پیتی  گ
گەشبینی و ڕەشبینی
مرۆڤ لەنێوان گەشبینی و ڕەشبینیدا

دەروونناس: سامان سیوەیلی
ئەگەرجی لەڕێنووسی کوردیدا لەنێوان ھەردوو زاراوەی (گەشبینی) و (ڕەشبینی)دا تەنھا جیاوازی نێوانیان یەک پیتە، بەڵام لەڕووی سایکۆلۆژییەوە و لە گەوھەریاندا جیاوازییەکی زۆر گەورەیان ھەیە.
زۆرجار لەزاری خەڵکەوە ھەردوو وشەی (گەشبینی و ڕەشبینی) دەبیسترێت، جاری وا ھەیە بۆ وەسفکردنی بۆچوون و تێڕوانینەکانی کەسێک دەوترێت فڵان کەس زۆر ڕەشبینە، یاخود گەشبینە، بێگومان لکاندنی ئەم وەسفانە بە کەسەکانەوە تەنھا مەبەست لە وتەکانیان نیە بەڵکو مەبەست لە بیرکردنەوە و ڕەفتار و باری دەروونیشیانە.
ئەگەر پەرداخێکی نیوە پڕ (نیوە بەتاڵ) بخرێتە بەردەمت (وەک لە وێنەکەدا دیارە)، تۆ نیوە بەتاڵەکەی دەبینیت؟ ئایا نیوە پڕەکەی ھیچ بە تۆ نابەخشێت؟
سادەترین جیاوازی لەنێوان کەسی گەشبین و کەسی ڕەشبیندا سەبارەت بەم وێنەیە لەوەدایە کە کەسە گەشبینەکان نیوە پڕەکەی دەبینن و کەسە ڕەشبینەکان نیوە بەتاڵەکەی دەبینن. دە با بزانین ئەم دوو دیدە جیاوازە چین؟ لە کوێوە سەرچاوە دەگرن؟ چۆن ڕەنگدەدەنەوە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا؟

-
گەشبینی (Optimism):

تێڕوانینێکی ئەرێنی (پۆزەتیڤ)انەیە بۆ ژیان، باوەڕبوونە بەڕوودانی خێر، بینینی دیوە ڕۆشن و باشەکانی ھەبووەکان و پێشھاتەکانە. ئامادەگیەکی شارەوایە کە ڕەزامەندی لای تاک دەخوڵقێنێت بەرامبەر خودی خۆی و ژیان و ڕووداو و پێشھاتەکان، ھەموو ئەمانەش حاڵەتێک لە گونجاندن و ھەست بەخۆشحاڵی دەخوڵقێنێت لای کەسەکان.
کەسە گەشبینەکان لێبوردەن بەرامبەر (ڕابردوو)ی خۆیان، چێژ لە ساتەکانی (ئێستا)یان وەردەگرن و بە ھیواوە بۆ (ئاییندە)یەکی گەشتر و بارێکی باشتر دەڕوانن.
بیرکردنەوەکانی کەسی گەشبین زیاتر لە جۆری بیرکردنەوەی ئەرێنیە، ئەمەش گەشبینی و ڕەزامەندی و ئارامی و چێژوەرگرتن بە خاوەنەکەی دەبەخشێت، ھەر ئەم گەشبینییە وا دەکات مرۆڤ زیاتر بڕوای بە خودی خۆی ھەبێت، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکی باش تاکو بەشێوەیەکی باشتر ڕووبەڕووی گرفتەکانی ژیانی بێتەوە بەبەراورد بە مرۆڤە ڕەشبینەکان. کەسی گەشبین ھەمیشە لە ساتە سەختەکانیشیدا بە ھیواوە دەژی، ئومێدی بە تێپەڕاندنی ساتە سەختەکانی ھەیە و بە کردەوەش کاری بۆ دەکات.
کەسی گەشبین ھەمیشە بەرھەم و دەستکەوتی زیاترە و توانای بەرەوپێشچوون و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە ژیانیدا زیاترە بەبەراورد بە کەسی ڕەشبین. ھەروەھا کەسی گەشبین دڵی شادە بەو دەستکەوتانەی لە ژیانیدا بەدەستی ھێناون، بە بڕینی قۆناغەکانی خوێندن، ئەو پرۆژانەی ئەنجامیداون، ئەو کەلوپەلانەی ھەیەتی، ژیانی ھاوسەریی، منداڵەکەی، تەندروستی خۆی و … تد، کاتێکیش ژیان و دەستکەوتەکانی خۆی بەراورد دەکات بەو کەسانەی ژیان یان گوزەران یان دەستکەوتەکانی لەم کەمترە یان خراپترە ئەوا زیاتر ژیان و دەستەکەوتەکانی خۆی لاپەسەند دەبێت.
لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ھەمیشە کەسە گەشبینەکان پەسەندترن لای خەڵکی بۆ دروستکردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان.
کەسی گەشبین کاتێک کۆسپێک یان بەربەستێک دێتە سەر ڕێی ئەوا بیر لە تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە دەکاتەوە و تەنگژەکانی بە شتێکی کاتی دەبینێت چونکە ھەمیشە لەناو تونێلە تاریکەکاندا بەدوای تروسکاییدا دەگەڕێت.

-
ڕەشبینی (Pessimism):

تێڕوانینێکی نەرێنی (نێگەتیڤ)انەیە بۆ ژیان، بینینی دیوە تاریک و خراپەکانی ھەبووەکان و پێشھات و ڕووداوەکانە، ئامادەگییەکی شارەوایە لای تاک کە ناڕەزامەندی دەخوڵقێنێت بەرامبەر خودی خۆی و ژیان و ڕووداو و پێشھاتەکان، بەدبینی بەرھەمدەھێنێت بۆ خاوەنەکەی، ھەموو ئەمانەش حاڵەتێک لە شڵەژان و ھەست بەپەشێوی و دڵەڕاوکێ و دڵتەنگی دروستدەکات. تێڕوانینی کەسە ڕەشبینەکان بۆ خودی خۆیان تێڕوانینێکی نزمە، بڕوایان بەخۆیان کەمە، توانای ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردنی گرفتەکانی ژیانیان لاوازە یاخود ھەر ناتوانن ڕووبەڕووی گرفتەکانیان ببنەوە.
ترس لە شکست، ترس لە سەرنەکەوتن، ھەمیشە وەک سێبەر ھاوەڵی کەسانی ڕەشبینە، ھەربۆیە ڕەوشی ژیانی کەسە ڕەشبینەکان زیاتر بە ڕەوشێکی چەقبەستوو نزیکە، چونکە توانای بەرەوپێشچوون و ھەنگاونان و گۆڕانکاریان لاوازە یاخود ھەر نیانە، ئەمەش وا دەکات کەمتر بەرھەمداربن.
کەسی ڕەشبین کاتێک ڕووبەڕووی تەنگژەیەک دەبێتەوە چۆک دادەدات و شپرزە و بێھیوا و نائومێد دەبێت، ھەموو دەرگاکانی ژیان لە خۆی بە داخراوی دەبینێت، کاتێک دووچاری گرفتێک دەبێتەوە ئەگەرچی گرفتێکی بچوکیش بێت بەڵام کەسەکە زۆر لە قەوارەی خۆی زیاتر گەورەی دەکات (مێشێک دەکاتە گایەک)، ھەست دەکات ھەموو شتێک لە دژی ئەوە، بەجۆرێک دەستەواژە بەخۆی دەدات کە کەسێکی بەدبەخت و بێ چارەیە، ئەم ڕوانینانەش وا لە کەسەکە دەکەن بەردەوام ھەست بە داڕوخاوی خۆی بکات و نیشانەی دەروونی خراپی لێدەربکەوێت، بە واتایەکی تر ڕەشبینی دەبێتە ھۆی لەبەرڕۆیشتنێکی بەردەوامی وزە دەروونییەکانی مرۆڤ.
کەسی ڕەشبین دڵی بە دەستکەوتەکانی ژیانی خۆی خۆش نییە، چاو ناخاتە سەر شانازیەکانی، بڕینی قۆناغەکانی خوێندن یان ئەنجامدانی پرۆژە و کار و چالاکیەکانی یان ھاوسەرگیری و بوونی منداڵ و … تد ھیچ خۆشحاڵییەک نابەخشن بە کەسە، کاتێکیش خۆی بەراورد دەکات بەوانەی سەرووی خۆیەوە ھەمیشە خۆی بە کەسێکی بێئومێد و تێکشکاو دەبینێت.
لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەسانی ڕەشبین پەسەند نین لای خەڵکی بۆ ھاوڕێیەتی و دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی.
کەسی ڕەشبین کاتێک کۆسپێک یان بەربەستێک دێیە ڕێی ئەوا بێ سێ و دوو بەخۆی دەڵێت ئەمە منم کە بێ شانسم، بەدبەختم، دەست دەدەمە ھەر کارێک سەرکەوتوو نابم، لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوە و ھەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکە خۆی لە بازنەیەکی داخراودا دەخزێنێت کوردی وتەنی خۆشە دەبێت لەگەڵ کێشە و بەربەستەکانی ژیانیدا.
کەسی ڕەشبین لێبوردە نییە بەرامبەر (ڕابردوو)ی خۆی بەمھۆیەشەوە زیاتر ھەست بەگوناە دەکات بەرامبەر ئەو ھەڵە و چەوتیانەی لەڕابردوودا ئەنجامیداوە، بۆیە ھەمیشە لەدڵەڕاوکێدا دەژی و وەک کەسێکی گوناھبار لەخۆی دەڕوانێت، ھەروەھا کەسی ڕەشبین چێژ لە (ئێستا)یان نابینن چونکە بەردەوام چاوەڕوانی ڕوودانی پێشھاتی خراپ دەکەن و بەدبینانە شرۆڤە بۆ ڕووداوە ھەنووکەییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان دەکەن، ھەروەھا کەسی ڕەشبین ھیچ ئومێد و ڕۆشناییەک لە (ئاییندە)ی خۆیدا بەدیناکات ئەمەش وادەکات لە بێھودەیی و بێھیواییەکی گەورەدا بژی و ژیان بۆ ئەو بارێکی قورس و گرانە.
-
پەیوەندی (گەشبینی و ڕەشبینی) بە باری تەندروستی و دەرووندروستی مرۆڤەوە:
گەشبینی و ڕەشبینی پەیوەندیەکی بەھێزی لەگەڵ باری دەرووندروستی و تەندروستی مرۆڤدا ھەیە، زۆرێک لە توێژینەوەکان لەمبوارەدا گەیشتوونەتە چەندین دەرئەنجام، لەوانە:
١- فشاری خوێن لای کەسە ڕەشبینەکان بەرزترە لە تێکڕای ڕۆژانەدا بەبەراورد بە کەسە گەشبینەکان (بەرزی فشاری خوێن بەیەکێک لە فاکتەرە مەترسیدارەکان دادەنرێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک).
