پیتی  خ
خەمۆکی
ئەوەی پێویستە لەبارەی خەمۆکییەوە بیزانیت

د . ڕێدار محەمەد ئەمین – پسپۆری نەخۆشییە دەروونییەکان
خەمۆکی بریتیەلە حاڵەتی ھەستکردن بەخەمباری ودڵتەنگی، ھەموو مرۆَڤێکی ئاسایش بەم ھەستکردنە تێدەپەڕێت، بەڵام ئەگەر ھاتوو ئەم خەمۆکیە لەراددەی خۆی زیاتربوو، یاخود ماوەکەی درێژبۆوە، بەجۆرێک کەوا کاریگەری ھەبوولەسەر کارکردن وتوانای کەسەکە، ئەوا وەک حاڵەتێکی نەخۆشی سەیر دەکرێت وپێویستی بەچارەسەریە. ئامانج لەو نوسینەدا، ئاشناکردنی خوێنەری کوردە بەگرفتی خەمۆکی، ناسینەوەو ڕێگاکانی چارەسەری، بەپەیڕەوکردنی ئەم پەندەی دەڵێت: (خۆپاراستن باشترە لەچارەسەرکردن)

* ئایاخەمۆکی مانای لاوازی کەسایەتیە؟
بەھۆی نەبوونی زانیاریەکی تەواولەسەر نەخۆشیەدەرونیەکان، ھەرلەکۆنەوە نەخۆشی دەرونی وەک: شەرم، عەیب، لاوازی کەسایەتی سەیرکراوە، خەمۆکیش کەوا بەشێکە لە نەخۆشیە دەرونیەکان، کەوتۆتە بازنەی ئەم تۆمەتە ناڕەوایانەوە، ئەگەرچی شکسپیرلەمێژە گوتوویەتی (مرۆڤ تا ژیربێت، کەمتردڵخۆش دەبێت)بەڵام دیارە ئەم ووتەیەش وەک پێویست لەگوێچکەی غەمباران نەزرەنگاوەتەوەو بێھودە ھەوڵی شاردنەوەی باری خەمۆکی خۆیان داوە! کەواتە، ئەگەرخەمۆکی لاوازی کەسایەتی، شەرم ونەنگی نەبێت، ئەی چییە؟
خەمۆکی بریتیە لە نەخۆشیەکی دەرونی. مرۆڤ بەشێوەیەکی سەرەکی لەدووبەش پێکدێت، جەستە ودەرون، ھەروەک چۆن جەستە نەخۆش دەکەوێت (گرانەتا، ئەنفلەوەنزا، شەکرە، فشاری خوێن، شێرپەنجە……) بەھەمان شێوەش دەروون نەخۆش دەکەوێت ھەروەک چۆن ناتوانین بەیەک دوو حاڵەتی بەرز بوونەوەی فشاری خوێن، شەکرە، کۆکین بڵێین نەخۆشی ئەگەر گەڕایەوە دۆخی ئاسایی، بەھەمان شێوەش ناتوانین بە حاڵەتێکی راگوزەری خەمۆکی بڵێین نەخۆشی ئەگەر گەڕایەوە دۆخی جاران!
ھەربۆیەش بەرز بوونەوەی رێژەی شەکر بەبەردەوامی مانای نەخۆشیەو پێویستی بە چارەسەرییە خەمۆکی بەردەوامیش بارێکی نەخۆشیەو پێویستی بە چارەسەرییە،ئەگەر ھەر یەکەیان چارەسەر نەکرا، ئەوا گرفتی زیاتر بۆ خاوەنەکەی دروست دەکات .

