پیتی  هـ
برینی دەزگای ھاڕین
برینی دەزگای ھاڕین
ھۆێەکانی پێکھاتنی برین کامانەن؟ 

باکتریی‌یەک بە ناوی ھلیکۆباکتر پیلۆری ھۆی سەرەکیی برینی گەدەو دوازدەقامکەیە١‌، بەڵام ھۆکارەکانی دیکە بریتین لە: زێدەبوونی ئەسیدی گەدە، سترێس، ھاتنەخوارەوەی ھێزی بەرگریی تۆێخی ناوپۆشی گەدە ‌و ڕیخۆڵە پاش بەکارھێنانی دەواگەلێک وەکو ئاسپرین٢، ئیبۆپرۆفن٣ و دیکڵۆفێناک٤.

نیشانەکانی زامی دەزگای ھاڕین کامانەن؟
سەرھەڵدانی ئێش ١ تا ٢ کاتژمێر دوای نان‌خواردن، ئێش بە برسێتی بە تایبەتیی لە شەودا‌و ھێدی‌بوونی ئێش پاش نان‌خواردن، نیشانەی زامی دوازدەقامکەیە. سەرھەڵدانی ئێش لە کات یا بە دوای نان خواردندا لەوەدەچێ نیشانەی زامی گەدە بێ.
ھەست بە پڕبوونی گەدە کردن، دڵتێکەڵاتن، ڕشانەوە، باکردنی زگ‌و جاروبار کزبوون.



دوکتور بۆ دەسنیشان کردنی ئەم نەخۆشیی‌یە چی دەکا؟

دوکتور سەبارەت بە نیشانەکانی ئەم نەخۆشیی‌یە پرسیار دەکا، دوای تێروانین، لەوەدەچێ پێش بە کارھێنانی ھەر چەشنە ئازمایشێک، دەرمان بۆ عیڵاجی زام بنوو‌سێ. ئەگەر پاش ماوەیەک ئێش‌و نیشانەکانی‌تری زام ھەر بەردەوام مایەوە، دوکتوری پسپۆڕ بە ‌یارمەتی دەزگایەک بە ناوی ئیندۆسکۆپ٥ تەماشای گەرو، گەدەو بەشی سەرەوەی ڕیخۆڵە باریکە دەکا‌و تەنانەت بۆ دەسنیشان‌کردنی ھڵیکۆباکتر نموونەبەرداریشی٦ لێ دەکا.‌ ئەمڕۆ بە یارمەتی ئاقیکردنی خوێن یان ھەناسە دەکرێ ئەم باکتریی‌یە دەسنیشان بکرێ. 
    
ئاڵۆزیی‌یەکان‌و مەترسیی ئەم نەخۆشیی‌یە کامانەن؟
لەم نەخۆشانەدا مەترسیی خوێنرێژیی، کوونبوونی دیواری گەدەو دوازدەقامکە، بەرتەسک‌بوونی ڕێگای نێوان قوریژنک٧و گەدە یا گەدە ‌و دوازدەقامکە ھەیە. ڕشانەوەی خوێن، ڕشانەوەی خواردەمەنی کە چەند کاتژمێر یا چەند ڕۆژ پێش خواردراوە، ڕەش‌بوونی پیسایی، ئێشی کتوپڕ کە جارو بار بەرەو پشت تەشەنە دەکا، سەرگێژەو ھەست بە لەرزو ساردبوونی لەش کردن، نیشانەی ئاڵۆزبوونی ئەم نەخۆشیی‌یەیە .

ئەم نەخۆشیی‌یە چۆن چارە دەکرەێ؟
بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشیی‌یە لە دەرمان, ھەروەھا نەشتەرگەریی کەڵک وەردەگیرێ.

سەرچاوە
کتێبی نەخۆشییەکانی ھەناو لە نووسینی د. کامەران ئەمین ئاوە
1562 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/02/2016
زیاتر...
1