٢- کەسە ڕەشبینەکان ئەگەری تووشبوونیان بە ئاستی بەرز لە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زیاترە.
٣- کەسە گەشبینەکان کەمتر دووچاری گرفتی تەندروستی دەبنەوە، کەسە ڕەشبینەکان دووھێندەی گەشبینەکان دووچاری چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر دەبنەوە، ھەروەھا کەسە ڕەشبینەکان دووھێندەی گەشبینەکان سەردانی پزیشک دەکەن.
٤- کەسی گەشبین زووتر چاک دەبنەوە لەپاش تووشبوونیان بە نەخۆشی، یان لەپاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری.
٥- ئافرەتە گەشبینەکان کەمتر دووچاری خەمۆکی پاش منداڵبوون دەبنەوە.
٦- کەسە گەشبینەکان زیاتر ڕەزامەندن لە دەرووندروستی و تەندروستی خۆیان و زیاتریش پارێزگاری خۆیان دەکەن.
٧- بەرگری لەشی کەسە گەشبینەکان باشتر و بەھێزترە بەبەراورد بە کەسە ڕەشبینەکان.
٨- کەسانی گەشبین کاتێک نەخۆشدەکەون بەباشی پەیڕەوی ڕێنماییەکانی پزیشک دەکەن و چارەسەرەکان وەک پێویست بەکار دەھێنن، گۆڕانکاری لەو ڕەفتارانەی خۆیاندا دەکەن کە بەھۆیە دووچاری نەخۆشییەکە ھاتوون، بۆ نموونە ئەگەر کەسێکی گەشبین بەھۆی جگەرەکێشانەوە دووچاری نەخۆشییەک ھاتبێت ئەوا ئامادەیە واز لەکێشانی جگەرە بھێنێت لەپێناوی تەندروستی و ئاییندەی خۆیدا، بەڵام ئەم حاڵەتە لای کەسانی ڕەشبین تەواو پێچەوانەوەیە، وەک پێویست چارەسەرەکان بەکارناھێنێت، ئەمەش وادەکات نەخۆشییەکانی زیاتر و زۆرتریش دووبارە دەبنەوە، ئەم حاڵەتەش خۆی لەخۆیدا وا لە کەسەکە دەکات ھەمیشە چاوەڕوانی ڕوودانی پێشھاتی ناخۆشتر و قورستر بکات دەربارەی تەندروستی خۆی، ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادبوونی حاڵەتە ڕەشبینییەکەی.
◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦
دەرئەنجامی ھەندێ توێژینەوەی زانایان و توێژەران سەبارەت بە (گەشبینی و ڕەشبینی):
١- (Grandel, ١٩٧٢) لە توێژینەوەیەکیدا گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە ڕەشبینی پەیوەندیەکی نەرێنی ھەیە لەگەڵ ڕێزگرتنی تاک بۆ خودی خۆی، واتە کەسە ڕەشبینەکان خۆیان بە کەم دەبینن و ڕێز لە خودی خۆیان ناگرن، ھەروەھا ڕەشبینەکان توانای چارەسەرکردنی گرفتەکانیان کەم دەبێتەوە یان نایانمێنێت. ھەروەھا پێچەوانەوەی ئەم ئەنجامەش، ئەم توێژەرە گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە گەشبینی پەیوەندیەکی ئەرێنی لەگەڵ ڕێزگرتنی تاک بۆ خودی خۆی و چارەسەرکردنی گرفتەکانیدا ھەیە.
٢- (Fatshel, ١٩٨٨) لە توێژینەوەیەکیدا گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە گەشبینی پەیوەندییەکی ئەرێنی ھەیە بە باوەڕبوونی مرۆڤ بە خودی خۆیەوە، واتە ھەتا مرۆڤ گەشبین بێت زیاتر باوەڕی بەخودی دەبێت. ھەروەھا گەشبینەکان ئەرێنیانەتر مامەڵە لە خێزانەکانیان دەکەن.
٣- (Lobel, ٢٠٠٠) لە توێژینەوەیەکیدا گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو ئافرەتە دووگیانانەی بەبەردەوامی ڕەشبینن، منداڵی کەم کێشیان دەبێت.
٤- (Robers, ٢٠٠٠)، (Isaacowitz, ٢٠٠٠)، (Fabbri, ٢٠٠١)، لەم سێ توێژینەوەدا توێژەران بۆیان دەرکەوتوو کە ڕەشبینی پەیوەستە بە چەند حاڵەتێکی نەرێنی وەک: (نائومێدی، ئارەزووی خۆکوشتن، شەڕەنگێزی، تەنھایی، سزا، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، شکست لە چارەسەری گرفتەکان، لاوازی لە ئەرک ڕاپەڕاندندا، لاوازی لە بەجێھێنانی ئەرکەکانی خوێندن).
کەواتە ئەگەر ئەرێنیانە لە ژیان و لە خۆت بڕوانیت ئەوا دەرووندروستیەک و تەندرووستیەکی باشتر یاوەرت دەبێت و زیاتر ھەست بە خۆشحاڵی و کامەرانی دەکەیت.
◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦
خورافات و کاریگەرییەکانی لەسەر گەشبینی و ڕەشبینی:
ئەو کەسانەی خاوەنی کەسێتیەکی بارگاوین بەدڵەڕاوکێ و بڕوایان بە خورافات ھەیە ھەندێجار ڕووداوەکان دووچاری باشبوون یان تێکچوونی مەزاژیان دەکات و گەشبینی یان ڕەشبینیان دەخوڵقێنێت لای خاوەنەکانی، تەنانەت کاریگەری لەسەر ڕەفتار و ھەڵوێست و بڕیارەکانیشیان دەکات، بۆ نموونە لە کولتوری کوردیدا چەندین خورافات لەشێوەی بیروباوەڕدا لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا بوونیان ھەیە کە لەڕووی گەشبینی یان ڕەشبینییەوە کاریگەری خۆیان دەکەن لەسەر کەسەکان ئەگەرچی ناواقعی و نادروشتیشن. بۆنموونە کەسێک بەری دەستی دەخورێت، پێی وایە ئەم ڕووداوە دەبێتە مایەی دەستکەوتێکی مادی باش، ئەمەش جۆرێک لە گەشبینی دەدات بە خاوەنەکەی، بەڵام گەشبینییەکی ناواقعی و کورت خایانە. یاخود کەسێک لەسەفەردایە ئەگەر لە ڕێگا ڕێکەوتی ڕێوییەک بکات ئەوا ئەو بۆچوونەی لادروست دەبێت کە سەفەرێکی باش و خێرە و بەدوور دەبێت لە ھەموو ناخۆشی و خراپییەک، ئەمەش گەشبینی دەبەخشێت بە خاوەنەکەی، بەڵام بەھەمان شێوە گەشبینییەکی ناواقعی و کورت خایانە. پێچەوانەی ئەمەش ئەگەر کەسەکە لەسەر ڕێیدا ڕێکەوتی کەروێشکێک بکات ئیدی دڵەڕاوکێی کەسەکە زیاد دەکات و دووچاری ڕەشبینی دەبێت چونکە پێی وایە دووچاری نەھامەتی و ناخۆشی یان زیانێک دەبێت. یان ئەگەر کەسێک چاوی ڕاستی بفڕێت ئەوا گەشبین دەبێت بەوەی کەسێکی خۆشەویستی خۆی دەبینێت، بەڵام ئەگەر چاوی چەپی بفڕێت ئەوا چاوەڕوانی ڕوودانی شتێکی ناخۆش دەکات، ڕێکەوتووە منداڵێک لەدایکبووە لەو ماوەیەدا جەنگ لە وڵات ھەڵگیرساوە یاخود باوکی ئەو منداڵە لەو دەمانەدا دووچاری زیانی مادی بووە، ئیدی ھۆکاری ھەڵگیرسانی جەنگەکە یان زیانە مادیەکەی باوکی خراوەتە ئەستۆی ئەو منداڵە بێگوناھە لە ئاییندەشدا ئەوەندە دەدرێتەوە بە گوێی منداڵەکەدا کە تۆ پێت بەخێر نەبووە بۆ ژیان کەسەکە دووچاری ڕەشبینی دەکەن بەرامبەر خودی خۆی و ژیانیش، ھەمان ڕێکەوت لە پرۆسەی ھاوسەرگیریشدا ھەبووە کاتێک کچێک ھاوسەرگیری کردبێت ئەگەر لەپاش ئەم ھاوسەرگیرییە بەماوەیەکی کەم ھاوسەری کچەکە یان ماڵە خەزوری کچەکە دووچاری کێشە یان ناخۆشییەک ھاتبێتن ئەوا ڕاستەوخۆ گوناھەکەیان خستۆتە ئەستۆی تازە بووکەوە بەوپێیەی لەگەڵ خۆیدا نەھامەتی و شەڕی ھێناوەتە ئەو ماڵەوە، ھەروەھا نموونەی ترمان لەمبوارەدا ھەیە. زۆرێک لە ئافرەتان (لەڕابردوودا زیاتر ئەم حاڵەتە ھەبوو) دەچوونە سەر مەزارگەی کەسانی ئایینی و بەنیازی منداڵبوون یان ھەر نیازێکی تر بەردی بچوکیان دەلکان بە کێلی گۆڕەکەوە، ئەگەر بەردەکە بلکایە بە کێلەکەوە ئەوا ئەو ئافرەتە ھیوایەکی زۆری پەیدا دەکرد بەوەی ئەو مەبەستەی بۆی ھاتووە دێتە دی و بەھیوای خۆی دەگات بەمەش گەشبین دەبوو بەئاییندەی خۆی، بەپێچەوانەشەوە دووچاری ڕەشبینییەکی زیاتر دەبوو، لەکاتێکدا بەردەکە بلکێت بە کێلەکەوە یان نەلکێت ھیچ پەیوەندییەکی بە ھاتنەدی یان نەھاتنەی ئەو ئامانجەوە نییە کە لەپێناویدا کەسەکە ئەم ڕەفتارە ئەنجامدەدات. ھەر لەمبوارەدا بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە بەتایبەی کچان و ژنان پەنا بۆ نووسینی نوشتە و جادوو دەبەن، بەنموونە بەر لە دوو ساڵ مامۆستایەکی کچە ھاتە لام، بەھۆی ئەوەی بەتەمای ھاوسەرگیری بووە لەگەڵ کوڕێکدا بەڵام کوڕەکە پەشیمان بۆتەوە و نەیویستووە ھاوسەرگریی لەگەڵ ئەو مامۆستایەدا بکات، بەمھۆیەوە ئەم کچە پتر لە (١٠٠٠٠) دە ھەزار دۆلاری لە نووسینی نوشتە و پەنابردن بۆ جادووبازان خەرجکردبوو، بەئاواتی گۆڕینی بیروڕای کوڕەکە و ھەنگاونانی بەرەو ھاوسەرگیری، وەک خۆی دەیگوت ھەموو جارێک بە بڕە پارەیەکی زۆر نوشتەیان بۆ نووسیوە و ماوەیەکیان بۆ دیاریکردووە کە لەو ماوەیەدا کوڕەکە دەگەڕێتەوە لای لەم کاتانەدا ئومێدی زۆری لەسەر لەو کارەی ھەڵچنیوە و گەشبین بووە بەڵام دوای تێپەڕبوونی ماوەکە ڕەشبینیەکی زۆر ڕووی تێکردووە، پاشان بۆ دەربازبوون لەو ڕەشبینییە جارێکی تر و لای کەسێکی تر و بەجۆرێکی تر ھەمان ڕەفتاری دووبارە و چەند بارە کردۆتەوە، ھەتا ئەو کاتەی سەردانی ئێمەی کرد کە کەسێکی زۆر بێھیوا و ڕەشبین بوو. تەنانەت زۆرجار لای ئەم کەسانە ئەو خەونانەی دەیبینن لەکاتی نووستندا دووچاری ئەو ھەڵبەز و دابەزە لە مەزاژیاندا دەکات و ھەڵوێست و بڕیاریان پێدەگۆڕێت و گەشبینی و ڕەشبینی بەپێی جۆر و مادەی خەونەکانیان بەرھەمدەھێنێت بۆ کەسەکان.