-

*خەمۆکی و نەخۆشییە دەرونییەکان
لایەنی دەروونی و جەستەیی مرۆڤ وەک دوو بازنەی تێکھەڵکێشی یەکتر وان و لە حاڵەتی ئاسایی و نەخۆشی کار دەکەنە سەر یەکتر، بۆیە دەتوانین بڵێین ھیچ نەخۆشیەکی جەستەییش بێبەش نییە لە کاریگەری دەروونی.
خەمۆکیش وەک گرفتێکی باوی دەروونی، ھاوڕێی نەخۆشییە جەستەییەکانە، بەڵام بە داخەوە، زۆرجاران دەستنیشان ناکرێ و چارەسەر ناکرێ، ئەگەر رێژەی گرفتی خەمۆکی لە کۆمەڵگە بە ٢—٤% مەزندە بکرێ، ئەوا ئەم رێژەیە بۆ ٥ — ١٠ بەرز دەبێتەوە، لەو کەسانەی سەردانی بنکە تەندروستیەکان دەکەن و دەگاتە ١٤% لەو کەسانەی نەخۆشیەکی جەستەیی دەست نیشانکراویان ھەیە، زۆر لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کەوا چاکبوونەوەی ھەر نەخۆشیەکی جەستەیی مەترسیدار خێراترە، گەر لە ھەمان کاتتدا لایەنە دەرونیەکەی چارەسەر کرا، ئەم دەستەواژەیەش شتێکی لۆژیک و پڕ مانایە، چونکە زۆربەی نەخۆشیە جەستەییە مەترسیدارەکان دەبنە ھۆی خەمۆکی توند، ھەروەھا توێژینەوەی تر باس لەوە دەکەن کەوا گرفتی دەروونی کاریگەری تەواوی لە سەر کۆئەندامی بەرگری لەش ھەیە، وای لێدەکات ئاستی بەرگریکاری کەم بێتەوە بۆ شەڕکردن لەگەڵ نەخۆشییەکان.
ئەوانەی سەرەوە ھەموو مانای ئەوە دەگەیەنن کەوا چارەسەری لایەنی دەروونی مرۆڤ ھاوتا لەگەڵ چارەسەری جەستەیی رێژەی چاکبوونەوە خێراتر دەکات،

