پیتی  پ
نائومێدی پیاوان !
د. زاھیر سوران
پسپۆڕی نەخۆشییە در‌مەکان و گشتییەکان . بەرپرسی سەنتەری پزیشکی نوێ ، سلێمانی .
 

نائومێدی پیاوان !
                                   
ئیمڕۆ کە زانستی پزیشکی فرە پێشکەوتووە بەردەوام توێژینەوە لە بوارە جوداکاندا نھێنی نوێی سوودمەندی سەلمێنراو دەھێنێتە کایەوە ، پێویستە پزیشک بە ئامانەتەوە و بەردەوام بە مەبەستی ھۆشیارکردنەوەی زانستیانەی تەندروست نەخۆشەکانی لێ ئاگادار بکاتەوە . لەبەرئەوەی ھەرچەندە مرۆڤ زانستیانە ھۆشیاربێت وئاگاداری تەندروستی خۆی بێت ئەوەندە دەروونی و جەستەیی ساخڵەمتر دەبێت . کرۆکی باسی ئەم جارەمان لە مەڕ بابەتێکی ھەستداری پیاوانەیە ئەویش ناونراوە نائومێد‌ی پیاوان . ھەموومان نائومێدیی ئافرەتانمان بیستووە واتە کاتی پاش نەمانی خولی مانگانەی ئافرەتان ،(زۆر جاران ئافرەتان ھاڵاوێکی گەرمی زۆریان بۆ دێت ، نارەحەت ، بێ تاقەت و تووڕە یان دەکات) بەڵام بەپێچەوانەی ئافرەتانەوە پیاوانیش تووشی نائومێدی دەبن وەک لە خوارەوە ھۆکان ، نیشانەکان و چارەسەری روون دەکەینەوە . ئەوەی شایانی باسە تێستۆستێرۆن لە گوونەکانەوە دروست دەبێت ، دەرکردنی دەبێتە ھۆی ھەژاندنی ھۆرمۆنی LH کە دەکەوێتە ژێرمۆخەوە . ھاوکات لە ژێر مێشکدا ھۆرمۆنێکی دی دروست دەبێت بە ناوی FSH ، ھەردوو ھۆرمۆنەکە لە سیستەمێکی ئاڵۆزدا کاردەکەن و کاریگەرییان لە سەر یەکتری ھەیە .
نزمی تێستۆستێرۆن لە گەڵ تەمەندا روون دەبێتەوە ، نزیکەی لە ٠،٥% ی پیاوان بێ جیاوازی تەمەن رێژەی ھۆرمۆنەکەیان نزمە ‌، وەلێ پاش تەمەنی شەست ساڵان رێژەگە دەگاتە لە ‌٢٠ % . سروشتی مرۆڤ وا ھەڵکەوتووە ھەندێک جارکوڕان پێش کچان باڵق دەبن و سەرەتا بە دەرکەوتنی موو لە بنباخەڵ ، بەرو سمێڵ بۆربوون و دەنگ گڕبوون دەردەکەو‌ێت ، ھەندێک جاری دی کیژان پێش کوڕان بێ نوێژدەبن (دەکەونە سەرخولی مانگانە) لە سەروو تەمەنی ١٠ ساڵیدا . (لە کیژێکەوە دەگۆررێت بۆ یەکێکی دی) . کاتێک کوڕان باڵق دەبن تێستۆستێرۆن کە ناسراوە بە ھۆرمۆنی پیاوانە بەشداری لە چەندان کردارو گۆرانکاری نێو لەشی پیاواندا دەکات بەڵام زۆرکەس بایەخی پێ نادەن و تا لێیان دەقەومێت ئەوسا دەکەونە حەب ودەرمان وەرگرتن کە دادیان نادات و پاشتر دەبێتە ھۆی خەمۆکی ، بێ ھێزی و بێ تاقەتی ، توڕەبوو ن و ھەڵچوونیان . دروست دەبێژم کەم دەردان یان کەمبوونەوەی رێژەی ھۆرمۆنی ناوبراو دەبێتە ھۆی ژمارەیەک گیروگرفتی دەروونی و جەستەیی بۆ پیاو کە ھەندێک جارلەوەی ژنان کەمتر نییە بەڵام بەجۆرێکی تر. لەم ساڵانەی دوواییدا ئەنجامی توێژینەوەکان ئاماژەیان پێکردووە کە نزمبوونەوەی ھۆرمۆنی ناوبراو دەبێتە ھۆی لاوازبوونی پێکھاتەی کانزایی نێو ئێسک وئەوکاتە بە ئاسانی پیاوتووشی ئێسکە نەرمە و کەمبوونەوەی لاستیکی ماسولکەکانی لەش دەبێت ، لەگەڵ ئەوانەشدا کەم بوونەوەی زەوقی زایەندی لای پیاوانیش دەردەکەوێت .ئەمانە لە لایەک لە ‌لایەکی ترەوە کەمبوونەوەی ھۆرمۆنەکە دەبێتە ھۆی ناڕەحەتی دەروونی ، کەمبوونەوەی حەز و رەحەت بوونی زایەندی . ھەندێک پیاو بە ھۆی کەمبوونەوەی ھۆرمۆنەکەوە تووشی نائارامی دەروونی ، خەمۆکی ، تووڕەبوون ، بێھێزی ، تێکچوونی بیر و ھەڵچوون دەبن و ھەندێکیان ھەستێکی تایبەتیینان لا دروست دەبێت . ھەرکاتێک پیاو تووشی ئەم نیشانانە بوو دەبێت بیرلە سەردانی پزیشک بکاتەوە بۆ بیروراگۆڕینەوە و کۆنترۆڵکردنی باری تەندروستی خۆی .
ھۆرمۆنەکە دەتوانێت کاریگەری ھەبێت لە سەر دەردانی تۆو(سپێرم) ‌ی پیاو ، کاتێک تێستۆستێرۆن نزم دەبێتەوە ئەوکاتە ژمارەی سپێرمەکانیش کەم دەبێتەوە و ھاوکات کەمی و چالاکی سپێرمەکان دەبێتە ھۆی ئەوەی کە سپێرمی پیاو نەتوانێت لەگەل ھێلکەی ھاوسەرەکەی دا یەک بگرێت و پیتێن روو بدات و منداڵ دروست بکات واتە تووشی نەزۆکی دەبێت .
نابێت ئەوراستییەشمان لەبیربچێت کاتێک پیاو چووە تەمەنەوە (پیربوون) ئەوکاتە سروشتی رێژەی تێستۆستێرۆن نز‌م دەبێتەوە (پاش تەمەنی شەست ساڵان رێژەگە دەگاتە لە٢٠%) .
دروست دەبێژم نائارامی دەروونی ھۆیەکی تری کەم بوونەوەی تێستۆستێرۆنە ، لەوانەیە نەخۆشی دی ببێتە ھۆی نز‌م بوونەوەی تێستۆستێرۆن . نزم بوونەوەی رێژەی ھۆرمۆنەکە دەبێتە ھۆی زێدبوونی چەوری و قەڵەوی یان ورگ پەیداکردن ، ئەمانیش ھۆکارێکن بۆ دەرکەوتنی بەرزە پەستانی خوێن ، نەخۆشی شەکرەی جۆری ٢  ، نەخۆشییەکانی دڵ و بۆریەکانی خوێن و تەنانەت جەڵتەی مێشک . ھەرکاتێک پیاو ھەستی بە دەرکەوتنی نیشانەکان کرد پێویستە بێ پشت گوێ خستن و شەرم کردن بەیانیەک پێش نانخواردن بۆ دڵنیابوون ‌تێستێکی خوێن بکات بۆ دەستنیشانکردنی رێژەی ھۆرمۆنەکە . ھەرچەندە ئەو کەسانەی کە رێژەی ھۆرمۆنەکەیان نزمە پێویست ناکات چارەسەر وەر‌بگرن بەڵام لە کاتی پێویستدا دەبێت پیاو سەردانی پزیشک بکات چارەسەری بۆوەربگرێت ئەویش لە شێوەی دەرزی ، حەب و ھەتوان دا ھەیە ، ھاوکات دەبێت پیاو شێوەی خۆراک خواردنی بگۆڕێت . ئەم کەسانەی خوارەوە نابێت رێژەی تێستۆستێرۆن زێد بکەن :
ئەوانەی شێرپەنجەی پرۆستاتیان ھەبووە یان ھەیە .
ئەوانەی کۆنتڕۆڵی دڵ و بۆریەکانی خوێنیان ھەیە .
ئەوکەسانەی ژمارەی خرۆکە سوورەکانیان بەرزە .
ئەوکەسانەی بەدەم خەوەوە ھەناسەدانیان نامێنێت و چارەسەری ناکەن .

