پیتی  گ
ھەوی گرمۆلەکانی گورچیلە
ھەوی گرمۆلەکانی گورچیلە 

مەبەست لە گرمۆلە (گلۆمێرولوس)‌ چی‌یە؟



گلۆمێرولوس یا گڕمۆلە ـ پۆلێکە لە ڕەگەمووەکانی خوێن کە ھەوەلین پلەی پاڵاوتنی خوێن بۆ پێکھێنانی میز لەواندا دەست پێدەکا. 

ھۆیەکانی ھەوی گرمۆلەکانی گورچیلە کامانەن؟
 باکتریی‌یەکان وەکو سترەپتۆکۆک، ستافیلاکۆک، پنومۆکۆک، ھەوی جەرگ لە چەشنی ب و ...،
دەوا وەکو پنێسیلامین،
واکسەن،
تومۆری بێ‌چارەسەر، 
 نەدیار،
بە ھۆی نەخۆشیی وەکو سیستێمیک لووپوس ئریتیماتۆز، سکلێرۆدێرمی و نەخۆشیی شەکرە،

 
نەخۆشیی زگماکیی وەکو سیندرۆمی ئالپۆرت.

چەشنەکانی ھەوی گرمۆلەکانی گورچیلە کامانەن؟

ھەوی کتوپڕی گرمۆلەکان
ئەم چەشنە زۆرتر پاش نەخۆشیی‌یەکی چڵکیی بە ھۆی باکتریی سترەپتۆکۆک لە گروپی ئا و نەخۆشیی‌یەکانی خۆپارێزیی پێک‌دێ. بوونی خوێن‌و پرۆتێین لە میزدا، چوونەسەرەوەی ڕادەی نیتڕۆژنی خوێن‌و ھاتنەخوارەوەی ڕادەی پالاوتنی گڕمۆلەکانی گورچیلە، سەرئێشە، ئێشی جومگەکان، یاو، بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن‌و ماسینی لەش بە ھۆی ڕانەماڵینیی ئاسایی خوێ‌و ئاو و پۆنگخواردنەوەیان لە لەشدا، ھەناسەسواریی‌و کەم‌بوونی قەبارەی میزی ڕۆژانە لە نیشانەکانی ئەم چەشەنەن.


تێبینی/
 Systemic lupus erythematosus, سیستێمیک لووپوس ئریتیماتۆز،
چەشنێک نەخۆشیی خۆپارێزە. چاڵاکیی سیستێمی بەرگری لەش دژی  تا‌ن‌و پۆی ئەندامەکانی لەشی نەخۆشەو دەبێتە ھۆی ئازاری  ئەندام‌و تانەکان ‌. 

 Scleroderma سکلێرۆدێرمی چەشنە نەخۆشیی‌یەکی ڕوماتیسمیی‌یە کە پێستی نەخۆش ئەستوور، ڕەق‌و وشک دەبێ، لەوەدەچێ لە بەشی کۆتایی ئەندامەکاندا زام پێک بێ.      

 Alport- Syndrom, نەخۆشیی‌یەکی زگماکیی‌و دووھەمین ھۆی ژنێتیکیی ناتەواویی گورچیلەیە. لەم نەخۆشانەدا ھەوی گڕمۆڵەکانی گورچیلە، ئازاری گۆێچکەو چاو دەبیندرێ.

 Autoimmune diseases, نەخۆشیی خۆپارێزیی. لەم نەخۆشیی‌یانەدا چاڵاکیی سیستێمی بەرگری لەش دژی تان‌و پۆی ئەندامەکانی لەشی نەخۆشەو دەبێتە ھۆی ئازاری  ئەندام و تانەکان.

ھەوی گرمۆلەکان بە گۆڕانی ھەرچی کەمترەوە
ئەم چەشنە لە منداڵان، بە تایبەتیی لە تەمەنی ٢ ساڵاندا دەبیندرێ. لەم نەخۆشانەدا نیشانەگەلێک وەک ماسینی دەم‌و چاو، بێحالیی، چوونەسەرێی قورسایی لەش، بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن، چڵک کردن، بەسترانی ڕەگ بە ھۆی  دەڵەمەی خوێن کە لە جێی خۆی جوێ‌بۆتەوەو بزوتووە، سەر‌ئێشەو سێندرۆمی نفرۆتیک دەببیندرێ. ھۆی ئەم چەشنە نادیارە. بەڵام لە سەتا ١٠ تا ٢٠ی دەتوانێ بەرھەمی دەواگەلێک وەکو دیکلۆفیناک، ئامپیسیلین، پنیسیلین، ریفامپین، ئنتێرفرۆن، نەخۆشیی مۆنۆنێکلۆزی چڵکیی، شێرپەنجەو ھتد ... ببێ.

تێبینی/
 Nephrotic syndrome سێندرۆمی نڤرۆتیک بریتیی‌یە لە ھەبوونی پرۆتێین لە میزدا ـ زیاتر لە ٣،٥گەرەم لە ڕۆژداو چوونەسەرێی پرۆتێین‌و لیپۆپرۆتێینی خوێن.  لیپۆپرۆتێین پێکھاتەیەکە لە چەوریی‌و پرۆتێین.

