کاردیۆمیوپاتیی
کاردیۆمیوپاتیی چییە؟
کاردیۆمیوپاتیی نەخۆشیی ماسولکەی دڵە. وشەی cardio بە مانای دڵ، myo بە مانای ماسولکەو pathy بە مانای نەخۆشیییە. کاردیۆمیوپاتیی دەبێتە ھۆی شێوانی کاری ماسولکەی دڵو ناتەواویی دڵ بۆ پۆمپاژی خوێن.
جۆرەکانی کاردیۆمیوپاتیی کامانەن؟
١ -کاردیۆمیوپاتیی والا
لەکاردیۆمیوپاتیی والادا، دڵ گەورەیەو ھەر دوو سکۆڵەکان تووشی ھەراویی دەبن، ھەروەھا ھێزی گرژبونەوەی دڵو پۆمپاژی خوێنیش کەمدەبێتەوە.
ھۆیەکانی کاردیۆمیوپاتیی والا کامانەن؟
نەناسراو،
بنەمالەیی،
ئەلکۆڵییبوون،
نەخۆشیی خوێنبەری کڕۆنێریی دڵ (کاردیۆمیوپاتیی پاش سەکتەی دڵ لە سەتا ٥٠ تا ٩٠ بوارەکاندا ھۆی ناتەواویی دڵە)،
بەرزبوونی فشاری خوێن،
خووگریی بە کۆکائێنو ھرۆئین،
ماددەی ژەھراویی وەکو کوبالت، فۆسفۆر، کەربۆن مۆنۆئۆکسید، جیوە،
دابەزینی رادەی کالسیۆمی خوێن(ھێپۆکالسیمی)،
پڕکاریی لووی تیرۆئید،
دەواکانی دژی ڕێترۆویروس وەکو Zidovudine،Didanosine،Zalcitabine
نەخۆشی قەند،
فێنوتیازینەکان ،
و ھتد ...
تێبینی/
Phenothiazines گروپێکە
لە دەواکان کە بۆ دەرمانی نەخۆشیی ڕۆحیی
وەک شیزۆفێرنیو هتد ...
بە
کار دەبردرێ
نیشانەکانی کاردیۆمیوپاتیی والا کامانەن؟
پشووسواریی لە کاتی جەموجوڵدا،
ھێرشی شەوانەی پسووسواریی،
ماندووییو داکشانی ھێز،
دڵەکوتە،
سینگ ئێشە،
خێرالێدانی دڵ لە کاتی پشووداندا.
کاردیۆمیوپاتیی والا چۆن چارەسەر دەکرێ؟
دەرمانی ھۆیەکانی ئەم نەخۆشیییە. بڕوانە ھۆیەکانی ئەم نەخۆشیییە.
چاندنی دڵ لەو کەسانەی کە تەمەنیان ژێرەوی ٦٠ سالەو دەوا کارتێکەریی لە سەر ئەوان نەماوە.
٢ -کاردیۆمیوپاتیی ھایپێرترۆفیک
لەم نەخۆشیییەدا ئەستووریی ماسولکەی دڵو دیواری نێوەڕاستی ھەر دوو سکۆڵەکانی ڕاستو چەپ دەبیندرێ. ئەستووربوونی دیواری نێوان سکۆڵەکان لە کاتی گرژبوونەوەی سکۆڵەی چەپ دەبێتە ھۆی تەنگبوونەوەی ناوچەی ژێرئائورت کە ئاکامی نزیکبوونەوەی دەربیجەی میترالە بە دیواری نێوەڕاستی دڵ. ئەم حاڵەتە بە تایبەتیی لە کاتی وەرزشدا دەتوانێ بەشێوەیەکی نەکاو ببێتە ھۆی بەسترانی تەواوی ڕەوگەی ڕۆیشتنی خوێنو ڕاوەستانی دڵ.
ھۆیەکانی کاردیۆمیوپاتیی ھایپێرترۆفیک کامانەن؟
ھەر شتێک یان ئاکاڕێک کە ببێتە ھۆی بە ھێزکردنی ڕەوتی گرژبوونەوی دڵو لە ئاکامدا زۆرترکردنی تەنگیی ڕەوگەی ڕۆیشتنی خوێن. بۆ وێنە:
دەوا وەکو دۆپامین، ئپینئفرین، نیترۆگلیسیرین،، میزھێنەرەکانو ئەلکۆڵ،
کەم بوونەوەی نائاسایی ئاویلکەی لەش ،
خێرالێدانی دڵ،
لە سەر پێ ڕاوەستان.
