکی ئاسایییە لە تورەگەی گون، لەوانەیە ئازاری بکات ئەگەر پەستانی بخەیە سەری.
گرێی و ھەڵئاوسان و ئازاری گون زیاتر نیشانەی ھەوکردنە. گەورەبوونی خوێنھێنەرەکانی گون بریتیە لە دەوالی گون، ھەندێک جار شلە کۆدەبێتەوە لە دەوری گونەکان، ھەندێک جاریش فتق ھەیە. ھەموو ئەم نیشانانە دەبێت بپشکندرێنەوە لە لاین پزیشکەوە.
 
بۆچی پێویستە بەردەوام پشکنین خۆیی بۆ گونەکان بکرێت؟
بە بەردەوام کردنی پشکنین، دەبێتە ھۆی ئەوەی تۆ بزانیت چ شتێک ئاسایییە و چ شتێکیش ئاسایی نیە. بەمەش ھەر گۆڕانکاریەک کە ڕووبدات بە زووی ھەستی پێدەکەیت.
4599 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/03/2016
زیاتر...
12