ھەندێجار بەپێی جۆری بیرکردنەوە و تایبەتمەندیەکانی تاک گەشبینی و ڕەشبینی دەبەسترێتەوە بە ھەندێ ڕەفتاری ساکار و ناواقعییەوە، بەنموونە کەسێک چەند جارێک شقارتەیەک ھەڵدەدا ئەگەر لەسەر لاتەنیشتەکانی بوەستێتەوە ئەوا کەسەکە ھەستدەکات پێشھاتەکان باش دەبن و بەخت یاوەری دەبێت، یاخود ھەندێ کەس بە یاری کاغەز یاری جۆراوجۆر دەکات (یاری ناپلیۆن بەنموونە) ئەگەر ئەنجامی یاریەکە بەویستی کەسەکە بێت ئەوا گەشبین دەبێت و پێچەوانەکەیشی ڕەشبینی دەکات.
ھەندێجار لەکاتی شکانی قاپێک یان پەرداخێکی ناوماڵ ئەم حاڵەتە ڕوودەدات، ئەگەر قاپ یان پەرداخی دووەمیش بشکێت ئیدی کەسەکە چاوەڕوانی ڕوودانی شەڕ یان ناخۆشییەک دەکات و نائارام و ڕەشبین دەبێت، بەبۆچوونی ئەو کەسانە ئەگەر سێیەمیش بشکێت ئیدی ئەو بەڵا چاوەڕوانکراوە ڕوویان لێناکات و بەدوور دەبن لەو شەڕ و ناخۆشییە، بۆیە ھەر کاتێک پارچەی سێیەم بشکێت ئەوجا ئارامی بۆ کەسەکە دەگەڕێتەوە.
ئەم بۆچوون و بیروباوەڕە چەوتانە تەنھا وەک ڤایرۆسێک وەھان کە بیرکردنەوەی دروستی مرۆڤ پیس دەکەن و مەزاژ تێکدەدەن و نائارامی و ڕەشبینی بەرھەمدەھێنن بۆ خاوەنەکانی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لێکدەترازێنن، بۆیە پێویستە ھەموومان خۆمان بەدوور بگرین لە کەوتنە ژێر کاریگەری ئەو خورافات و بیروباوەڕە چەوتانەوە.
◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦
ژیان لە وێنەی پەرداخەکەدا:
ئەگەر ئێمە زێدەڕۆیی بکەین لە تێڕوانینەکانماندا بۆ ژیان و پێمانوابێت ژیان سەرلەبەری خۆشی و شادی و دەمودەست ھاتنەدی خەون و ھیواکانمانە ئەوا خۆمان بەھەڵەدا دەبەین، ڕەنگە ھەر ئەم تێڕوانینە بۆ ژیان خۆی لەخۆیدا ھۆکارێک بێت بۆ ئاشنابوونمان بە ڕەشبینی. ھەمیشە سروشتی ژیان وایە مرۆڤەکان پەرداخەکانی ژیانیان پڕ نابێت، ئەمە ڕەشبینی نیە بەڵکو ئەمە حەقیقەتی ژیانە، ھەموو مرۆڤێک تەمەنێکی دیاریکراو دەژی، ھەمیشە بەشێک لە خەون و خولیاکانمان بۆ نایەنە دی، ئەو ساتانەی ئامادە دەکرێین تاکو بە خاکمان بسپێرن زۆرێک لە ئاواتەکانمان بۆ نەھاتۆتە دی و زۆرێک لە کار و پرۆژەکانمان بۆ جێبەجێنەکراون. با بەخێرایی سەرنجێک لە کاروانی ژیانمان بدەین: ھێشتا لە منداڵیمان تێر چێژ نەبووین و زۆرێک لە خەونەکانی ئەو قۆناغەمان نەھاتۆتەدی قۆناغەکە بەجێمان دەھێڵێت و لەسەرمان ناوەستێت و ماڵئاواییمان لێدەکات، بە قۆناغی دوای خۆیمان دەسپێرێت کە ئەویش قۆناغی ھەرزەکارییە، ئەم قۆناغەش ئەوەندە گۆڕانکاری گەورە لەگەڵ خۆی دەھێنێت لەلایەنی (ھۆرمۆنی، بایۆلۆجی، سێکسی، کۆمەڵایەتی، ژیری، سۆزداری و … تد) کە مرۆڤ دووچاری شڵەژان و دڵەڕاوکێ و نائارامی دەکات، ھەربۆیە زۆرێک لە زانایان ئەم قۆناغە بە (سەرلەنوێ لەدایکبوونێکی نوێ) ناوزەد دەکەن، زۆرجار و بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا قۆناغی ھەرزەکاری قۆناغێکی پڕ قەیران و ململانێ و تەنگژەیە لەنێوان بیر و بۆچوونەکانی ھەرزەکار و پاڵنەرەکانیدا، لەنێوان حەز و ئارەزووەکانی و دابونەریت و ئایین و یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان، لەنێوان خۆیان (کە خۆیان بەھەڵگری دیدی نوێ بۆ ژیان و دیاردەکان دەزانن و باوان و نەوەکانی پێش خۆیان بە پاشکەوتوو و کۆنەپارێز و سەرلێشێواو دەزانن) و باوانیاندا (کە ئەمانیش ڕۆڵەکانیان بە کەمتەرخەم بەرامبەر ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرشانیان و بێباک بەرامبەر کۆمەڵگە و جیاواز لەخۆیان دەزانن)، ئەم کێشمەکێش و ناجێگیری و گۆڕانکاریانە نزیکەی (١٠) ساڵ کەمتر یان زیاتر لە تەمەنی مرۆڤ دەبات و ھێشتا بەرچاوی بۆ ژیان و کۆمەڵگە و خودی خۆی و ئاییندەی خۆی وەک پێویست ڕۆشن نەبۆتەوە قۆناغەکە ماڵئاوایی لێدەکات و بەقۆناغێکی نوێی دەسپێرێت کە قۆناغی گەنجێتی یان لاوێتییە، ئەم قۆناغەش گەنجەکە دەخاتە بەردەمی چەند دەروازەیەکی نوێ وەک (گەڕان بەدوای ھەلی کار (پێگەی ئابوری)، ھاوسەرگیری کردن (پێگەی کۆمەڵایەتی)، دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، دابینکردنی ئەو پێداویستیانەی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا وەک خەون ماونەتەوە)، تێکڕا ئەمانەش ئاسان نین و ھەرکامێکیان بگریت ئاستەنگ و گرفتی تایبەت بەخۆی ھەیە چونکە ھەموویان ھەنگاوێکن بۆ سەربەخۆبوون و دوورکەوتنەوە لەو وابەستەییەی لە سەرەتای تەمەنی مرۆڤەوە دەستپێدەکات تا ئەو قۆناغە نوێیەی ژیان، چونکە مرۆڤ لەو قۆناغانەی پێشووتری ژیانیدا پشتبەستووە بە خێزانەکەی لە دابینکردنی سەرجەم پێداویستیەکانیدا. کاتێکیش مرۆڤ زوو یان درەنگ ئەو پێگانە بۆ خۆی دروست دەکات ئینجا کۆمەڵێک ڕەوشی نوێ سەرھەڵدەدەن (بەرپرسیارێتی بەرامبەر ھاوسەر، بەرامبەر منداڵ، بەڕێوەبردنی ماڵ، دابینکردنی پێداویستیەکان، دروستبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نوێ، ڕاھاتن لەسەر کارکردن و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کار و پیشە، ڕاھاتن لەگەڵ ھاوکارەکان). لەگەڵ ھەڵکشانی تەمەندا یاخود ڕێکتر بڵێین لە قۆناغی کامڵبووندا (لەپاش چل ساڵییەوە) منداڵەکانی دوێنێ گەورە دەبن و لەگەڵ گەورەبوونیشیاندا پێداویستی و کێشەکانیشیان گەورە دەبن بەجۆرێک ھەمان ئەو ھەنگاوانەی خۆمان پیایدا تێپەڕبووین نەوەکانمان پیایدا تێپەڕ دەبن بەڵام بەھۆی ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی کۆمەڵگەدا دێت سروشتی ژیان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و کارکردن و ئابورییش گۆڕانیان بەسەردا دێت، ئەمانەش تێکڕا گۆڕانکاری لە دید و بۆچوون و دابونەریت و سایکۆلۆژیای تاکەکانی کۆمەڵگە دەکات، ئەمەش ململانێی نێوان نەوەکانی لێدەکەوێتەوە، سەرقاڵی و جەنجاڵییەکانی ئەم قۆناغەش وەھا لە کەسە پێگەیشتووەکان (کامڵەکان) دەکات کە ھەست بەتێپەڕبوونی کات نەکەن بۆیە ھێندە نابات کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە تەندروستی مرۆڤدا ڕوودەدات و نیشانەی ھەندێ لە نەخۆشییەکان دەردەکەون کە پێشتر مرۆڤەکان پێی ئاشنا نەبوون یاخود بەھەند وەریاننەگرتووە، بەنمووونە بەرزبوونەوە ڕێژەی چەوری کۆلیسترۆل و دەرکەوتنی فشاری خوێن یاخود شەکرە و نەخۆشییەکانی تایبەت بە دڵ و بڕبڕەی پشت و … تد، ئەمانە وادەکەن کە ستایلی ژیانی مرۆڤەکان بگۆڕێت. لەپاش ئەم قۆناغە قۆناغی خانەنشینی دێت و گۆڕانگاریەکی سەرتاپاگیر لە ژیانی کەسەکەدا دروستدەبێت چونکە ئیدی مرۆڤ ئەو کارەی چەندین ساڵە کردوویەتی لەدەستی دەدا (بەتایبەتی ئەگەر کەسەکە فەرمانبەر بووبێت) لەگەڵ لەدەستدانی کاردا زۆرێک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش لەدەست دەدات، ھەروەھا خانەنشینەکان کاتێک ئاوڕ لە ڕابردووی خۆیان دەدەنەوە ئەو کاتانەی جڵەوی جۆرەھا کار و بەرپرسیارێتیان لەدەستدا بووە و بەبەردەوامی خەڵک و دەوروبەر بەچاوێکی بایەخدارانەوە لێیان ڕوانیون بەڵام لە ئێستایاندا بەوپێودانگەی کار و بەرپرسیارێتیان نەماوە خەڵک وەکو جاران لێیان ناڕوانن یاخود وەکو جاران مامەڵەی گەرموگوڕیان لەگەڵدا ناکەن، تەنانەت ھەندێجار مامەڵەئ ئەندامانی خێزانیش گۆڕانکاریان بەسەردا دێت بەرامبەر کەسە خانەنشینەکە، ئەمانە و زۆر شتی دیکە کاریگەریان بۆ سەر مەزاژ و تێڕوانینەکانی مرۆڤ دەبێت بەرامبەر ژیان و کۆمەڵگە و تەمەن، ھەتا مرۆڤ لە قۆناغی خانەنشیندا خۆی دەدۆزێتەوە و ئاشنا بە ستایلێکی نوێی ژیان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی نوێ و ڕەفتاری تایبەت بەو قۆناغە دەبێت ئینجا قۆناغێکی نوێ سەرھەڵدەدات کە قۆناغی بەساڵاچوون و بەسەربردنی دوا ساڵەکانی تەمەنە، ئەم قۆناغەش لەگەڵ خۆیدا چەندین گرفتی تەندروستی و دەروونی و ھەندێجار ئابوری و کۆمەڵایەتی دەھێنێت بەجۆرێک کەسانی پیر وەک قۆناغی منداڵی ھێدی ھێدی پشت دەبەستێتەوە بە دەوروبەر تا ئەو ساتەی مرۆڤ دوا ھەناسەی لە ژیاندا دەدات و بۆ ھەتاھەتایە ماڵئاوایی دەکات.
