پیتی  د
ھەوی نێوپۆشی دڵ
ھەوی نێوپۆشی دڵ 

نێوپۆشی دڵ چی‌یە؟
نێوپۆ‌شی دڵ تۆ‌یخی نێو دڵە کە ‌تەواوی ژووری دڵ، دەربیجەکان‌و دیوەکانیی دادەپۆ‌شێ. دەربیجەکانی دڵ زۆرتر تووشی ئەم نەخۆشیی‌یە دەبن. 

ھۆیەکانی ھەوی نێوپۆشی دڵ کامانەن؟

باکتریی‌یەکان سەرچاوەی سەرەکیی ھەوی نێوپۆشی دڵن. باکتریی‌یەکانی گروپی ستافیلۆ‌کۆ‌ک سترێپتۆکۆک  یا ئەو باکتریی‌یەی کە ‌لە حاڵەتی ئاسایی‌دا لە پێست‌و دەمی مرۆڤدا دەژین، بە ھۆ‌ی ئازارو برینداربوونی پێست، نەشتەرگەریی ددان‌و نێو دەم، جێی دەرزی بە تایبەتیی لە خووگەرەکان بەماددەی سڕکەر، ڕەوانەی خوێن دەبن‌و لە ڕێگای سیستێمی سووڕانی خوێن دەگەنە دەربیجەکانی دڵ‌و لەوێ جێگیر دەبن.

جۆرەکانی ھەوی نێوپۆشی کامانەن؟
ھەوی نێوپۆشی دڵ لە پێوەندیی لەگەڵ ھۆ‌یەکانی پێکھێنەری بە دوو چەشنی چڵکیی(باکتریی‌یایی) و ناچڵکیی( یان خاوێن) دابەش دەکرێ. ھەوی ناچڵکیی نێوپۆشی دڵ یان خاوێن لەگەڵ چەشنی چڵکیی کەمتر دەبیندرەێ. پەڕەگرتوویی ھەوی نێوپۆشی دڵ لە پێوندەیی لەگەڵ ھێزی نەخۆ‌شکەری باکتریی‌و ئازاردیتنی تان‌و پۆی نێوپۆشی دڵ دەتوانێ توند‌و سەخت (ھەوی کتوپڕی نێوپۆشی دڵ) یان سووک‌و بە ‌مەترسیی کەمتر بێ (ھەوی ژێرکتوپڕی نێو پۆشی دڵ).

ھەوی کتوپڕی نێوپۆشی دڵ 
چەشنی ھێرشکەری باکتریی پێست، بە ‌تایبەتیی ستافیلۆ‌کۆ‌کەکان لە ڕێگای خوێنەوە  ڕەوانەی دڵ دەبن‌وھێرش دەبنە ‌سەر دەربیجەکانی ساغی دڵ. ئەم باکتریی‌یانە ‌پاش زۆر بوونیان لە ‌نێو دڵ، لە ‌ڕێگای سیستێمی سووڕانی دڵ لە ‌لەشی مرۆڤدا بڵاودەبنەوەودەبنە ‌ھۆ‌ی چڵکی ئەندامەکانی دیکە بەتایبەتیی گورچیلەکان، سیی‌یەکان‌و مێشک. مەترسیی ئەم نەخۆ‌شیی‌یە ‌لە خووگرەکاندا کە بە ‌شێوەیکی بەردەوام لە ‌ڕێگای دەرزیەوە ماددەی سڕکەر بەکار دێنن زۆرتر لە خەڵکی دیکەیە. ئەم نەخۆشیی‌یە ئەگەر دەرمان نەکرێ لەوەدەچێ لەماوەی چەند ڕۆژ تا کەمتر لە حەوتوو بە پێی پەڕەگرتوویی نەخۆشیی‌یەکە، ھۆ‌ی مردن بێ.

ھەوی ژێرکتوپڕی نێوپۆشی دڵ 
گروپی باکتریی‌یەکانی سترێپتۆ‌کۆ‌ک وەکو Streptococcus Sanguis، Mutans، Mitis ، Milleri کە ‌لە حاڵەتی ئاسایی‌دا لە نێو دەم‌و گەرودا دەژین ھۆ‌ی ئەم چەشنە ‌نەخۆشیی‌یەن. ئەو دەربیجانەی دڵ کە ‌پێشتر تووشی ئازاربوون، زۆرتر تووشی ئەم نەخۆشیی‌یە ‌دەبن. دەرمان‌نەکردنی ئەم نەخۆشیی‌یە ‌دەتوانێ ھۆ‌ی مردنی نەخۆ‌ش لە ماوەی ٦ حەوتو تا ساڵێک بێ.

