پیتی  گ
قەوارەو کاری دەزگای چێکردن‌و ڕاماڵینی میز
قەوارەو کاری دەزگای چێکردن‌و ڕاماڵینی میز

دەزگای چێکردن‌و ڕاماڵینی میز لە چی پێکھاتووە و کاری چی‌یە؟
ئەم دەزگایە لە دوو گورچیلە، دوو بۆڕیی میز، میزڵدان‌و میزڕێ پێک‌دێ‌و ئەرکی ئەو دروست‌کردن، کۆکردنەوە، ڕاگرتن‌و ڕاماڵینی میزە.

گورچیلە کان چین‌و چ کارێک دەکەن؟
گورچیلەکان دوو ئەندامن لە کەشمی باقلە. لە بەشی پشتەوەی بەتاڵایی گەدە (زگ) و کەمێک ژێرتر لە قەوزەی سینگ جێگیرن‌و دەکەونە ئەم‌لاو ئەولای بڕبڕەی پشت. ھەر گورچیلەیەک نزیک بە یەک مێلیۆن کاناڵ یان گورچیلکەی ھەیە. ئەم کاناڵانە پێکھێنەری بینا‌و ساختومانی گورچیلەن‌و کاری سەرکیی ئەو بینایەش بەڕێوە دەبەن. 




پێکھاتەی گورچیلەو گورچیلکە

کاری سەرەکیی گورچیلکە بریتیی لە:
ـ دروست‌کردنی میزو جیاکردنەوەی کەرەستەی نا‌پێویست وەکو ئوورە، کراتێنین لە پڵاسمای خوێن‌و دەرنانیان لە لەشی مرۆڤ،
ـ ڕاگرتنی میزانی ئاو و ئەلکتڕۆلیتەکان،
ـ دروست‌کردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە مۆخی ئێسکدا،
ـ میزانھکردنی گوشاری خوێن.

تێبینی/
 Urea, ئوورە ئاکامی ئاڵوگۆڕی متابۆلیسمی ئەسیدی‌ئەمینە لە لەشدایە.
 Creatinine, کراتێنین ئاکامی لێک‌ھەڵاواردنی کراتێنین ڤسفاتی ماسوولکەیە.
 Electrolyte, ئەلکتڕۆلیت ماددەیەکە کە لە کاتی توانەوە لە تراوێکدا دەبێتە یۆن‌و دەتوانێ رەوتی کارەبا راگوێزێ.
کاری بۆڕیی یان لوولەی میز چی‌یە؟
بۆڕیی میز لوولەیەکی باریکە، میز لە گورچیلەوە بۆ میزڵدان دەگۆزێتەوە. درێژایی بۆڕیی میز ٢٥ تا ٣٠ سانتی‌مێترە.

کاری میزڵدان چی‌یە؟

میزڵدان ئەندامێکی ماسولکەیە، نزیک بە لیترێک میز لە خۆیدا ڕادەگرێ. کاری سەرەکیی میزڵدان کۆکردنەوەی میزو وەدەرنانێتی.

کاری میزڕێ چی‌یە؟
میزڕێ پلوسکێکەو میز لە میزڵدانەوە بەرەو دەرەوەی میزڵدان ڕادەگوێزێ. درێژایی ئەم لوولەیە لە پیاواندا ٢٠ سانتی‌مێتر و لە ژناندا ٣ تا ٥ سانتی‌مێترە.

ئا/ د. کامەران ئەمین ئاوە
1431 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
29/02/2016
زیاتر...
12