پیتی  د
کارو قەوارەی دڵ
کارو قەوارەی دڵ

دڵ چی‌یە؟
دڵ ئەندامێکی ماسولکەی نێوبەتالە کە لە ناو ڕکەی سینگ، لە نێوان ھەر دوو سیی‌یەکان جێگیر بووە. دیواری دڵ لە سێ چین دروس بووە:
ماسولکەی دڵ (میۆکارد) 
ناوپۆشی دڵ (ئیندۆکارد)
ڕوپۆشی دڵ (ئپیکارد)

ڕوپۆشی دڵ چینی ناوەکی تویخێکی دوو چین بە ناوی دڵپۆشە (پریکارد). نزیک بە ٥٠ میلی‌لیتر شلەی‌دڵپۆش پێشگیریی لە لێکخشانی دوو چینی ئەم تۆیخە دەکا. دڵ ٤ دیو و ٤ دەربیجە لە خۆی دەگرێ‌و بە ھۆی دیواری ناوەڕاستەوە بە دو بەشی ڕاست‌و چەپ دابەش دەکرێ. لە ھەر بەشدا، دوو دیو و دوو دەربیجە دەبیندرێن. بە دیوەکانی سەرەوەی دڵ داڵان و بە دیوەکانی خوارێ سکۆڵە ‌ دەلێن. دەربیجەی سێ‌پەڕە یان تریکۆسپید لە نێوان دوو دیوی لای ڕاستەو دەربیجەی میترال یان دوو‌پەڕە لە بێنی دوو دیوی لای چەپە. دوو دەربیجەی دیکە لە نێوان دوو خوێنبەری سەرەکیی دڵ‌و دیوەکانی سکۆڵەی چەپ‌و ڕاستن. 

دەربیجەی سیپەلک لە نێوان سکۆڵەی ڕاست‌و خوێنبەری سیپەلکیی و دەربیجەی ئائورت لە نێوان سکۆڵەی چەپ‌و ئائۆرتە. لە  ئائۆرتەوە دوو خوێنبەری ڕاست‌و چەپی تاجیی پاش جیا‌بوونەوە ڕەوانەی دڵ دەبن، لە پشتی دڵ یەک دەگرنەوە. 

کاری سەرەکیی دڵ چی‌یە؟

کاری دڵ وەکو ترومپایەک ڕەوانە کردنی خوێن بەرەوە تان‌و پۆکانی لەشە. پاش ھەر لێدانێکی دڵ، خوێن لە لای چەپی دڵەوە دەڕژێتە ناو گەورە دەماری"ئائۆرت"و لەوێشەوە لە ڕێگای خوێنبەرەکانەوە دەگاتە ئەندامەکانی دیکەی لەش‌و ئوکسیژێن‌یان پێ دەگەیەنێ. ڕێژەی ئاسایی لێدانی دڵ لە نێوان ٦٠ تا ١٠٠ کەرەت لە خولەکێک‌دایە. 

مەبەست لە سیستۆلەو دیاستۆلەی دڵ چی‌یە؟
بە گرژبوونەوەی دڵ‌و بە تایبەتیی گرژبوونی سکۆڵەکان "سیستۆلە"ی دڵ دەکوترێ. مەبەست لە "دیاستۆلە"ی دڵ ڕەوتی خاوبونەوەی دڵە.

میکانیزمی گرژبوونی ماسولکەی دڵ چی‌یە؟
ھۆی سەرەکیی گرژبوونی دڵ ڕەوتێکی ئەلکتریکیی‌یە کە لە گرێی سینوسیی ناو ماسولکەی داڵانی دڵ بەرھەم دێ. ئەم ڕەوتە لە ڕێگای ڕیشالەکانەوە کە وەک کابڵێکی ئەلکتریکین ڕەوانەی گرێی داڵان - سکۆڵە دەکرێ‌و دەبێتە ھۆی گرژبوونی سکۆڵە، لێدانی دڵ‌و پۆمپاژی خوێن.


وێنەی ڕەوتی ئەلیکتریکیی دڵ

خوێن لە چ ڕێگایەکەوە بە دڵ دەگا؟ 
خوێن لە ڕێگای خوێنبەرەکانی تاجیی‌یەوە (کرۆنێریی) بە ماسولکەی دڵ دەگات. 

د. کامەران ئەمین ئاوە
1376 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
18/02/2016
زیاتر...
12