چاوخشاندنێک بەم پانۆراما خێرایەی کاروانی ژیانی مرۆڤدا ھەر لە منداڵییەوە ھەتا دوا ساتەکانی ژیانی پێمان دەڵێت کە ژیان جگە لە کۆمەڵێک ھەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ قۆناغە یەک لەدوای یەکەکانی تەمەن و پێشھات و ڕووداو و گۆڕانکارییەکاندا ھیچی تر نییە، بۆیە ئەوانەی توانای ئەو خۆگونجاندانەیان نابێت لەگەڵ پێشھات و ڕووداو و گۆڕانکاریەکاندا، ئەوا دووچاری ڕەشبینی و نەخۆشی دەروونی دەبن. ئەوانەی چاوەڕوانییەکی زۆر زیاتریان لە ژیان ھەیە کە پێیان ببەخشێت ئەوا دووچاری ھەست بەشکستخواردن دەبنەوە.
ژیان لە وێنەی ئەم پەرداخەدا دەستکەوت و سەرکەوتن و بەدیھێنانی خەون و قازانج و گۆڕانکاری تێدایە ھەروەکو شکست و دابڕان و سەرنەکەوتن و زیانی تێدایە.
ڕەنگە تۆ کەسێکی کارا و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی بەرز و زیرەک و لێھاتوو بیت بەڵام لەژیانی ھاوسەریتدا کێشەت ھەبێت یان لەبواری بازرگانیدا سەرکەوتوو نەبیت. لەوانەیە تۆ سەرمایەدارێکی گەورە بیت بەڵام گرفتێکی تەندروستی درێژخایەنت ھەبێت. ڕەنگە تۆ قسەکەرێکی باش بیت یان لێھاتووییەکت لەبوارێکی دیاریکراودا ھەبێت بەڵام بەھۆی ئەوەی نەتتوانیوە لەکاتی خۆیدا خوێندن تەواو بکەیت و بڕوانامە بەدەستبھێنیت دەرفەتی گونجاوت بۆ فەراھەم نەکرێت لەو بوارەدا، ئەمانە و دەیان و نموونەی تر پێمان دەڵێن ھیچ کات پەرداخەکانی ژیانمان پڕ نابن، نەک لەم وڵاتەدا بەتەنھا بەڵکو لەسەر ھیچ بستە خاکێکی ئەم گەردوونەدا پەرداخەکانی ژیانی مرۆڤەکان پڕ نابن.
تۆ ئێستا لە کوێی ئەم کاروانەی ژیانی خۆتدایت؟ پەرداخەکەی ژیانت چەندە پڕە و چەندە خاڵییە؟ چیت بەدەستھێناوە و چیت لەدەستداوە؟ چەندە بیرکردنەوە و ھەنگاوەکانت واقعین بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوون لەژیانتدا؟ بەدوای ھۆکاری شکستەکانتدا گەڕاویت یان ھەمیشە خۆت بەقوربانی دەزانیت؟.
زۆرجار لە ئەنجامی بینین و ئاخاوتن لەگەڵ ئەو کەسانەی دێنە لامان بەمەبەستی چارەسەری دەروونی دوای ئەوەی دووچاری حاڵەتی دەروونی یان نەخۆشییەکی دەروونی بوونەتەوە دەگەمە ئەو ڕاستییەی کە زۆرجار بیرکردنەوە نەرێنییەکانی مرۆڤ خۆی دووچاری بەدبینی و ڕەشبینی و نەخۆشی دەروونی دەکات، با لەم حاڵەتە بڕوانین:
سۆلاڤ (ناوێکی خواستراوە) کچێکی تەمەن ٢١ ساڵە و لە یەکێک لە کۆلیژە بەرزەکانی زانکۆیە و لە قۆناغی سێیەم دەخوێنێت، خاوەنی خێزانێکی میھرەبانە و باوک و دایک و خوشک و براکانی پەیوەندیەکی پتەو و باشیان لەگەڵیدا ھەیە، سۆلاڤ لە خێزانەکەیدا ئازادی ھەیە و پێگەیەکی باشی ھەیە، لە قۆناغی دووەمی زانکۆ پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ کوڕێک دەبەستێت، ئیدی ھەموو ژیانی بەو پەیوەندییە دەسپێرێت و خۆی و ڕەفتار و بیرکردنەوەکانی لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە پرۆگرام دەکات، یان بە واتایەکی تر ئومێدێکی لەڕادەبەدەر لەسەر ئەو پەیوەندییە ھەڵدەچنێت، کوڕەکە ھەر لەسەرەتاوە نیەتێکی باشی نەبووە و تەنھا بۆ کات بەسەربردن و دەست گەرمکردنەوە ئەم پەیوەندییەی لەگەڵ سۆلاڤدا بەستووە، واتە ڕاستگۆ نەبووە لەگەڵیدا، کاتێک سۆلاڤ ناڕاستگۆیی کوڕەکەی بۆدەرکەوتووە و زانیویەتی کە ئەم کوڕە ھاوکات پەیوەندی لەگەڵ چەند کچێکی تردا ھەیە، پەیوەندیەکەیان کۆتایی پێھاتووە، بەڵام کۆتایی ھاتنی ئەم پەیوەندییە سۆلاڤی تووشی تەنگژەی دەروونی قوڵ کردووە، بەجۆرێک ڕەشبین بووبوو کە ژیان جگە لە تابلۆیەکی ڕەش ھیچیتر نەبوو لەلای:
- تۆ خاوەنی چ شتێکی باشیت لە ژیاندا؟
سۆلاڤ: ھیچ.
- خێزانەکەت، دایک و باوک و خوشک و برا میھرەبانەکانت لای تۆ ھیچن؟
سۆلاڤ: ئەوان باشن بەڵام ئەو کوڕە زۆر ئازاریدام، زۆر ھەست بەپەشیمانی دەکەم.
- تۆ ئەزانیت چەندین کچی کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست خراپی مامەڵەی خێزانەکانیانەوە دەناڵێنن؟
سۆلاڤ: بەڵێ بەدڵنیاییەوە، خۆم چەند ھاوڕێیەکم ھەیە کە کێشەیان زۆرە لەگەڵ خێزانەکانیاندا.
- خێزانەکەت (دایک و باوک و خوشک و براکان)ت ھەمیشەیین لە ژیانتدا، بەڵام ئەو ئەزموونەت بە ناخۆشییەکانیشەوە شتێکی کاتی بوو، ئەو کوڕە کاتی بوو، کۆتاییان ھات بەڵام ….
سۆلاڤ: شکستێکی گەورەم ھێنا.
- نا ھەرگیز ئەوە شکست نیە، ئەوە ئەزموونە، لانیکەم تۆ کەسێکی خراپت ناسی لە ژیانتدا، ئێستات بەبەراورد بەو کاتانەی پێش ئەم ئەزموونەت زۆر جیاوازیت ھەیە، دەوڵەمەندتر و شارەزاتر بوویت لە ھونەری مامەڵەکردن لەگەڵ بەرامبەردا یان دروستتر بڵێین ڕەگەزی بەرامبەر، لە ھەموویشی گرنگتر ئەو ئەزموونە تۆی ئاشناکرد بە ھەڵە و پەلەکردن لە بڕیاردانی تۆدا، تۆ لە مانای ئەم پەندە کوردیە دەگەیت (سوار تا نەگلێت نابێت بەسوار)؟
سۆلاڤ: (بە زەردەخەنەیەکەوە) بەڵێ، بەڵام گلان بەمجۆرەش سەختە.
- بەرواری دروستکردنی ئەو پەیوەندیەت کەی بوو؟
سۆلاڤ: مانگی ٢ / ٢٠١٣.
- تۆ ئەتوانیت زەمەن بگەڕێنیتەوە پێش ئەو بەروارە تاکو بڕیار لەسەر دروستکردنی ئەو پەیوەندیەت نەدەیت؟
سۆلاڤ: (بەزەردەخەنەیەکەوە) مەحاڵە.