لە چ کەسانێک‌دا مەترسیی ھەوی نێوپۆ‌شی دڵ بەرزترە؟
ئەوانەی کە تووشی ئاڵۆزیی‌یەکانی تەواوکاریی زگماکیی دڵن (وەک نەبەسترانی دیواری نێوان دو داڵانی دڵ)،
ئازار دیتنی دەربیجەکانی دڵ وەکو ئاکامی یاوی ڕوماتیسمیی یان ئەستووریی دەربیجەکان، کۆبوونەوەی کالسیۆ‌م کە ‌بەرھەمی چوونەسەرێی تەمەنە، دەتوانێ ھۆ‌ی ئەستووری‌و ڕەق‌بوونی دەربیجەکان بێ،
دەربیجەی دەستکرد یان ماددەی بێگانە لە دڵ وەکو تڕپە ڕێکخەر،
بەکارھێنانی ماددەی سڕکەر لە ‌ڕێگای دەرزی لێدانەوە،
نەخۆشیی‌یە درێژخایەنەکان کە ‌دەبنە ھۆ‌ی کزیی سیستێمی بەرگریی لەش وەکو نەخۆ‌شیی شەکرە، ئەلکۆ‌ڵیی‌بوون، شێرپەنچەوشیمی دەرمانیی،
نەشتەرگەریی وەکو بڕین‌و دەرھێنانی ئاڵوو(لەوزەتین).

نیشانەکانی ھەوی کتوپڕی نێوپۆ‌شی دڵ کامانەن؟
بەرزبوونەوەی یاو،
سینگ‌ئێشە،
پشوسوواریی،
کۆ‌خین،
پچڕانی وردە ڕەگەکانی لەپی دەست‌و پێ ،
لە ‌کاتی سەخت‌بوونی ئازاری دڵ نەخۆ‌ش تووشی شۆ‌ک‌و بێ‌ھۆ‌شیی دەبێ.

نیشانەکانەی ھەوی ژێرکتوپڕی نێوپۆ‌شی دڵ کامانەن؟
ئاڕەقەی شەوانە،
لەرزو تا،
یاو،
ئێشی ماسولکەوجومگە،
ماندوویی،
پشووسواریی،
سەرئێشە،
بێ‌ئیشتیایی،
لەدەست‌دانی قورسایی لەش،
بەرھەم‌ھاتنی گرێی وردو ئێشدار لە ‌ژێر پێستی قامکەکانی لاق‌و دەست،
پچڕانی وردە دەمارەکانی چاو، مەڵاژک، سینگ‌و قامکەکانی دەست وپێ.

       

ھەوی نێوپۆشی دڵ چۆن دەسنیشان دەکرێ؟
دیاریی‌کردنی ھەوی نێوپۆشی دڵ بە پێی پێشینەی پزشکیی؛ دۆزراوەکانی فیزیکیی‌و نیشانەکانی ئەم نەخۆشیی‌یە وەکو یاو؛ بیستنی دەنگی نائاسایی دڵ، گۆڕانکاریی نەواری دڵ، تاقیکردنەوەو چاندنی خوێن (لە تاقیگەدا بۆ ناسینەوەی ئەو باکتریی‌یەی کە ھۆی نەخۆشیی‌یەکەیە) و ئێکۆکاردیۆگرافیی لە ڕێگای قوریژنکەوە بۆ ھەڵسەنگاندنی کاری دڵ‌و دیاریی‌کردنی برینی سەر دەربیجەکانە
برینی سەر دەربیجەی ئائۆرت

ئاڵۆزیی‌یەکان‌و مەترسیی ھەوی نێوپۆشی دڵ کامانەن؟
ئاریتمیی دڵ،
ناتەواویی دڵ،
ھێرشی دڵ(سەکتەی دڵ)،
ھەوی دڵپۆش،
جوێ‌بوونەوەی دەڵەمەی خوێن لە ‌دیواری ڕەگەکان‌و ڕۆیشتنی بۆ ‌مێشک، سیی‌یەکان‌و خوێنبەری کڕۆنێریی دڵ کە دەبێتە ھۆ‌ی سەکتەی دڵ‌و مێشک.

ھەوی نێوپۆشی دڵ چۆن چارەسەر دەکرێ؟
لە ‌ھەوی باکتریی‌یایی نێوپۆشی دڵدا پێویستە بۆ ‌ماوەی ٤ تا ٦ حەوتوو ئانتی‌بیوتیک وەکو پنیسیلین و سفالۆسپۆرینەکان بە نەخۆ‌ش بدرێ. 

لە چ حاڵەتێک‌دا پێویست بە نەشتەرگەریی دڵ ھەیە؟
ئازاردیتنی دەربیجەکانی ئائۆ‌رت‌و میترال کە دەبێتە ‌ھۆ‌ی گەڕانەوەی خوێن‌و ناتەواویی دڵ،
ناکۆ‌کیی کاری دەربیجەکانی دڵ‌و بەردەوام مانی چڵک دوای تێپەرینی ١٠ ڕۆژ لە دەرمان بە  ئانتی‌بیۆتیکێکی شیاو،
زۆربوون‌و بە یەک‌نووسانی نائاسایی میکروبەکان کە دەبێتە ھۆ‌ی بەرھەم‌ھاتنی برین لە سەر دەربیجەی دڵ کە ‌ئەندازەی پتر لە١٠ میلی‌میتر بێ،
ئەو کاتەی کە کارگەکان ھۆ‌ی نەخۆ‌شیی بن. کارگەکان وڵامی شیاو بەدەوادەرمانیی نادەنەوە.

ئا/ د. کامەران ئەمین ئاوە
1170 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
27/02/2016
زیاتر...
123