پیتی  د
فشاری دەروونی
کاریگەری فشار لەسەر دەروون

د . ڕێدار محەمەد ئەمین – پسپۆری نەخۆشیە دەروونیەکان
ھیچ کەسێک نیە لە ئێمە ڕۆژانە تووشی فشار یان دڵەڕاوکێ نەبێـت، ئەویش بەھۆی ئەو ئاستەنگ‌وگرفتانەی دێنە ڕێمان، زۆرجار گۆڕانکارییەکی کەم لەکاری ڕۆژانەی مرۆڤ فشار دروست دەکات، وەک گەشتێک بۆ شوێنێک کە یەکەمجار بۆی دەچێت، یان ماڵ گواستنەوە بۆ گەڕەکێکی تر، فشار بەمانا فراوانەکەی، بریتیە لەھەر ھێزێک کەوا دەخرێتـە سەر تەنێک‌و گۆڕان دروست دەکات، فشاری دەروونیش، بریتیە لەو ھێزەی دەخرێتە سەر مێشکی مرۆڤ و گوڕانکاریی دەروونی‌و جەستەیی دروست دەکات، ئەگەرچی فشار ھەستێکی ناخۆشەو وا لە مرۆڤ دەکات ھەست بە گرژی‌و دڵتەنگی، یاخود تووڕە بوون بکات، بەڵام لە ھەمان کاتدا بە کاردانەوەیەکی سروشتی دادەنرێ، بۆ بەرەنگار بوونەوەی مەترسیەکانی سەر خود.
خەڵکیش جیاوازییان ھەیە لە کاردانەوەیان بەرامبەر فشار، ھەیانە بەرگەی کەمترین فشار ناگرێت و زوو دڵتەنگ یان تووڕە دەبێت و سەری لێ دەشێوێت‌و کۆنترۆلی خۆی لەدەست دەدات، ھی تریش ھەیە دەتوانێت لەگەڵ ھەر گرفتێک خۆی بگونجێنێت‌و دان بەخۆی دابگرێت، بێگومان ئەمجۆرە مرۆڤانە زیاتر شارەزاییان لە ژیان وەرگرتووەو بە ئەزموونی زۆر تێپەڕیوون، دەکرێ فشار بۆ ماوەیەکی کاتی بێت و دوایی یان قەرەباڵغی بازاڕیش دوات دەخات، یان درێژخایەن بێت وەک فشاری ژیان لەژێر ھەڕەشەو مەترسیدا وەک ئەو بارەی ئێستای ناوەڕاستی عێراق.

ھۆکارەکانی دروستبوونی فشار:
ھەموو خەڵک ئەگەری ئەوەیان ھەیە تووشی فشار ببن، بەڵام ئەو کەسانەی زیاتر ھەستیارن‌و زوو ھەڵدەچن، یان ھەستیاری زیاد لە پێویستیان ھەیە بۆ کەمترین گرفت، ئەوا زیاتر تووشی فشار دەبن، ئەم جۆرە کەسانە بە گۆڕانکارییەکی کەم، گرژ دەبن‌و زۆر زەحمەتیش دەگەنە بڕیاردان، ھەر گۆڕانکارییەک لە ژیاندا تووشی دڵەڕاوکێ‌و بیرکردنەوەیان دەکات، وەک سەفەرکردن، خوێندن، ژنھێنان..ھتد، لە دەوام کردندا ھەمیشە وا ھەست دەکەن لە ململانێدان‌و بەربەرەکانی کەسەکانی تر دەکەن، ئەگەر تووشی گرفتی پارە بوون، وەک قەرزای یان پێداویستی ژیان، ھەمیشە دەکەونە ناوخەیاڵ، بێگومان کارەسات و ڕووداوەکانی دەوروبەریش زیاتر کاریان لەسەر دەکات لە کەسانی ئاسایی، وەک شەڕ، باری ئاسایش، قەرەباڵغی، پیس بوونی ژینگە. ئەو کەسەی دەگەڕێتەوە ژێر باری فشار، دەتوانێت سێ پرسیار لەخۆی بکات، تاکو بزانێت ئایا ئەو فشارە کاری کردۆتە سەری یان نەْ ؟
پرسیاری یەکەم: کاتێک ھەست دەکەیت تووشی گرفتێک یان ئاستەنگێک ھاتووی، ئایا بڕوات بەخۆت ھەیە لە توانات دابێت رووبەڕووی ببیتەوە؟
پرسیاری دووەم: کاتێک ڕووبەرووی کێشەیەک ھاتوویت، ئایا ھەست دەکەیت کاتی پێویستت ھەیە بۆ چارەسەرکردنی؟
پرسیاری سێیەم: ئایا ھەست دەکەیت، ھەندێک گرفت‌و ئاستەنگی لابەلا تووشت دەبنەوە، لەکاتی چارەسەرکردنی گرفتەکان؟
زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی فشار‌و دڵەڕاوکێ دەبن، بڕوایان بە توانای خۆیان نییەو وا ھەست دەکەن ھیچ کاتێکیان نەماوە، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکەیان، جگە لەمەش چەندین کێشەو ئاستەنگ لە خەیاڵی خۆیان دروست دەکەن، ئەمانەش ھەمووی وادەکەن نەتوانن لەژێر کاریگەری فشارەکە ڕزگاریان بێت‌و کێشەکە چارەسەر بکەن.