- کەواتە ئەو ئەزموونە و ئەو بڕیارەت بوونەتە ڕابردوو کە ھیچ ھێزێک نیە بتوانێت تۆ و ڕەوشەکەت بگەڕێنێتەوە پێش ئەو بەروارە، تازە تۆ ناتوانیت ئەو ڕابردووەت بگۆڕیت، بەڵام دەتوانیت ئێستات بگۆڕیت و ئاییندەشت گەشتر بکەیت، کەواتە ھەرچەندە پەشیمانی دەربڕیت و خۆت بەو ڕووداوانەی ڕابردووە سەرقاڵ بکەیت ئەوەندە خۆت بێھیوا دەکەیت و ڕەشبین دەبیت و وزەیەکی زۆرت بە با دەڕوات، دەزانی باشتریش ئاوڕدانەوە لەو ڕابردووەت چییە؟
سۆلاڤ: چییە؟
- مرۆڤ ئەوەندە ئاوڕ لەڕابردوو بداتەوە کە پەند لە ھەڵە و کەموکوڕیەکانی وەربگرێت و دووبارەیان نەکاتەوە لەژیانیدا، نەک بۆ ئەوەی دانیشین فرمێسک بڕێژین و خۆمان بە گوناھبار وێنا بکەین، باشە پرسیارێکی ترت ئاڕاستە دەکەم ..
سۆلاڤ: بەڵێ
- ئەگەر تۆ ماھیەتی ئەو کوڕەت بۆ دەرنەکەوتایە لە ئێستادا، ئەو ھەر خەریکی ڕەفتارە ناپەسەندەکانی خۆی بووایە و تۆش لەملاوە وەک مۆم بۆ ئەو بسوتایتایە، پاشان ھاوسەرگیریت لەگەڵ بکردایە، پاش ھاوسەرگیرییەکە بۆت دەربکەوتایە کە ئەم کەسە ئەو کەسەیە، ئەو کاتە چیت دەکرد؟ ئەگەر منداڵێکت ھەبووایە ئینجا بۆت ئاشکرا بووایە ئەو کاتە چیت دەکرد؟ ئەگەر ….
سۆلاڤ: واای، وەڵا ئەو کاتە زۆر کارەساتێکی قورس دەبوو بۆ من.
- کەواتە خێری پێوەبووە کە ئێستا بۆت ئاشکرابووە.
سۆلاڤ: زۆر ڕاستە، دڵنیام لەوە.
- کەواتە ئێستا تۆ براوەیت لەم کێشەیەدا، تۆ سەرکەوتوویت چونکە خۆت نەکردە قوربانی کەسێک کە شایانی ئەوە نەبێت.
سۆلاڤ: پێشتر وەھا بیرم نەدەکردەوە، بەڵام ئەم بۆچوونەی بەڕێزتان ڕاستە.
- ھاوڕێی باشت ھەیە؟
سۆلاڤ: بەڵێ دوو ھاوڕێی زۆر نزیکم ھەیە کە ئەڵێی خوشکن لەگەڵمدا.
- ئەزانی کە بوونی ھاوڕێی نزیک و دڵسۆز چەند گرنگە بۆ ھەموو کەسێک؟
سۆلاڤ: بەڵێ وایە زۆر جار تەنھا گوێگر ئەوانن بۆ کێشەکانمان، چونکە ناکرێت مرۆڤ متمانە بەھەموو کەسێک بکات.
- لە قۆناغی دوانزەدا چەندت ھێنا؟
سۆلاڤ: ٩١.٥%
- دڵخۆشبوویت بەو ئەنجامە لەکاتی خۆیدا؟
سۆلاڤ: زۆر زۆر، زۆر شانازیم بەخۆمەوە دەکرد.
- ئەی ڕەزامەندی لەو کۆلیژ و بەشەی خۆت کە لێی دەخوێنیت؟
سۆلاڤ: زۆر.
- ھیچ کێشەیەکی تەندروستیت ھەیە؟ مەبەستم نەخۆشی درێژخایەنت ھەیە؟
سۆلاڤ: نەخێر، سوپاس بۆ خوا.
- لە ڕوخسار و شێوە و کەسایەتی خۆت ڕەزامەندیت؟
سۆلاڤ: (بەزەردەخەنەیەکەوە) زۆریش.
- کەواتە سۆلاڤ خان بڕوانە تۆ چەند خاڵی گەش و بەھێز لەژیانتدا ھەیە (خێزانی باش و میھرەبان، سەرکەوتن لە خوێندن، ھاوڕێی باش، تەندروستی باش، ڕەزامەندی لە ڕوخسار و شێوەی خۆت)، لە کاتێکدا چەندین کەس ھەن ڕەنگە خۆزگەی ئەوە بخوازن لەم ڕەوش و پێگەیەی تۆدا بوونایە، کەسانی تر ھەن بەدەست نەخۆشی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن، چەندانی تر ھەن بەھۆی ڕەوشێکی تایبەتەوە نەیانتوانیوە درێژە بەخوێندن بدەن یاخود کێشە و گرفت ڕێگر بووە لەوەی نمرەی باش بھێنن، تۆ چاوت لەسەر ئەو ھەموو خاڵە بەھێز و گەشەی ژیانت نیە بەڵام ئەزموونێک کە سەرکەوتووانە لێی دەرباز بوویت لەخۆتت کردووە بە دێوەزمەیەک و ژیانی خۆتت پێ تاڵ کردووە، تۆ لە کەسێکی خراپ و ئاییندەیەکی نادیار ڕزگارت بووە، ئەمەش دەبێت خۆشحاڵی بێت بۆ تۆ، کەواتە دەبێت شێوازی بیرکردنەوەکانت بگۆڕیت، دەبێت ھەڵسەنگاندنێکی تر بۆ ئەو ئەزموونەت بکەیت، چاوت بخەیتە سەر خاڵە بەھێز و گەشەکانی ژیانت، دڵت بەو بەرھەم و دەستکەوتانەت خۆش بێت کە ھەتا ئێستا بەدەستت ھێناون بەتایبەتی لەبواری خوێندن و کۆمەڵایەتیدا.
◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦
گەشبینی و ڕەشبینی چۆن دروست دەبن؟ فاکتەرەکانی پشت ئەم دوو حاڵەتە کامانەن؟:
(Seligmen, ١٩٩٨) لە کتێبێکیدا بەناوی (گەشبینی بەدەستھاتوو)دا دەڵێت: (دەتوانین فێری گەشبینی ببین، یاخود خۆمان ڕابھێنین تاکو بگەین بەگەشبینی، چونکە نە گەشبینی و نە ڕەشبینی ھیچیان بۆماوە نین)، ھەروەھا پێیوایە کە بۆ ئەوەی گەشبینی بەدەستبھێنین پێویستە ھەموو مرۆڤێک فێربێت چۆن ناوبەناو چاوەڕوانی ھەندێ سەختی و ئاستەنگ و ڕۆژگاری نەخواستراو بکات بێئەوەی ئەم دژواریانە کاریگەری لە تێڕوانینی مرۆڤەکە بکات بۆ خودی خۆی و بۆ ژیان، بەواتایەکی تر ھەموو مرۆڤێک پێویستە ھەمیشە ئامادەیی ھەبێت بۆ ھەندێ ڕووداو و پێشھات کە پێچەوانەی خواستی خۆیەتی نەک ھەمیشە وابزانێت ژیان و پێشھاتەکان ھەمووی دەبێت لەبەرژەوەندی ئەودا بن.
زانای دەروونی (سیگمۆند فرۆید) پێی وایە کە گەشبینی ڕێسای گشتی ژیانە، بەڵام کاتێک مرۆڤ بەھۆی ڕووداوێکەوە دووچاری گرێیەکی دەروونی دەبێت بەرامبەر کەسێک یان شتێک یان بابەتێک ئیدی ڕەشبین دەبێت. ئەم زانایە پێی وایە کە پێنج ساڵی سەرەتای ژیان گرنگی گەورەی ھەیە لەژیانی مرۆڤدا، ھەروەھا بەبۆچوونی ئەم زانایە لە ساڵی یەکەمی تەمەندا (دەم) ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە چالاکییە دینامیکییەکانی مرۆڤدا، ئەگەر مرۆڤ لەو ساڵەدا تێر بکرێت لە خواردن و خواردنەوە واتە برسی نەکرێت ئەوا ئاڕاستەی ژیانی ئاڕاستەیەکی گەشبینانە دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو منداڵانەی دەمیان تێر چێژ نابێت و زۆرتر برسی دەبن لەو قۆناغەدا ئەوا لەئاییندەیاندا ڕەشبین دەبن و زیاتر ئارەزووی چەلەحانێ و جیاوازی وروژاندن دەکەن و ھەستێکی بارگاوی بە ڕق و کینەیان دەبێت و شەڕەنگێز دەردەچن، تەنانەت لەپەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانیشیاندا ھەمیشە ھەستی دژیەکیان دەبێت بەرامبەر ھاوڕێکانیان (تێکەڵەیەک لە ڕق و خۆشەویستی).
تێڕوانین و بیروباوەڕی باوان لەخێزاندا کاریگەری خۆی دروستدەکات لەسەر خوڵقاندنی حاڵەتی گەشبینی یان ڕەشبینی، بەواتایەکی تر ڕەشبینییەکانی باوکێک یان دایکێک کار دەکاتە خوڵقانی ھەمان حاڵەت لای جگەرگۆشەکانیان٠
ھەندێجار ڕێکەوتەکانی ژیان دەبنە ھۆی دروستبوونی گەشبینی یان ڕەشبینی لای مرۆڤەکان، بەنموونە ئەگەر کەسێک بەڕێکەوت لە چەند ھەڵوێست و ڕەوشێکدا پێشھاتەکان بەویستی خۆی بن و لەبەرژەوەندی ئەو بشکێنەوە ئەوا گەشبین دەبێت و خۆی بە کەسێک لەقەڵەم دەدات کە بەخت یاوەریەتی، پێچەوانەی ئەمەش ڕاستە ھەندێجار ڕێکەوتەکان کەسەکان ڕەشبین دەکەن، ئەگەرچی ھیچکام لەم دوو ڕێکەوتانە بەڵگەی بەختیاری و بەدبەختی کەسەکان نین و جگە لە ڕێکەوت ھیچ خوێندنەوەیەکی تریان بۆ ناکرێت.
ڕایەکی تر دەڵێت دەڵێت (ژینگە و بۆماوە) ھەردووکیان کاریگەرییان دەبێت لەسەر (ئامادەییە بۆماوەییەکان) بۆ ئاڕاستەکردنی مرۆڤ بەرەو گەشبینی یان ڕەشبینی، بەم واتایە ھەموو کەسێک ئامادەیی ھەیە بۆ ڕەشبینی و گەشبینی بەڵام ئەوە ژینگە کۆمەڵایەتی و پەروەردە و ڕووداو و بەسەرھاتەکانە ئاڕاستەی مرۆڤ دەبەن بەرەو گەشبینی یان ڕەشبینی.
