پیتی  س
ھەوی تەنیشتەپەردە
ھەوی تەنیشتەپەردە

تەنیشتەپەردە چی‌یە؟
تەنیشتەپەردە کیسەیەکە کە سیی‌یەکان دادەپۆشی‌ولە دوو چین پێکھاتووە. بەو چینەی کە سیی‌یەکان دادەپۆشی تەنیشتە پەردەی سیپەلک و بەو چینەی کە دیواری ڕکەی سینگ دادەپۆشێ تەنیشتە پەردەی دیوارەیی دەکوترێ. لە نێوان ئەم دوو چینەدا، توێژێکی ناسکی تراو ھەیە کە پێش بە لەیەکخشانی ئەوان دەگرێ.

ھۆیەکانی ھەوی تەنیشتە پەردە کامانەن؟
ھەوی سیی‌یەکان (وەک ھەوی تان‌و پۆی سیی‌یەکان)،
جەڵتەی سیی‌یەکان،
ویروسەکان  وەک ویروسی ئانفلونزا،
سلی سیی‌یەکان،
وەک ئاکامی نەخۆشیی ئەندامەکانی سەرەوەی دەزگای ھەزم‌کردن،
شێرپەنجەی سیی‌یەکان‌و ئەندامەکانی‌تر وەکو شپیلک‌وھێلکەدان (تۆودان).

نیشانەکانی ئەم نەخۆشیی‌یە کامانەن؟
سینگ‌ئێشە لە کاتی ھەناسەکێشاندا،
کۆخەی ویشک،
پشووسواریی،
یاو (ئەگەر ھۆی ئەم نەخۆشیی‌یە باکتریی بێ).

ئەم نەخۆشیی‌یە چۆن دیاری دەکرێ؟
لەوە دەچێ دوکتور بە پێی نیشانەکان‌و گوێدان بە نیخەی سینگ، ئەم نەخۆشیی‌یە دیاری بکا. لە کاتی گوێدان بە نیخەی‌سینگ دەنگێک وەک سیڕەی بەفر لە ژێر پێدا دەبیسترێ. ھەروەھا دوکتور دەتوانێ لە ‌وێنەگرتن (بۆ دیاریی‌کردنی ھەوی تان‌و پۆی سیی‌یەکان یا سلی سیی‌یەکان)، تاقی‌کردنی خوێن (زۆر‌بوونی خڕۆکە سپیی‌یەکان یان نیشانەکانی شێرپەنجە لە خوێندا وەکو ٩-١٩ CA لە شێرپەنجەی شپیلک و١٢٥CA- لە شێرپەنجەی تۆودان دا) کەڵک وەرگرێ.

ئەم نەخۆشیی‌یە چۆن چارەدەکرێ؟
ئامانجی سەرەکیی، چارەسەرکردنی ھۆی پێکھێنەری ئەم نەخۆشیی‌یەیە (بۆ وێنە بەکار‌بردنی ئانتی‌بیۆتیک لە کاتی باکتریی‌یایی بوونی ھۆی نەخۆشیی‌یەکەدا)  لە بێن‌بردنی نیشانەکانی ئەم نەخۆشیی‌یە بە کەڵک‌وەرگرتن لە دەواکانی ئێش‌بڕو دژی ھەو وەکو ئیبۆپرۆفن یان ئاسپرینە.

د. کامەران ئەمین ئاوە
1480 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
17/02/2016
زیاتر...
12