دروست دەڵێم پیاو دەتوانێت بە چەند ڕێگایەک چارەسەری نزمی ھۆرمۆنی تێستۆستێرۆنی بکات ، ئەوانیش بریتین لە :
١. ڤیتامنین ،, ٦٣B  وD ، زینک وماگنیسیۆم و زۆرباشن بۆ بەرزکردنەوەی ھۆرمۆنەکە .
٢. وەرزش ، ھەموو جۆرەکان پێویستن و بەسوودن لەبەرئەوەی چەورییەکان دەسووتێنن و دەیکەن بە وزەوھێز بۆ لەش .
٣. خۆراک بە سوودە ، برۆکولی بە سوودە بۆ ھۆرمۆنی ئۆسترۆجێن و تێستۆستێرۆن . ھێلکە ‌و کەرە ، گۆشت ، ماسی و سەوزەکانیش سوودبەخشن .
ھاوکات شێوازی ژیان ، خەوی شەو زۆر بەسوودترە وەک لە خەوی درەنگ وەخت .
زیانبەخشەکان : شەکر ، چەوری ، قەڵەوی ، ئەلکھۆل ، جگەرە ، ئەو دەرمانانەی (ستاتینەکان) چەوری دادەبەزێنێت ، کۆفێین ، نائارامی دەروونی ، ساردییەکان خراپن بۆ لەش .
پێویستە ئەو پیاوانەی دەرمان وەردەگرن بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ھۆرمۆنەکە ، رێک وپێک کۆنتڕۆڵی تەندروستی خۆیان بکەن لەبەرئەوەی چارەسەرکردن دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی رێژەی ھێمۆگڵۆبو‌لین و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ھاوکات تێستی رێژەی ھۆرمۆنی پیاوانەی پرۆستات (Total PSA) یش بکەن .

سەرچاوەکان
١.www.Netdoctor.se, testosteronbrist.
٢.www.msn.com.
٣. www.webmd.com/men/testosterone
1849 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/03/2016
زیاتر...
12