جۆرەکانی فشار:
بەگشتی فشار دەکرێتە دوو بەش، ئەو فشارانەی لە دەرەوی دەسەڵاتی مرۆڤن‌و کۆنترۆڵیان لەسەر نییە، ئەوانەی لەناو خودی مرۆڤن، ئەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤن، ھەندێکیان پێشبینی دەکرێن وەک شەڕ، نەخۆشی سەخت، ئەمانەش کاریەگەرییان کەمترە لەو جۆرانەی کە پێشبینی ناکرێن، وەک لافاو، بومەلەرزە، کوشتنی بە کۆمەڵ..ھتد.
ئەوانەی لەناو خودی مرۆڤدا ھەن، ھەمیشە لەژێر دەسەڵاتی ئەو دان‌و دەکرێت کونترۆڵیان بکات، وەک ململانێ لەگەڵ ھاوڕێیەکی پۆل، یان کار، خەفەکردنی حەزو ئارەزووکان بۆ ڕازیکردنی دایک و باوک، گۆشەگیری‌و سەیر نەکردنی تەلەفزێون و ئەنجامدانی گەشت لە کاتی تاقیکردنەوەکان، نەتوانینی ئەنجامدانی ھەندێک ئارەزوو بەھۆی کۆتە کۆمەڵایەتیەکان..ھتد.


