پیتی  د
ئانژینا پێکتۆریس و نەخۆشیی کرۆنێریی دڵ
ئانژینا پێکتۆریس و نەخۆشیی کرۆنێریی دڵ

مەبەست لە ئانژینا پێکتۆریس چی‌یە؟
مەبەست لە ئانژینا پێکتۆریس، سینگ ئێشەیە. ئانژین یان "ئێش" سەرەکیی‌ترین نیشانەی نەخوشیی کڕۆنێریی دڵە کە ‌لە کاتی وەرزش، کاری‌ھێزکوژ، زۆرخۆریی‌و گوشاری ڕۆحیی لە نێوەوەی ڕکەی سینگدا ھەستی پێدەکرێ.

ھۆی سەرەکیی سینگ ئێشە چی‌یە؟
لاسەنگیی نێوان گەیشتنی ئوکسیژێن بە ‌ماسولکەی دڵ‌و نیاز‌و پێویستیی کاری دڵ بە ئوکسیژێن ھۆی سەرەکی سینگ ئێشەیە. 

نەخۆشیی کرۆنیریی دڵ چی‌یە؟ 
مەبەست لە نەخۆشیی خوێنبەری کرۆنێریی تەنگبوونەوەی ئەم خوێنبەرانەیە بە ھۆی ئاتێرۆسکلێرۆز.  ئەم حاڵەتە دەبێتە ھۆی کەم بوونەوەی ڕەوتی خوێن بە دڵ‌و کەم‌خوێنیی دڵ.

تێبینی/  Atherosclerosis, ڕ‌ق و ئەستووربوونی دیواری خوێنبەرە

کاری خوێنبەرەکانی کرۆنێریی دڵ چی‌یە؟
خوێن لە ڕێگای خوێنبەرەکانی کرۆنێریی‌یەوە (تاجیی) بە ماسولکەی دڵ دەگات. 

ھۆکارەکانی نەخۆشیی کڕۆنێریی دڵ کامانەن؟
بەرزبوونی  گوشاری خوێن،
نەخۆشی شەکرە،
زیاد بوونی چەوریی خوێن، 
‌فاکتۆری بنەمالەیی یان میراتی،
جگەرەکێشان،
چوونەسەرێی تەمەن( پیاوان دوای ٤٥ ساڵ‌و ژنان دوای ٥٥ ساڵ)،
جنسی نێرینە،
قەلەویی - ئەو کاتەی کە قورسایی لەش لەسە دی ٣٠ ی بنەما تێپەرێ،
داتەپیویی (تەمبەڵی)،
خەمۆکیی،
خواردنی چەوریی،
ژنان دوای عوزرنەشوتن( یائسەگی) بەھۆی کەم‌بوونەوەی ھۆرمۆنی ژنانەی ئستڕۆژێن،
کەڵک وەرگرتن لە  کۆکائین.

نەخۆشیی کڕۆنێریی دڵ چ نیشانەگەلێکی ھەیە؟
سەرھەڵدانی ئێش لە ‌لای چەپ‌و یان نێوەڕاستی چەلەمەی سینگ لەکاتی  کار یان نائارامی‌دا٤. بەردەوامیی ئێش لەچەند خولەکەوە تا ٣٠ خولەک ‌دەخایەنێ‌و بە پشوودان‌و یا‌ن چەژتنی نیترۆگلیسیرین کۆتایی پێ دێ،
ئێش بەرەو مل، دەست‌و دەفەی شانی چەپ دەکێشرێ‌و لە کەسانێکدا پشووسواریی، ئاڕەقەکردن، سەرئێشەو دڵ تێکەڵی دەھێنێ،
جاروبار پشووسواریی تەنیا نیشانەی نەخۆشیی کڕۆنێریی دڵە،
لە بەشێک لە نەخۆشەکاندا ھیچ نیشانەیک نابیندرەێ.

نەخۆشیی کرۆنێریی دڵ چۆن دیاریی‌دەکرێ؟
ئەم نەخۆشیی‌یە بە پێی نیشانەکان، گۆرانکاریی‌یەکانی نەواری دڵ و چوونەسەرەی ڕادەی ئانزیمەکانی دڵ لە خوێندا دەسنیشان‌دەکرێ.

نەخۆشیی کرۆنێریی دڵ چۆن چارەسەر‌کردن دەکرێ؟
چارەسەرکردنی نەخۆشیی کڕۆنێریی دڵ گرێدراوە  بە ڕادەی بەسرانی خوێنبەرەکانی کڕۆنێریی‌و ھۆکارەکانی پێکھاتنی گرفتەکەیە، کە ‌لە ‌ئاکامدا بە نەشتەرگەریی چارە دەکرێ. ئامانجی سەرەکیی لە ‌بەکارھێنانی دەوا بە ‌چەشنی خوارەوەیە:
بەکارھێنانی ئەو دەرمانانە ‌کە دەبنە ھۆی کرانەوەی خوێنبەری کڕۆنێریی دڵ‌و بەرزکردنەوەی  ڕەوتی گەیاندنی ئوکسیژێنی پێویست بە دڵ، بۆ وێنە نیترۆگڵیسیرین ،
بەکارھێنانی ئەو دەرمانانە ‌کە دەبنە ھۆی کەم‌کردنەوەی  پێداویستیی دڵ بە ئوکسیژێن لە ڕێگای کەم‌کردنەوەی کاری دڵ، بۆ وێنە  بیزۆپرۆلۆل
گەیاندنی ئوکسیژێنی پێویست بە دڵ، یان ھێنانەخوارێی پێداویستیی دڵ بە ‌ئوکسیژێن، بۆ وێنە وراپامێل،
بەکارھێنانی ئەو دەرمانانە ‌کە دەبنە ھۆی واڵاکردنەوەی ڕەگی خوێنبەر، گەیاندنی خوێن بە دڵ, کەم‌کردنەوەی فشاری خوێن‌وھێنانەخوارێی ڕێژەی مردنی نەخۆش، وەکو ڕامیپریل. 

نەشتەرگەریی بای پەسی دڵ بۆ ئەو کەسانەی کە:
لەسەدی ٥٠ی خوێنبەری سەرەکیی لای چەپی دڵیان بەسترابێ،
نەخوشی ٣ ڕەگیان بێ ( پتر لەسەتا ٧٠ی بەسترابێ)،
لە ‌پێوەندیی لە گەڵ ھاتنەخوارێی کاری بەشی چەپی دڵدا بن،
بە ‌تازەیی تووشی سەکتەی دڵ بووبن،
سەرەڕای بەکارھێنانی دەوا لە حاڵەتی پشووداندا ئێشی بەردەوامی دڵیان بێ.

بۆ پێشگیریی لە نەخۆشیی کرۆنێریی دڵ پێویستە چ بکرێ؟

‌پێش ھەموو شتێک دەبێ ھۆکارەکانی کۆنتڕۆڵ بکرێ. پێشنیار دەکرێ ئەم خاڵانەی خوارەوە ‌لە بەرچاو بگیرێ:
نەکێشانی جگەرە،
وەرزشی بەردەوام بۆماوەی نیو کاتژمێر, چوار جار لە ‌حەوتودا)،
دابەزاندنی قورسایی لەش،
کۆنتڕۆڵی کۆلسترۆڵی خوێن،
کۆنتڕۆڵی گوشاری خوێن،
کۆنتڕۆڵی قەندی خوێن،
دەرمانی ئەو نەخۆشیی‌یانەی کە دەبنە ھۆی خر‌اپترو زۆرتر کردنی ئیشی دڵ.

د. کامەران ئەمین ئاوە
1651 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/02/2016
زیاتر...
12