پیتی  د
سەکتەی دڵ
سەکتەی دڵ

مەبەست لە سەکتەی دڵ چی‌یە؟

بە بەسترانی خوێنبەری کڕۆنێریی ونەگەیشتنی خوێن بە بەشێک لە ‌ماسولکەی دڵ کە دەبێتە ھۆی مردنی تان‌و پۆی دیواری دڵ - سەکتەی دڵ دەکوترێ.

ھۆیەکانی سەکتەی دڵ کامانەن؟
ئەستوور‌و ڕەق‌بوونی خوێنبەری کڕۆنێریی،
گرژیی خوێنبەری کڕۆنێریی، 
ئەمبۆلی کڕۆنێریی (بۆ ۆێنە ‌جیا‌بوونەوەی دەڵەمەی خوێن لە ‌دیوارەی ڕەگەکان‌و ڕۆیشتنی بەرەو دڵ دەتوانێ ببێتە ھۆی بەستنی خوێنبەری کڕۆنێریی)،
ھەوی خوێنبەری کڕۆنێریی،
بەرزبوونەوەی خەستیی خوێن‌و پێکھاتنی دەڵەمەی خوێن.

بۆ ئاگاداری لەھۆکارەکانی ڕیسک بڕوانە ‌بەشی "٣٠".

نیشانەکانی سەکتەی دڵ کامانەن؟
ئێش. سەتا٦٠ ھەتا ٦٥ی نەخۆشەکان دوای کاری بەدەنیی‌و لە کاتی پشووداندا تووشی ژانێکی کتوپڕ لە پشت چەلەمەی سینگ دەبن. ئەم ئێشە بۆ ماوەی پتر لە نیو کاتژمێر دڕێژە پەیدا دەکات و بە خواردنی نیترۆگڵیسرین کۆتایی پێ‌نایە.
ئیش دەتوانێ بەرەو نێوان دەفەی دوو شان، ھەر دوو دەست، مل، شەویلکەی خوارێ، پشت‌و گەدە تەشەنە بکا.
دڵ تێکەڵاتن،
ڕشانەوە،
پشووسواریی،
دڵەکوتە،
سەڕەگێژە،
یاو،
بێ‌ھۆش بوون،
ئاڕەقە،ھەروەھا دڵە ‌ڕاوکەو ترس لە مردن، لە نیشانەکانی سەکتەی دڵن.

سەتا ٢٠ی ئەو کەسانەی کە تووشی سەکتەی دڵ دەبن ھەست بە ئێش ناکەن، بە تایبەتیی ئەوانەی کە ‌نەخۆشیی شەکریان ھەیە. لە سەتا ١٥ی نەخۆشەکاندا ھیچ نیشانەیک نابیندرێ. ئەم حالەتە ‌لە ‌ژناندا زۆرترە.

سەکتەی دڵ چۆن دیاریی دەکرێ؟

سەکتەی دڵ بە پێی نیشانەکان، گۆڕانکاریی نەواری دڵ وەکو بەرزبوونەوی سیگمێنتی ST و چوونەسەرێی ترۆپۆنین و کراتێنین فۆسفۆکیناز ئەم ب لە خوێندا دەسنیشان‌دەکرێ.

تێبینی/
فۆسفۆکیناز CPK-MB, چەشنێک ئانزیمی دڵە

ترۆپۆنین  (Troponin) چەشنە پرۆتێینی ماسولکەی دڵە کە ‌لە کاتی مردنی خانەکانی ماسولکەی دڵدا دەڕێژێتە ‌نێو خوێن.

سەکتەی دڵ چۆن دەرمان دەکرێ؟
ئەو کارانە لە لایەن دوکتوری پسپۆڕەوە بە خێرایی ئەنجام دەدرێ:
پێدان یان لێدانی ئاسپرین لە ڕێگای خوێنھێنەرەوە بۆ کەم‌کردنەوەی خەستیی خوێن‌و پێشگیریی لە پێک‌ھاتنی زۆرتری دەلەمەی خوێن،
گەیاندنی ئوکسیژێن لە ڕێگای لوتەوە،
بەکارھێنانی نیترۆگڵیسیرین بۆ کەم‌کردنەوەی ژان‌وگرژیی خوێنبەری کرونێریی‌و گەیاندنی ئۆکسیژێنی زۆرتر بە دڵ،
لێدانی ئازارشکێنی بە ھێز وەکو مۆرفین،
لێدانی ھێپارین بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بۆ پێشگیریی لە پێکھاتنی دەڵەمەی خوێن،
بەکارھێنانی کاپتۆپریل بۆ والاکردنەوەی خوێنبەرو گەیاندنی خوێنی پێویست بە دڵ، کەم‌کردنەوەی فشاری خوێن‌وھێنانەخوارەوەی ڕێژەی مردنی نەخۆش
ھێنانەخوارەوەی  پێداویستیی دڵ بە ئوکسیژێن‌و ڕێکوپێک‌کردنی کاری دڵ. بۆ وێنە، کەڵک‌وەرگرتن لە مێتوپڕۆڵول،
لە ‌نێوبردنی دەڵەمەی خوێن‌و کردنەوەی ڕێگای خۆێنبەر بە لێدانی دەواگەلێک وەکو سترێپتۆکیناز ،
ئانژیۆپلاستیی بۆ پێشگریی ‌بەسترانی خوێنبەری کڕۆنێریی‌و لە ‌نێوبردنی دەڵەمەی خوێن. 

تێبینی/
لە ئانژیوپلاستیی‌دا (Angioplasty) لە ڕێگای خوێنبەڕێکی دەست یان لاڕان (گەڵ) کاتێتڕێکی بالۆن‌دار دەکرێتە نێو خوێنبەری کڕۆنێریی و بە با‌کردنی باڵۆنەکە ‌ئەم  ڕێگایە دەکرێتەوە.

بۆ پێشگیریی لە سەکتەی دڵ پێویست بە چ کارێکە؟
گۆڕانی شێوەی ژیانی نەخۆش، ھەروەھا ئەو کەسانەی کە نایانەوێ لە ‌داھاتودا تووشی نەخۆشیی دڵ بن دەتوانێ دەوڕێکی بەرچاو بۆ پاڕاستنی ساغ‌و سڵامەتیی بگێڕێ. لەمەر ئەمەش لە ‌بەرچاو گرتنی خالەکانی خوارەوە پێویستە:
گرتنی ڕەژیمێکی دروستی خواردن،
جووڵان‌و ھەڵسوران بەتایبەتیی وەرزش کردنی بێپسانەوە،
کۆنتڕۆڵی قورسایی لەش،
وەلانانی جگەرە،
کۆنتڕۆڵی فشاری خوێن،
کۆنتڕۆڵی قەندی خوێن،
کۆنتڕۆڵی سترێس،
خواردنی حەبی ھێنانەخوارێی کۆلسترۆڵ.

د. کامەران ئەمین ئاوە
2381 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/02/2016
زیاتر...
123