فسیۆلۆژیەتی فشار:
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کونترۆڵکردنی فشار، زانینی چۆنیەتی دروستبوونیەتی و چەندە کاریگەری ھەیە لەسەر جەستەو دەروون، لە ڕێگای شارەزابوون لە فسیۆلۆژیای فشار، مرۆڤ دەتوانێت بەسەر ئەو گۆڕانکاریانەدا زاڵ بێت، کە وەک کاردانەوەی فشار دروست دەبن، بەم شێوەیەش کاریگەریی فشار کەم دەکاتەوە. قۆناغی یەکەمی کاردانەوەی فشار لەمێشک دەست پێدەکات، ئەویش کاتێک ھایپۆئەلامەس، بەشێکە لە خوارەوەی مێشک سگنال دەداتە ھەریەکە لەژێر نەخامەڕژین ((ڕژێنێکە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی مێشک))‌و کۆدەماری سەمپەتاوی سۆز، کاتێک کۆدەماری سەمپەتاوی دەوروژێنێت، دەبێتە ھۆی دەردانی ھەریەکە لە ەورمۆنی ئەدرینالین‌و نۆرئەدرینالین بۆ ناو خوێن، ئەمانەش دەبنە ھۆی فراوانبوونی بیلبیلەکانی چاو، خێرا لێدانی دڵ، خێرایی ھەناسە، بەرزبوونی فشاری خوێن، ھەروەھا کاردەکاتە سەر جگەر، تاکو گلوکوزی پێویست (وەک سەرچاوەی ووزە)، لەم بارە نائاساییانەدا بڕژێنێتە ناو خوێن، لەلایەکی تر ژێر نەخامەڕژێن بەھۆی ھۆڕمۆنێک سیگنال دەداتە ڕژێنەکانی سەر گورچیلە، کەوا ئەوانیش جگە لە کۆنترۆل،(٣٠) ھۆڕمۆنی تر دەردەدەن، ئەم گۆڕانکاریانە ھەمووی بۆ ئامادەکردنی مرۆڤە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی فشارەکە، جگە لەمانەی سەرەوە ھەندێک گۆڕانکاری تر وەک دواخستنی فشارەکە، جگە لەمانەی سەرەوە ھەندێک گۆڕانکاری تر وەک دواخستنی کرداری ھەرسکردن، دەردانی ھۆڕمۆنی ئیندرفین کەوا ئازار لادەبات، گرژبوونەوەی موولولەی خوێن، بۆ کەمکردنەوەی خوێنبەر بوون، ئەگەر جەستە تووشی خوێنەر بوون بوو،

-

کاریگەریی درێژ خایەنی فشار لەسەر جەستە و دەروون:
ئەگەر فشار کاردانەوەیەکی ئاسایی جەستە بێت، ئەوا بێگومان ھیچ کاریگەریی لەسەر جەستە یان دەروون نابێت، بەڵام کاتێک ئەم فشارە بەردەوام بوو بەھۆی ئەو گۆڕانانەی لەسەرەوە باسکران، ئەوا چەند کاریگەرییەک لەسەر جەستەو دەروون دروست دەکات، لە گرنگترین کاریگەریەکانی سەر جەستە، ھەوکردنی گەدە، فشاری خوێن، نەخۆشیەکانی دڵ، کەمکردنەوەی بەرگریی لەش، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، کاریگەرییە دەروونیەکانیش بریتین لە دڵەڕاوکێ، فۆبیا، ھیستریا، خەمۆکی، فشارەکانی دوای رووداو، نەمانی تەرکیز و یادکردنەوە.