-

*ھۆکارەکانی تووش بوون بە نەخۆشی خەمۆکی
وەک ھەرنەخۆشیەکی تری دەروونی، یەک ھۆکار بەتەنھا نابێتە ھۆی نەخۆشی دەروونی، بەڵکو تێک ھەڵکێشەیەکە لە ھۆکارە بایلۆژی و سایکۆلۆژی(کەسی) و کۆمەڵایەتیەکان، ئەم بیردۆزەش باس لەوە دەکات پێی دەڵێن بیردۆزی بایۆسایکۆسوشیەل.BIO-PSYCHO-SOCIAL
بۆیە ناکرێ بەتەنھا ھۆکاری بۆ ماوەیی تۆمەتبار بکەین، چونکە زۆر کەس ئامادەیی بۆماوەییان ھەیەو تووشی خەمۆکیش نابن! ھەروەھا ناکرێ تەنھا لایەنی کەسایەتی بەتەنھا بکرێتە پێوەر، وەک پەروەردەی ھەڵە، خێزانی شپرزە، بەھەمان شێوەش ناکرێ لایەنی کۆمەڵایەتی وەک گرنتی ئابووری، سیاسی، ئاینی، بکرێتە ھۆکار. زۆر کەسیش بە ھەڵە ئەم دەستەواژەیە دووبارە دەکەنەوە، کەوا خەمۆکی دەرەنجامی نەگەیشتنە بە حەزوو ئاواتەکانن، لە کاتێکدا ھیچ کەسێک نییە لە جیھاندا ھەموو حەزوو ئاواتەکانی ھاتبێتە دی!
کەواتە کاتێک باسی یەکێک دەکەین تووشی خەمۆکی بووە، ئەوا ھۆکارە بایلۆژی و کەسایەتی و کۆمەڵایەتیەکان لەبەر چاو دەگرین، مەرجیش نییە ھەرسێ ھۆکار لە ئێستادا لە ئارادابن، ھەروەھا مەرجیش نییە ھۆکارێک ھەبێت، بۆ نموونە” بۆماوەیی یان پەروەردەی خراپ ” ببنە یەک تاکە ھۆکار بۆ خەمۆکی، بەڵکو دەبێت ھەلو مەرجی گونجاو ھەبێت ئینجا نەخۆشیەکە سەر ھەڵدەدات ئەم ھۆکارانەی لە سەرەوەش باسکران دەبنە سێ قۆناغ یان سێ ھۆکاری تر بەم شێوەیەی خوارەوە:-
١- ھۆکارە ئامادەگیەکان predisposing factors ئەمانەش بریتین لەو ھۆکارانەی وەک ئامادەیی بۆ نەخۆشی لە کەسەکەدا ھەن، وەک ھۆکاری بۆ ماوەیی، تووش بوونی دایک بە نەخۆشی سورێژە، گرانەتا، خواردنی دەرمان لە کاتی سکپڕیدا، پەروەردەی نادروست، گرفتی کەسایەتی….ھتد، بەڵام ئەمانە نابنە ھۆی تووش بوون بە نەخۆشی ئەگەر ھۆکاری تری بە دواوە نەیەن.
٢- ھۆکارەکانی سەرھەڵدان precipitating factors بریتین لەو ھۆکارانەی کە بەر لە نەخۆشیەکە بە ماوەیەکی کورت سەر ھەڵدەدەن، وەک گرفتی ئابوری، خێزانی، نەخۆشی، کۆمەڵایەتی..ھتد، کەوا دەکەن خەمۆکی دروست ببێت، بەڵام بەبێ بوونی فاکتەرەکانی یەکەم ئەمانە روو نادەن.
٣- ھۆکارەکانی بەردەوام بوون (مانەوەی خەمۆکی perpetuating factors )
ئەمانەش ئەو ھۆکارانەن، کەوا دەبنە ھۆی بەردەوام بوونی خەمۆکی، ئەمانەش وەک نەخۆشی جەستەیی، گرفتی کۆمەڵایەتی، فشاری ژیان…ھتد.
ئەم ھۆکارانەی سەرەوەش راڤەی ئەوە دەکەن، لەبەرچی کاتێک دوو کەس یان زیاتر تووشی گرفتێک دەبن و یەکێکیان بە ھۆیەوە تووشی خەمۆکی دەبێت، بەڵام ئەوانی تر بەرگەی خەمۆکیەکە دەگرن!
لە لایەکی ترەوە ھەندێک لە لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، ئەو کەسانەی متمانەیان بە خۆیان کەمە، ئەوانەی بەردەوام، ژیان و دوارۆژیان بە رەشی دەبینن، یان ئەوانەی زۆر خۆیان بەکەم دێتە بەرچاو، ئەوانەی فشاری زۆر دەخەنە سەر خۆیان.

-

تیۆری فێرکردنی کۆمەڵایەتی social learning 
ئەو کەسانەی دەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ناخۆشی و فشارەکانی ژیان بکەن، چ لە ناو خێزان، قوتابخانە، شوێنی کار…ھتد، ئەوە لەسەرەتادا لە ماڵەوە ئەم ستراتیژیە فێربوونە، بە پێچەوانەوەش ئەوانەی ناتوانن مامەڵەی دروست بکەن بەھەمان شێوە شارەزای ستراتیژی دروست نین، ئەمەش راڤەی ئەوە دەکات بۆچی خەمۆکی لە ھەندێک خێزان نەوە دوای نەوە دەگوازرێتەوە ! ئەگەر منداڵ لە خێزانێک پەروەردەبوو پڕ بوو لە رەشبینی و ھیچ ھاندانی تێدا نەبوو، ئەوا ئەم منداڵە زیاتر ئەگەری تووش بوون بە خەمۆکی ھەیە.