 Infectious mononucleosis مۆنۆنێکلۆزی چڵکیی یا نەخۆشیی ماچ، چەشنە نەخۆشیی‌یەکی ویروسیی‌یە. نیشانەکانی ئەم نەخۆشیی‌یە بریتین لە یاو، گەرو ئێشە، بێحالی، ماندوویی‌و ماسینی گڕێکانی لەنڤاویی.

 Goodpasture syndrome نیشانەکانی سێندرۆمی گودپاسچێر بریتین لە: پشوو سواریی، خوێنرێژی سیی‌یەکان‌و خوینپژاندن لە کاتی کۆخیندا.


ھەوی کتوپڕ پەڕەگری گڕمۆلەکانی گورچیلە
لەم چەشنە نەخۆشیی‌یەدا ھاتنەخوارەوەی کتوپڕی ڕادەی پاڵاوتنی گڕمۆلەکان بەلانی‌کەم تا سەتا ٥٠ لە ماوەی چەند ڕۆژ تا ٣ مانگدا دەبیندرێ. ھۆی ئەم نەخۆشیی‌یە نەناسراوە. ‌بەڵام لەوەدەچێ ھۆی ژنێتیکیی ھەبێ یان لە چوارچێوەی نەخۆشیی‌یەکی سیستێمیکدا ببیندرێ. لەم نەخۆشیی‌یانەدا لەوەدەچێ ئەم نیشانانە وەبەرچاو کەون: یاو، سەرئێشە، ئێشی جومگەکان، بێحالیی، بوونی خوێن لە میزدا، زۆربوونی کراتێنین‌و ئوورەی خوێن، ھەروەھا سێندرۆمی گودپاسچێر

سێندرۆمی گودپاسچر
ھەوی درێژخایەنی گڕمۆلەکان
زۆربەی چەشنەکانی ھەوی کتوپڕی گرمۆلەکانی گورچیلە ئەگەر چارە نەکرێن دەبنە ھەوی درێژخایەنی گرمۆلەکانی گورچیلە. لەم حاڵەتەدا قەوارەی گڕمۆلەکان تووشی تێکچوونێکی نەگەراو دەبێ‌و ڕادەی پاڵاوتنی بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزی‌و ڕادەی کراتێنین‌و ئوورەی خوین پەرە دەستێنی. لەم نەخۆشیی‌یانەدا نیشانەکانی خوارێ دەکرێ وەبەرچاوکەو‌ن: بێحالیی، ماندوویی، بێ‌ئیشتیایی، دابەزینی نائاسایی قورسایی لەش، خورینی لەش، وەرەم، بەرز‌بوونەوەی گوشاری خوێن، فێ لێھاتن، قۆڵنجی ماسولکەکان، پشووسواریی‌و سینگ‌ئێشە. 

ئەم نەخۆشیی‌یە چۆن دەسنیشان دەکرێ؟
تاقیکردنەوەی خوێن بۆ پێوانی ڕادەی پرۆتێین، کراتێنین، ئوورە، چەوریی، ئەلکتڕۆلیتەکان، ئیمونوگڵۆبۆلین، لیپۆپرۆتێین و ...،
دەسنیشان‌کردنی ھۆیەکانی چڵکیی وەکو: ھەوی جەرگ لە چەشنی ب و س، ئەیدز، مالاریا، سفیلیس‌و ...،
تاقیکردنەوەی میز بۆ پێوانی ڕادەی نائاسایی پرۆتێین، ھەروەھا خڕۆکەکانی سوورو سپی خوێن لە میزدا،
سۆنۆگرافیی ‌ بۆ دیاریی‌کردنی گۆڕانکاری قەوارەی گورچیلە،
بیۆپسی لە تان‌و پۆی گورچیلە بە تایبەتیی ئەگەر لەو نەخۆشانەدا نیشانەکانی سێندرۆمی نفرۆتیک ببیندرێ.

دوکتور بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشیی‌یە چ دەکا؟
ئانتی‌بیۆتیک وەک پنیسیلین بۆ لە بێن‌بردنی ھۆی چڵک،
 میزان‌کردنی ئەلکتڕۆلیتەکانی لەش،
 دەرمانی وەرەم‌و بەرزیی گوشاری خوێن،
 لە کاتی سەخت‌بوونی نەخۆشیی‌یەکە لە کۆرتیکۆسترۆئیدەکان (پرێدنیزۆلۆن)‌و دەواگەلێک وەکو ئازاتیۆپرین، سیکلۆسپۆرین کەڵک وەردەگیرێ.
 دیالیز.

تێبینی/
 Immunoglobulin ئیمونوگڵۆبۆلین چەشنێک دژە ‌لەشە(Antibody) کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سیستێمی بەڕگری لەشدا ھەیە.

ئا/ د. کامەران ئەمین ئاوە
 
1355 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
29/02/2016
زیاتر...
12