-

چارەسەری:
تێگەیشتنی ھۆکارەکانی و چۆنیەتی دروستبوونی فشار نیوەی چارەسەرییە، چونکە فشار نەخۆشی نییە، بەڵکو بارێکی گرژییە، کەوا دەکرێ مرۆڤەکە خۆی چارەسەری بکات، بۆیە بەر لە چارەسەرکردن، پێویستە ھەندێک پرسیار لە خۆت بکەیت، ئایا دەزانیت چی تووشی فشاری دەروونیت دەکات؟ ئایا ھەرگیز کاتی خۆت ڕێکدەخەیت بۆ ئەوەی تووشی فشاری لە دەروونی نەبێت؟ ئایا دەتوانیت بەسەر ھەستەکانی خۆت زاڵ بیت؟، بۆ نموونە دەتوانیت پێبکەنیت، بگری، ھەستی خۆت دەربڕیت؟ ئایا کاتێک گرفتێکت ھەبێت، بۆ کەسی باس دەکەیت؟ ئایا ماددە کھولیەکان دەخۆیتەوە؟..جگەرە دەکێشیت؟ بە وەڵامدانەوی ئەم پرسیارانە، دەتوانیت وێنەیەک بۆ گرفتەکانت بکێشیت، قۆناغی دوای، ئەو بریتیە لە دانانی چوارچێوە بۆ گرفتەکە، ئەویش لە ڕێگای ئەم پرسیارانەی خوارەوە..
*ئایا دەتوانیت جیاوازی بکەیت لەنێوان ئەو فشارانەی دەتوانیت بەسەریاندا زاڵ بیت و ئەوانەی ناتوانیت بەسەریاندا زاڵ بیت؟
*ئایا کاتی تەواوت ھەیە، بۆ ئەوەی ئێستا پشوویەک بدەیت‌و گرفتەکە دوا بخەیت ؟
*ئایا کاتی ئەوەت ھەیە، پشوویەک بە جەستەو ڕۆحت بدەیت بە ئەنجامدانی یۆگا، وەرگرتنی گەرما، گوێگرتن لە قورئان، مۆسیقا، یان ھەر ھۆکارێکی تری خاوکەرەوە؟
*ئایا کاتی ئەوەت ھەیە، لەگەڵ ھاوڕێیەکت دابنیشی‌و کتێبێک بخوێنیتەوە، سەیری فیلمێک بکەیت، تاکو بۆ ماوەیەکی کاتی، لەژێر ئەم فشارە دەربچیت؟
*ئایا توانای بیرکردنەوەی گەشبینانەت ھەیە، ئەویش بە گۆڕینی سەلبیەکانی فشار بۆ لایەنی ئیجابی؟
پاش ئەوەی توانیت چوارچێوەیەک بۆ گرفتەکان دروست بکەیت، لێرەدا ھەوڵبدە گرفتەکەت ڕەنگ بکە.. ئەویش لە ڕێگای ئەم پرسیارانی خوارەوە.
* گەر ئەم کارە بەردەوام بوو، ئایا خراپترین ئەنجام چییە؟ زۆر کەس، گەر ئەم پرسیارە لەخۆیان بکەن، ھەست دەکەن گرفتەکە ئەوەندە ناھێنێ ئەم ھەموو خەم و خەفەتەی بۆ بخۆیت.
* گەر خراپترین ئەنجام ڕوویدا، ئامادەیی من چییە؟ ھەمیشە ھەموو دەرگاکان لەیەک کاتدا داخراو نین، بۆیە ھەوڵبدە پلانی جێگرەوە بەکاربھێنە.
*ئایا دەتوانم ھەندێک گۆڕانکاری بکەم خراپترین ئەنجام روونەدات؟ بۆ نموونە خوێندنەوەی بەشێکی ماددەی تاقیکردنەوە تاکو پلەیەک بھێنم نەک سفر؟
*ئەی گەر من ھیچم نەکرد‌و فشارەکە ھەر بەردەوام بوو، چیم بەسەر دێت؟
پاش ئەوەی توانیمان چوارچێوەیەک بۆ فشار دابنێن‌و ڕەنگی بکەین، ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە ستراتیژیەک دابنێین بۆ زاڵبوون بەسەریدا، بێگومان ھەموو ھەوڵێک لە ڕاددەی بڕوابوونی مرۆڤ بە خۆیەوە سەر ھەڵدەدات، بۆیە پێویستە مرۆڤ ئەو پرسیارە لەخۆی بکات، تا چەند بڕوام بەخۆیە بەرامبەر ئەم فشارە دەوەستم؟ بێگومان وەستان بەرامبەر ھەر فشارێک متمانەی مرۆڤ بەخۆی زیاتر دەکات…ھەموو زانایانی دەروونناسی لەسەر ئەوە کۆکن، کە شێوازی بیرکردنەوەت‌و پەیبردنت بە فشار، تاکە ڕێگەی چارەسەری و دەرچوونتە لەم کێشەیە، لەم ستراتیژیانەی بۆ پەیبردن بە فشار بەکاردێن:
یەکەم:مانا بەخشین بەژیان، وەک ئەوەی، گەر ئەم گرفتە نەبوایە، ھەرگیز فێری ژیان نەدەبووم، ھەموو کەس بەو ئەزموونەدا تێپەڕیوە، کە دەستەبەرکردنی شتێک بە ئاسانی ئەو تام‌و چێژەی نیە، وەک ئەوەی پاش ماندووبوونێکی زۆر دەستت دەکەوێت، گەر ژیانیش بێ فشار‌و بێ ناخۆشی بێ، ھەرگیز تام و چێژی نابێت.
دووەم: سەیرکردنی گەشبینانە،” سوار تا نەگلێ نابێ بە سوار”، ھەموو کات قەناعەتت وا بێت، کە ئەم گرفتە قازانجێکی زۆری لە دوایە، یان گەر ئەم گرفتە نەبووایە، کێشەی گەورەتر دروست دەبوو، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە ئەوانەی تووشی نۆرەی دڵ یان شێرپەنجە دەبن و گەشبینانە سەیری ژیان دەکەن، تەمەنیان لەوانە زیاترە، کە نەخۆشیان ھەیەو رەشبینانە دەڕواننە ژیان.
سێیەم: ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت، بە دیارکردنی گرفت، دانانی ئەلتەرناتیڤ بۆی، پاشان ئەگەری کارکردن لەسەر ئەلتەرناتیڤەکە، بۆ نموونە کاتێک ھەموو ئارەزووت ئەوەیە لە کۆلێژی سەربازی بخوێنیت، بەڵام بەھۆی لاوازیی جەستەت ناتوانیت ئەمە ئەنجام بدەیت، بۆیە بەدوای ئەلتەرناتیڤ دەگەڕێیت لە کۆلێژێکی تردا.
چوارەم: ھەندێک جار لە جیاتی گۆڕینی دەوروبەر، ھەوڵبدە خووی خۆت بگۆڕیت، بۆ نموونە تۆیان گواستۆتەوە بۆ شوێنێکی کار، کە دوورە لە شوێنی نیشتەجێ بوونت و حەزت بەم ناوچەیە نییە، بەڵام ھەوڵدەدەیت خۆتی لەگەڵ بگونجێنیت..
پێنجەم: زاڵبوون بەسەر حاڵەتەکانی ھەڵچوون، ھەوڵبدەن ھێمن بەرەوە، ھەناسەی قووڵ ھەڵکێشە، بیر لەو گرفتە مەکەوە، بەتایبەتی لە حاڵەتی ئێستەدا کەوا توانای بیرکردنەوەو بڕیاردانت کەم بۆتەوە، بە خۆت بڵێ، ئەم گرفتە ئەوەندە ناھێنێ خەمی بۆ بخۆیت.
شەشەم: ھەمیشە داوای پاڵپشتی ھاوڕێیەک یان کەسێکی نزیک بکەن، چونکە ئەوەی لە دەرەوەی گرفتەکەیە زیاتر گرفتەکە دەبینێت، جگە لەوە دانیشتن بە تەنیا لەم بارەی گرژی‌و ھەڵچوونە گرفتەکە زیاتر دەکات، کەچی لەگەڵ ئەمەشدا، ھەندێک جار کەسانی دەوروبەر کاردانەوەی سەلبیان ھەیە، کاتێک ئەوان لە کەسەکە ڕەشبینانەتر سەیری گرفتەکە دەکەن‌و زیاتر لێی ئاڵۆز دەکەن.
تێبینی: ھەندێک کاردانەوەیەکی زۆر سەلبیان ھەیە بەرامبەر فشار، کاتێک وا پیشان دەدەن، کە ھیچ فشارێکیان لەسەر نییە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم کەسانە وەک ھەر کەسێکی تری ئاسایی کەوتوونەتە ژێر فشار‌و ھەوڵیانداوە، کە نەست (نائاگایی) بشارنەوە، ئەمەش ئەرکی مێشک زیاتر دەکات‌و ماندووتری دەکات، چونکە ھەوڵدەدات ھەموو ئەم فشارانە بشارێتەوە، نەک چارەسەریان بکات، بۆیە ئەگەر ئەم کەسانە لە ڕواڵەتدا ھێمن دیاربن، بەڵام گەر پشکنینان بۆ بکەیت، ئەوا لێدانی دڵیان خێرایە، فشاریان بەرزەو کەم بەرگەی ناخۆشی دەگرن.

 تێبینی/
بەسوپاسەوە وەرگیراوە لە مەڵپەڕەی derunnasy.
3181 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
1