-

دیاریکردنی خەمۆکی
دیارە ھەروەک لەسەرەتادا باس کرا مەرج نییە ھەموو دڵتەنگیەک بێتە ھۆی نەخۆشی خەمۆکی بەڵکو ھەندێک خاسیەت ھەن کەوا بڕیار دەدەن ئایا تۆ خەمۆکی ئاساییت ھەیە، یان نەخۆشی خەمۆکی، بێگومان خەمۆکی وەک نەخۆشی دابەش دەکرێ بۆ سێ جۆر: سووک، مامناوەند، توند، چەندین جۆریش ھەیە وەک خەمۆکی گەورە، دیسامیا، خەمۆکی وەرزی..ھتد.
ئەمانەش پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بڕیار لەسەر دەدات، بەڵام ئەوەی لەسەر تۆ پێویستە کاتێک ھەندێک نیشانەت ھەست پێکرد، ئەوا سەردانی پزیشکی دەروونی بکەیت، چونکە پاراستن باشترە لە چارەسەری، چارەسەریش لە قۆناغی سەرەتایی ئاسانترە لە چارەسەری لە دوا قۆناغ.

-

لە گرنگترین نیشانەکان
١- ھەستکردن بە دڵتەنگی زۆربەی کاتەکانی رۆژ.
٢- ھەستکردن بەوەی وەک جاران تام و چێژ لە ژیان، یان شتە خۆشەکانی ژیان ناکات.
٣- بێ بڕشتی و بێ ھێزی و زوو ھەستکردن بە ماندووبوون.
٤- تێکچونی خەو، زیاد یان کەم نووستن.
٥- تێکچونی ئارەزووی خواردن زیاد یان کەم.
٦- ھەستکردن بە گوناە یان رەفتارێک لە رابردوو ئەنجامت داوە.
٧- کەم بوونەوەی تەرکیز.
٨- حەزکردن بە تەنیا دانیشتن و گریان.
٩- نیشانە جەستەییەکانی وەک سەر ئێشە، پشت ئێشە، قەبزی.
١٠- کەم بوون یان زیاد بوونی ئارەزووی سێکسی.
١١- حەزی مردن، یان بیر کردنەوە لە خۆکوشتن.
سێ نیشانەکەی یەکەم پێیان دەوترێت نیشانە گەورەکان و مەرج نییە ھەموو نیشانەکان ھەبن بۆ دەست نیشانکردن، بەڵام گرنگە ھەندێک لەم نیشانانە بۆ ماوەی دوو ھەفتە یان زیاتر بەردەوام بن.

-

چارەسەری
خەمۆکی گرفتێکە کەوا جگە لە دەرمان پێویستی بە چارەسەری دەروونی psychotherapy ھەیە.بەتایبەتی لە باری سوک کەوا تەنھا چارەسەری دەروونی بەسە، بەڵام رەنگە لە باری خەمۆکی مام ناوەند دەرمان بدرێت و لە باری خەمۆکی توند دەرمان دەبێتە شتێکی پێویست.

-

چارەسەری دەروونی
پێدانی رێنمایی، لە رێگای کەمکردنەوەی ئازاری دڵتەنگی،کەمکردنەوەی ئەو ھەستە بێئومێدیەی ھەیەتی . جگە لەوەی چارەسەری بەپەیبردن، بیرکردنەوەی ڕەش بینی لادەبات، وێنەی بەرامبەرخۆی دەگرێت وەک لابردنی ھەستکردن بەکەمی و ھەست بە گوناە کردن ھەروەھا یارمەتی کەسەکە دەدات بزانێت چ شتێک لە ژیان گرنگە و چۆن ئامانجی پۆزەتیڤانە لە ژیان دروست بکات، چارەسەری لە رێگای چارەسەرکردنی گرفت یارمەتی کەسەکە دەدات، کەوا ئەو لایەنانەی ژیانی بناسێتەوە، کە فشاری زۆر دروست دەکەن و ھەوڵی چارەسەرکردنیان بدات.


چارەسەری بە دەرمان
یارمەتی کەسەکە دەدات، بەسەر گرفتە جەستەییەکانی خەمۆکی زاڵبێت وەک” خەو، خواردن، جولەکردن، ژان، بەڵام بەبێ رێنمایی یان چارەسەری دەروونی ناتوانێت ١٠٠% ھەموو کێشەکان لابەرێت.

تێبینی/
وەرگیراوە لە ماڵپەڕی derunnasy .com
3572 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
1