ھەروەھا کاتێک باس لە ھەردوو حاڵەتی گەشبینی و ڕەشبینی دەکەین ناکرێت فاکتەرە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ئابوری و سیاسییەکان باس نەکەین، چونکە پرۆسەی گۆشکردنی کۆمەڵایەتی و دابونەریت و بەھا باوەکانی کۆمەڵگە کاریگەری خۆیان دەبێت لەسەر ئاڕاستەکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە بەرەو حاڵەتی گەشبینی یان ڕەشبینی، ئەو کۆمەڵگانەی گۆڕانکاری خێرا و چاوەڕواننەکراوی تێداڕوودەدات، ئەو کۆمەڵگانەی توندوتیژی تیایاندا زۆرە، ئەو کۆمەڵگانەی لێکترازان و جیابوونەوە و ھەڵوەشانەوەی خێزانی تێدا زۆرە، ئەو کۆمەڵگانەی ناپاکی ھاوسەریی تێدا لەئاستێکی بەرزدا بێت، ئەو کۆمەڵگانەی جیاکاری ڕەگەزی دەکەن لەنێوان نێر و مێدا، ئەو کۆمەڵگانەی گەورەکان پەیڕەوی شێوازی سەرکوتکەرانە دەکەن بەرامبەر بچوکەکان، ئەو کۆمەڵگانەی سزابەخشن، ئەو کۆمەڵگانەی تیایدا ڕێژەی تاوان بەرز بێت و مادەھۆشبەرەکان تیایدا بڵاو بێت، ئەو کۆمەڵگانەی دادپەروەری کۆمەڵایەتییان تێدانیە، ئەو کۆمەڵگانەی تیایدا بێکاری زۆر بێت، ئەو کۆمەڵگانەی تیایدا دەسەڵاتی حوکمڕانی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و سستمی فەرمانڕەوایی دیکتاتۆریانە بێت، ئەو کۆمەڵگانەی تێیدا دڵنیایی کۆمەڵایەتی و تەندروستی نەبێت، ئەو کۆمەڵگانەی خزمەتگوزاری تایبەت بە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و بەساڵاچووان فەراھەم نەکردبێت، ئەو کۆمەڵگانەی بەربەستی زۆر ھەبێت لەنێوان مرۆڤ و ئامانج و خەون و ئارەزووەکانیدا، بەگشتی لەمجۆرە کۆمەڵگانەدا ئاڕاستەی زۆرێک لە تاکەکان زیاتر بەرەو ڕەشبینی دەچێت. نابێت ئەوەش لەیاد بکەین کە جەنگی دەروونی و شەڕوشۆڕ و ناجێگری سیاسی و جەنگ و ململانێ سەربازییەکان دەبنە ھۆی ناجێگری دەروونی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخۆشی دەروونی و ڕەشبینی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگە ناجێگیرانە.
بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا ئەوە مرۆڤ خۆیەتی لەوجۆرە کۆمەڵگانەی ئاماژەماندا پێدا و لە ھەرە ساتە سەختەکانی ژیانیدا چۆن ھەوڵی خۆگونجاندن و بەرەوپێشچوون و بەدیھێنانی ئامانجەکانی دەدات، چۆن پلان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان دادەڕێژێت. چۆن لە تونێلە تاریکەکاندا بەدوای تروسکاییدا دەگەڕێت، چۆن لەجیاتی ئەوەی نەفرەت لەتاریکی بکات چرایەک دادەگیرسێنیت.
چەندە گرنگە لای تۆ چی دەگوزەرێت لە دەوروبەرتدا، لەناو کۆمەڵگەکەتدا، لەناو خێزانەکەتدا، لەگەڵ ھاوڕێکانتدا، لەبواری پیشە و کارکردنتدا، لەمانە گرنگتر ئەوەیە تۆ چۆن درکیان پێدەکەیت، چۆن لێیان دەڕوانیت؟ چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەیت؟ وەڵامدانەوەی تۆ چییە بۆ ئەوان؟، ئەمانە تێکڕا دنیابینی ئێمە پێکدەھێنن کە دەکرێت بە ژینگەی سایکۆژیای تاک ناوزەدی بکەین. ھەربۆیە لەبواری سایکۆلۆژیادا کاتێک بمانەوێت لە ڕەفتار و بیرکردنەوەی کەسێک تێبگەین دەبێت بکەوینە گەڕان لەناو ژینگە سایکۆلۆژیەکەیدا، واتە بگەڕێین بەدوای دنیابینی و دیدی ئەو بۆ ژیان و کێشە و ڕووداوەکان کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ کردوون و لێیان تێگەیشتووە، نەک وەک ئەوەی ئێمە دەیبینین و لێی تێگەیشتووین.
لەسەر ئاستی تاکیشدا زۆرجار شێوازی بیرکردنەوەی خودی کەسەکان و شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ڕووداو و ڕێکەوت و پێشھاتەکان و ڕەوشی ڕەوشی تەندروستی و دەرووندروستی و ململانێ دەروونییەکان و شێواز و چۆنێتی بڕیاردانیان لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکان و ھەستیاری تاک بەرامبەر ژینگە و پێشھاتەکان و ئاستی ڕەزامەندی تاک بەرامبەر دەستکەوت و بەرھەم و ھەبووەکانی و ئاستی خۆبەراوردکردنی بە کەسانی تر و جۆر و واقعیبوونی ئەو ئامانجانەی ھەوڵی بەدیھێنانی دەدەن و بوونی توانستە مادی و کۆمەڵایەتی و ژیری و دەروونییەکانیان بۆ ھێنانەدی ئەو ئامانجانە، تێکڕا ئەم فاکتەرانە لەسەر ئاستی تاکە کەسیدا ڕۆڵدەبینن لە دروسبوون و گەشەکردنی گەشبینی یان ڕەشبینی لای تاک.
کاتێک لە قۆناغی چواری خوێندنی زانکۆ بووم لە زانکۆی موستەنسریە لە بەغدا، مەبەستم لە ساڵی خوێندنی (١٩٨٨ – ١٩٨٩)، یەکێک لە ھاوڕێکانم خەریکی ئەنجامدانی توێژینەوەیەک بوو دەربارەی (ئالوودەبوون لەسەر مەی و کاریگەرییەکانی لەڕووی دەروونییەوە)، ئەو سەردەمە لە عێراق جگە لە جگەرە و مەی ھەموو مادەھۆشبەرەکانی تر بوونیان نەبوو، بۆ ئەو مەبەستە ھاوڕێکەم داوای ھاوکاری لێکردم کە لەگەڵیدا بچم بۆ نەخۆشخانەی (ابن الرشد) کە ئەو کاتە لە (ساحە الاندلس) بوو لە سەنتەری بەغدا، ئەم نەخۆشخانەیە تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی ئالوودەبووان بە مەی، دەبوو لەو سەردانەماندا بۆ ئەو نەخۆشخانەیە چاومان بە نەخۆشە ئالوودەبووەکان بکەوتایە و بۆ ھەر یەکێکیان فۆرمێکی ڕاپرسیمان پڕ بکردایەوە کە چەندین پرسیاری لەخۆگرتبوو، ھەر لەیەکەم ھۆڵی نەخۆشەکاندا کاتێک ھەریەکەمان خەریکی پڕکردنەوەی فۆرمەکان و پرسیارکردن لەنەخۆشەکان بووین، بینیم یەکێک لە ئالوودەبووەکان لەبەر پەنجەرەی ئەو ھۆڵەدا وەستابوو و خەریکی ڕوانین بوو لە شەقامە گشتیەکەی بەردەمی نەخۆشخانەکە، لەناکاو بانگی منی کرد و پێی گوتم تۆ واز لەپرسیارکردن بھێنە لە من با من ھەندێ قسە بۆ تۆ بکەم، وەرە نزیکمەوە، چوومە بەردەمی، خۆی ناساند کە ئەو ڕۆژنامەنووسێکی دیار بووە، چەندین وڵاتی دنیای بینیوە، بەھۆی جەنگی ھەشت ساڵەی (عێراق – ئێران) و ھەموو دەرھاویشتە نەرێنییەکانی ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرەیەوە ئەم ڕۆژنامەنووسە دووچاری نائومێدی و ڕەشبینییەکی زۆر بووبوو، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی بەبەردەوامی پەنای بۆ خواردنەوەی مەی بردووە، بەئەندازەیەک بەتەواوی ئالوودەبووە، لەو سەردەمەدا کە لەسەر وشەیەک ھاوڵاتیان لەسێدارە دەدرا بەڵام ئەو لە قسەکانیدا زۆر بوێرانە ڕەخنەی توندی لە ڕژێمی سەدام و بەھەدەردانی ئابوری وڵات و ھەموو ئەو نەھامەتییانەی بەسەر گەلی عێراقدا ھاتبوو بەھۆی جەنگەکەوە، دەگرت، ڕەخنەی توندی لە بەسەربازکردنی کۆمەڵگەی عێراقی دەگرت، ئەو دەیگوت من چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم لەکاتێکدا لە وڵاتێکی پڕ نەوت و خێروبێت دەژیم کەچی نۆرەی ھاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی سێتێک ھێلکە سەدان مەتر درێژ بۆتەوە (لەو سەردەمەدا تەنانەت ھەندێجار بۆ وەرگرتنی ھێلکەش کە دەستنەدەکەوت لەبازاڕدا خەڵکی نۆرەی درێژیان دەبەست لەبەردەم بازاڕگە حکومیەکاندا)، ئەم پیاوە دەیوست ئەو پەیامە بە من بگەیەنێت کە بۆیە دووچاری ئەم دەردە بووم و کەوتومەتە ئەم نەخۆشخانەیە لەبەرئەوەی ژیانی کۆمەڵگە و تەنگژە و قەیرانەکان و سستمی حکومڕانی وڵات، ناچاریان کردم ئالوودەبم. منیش دوای ئەوەی ھەندێ پرسیارم لێکرد و وتووێژێک دروستبوو لەنێوانماندا ئەم پەیامەم پێگەیاند: (لەم وڵاتەدا چەندین ملیۆن مرۆڤ دەژی، جەنگ بەتەنھا بۆ تۆ نییە و کاریگەرییەکانی لەسەر تۆ نییە، بەڵکو ھەموو تاکێکی ئەم وڵاتە باجی ئەو جەنگەی داوە ھەریەکە بەجۆرێک، بەڵام ئەوە بیرکردنەوە ھەڵەکانی خۆت بووە کە ئەو بڕیارەی بە تۆ داوە پەنابردن بۆ مەی بەچارەسەر بزانیت بۆ ڕووبەڕوونەوەی کۆژانەکانی خۆت، لەو ھەشت ساڵەی جەنگدا خەڵکانێک خوێندیان تەواوکرد، کەسانێکی تر ئاوارەییان ھەڵبژارد و لە بستە خاکێکی تری ئەم گەردوونەدا درێژەیان بەژیانی خۆیاندا، ھەندێک سەرمایەیان کۆکردەوە، ھەندێکی تر دەستی بەکڵاوەکەی خۆیەوە گرت تاکو (با) نەیبات، واتە ھەریەکە بەجۆرێک لەجۆرەکان خۆگونجاندێکیان لەگەڵ ئەو ڕەوشە نالەبارەدا کرد، بەڵام ئەو خۆگونجاندنەی تۆ خۆگونجاندنێکی نەرێنی بووە، ئێستاش ئەنجامەکانی بەچاوی خۆت دەبینی و بەمجۆرە باجی بیرکردنەوە ھەڵەکانت دەدەیت).
◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦◦
چۆن ڕەشبینییەکانمان بگۆڕین بە گەشبینی:
ڕەنگە ئێستا تۆ پرسیارێک بکەیت و بڵێیت، من ھەر لەسەرەتای ژیانمەوە ڕەشبینبووم، بەدەست خۆم نەبووە، منیش حەزم نەدەکرد ڕەشبین بم، بەڵام چیبکەم؟ چۆن بتوانم ھەنگاو بەرەو گەشبینی بنێم؟ چۆن وا لەخۆم بکەم دنیا بە دیدێکی ترەوە ببینم؟.
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە پێویستە چەند ھەنگاوێکی نوێ بنێیت لە ژیانتدا، کە ئەمانەن:
١- دیالۆگە ناوەکیەکانت سەرلەنوێ داڕێژەوە و بیرکردنەوەکانت بگۆڕە:
زۆرێک لەو دەستەواژە بیرۆکانەی خۆمان ئاڕاستەی خۆمانیان دەکەین و خۆمان بەرھەمیاندەھێنین جگە لە شێواندن و لێڵکردنی دنیابینیمان ھیچیتر نین، چونکە ئەوجۆرە بیرکردنەوە نەرێنیانە دوورن لە ڕاستیەوە و ئێمە چەواشە دەکەن و کار لە ئیرادە و ھەنگاوەکانمان دەکەن. ھەربۆیە زۆر گرنگە کە ھەریەکە لە ئێمە ڕووبەڕووی بیرۆکە نەرێنیەکانمان ببینەوە، یان بەجۆرێکی تر ھەریەکە لەئێمە فلتەرێک دابنێین کە بیرۆکەکانمانی پێدا تێپەڕێت تاکو لەڕاستی و دروستی ئەو بیرۆکانە دڵنیامان بکات، یاخود لەڕێگەی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو بیرۆکە نەرێنیانەمان و تاووتێکردنیان، تاکو بگەینە ناڕاستێتی ئەو بیرۆکانە.
پیاوێک لە سلێمانی لە ساڵی نەوەدەکاندا کاری دەکرد و تائەندازەیەک سەرکەوتنی بەدەست ھێنابوو، بەھۆی ھەندێ فاکتەرەوە ئەم بازرگانە دووچاری زیانێکی مادی گەورە بووەوە، بەجۆرێک نەک ھەر سەرمایەکەی لەدەستدا بەڵکو دووچاری قەرزاریش بووەوە، ئەم ڕووداوە بووە ھۆی ئەوەی ئەم پیاوە ئیدی کار نەکات و دەستبەئەژنۆ بوەستێت، دووچاری چەقبەستنێک ھات ھەتا ئەو ڕادەیەی تا ئێستا نزیکەی بیست ساڵە بەسەر ئەو حاڵەتەدا تێپەڕیوە کەچی ھێشتا دەستی بەکارکردن نەکردۆتەوە، ئەوەی بەرپرسە لەم ڕەوشە چەقبەستووەی ئەم پیاوە تەنھا بیرۆکە نەرێنییەکانیەتی کەپێی وابووە جارێکیتر توانای ھەستانەوەی نابێت و ناتوانێت بکەوێتەوە سەر ڕەوڕەوەی کارکردن. کەواتە دەتوانین بڵێین ئەم پیاوە پەیڕەوی ڕەفتارگەلێکی نادروستی کرد بەرامبەر ئەو تەنگژەیەی تێکەوتووە، ڕەفتاری دروست بۆ ئەم حاڵەتە ئەوە بوو کە ئەم پیاوە ئەوەندەی پەیوەندی بەخۆیەوە ھەبووە بە ھەڵە و خاڵە لاوازەکانی خۆیدا بچووایەوە، ئەوەندەشی پەیوەندی بە دەوروبەر و بازاڕەوە ھەبووە ھەڵسەنگاندنێکی وردتری بۆ بکردایە، بڕیاری بدایەوە کە سەرلەنوێ دەستبەکار بکاتەوە ئەگەرچی لەو بوارەی خۆیشیدا نەبووایە، چونکە ھەندێجار ڕێکەوت و ڕۆژگار فڕێمان دەدەنە ناو کایەیەکەوە کە کایەی خۆمان نییە بەمھۆیەوە ئەگەر ھەیە سەرکەوتن بەدەست نەھێنین، بۆیە دەکرێت ھەریەکە لەئێمە ئارەزوو و پاڵنەر و تواناکانی خۆی بەباشی بناسێت و ھەڵیانبسەنگێنێت تاکو کایەی گونجاو بدۆزینەوە. ئەم پیاوە چونکە دووچاری ڕەشبینییەکی زۆر ھاتبوو بۆیە نەیتوانی دروستکارانە ڕەفتار بکات، لەکاتێکدا دەبوو ئەم پیاوە لەڕێی دیالۆگێکی لەگەڵ خودی خۆیدا (دیالۆگە خودی و ناوەکییەکانمان) بگەیشتایە بیرکردنەوەی دروست و بەخۆی بگوتایە من ھەر ئەو کەسەم بە گیرفانێکی بەتاڵەوە توانیم سەرمایەیەک کۆ بکەمەوە، کەواتە ئێستاش دەتوانم سەرلەنوێ دەستپێبکەمەوە و ئەمجارەیان بەشارەزاییەکی زیاترەوە دەتوانم سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبھێنم.
ئەم حاڵەتەی ئاماژەمان پێدا پێچەوانەی کەسی گەشبینە کاتێک دەکەوێتە تەنگژەیەکەوە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت، چۆک دانادات و ناڕوخێت ئەگەرچی تەنگژەکان بۆ ماوەیەکی کاتیش ڕایبگرن.
کەواتە ھەرگیز لەکاتی قەیران و تەنگژەکانی ژیانی ڕۆژانەتدا خۆت بەدەستەوە مەدە، ڕێگە بگرە لەو بیرۆکە نەرێنیانەی وێنای خۆت لە دیدی خۆتدا بەکەسێکی بەزیو بەرجەستە دەکەن. ھەر کاتێک بیرۆکەی نەرێنی بەرۆکی گرتیت و دەستەواژەکانی (ناتوانم)، (سەرکەوتوو نابم)، (بۆم ناکرێت)، (پێم ناگۆڕێت) و … تد،ی بەرھەمھێنا لەو کاتانەدا دەبێت دیالۆگێکی ڕاستەقینە لەگەڵ خۆتدا بکەیت و بەرپەرچی ئەو بیرۆکە نەرێنیانە بدەیتەوە و دەستەواژەکان بەشێوازێکی ئەرێنی پێچەوانە بکەیتەوە، (دەتوانم)، (سەرکەوتوو دەبم)، (دەیکەم)، (دەیگۆڕم) و …. تد. چونکە ھەمیشە دەستەواژە نەرێنیەکان ژینگەی مێشک پیس دەکەن و ھانی خاوەنەکانی دەدەن تاکو بکەوێتە گومانەوە لە خۆی و تواناکانی، ئەمەش دەرگای دڵەڕاوکێ بەڕووی خاوەنەکەیدا واڵا دەکات، ڕەنگە کەسەکە بەمەشەوە نەوەستێت و لەدەرگای دووەمیش بدات کە ئەویش خەمۆکییە.
یەکێک لە ڕێگە باشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دەستەواژە و بیرۆکە نەرێنیانەیە ئەوەیە کە تۆ کاغەزێک بخەیتە بەردەمی خۆت ھەموو ئەو نامە نەرێنیانەیەی تێدا تۆمار بکە کە مێشکت بۆ دەنێرێت و ناوەرۆکەکانی ھانت دەدەن چۆک دابدەیت و خۆت بەدەستەوە بدەیت، تاکو بتوانیت دەستنیشانی سەرچاوەی بێئومێدی و ڕەشبینیەکانی خۆت بکەیت، پاشان ئەو کاغەزە بدڕێنە و کاغەزێکی تر بخەمە بەردەمی خۆت کە لەجێی ئەو دەستەواژە نەرێنیانە دەستەواژەی ئەرێنی و ئومێدبەخش و گەشبینانەی تێدا تۆمار بکە، خۆت ڕابھێنە ئەم دەستەواژە ئەرێنیانانە لە دیالۆگە خودیەکانی خۆتدا دووبارە و چەندبارەیان بکەرەوە، یان ئەم کاغەزە بەپشتی دەرگای ژووری نووستنەکەت ھەڵیبواسە تاکو ڕۆژانە لانیکەم جارێک بەرچاوت بکەوێتەوە.
٢- مامەڵەی دروست لەگەڵ ڕووداوە نەخواستراوەکاندا بکە:
سروشت ژیان وەھایە کە ھەموو کەسێک بە گەشبین و ڕەشبینەکانەوە، بە ھەژار و دەوڵەمەندەوە، بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، بە تەندروست و نەخۆشەوە، دووچاری سەرنەکەوتن یان ڕووداوی نەخواسرتراو دەبنەوە، بەڵام یەکێک لە جیاوازیە بنەڕەتییەکانی نێوان کەسی گەشبین و کەسی ڕەشبین شێوازی مامەڵەکردنیانە لەگەڵ ڕووداوە نەخواستراوەکان و چۆنێتی وەڵامدانەوەیانە بۆ ئەو ڕووداوانە.
کەسانی ڕەشبین باوەڕیان وایە کە ئەو ڕووداوە نەخواستراوانەی دێنە سەر ڕێگەیان جۆرێکن لە بەدبەختی ئەوان و نەنگییەکە لە کەسێتی ئەواندا و ھەمیشە وەکو سێبەر بەدوایانەوەیە، بەنموونە ئەگەر کچێکی ڕەشبین لەماڵەوە قاڵبێک کێک دروست بکات بیخاتە فڕنەوە بەڵام دواتر کێکەکە لە فڕنەکەدا بسوتێت لەئەنجامی کەمتەرخەمی کچەکەوە ئەوا ڕاستەوخۆ کچە ڕەشبینەکە بەخۆی دەڵێت (بەخوا بێبەختم، تەنانەت چانسم لە کێکێشدا نیە و ….تد)، بەڵام ھەمان رووداو ئەگەر بەسەر کچێکی گەشبیندا بێت ئەوا بەخۆی دەڵێت (کەمتەرخەمی خۆم بوو کێکەکە سووتا) و ئەمەش وەک ڕووداوێکی کاتی و تێپەڕ دەبینێت.