ھەر شتێک یا ئاکاڕێک کە ببێتە ھۆی خاوکردنی ڕەوتی گرژبوونەوی دڵ، تەنگیی ڕەوگەی ڕۆیشتنی خوێن کەمتر دەکاتەوە. بۆ ۆێنە:
دەوا وەکو پرۆپرانۆلۆڵ، ویراپامیل،
زۆربوونی نائاسایی ئاویلکەی لەش ،
خاولێدانی دڵ،
ھەڵتروشکان.
نیشانەکانی کاردیۆمیوپاتیی ھایپێرترۆفیک کامانەن؟
پشووسواریی،
لە ھۆشچوون بۆ ماوێکی کوڕت (لەکاتی وەرزشدا)،
سینگئێشە (ڕاکشان دەبێتە ھوی کەمکردنەوەی ئێش)،
دڵە کوتە،
مردنی لەنەکاو دەتوانێ تەنیا نیشانەی ئەم نەخۆشیییە بێ (ئەم حاڵەتە بە تایبەتیی لە لاوان لە کاتی وەرزشدا دەبیندرێ).
کاردیۆمیوپاتیی ھایپێرترۆفیک چۆن چارەسەر دەکرێ؟
دەوا بۆ ھێنانەخوارێی کارو پێداویستیی دڵ بە ئۆکسیژێن( پرۆپرانۆلۆل، ویراپامیل)،
نەشتەرگەریی دڵ.
٣- کاردیۆمیوپاتیی بەرتەسک
لە کاردیۆمیوپاتیی بەرتەسکدا خوێنی نێو داڵانەکان لەکاتی خاوبوونەوی دڵ دەڕژێتە نێو سکۆڵەکان. گرژمانەوەی سکۆڵە وەک ئاکامی ڕەقبوونو نەگۆڕیی ماسولکەی سکۆڵە، دەبێتە ھۆی پێشگیریی لە گەیشتنی خوێنی پێویست بە دیوەکانو گەڕانەوەی خوێن بۆ نێو سیستێمی سووڕانەوەی خوێن.
ھۆیەکانی کاردیۆمیوپاتیی بەرتەسک کامانەن؟
نەخۆشیی ئەندامەکانی دیکە سەرچاوەی سەرەکیی ئەم نەخۆشیییەن، وەکو:
ئامیلۆئیدۆز. یەکێک لە ھۆیەکانی سەرەکیی ئەم چەشنە کاردیۆمیوپاتیییە کە جاروبار لە پێوەندیی لەگەڵ شێرپەنجەکاندا دەبیندرێ.
ھێموکرۆماتۆز لەم نەخۆشیییەدا ئاسن بە شێوەیەکی نائاساییو لە ڕادەبەدەر لە ئەندامەکاندا کۆدەبێتەوە.
سارکۆئیدۆز. نەخۆشیییەکی دریژەخایەنی سیستێمیکە کە ھۆیەکانی جارێ نەناسراوە. لە زۆربەی ئەندامەکانی لەشدا، گرێی زۆر ورد بە ئەندازەی شەکر یان خیز بەرھەم دێ کە پێان گرانولۆم١دەکوترێ.
ھێرشی دڵ کە ببێتە ھۆی پێکھاتنی جێبرین،
کارتێکەریی ژەھراویی ئانتراسیکلین (لەم دەوایە بۆ دەرمانی شێرپەنجەی خوێن کەڵکوەردەگیرێ)،
نەخوشی قەند،
و ھتد ...
تێبینی/
Amyloidosis, ئامیلۆئیدۆز
بە مانای نیشتنو
کۆبوونەوەی ئامیلۆئید لە ئەندامەکانە
کە دەبێتە هۆی ڕەقو
ئەستووربوونو
شێوانی کاری ئاسایی
ئەندام.
ئامیلۆئید
چەشنە پرۆتێینی روونو
بەرهەمی ڕزینی تانو
پۆکانی لەشە.
نیشانەکانی کاردیۆمیوپاتیی بەرتەسک کامانەن؟
ماسینی دەستو پێ،
ماندووییو داکشانی ھێز،
پشووسواریی لەکاتی وەرزشدا،
کۆبونەوەی نائاسایی ئاو لە نێو دیوەکانی لەش،
ئاریتمیی دڵ.
کاردیۆمیوپاتیی بەرتەسک چۆن چارەسەر دەکرێ؟
دەرمانی ئەو نەخۆشیییانەی کە سەرچاوەی کاردیۆمیوپاتیین،
بە پێی نەبوونی دەرمانی تایبەتیی، تەنیا دەکرێ نیشانەکانی نەخۆشییو ناتەواویی دڵ کۆنتڕۆڵ بکرێ (بڕوانە بەشی ناتەواویی دڵ)،
چاندنی دڵ.
ئا/ د. کامەران ئەمین ئاوە