کەسی ڕەشبین ھەمیشە ئارەزوومەندە بۆ تۆمەتبارکردن و گوناھبارکردنی خودی خۆی سەبارەت بە ڕوودانی ڕووداوە نەخواستراوەکان ئەگەرچی خۆی ھیچ ھەڵەیەک یان گوناھێکیشی لەئەستۆدا نەبێت سەبارەت بەڕووداوەکان، بۆیە نابێت ھەرگیز خۆت بەقوربانییەکی بەردەوام یان بە گوناھبارێکی بەردەوام ببینیت، بەڵکو ئەگەر ڕووداوێک ھەڵەی تۆیشی تێدابێت ئەوا پێویستە لێبوردە بیت بەرامبەر خودی خۆت، نەک تەنھا بۆ ڕووداوە ھەنوکەییەکان بەڵکو بۆ ڕووداوەکانی ڕابردووش ناکرێت و نابێت ئەوەندە بەدوای ڕووداوەکانی ڕابردوودا بچیت کە تازە ھیچ کەڵکێکیان نیە و نابێت جگە لەوەی ھەستی بەگوناھباربوونی خۆتت لا زیاتر و زیاتر دەکات بەجۆرێک ئەگەر تووشبوونت بە گوناھە گرێ دەبێت کە گرێیەکی دەروونییە و کار لەسەر تێڕوانین و بیرکردنەوە و ڕەفتار و باری دەروونی کەسەکە دەکات و نەک بەتەنھا تووشی ڕەشبینی زیاتری دەکات بەڵکو لە تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکانیش نزیکی دەخاتەوە.
ڕووداوە نەخواستراوەکان بۆ ئەمرۆ چەندە بەئازار بن بۆ تۆ ئەوا بۆ سبەینێ دەبنە ڕابردوو و پێویستە خۆت ھاوکارێکی باشی خۆت بیت تاکو جێکەوتە و کاریگەرییەکانی لەسەر خۆت کاڵ بکەیتەوە، ئەگەر ھەر سەرکەوتووش نەبوویت لەم ئەرکەدا ئەوا داوای ھاوکاری لە کەسانی دڵسۆزی خۆت یان ڕاوێژکارێکی دەروونی بکە. پێویستە ھەرگیز بەتەنھا چاوت نەخەیتە سەر دیوە نەرێنییەکانی ئەو رووداوانەی تۆ نائارام و ڕەشبین دەکەن بەڵکو ھەمیشە واقعیانە و دوور لە سۆز ھەموو لایەنەکانی شەنوکەو بکە تاکو بڕوای نوێت لادروست بێت کە مەرج نیە ھەموو کاتێک ڕووداوە نەخواستراوەکان لەدژی ئێمە بن ڕەنگە لەبەرژەوەندی ئێمە بن بەڵام ئێمە باش ھەڵسەنگاندنمان بۆ نەکردووە.
بۆ نموونە ئافرەتێک لەژیانی ھاوسەرییدا بەردەوام سوکایەتی پێکراوە، توندوتیژی ئاڕاستەکراوە، بێڕێزی بەرامبەر کراوە، بێبەشبووە لەھەموو سۆز و خۆشەویستییەک، وەک کۆیلە تەماشای کراوە، پاش ئەم ھەموو کۆژانە چارەنووسی جیابوونەوە بووە، ئەگەرچی ڕوودانی جیابوونەوە بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوەندە ئاسان نییە کە وەک ڕووداوێکی تێپەڕ لێیبڕوانرێت، بەڵام دواجار ھەڵسەنگاندنێکی دروست بۆ ئەو ڕەوشە دۆزەخ ئاسایە پێمان دەڵێت جیابوونەوە باشترین چارەسەرە، کەواتە نابێت ئەو ئافرەتە بەردەوام چاوی لەسەر جیابوونەوەکە وەک کارەساتێک بێت، بەڵکو دەبێت لە خاڵە ئەرێنییەکانی ئەم رووداوەش بڕوانێت کە دواجار جیابوونەوە کۆتایی ھێنان بووە بە دۆزەخێک بەردەوام ڕۆحی ئەو ئافرەتەی سووتاندووە.
ڕوودانی ڕووداوە نەخواستراوەکان کۆتایی دنیا نییە، ھەرچەندە سەخت و بەزەبریش بن، بۆیە ھەمیشە لەئاست ھەموو پچڕانێک (پسانێک)دا ھونەری گرێدانەوە پەیڕەو بکە، گرێدانەوە بەمەبەستی چۆک دانەدان، گرێدانەوە بەمەبەستی ھاوڕێبوون لەگەڵ بەردەوامی ژیاندا، چونکە دواجار نە کات و نە ژیان لەسەر تۆ ناوەستن تاکو بەکاوەخۆ ھەنگاو بنێیت، بەڵکو گورجوگۆڵانە مامەڵە لەگەڵ کاتدا بکە.
بۆ ئەو ئامانجانەش کە بەلای تۆوە گرنگن بەڵام پاش ھەوڵدانی زۆر پێیان ناگەیت، زۆر ئاساییە ئەگەر پاش ھەوڵدانی تەواو بتوانیت ئامانجەکانت بگۆڕیت، ناکرێت ھەموو تەمەنت بەدیار ئامانجێکەوە بەڕێبکەیت کە ناواقعی بێت یان ھێنانەدیان بۆ تۆ مەحاڵ بێت.
ھەمیشە ڕووداوە نەخواستراوەکان وەک ئەزموون سەیر بکە نەک وەک کارەسات و شکست، چونکە دڵنیابە زۆرێک لەو ڕووداوە نەخواستراوانەی لەژیانی ڕۆژانەماندا دووچاریان دەبین بەھێزمان دەکەن و شارەزاییمان زیاد دەکەن و بۆ ئاییندە کەڵکیان لێدەبینین.
٣- لە جەنجاڵی و بارگرانییەکانت کەم بکەرەوە:
زۆرێک لە خەڵکی ئەم سەردەمە ھەمیشە ھەست دەکەن کات بەشیان ناکات، تەنانەت ھەندێک پێیان وایە کە (٢٤) کاژێر بۆ شەو و ڕۆژێک کەمە، ئەمجۆرە کەسانە لەیەک کاتدا دەستیان داوەتە چەندین پرۆژە و ئیشوکار کە وەک پێویست ناتوانن کارەکانیان ڕاپەڕێنن، تەنانەت لەھەندێکیشیاندا سەرکەوتوو نابن، ئەم کەسانە بەردەوام لەژێر کاریگەری فشارە دەروونییەکاندا دەژین، فشاری کار، فشاری ئابوری، فشاری کۆمەڵایەتی و خێزان، فشاری شەکەتی و کەمخەوی، لەئەنجامی ئەم خراپ مامەڵەکردنەوە زۆرێک لەم کەسانە دووچاری دڵەڕاوکێی بەردەوام دەبن و ھەندێکیشیان دووچاری نەخۆشییە سایکۆماتییەکان (دەروون جەستەییەکان) دەبن. ئەم کەسانە ڕەنگە لەڕووی ئابوریشەوە پێگەی باش و بەھێزیشیان ھەبێت بەڵام ھەرگیز چێژ لە ھەبووەکان و دەستکەوتەکانیان نابینن چونکە بەردەوام ئەو ھەستەیان ھەیە کە لەسەرەتای ڕێگەدان و زۆریان ماوە پێی بگەن، ئەم ھەستەش ھەمیشە جۆرێک لە نائارامی و بەدوای ئەمیشدا ڕەشبینی دەھێنێت. بەرلەوەی ھەر بڕیارێک بدەیت یاخود دەست بدەیتە پرۆژەیە بەباشی تاووتوێی ھەموو لایەنەکانی بکە و ھەموو ئەگەرەکان لەپێش چاوی خۆت دابنێ، چونکە ھەندێجار سەرنەکەوتنە یەکلەدوای یەکەکان دەبنە مایەی ڕەشبینی. کەواتە ھەوڵبدە خۆت لە جەنجاڵییە زیادەکان بەدوور بگرە، پشووی جەستە و مێشک و دەروون گرنگییەکی گەورەیان ھەیە بۆ بەدەستھێنانی گەشبینی.
٤- کێشەکانی ژیانت بە ڕۆژگار مەسپێرە:
زۆرجار کەڵەکەبوونی کێشەکان و بەدەمەوە نەچوونی چارەسەرکردنیان کاریگەری گەورە دەکاتە سەر تێڕوانینی ئێمە بۆ ژیان، ئەوانەی ھەمیشە لە کێشەکانیان ڕادەکەن یاخود فێری شاردنەوەی کێشەکانیان بوون، تەنھا و تەنھا لە ناخ و سینەی خۆیاندا پەنگ دەخۆنەوە و دەرینابڕن، بەدوای چارەسەردا ناگەڕێن و داوای ھاوکاریش لە کەس ناکەن، ئەمجۆرە کەسانە زیاتر ڕەشبین دەبن و ھەمیشە دڵەڕاوکێیەکی ھەراسانکار یاوەریان دەبێت، بۆیە باشتر وایە کێشەکانی ژیانت خێزانی بێت یان سۆزداری یان تەندروستی یان ئابوری بە ڕۆژگار نەسپێریت بەڵکو ھەوڵی چارەسەرکردنیان بدە، ئەگەر ھەست بەسەختی دەکەیت و ھەست دەکەیت خۆت توانای چارەسەرکردنیانت نییە، ئەوا پەلە بکە لە داواکردنی ھاوکاری لە کەسانی دڵسۆز یاخود لە پسپۆرانی ئەو بوارانەدا، تۆ ئەگەر بەھۆی تەنگژەکانی ژیانتەوە دەرگاکانی چارەسەر بەداخراوی دەبینیت ئەوا لای کەسانی دیکە ڕێنماییت دەکەن بۆ ئەوەی ئاڕاستەی ئەو دەروازانەی بگریتە بەر کە لێوەی لە کێشەکانت دەربازت ببێت.
٥- پەیوەندییە ڕوخێنەرەکانت بگۆڕە بۆ پەیوەندی بنیاتنەر:
ھەمیشە کەسە گەشبینەکان ئارەزووی ھاوڕێیەتی کەسانی گەشبینی وەک خۆیان بکەن، بەڵام بۆی ھەیە ھاوڕێیەتی کەسانێک دووچاری نائومێدی و ڕەشبینیت بکەن، بۆیە ھەمیشە ئەو پەیوەندییانەی دەبنە مایەی ڕوخاندنی تۆ و ڕێگەگرتن لە ھەنگاوەکانت بگۆڕە بە پەیوەندی بنیاتنەرانە و ھاندەرانە، لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا ھەرگیز خۆت بەراورد مەکە بە کەسانی دیکە، دەکرێت ئەزموون و سەرکەوتنەکانی کەسانی تر بکەیتە ھاندەرێکی باش بۆ بەدەستھێنانی ئاستی باشتر و سەرکەوتنی زیاتر نەک بۆ ئەوەی خۆت بخۆیتەوە و خۆت بە شکستخواردوو لەقەڵەم بدەیت بەبەراورد بەوانی تر.

-

تێبینی/

بەسوپاسەوە وەرگیراوە لە ماڵپەڕی derunnasy.
3321 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1